لە گەڤەر چەندین کەس بە توندوتیژی و ئەشکەنجە دەستگیرکران

سەربازانی تورک لە گەڤەر دەستیان بە ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسی کرد و چەندین کەسیان دەستگیرکرد و توندوتیژی و ئەشکەنجەیان بەرامبەر بە کەسانێک بەکارهێناوە، کە دەوترێت شوانن.

دوێنێ ٢٧ی تەممووز لە ناوچەى گەڤەری جۆلەمێرگ لە کاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلێکی سەربازانی سوپای تورکی داگیرکەردا  تەقینەوەیەک روویدا. تەقینەوەکە لە نزیک گوندی یەکماڵی خواروو لە نێوان گەڤەر و شەمزینان روویدا.

 لە تەقینەوەکەدا ١٩ سەرباز و پلەداری سەربازی برینداربوون، کە برینی ١١ کەسیان قورسە. دوای تەقینەوەکە دەورووبەری گوندەکان و هەموو رێگاکانی هاتوچۆی نێوان گەڤەر و شەمزینان بۆ ماوەى ٨ کاتژمێر داخران و گەمارۆدران.

سەربازەکان لە شوێنی تەقینەوەکە لێکۆڵینەوەیان کرد و دوێنێ شەو ١٠ هاووڵاتیی گوندەکان و ٢ شوان لە گوندەکانی پاگێ و یەکماڵی خواروو-یان دەستگیرکرد. هاووڵاتییە گوندییە دەستگیرکراوەکان دوێنێ شەو دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی ئازاد کران، بەڵام شوانەکان بە ناوی لەوەند ئەر و هارون گەچیرگەن تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراون.

بەپێی زانیارییەکان شوانە دەستگیرکراوەکان ئەشکەنجەکراون. هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەڤەر لەبارەی رووداوەکەوە داوای لە ئازاد گەچیرگەن و ٢ کەسی تر، کە تا ئێستا ناوەکانیان نازانرێت کردووە، بڕۆن بۆ بنکەى سەربازی و وتەیان لێ وەربگیرێت.

شوانە دەستگیرکراوەکان و ئەو ٣ کەسەی تر، کە رۆیشتوون بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس تاوەکو وتەیان لێ وەربگرێت، بڕیاری ئەوەیان بۆ دەرکراوە، کە ناتوانن چاویان بە پارێزەر بکەوێت.

ژ.ت