لە باشوری کوردستان بۆ پەکەکە ملیۆنێک واژۆ کۆکرانەوە

بۆ دەرکردنی پەکەکە لە 'لیستی تیرۆر' لە باشوری کوردستان کەمپینی واژۆکۆکردنەوە دەستیپێکردبوو. کۆمیتەی کۆکردنەوەی واژۆکان رایگەیاند کە لەنێوان ٧ مانگدا ملیۆنێک واژۆ کۆکراونەتەوە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆمیتەی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دەرکردنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر، لەبارەی کار و چالاکیەکانی ٧ مانگی رابردووی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و باسی پلانەکانی خۆی کرد.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، کەسایەتی دیاری کوردستان و یەکێک لە ڕێکخەرانی کەمپەینەکە بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە قۆناغی یەکەمدا توانیومانە یەک ملیۆن واژۆ لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا کۆبکەینەوە، کە تێیدا ڕۆشنبیر، هونەرمەند، کەسایەتی سیاسی و هاوڵاتیانی باشووری کوردستان بەشدارییان لە کەمپەیەنەدا کردووە.

وتیشی: دەیانەوێت کۆکردنەوەی واژۆکان بەردەوام بێت و تا ئەوکاتەی ژمارەی واژۆکان دەگەیەنینە چەند ملیۆنێک.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: لە قۆناغی داهاتوودا کۆکردنەوەی واژۆ لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەردەست دەبێت، بۆ ئەوەی هەموو هاوڵاتیان بتوانن بە ئاسانیی واژۆی بکەن، لەکۆتاییشدا واژۆکان پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤی یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، بۆ ئەوەی پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان دەربچێت و ڕێبەر ئۆجالان بە جەستەیی ئازاد ببێت.

ڕۆژی ١٣ی ١٢ی ٢٠٢١ دەستپێشخەریی جیهانیی بۆ پشتیوانیی کورد كەمپەینێكی واژۆ کۆکردنەوەی بۆ دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر دەستیپێکردووە و هەزار ڕۆشنبیر و کەسایەتیی جیهانیی پێشەنگایەتیی کەمپەینەکەیان کردووە، لە ٣٠ وڵاتی جیهانەوە واژۆی بۆ کۆدەکرێتەوە و ئامانجیانە چوار ملیۆن واژۆ کۆبکەنەوە.

ڕۆژی ٢٩ی ١ی ٢٠٢٢یش کەمپەینەکە لە باشووری کوردستان لە مەراسیمێکدا بە دەستپێشخەریی ژمارەیەک ڕۆشنبیر و کەسایەتیی ڕاگەیەندرا و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، لە سەرجەم ناوچەکانی باشووریش واژۆ بۆ کەمپەینەکە کۆکراوەتەوە.

ف.ق