لە هێرشی نەژادپەرەستیدا لە نەغدەی رۆژهەڵاتی کوردستان ٢ کورد کوژران
لە شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان گروپێک لە نەژادپەرەستانی ئازەری (عەجەم) هێرشیان کردووەتە سەر کوردان و لە ئەنجامدا ٢ کورد کوژراون.
لە شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان گروپێک لە نەژادپەرەستانی ئازەری (عەجەم) هێرشیان کردووەتە سەر کوردان و لە ئەنجامدا ٢ کورد کوژراون.
دوێنێ لە شاری نەغەدە کەسێکی ئازەری بە چەقۆ هێرشی کردبووە سەر چەند گەنجێکی کورد. لەو هێرشەدا گەنجێکی کورد بە ناوی فەردین ئیبراهیمی کوژرا و گەنجێکی تری کورد بریندار بوو. چەقۆ وەشێنەکە یەکێک لە گەورە شەلاتییەکانی تورکی نەغەدە بووە.
دوای رووداوەکە هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێران چوونە شوێنی رووداوەکەوە و کوردانی نەغەدەش بە بیستنی هەواڵی ئەو رووداوە و ئەو هێرشە نەژادپەرەستییە دەڕۆن بۆ شوێنی هێرشەکە و لەوێ بکوژ بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان دەخرێتە ئامبولانسەوە و بەو شێوەیە لەوێ رادەکات، بەڵام کوردەکان دەڕۆنە بەردەم بنکەى پۆلیس و داوای بە سزا گەیاندنی ئەو تاوانبارە دەکەن.
هاوکات لەگەڵ ئەوەدا گروپێکی زۆر لە ئازەرییەکان، کە چەک و کوتەک و خەنجەریان بە دەستەوە بووە دەستیان کردووە بە هەڕەشەکردن لە کوردانی شاری نەغەدە. هەروەها بەردیان گرتووەتە چەندین ماڵی هاووڵاتییان و شوشەکانی چەندین دوکانیان شکاندووە و زیانێکی زۆریان بە هاووڵاتییانی کورد گەیاندووە و هاوکات ئەم دروشمەیان دەوتەوە، "بوو توپۆراخان پای ئۆڵماز، سولدوز کوردستان ئۆڵماز - ئەم خاکە بەشی ئێوە نییە، سولدوز (نەغەدە) کوردستان نییە".
تاەکو دەچوو ئاڵۆزییەکان روویان لە زیادبوون دەکرد و رژێمی ئێران لە شارەکانی ترەوە هێزی گەیاندە نەغەدە و هێزەکانی رژێمیش دەستیان کرد بە تەقەکردن لە هاووڵاتییانی کورد و لەو هێرشەشەدا گەنجێکی تری کورد بە ناوی محەمەد عەلیزادە تەمەن ٢٧ ساڵ کوژرا و زیاتر لە ٢٠ گەنجی تری کورد بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکان هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێران بەرامبەر بە ئازەرییەکان هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە و تەنها ئامانجیان لە دەستێوەردانەکەیان بۆ دژایەتیکردن و بەرەنگاربوونەوەى هاووڵاتییانی کورد بووە. تەنانەت هێزە ئەمنییەکان و گروپە نەژادپەرەستە تورکەکان لە شەقامەکان و کۆڵانەکاندا پێکەوە دەسوڕانەوە و نەژادپەرەستەکانیش هەڕەشەیان لە کورد دەکرد و هێرشیان دەکردە سەر ماڵ و دوکانی کوردەکان، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێران هیچ کارێکیان نەکرد بۆ رێگریکردن لەو نەژادپەرەستانە.
دۆخی نەغەدە و دەورووبەری تاوەکو ئێستا ئاڵۆزە.
ژ.ت