لە هەولێر بەهۆی لافاوەوە چەندین ماڵ و ئۆتۆمبێڵ ژێرئاو کەوتن

لە شاری هەولێری باشووری کوردستان بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە، چەند ماڵ و ئۆتۆمبێڵ ژێرئاو کەوتن.

ئەمڕۆ لە زۆربەی شار و شاروچەکەکانی باشووری کوردستان بارانێکی بەلێزمە لەگەڵ هەورەتریشقەی بەهێز هەبوو. بەو هۆیەوە لە هەندێک ناوچە و شار لافاو دروست بوو.

یەکێک لەو شارانەش هەولێر بوو. لە شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر و گوندی کۆڕێ و سیتیەکانی دەورەبەری لافاوێکی زۆر دروست بوو.

بەو هۆیەوە دەیان خانوو ژێرئاو کەوتن و زیان بەر دەیان ئۆتۆمبێڵیش کەوت. بەپێی زانیاریەکان لافاوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

هەر ئەمڕۆ بەهۆى بارینى تەرزەوە بەشێک لە چیاکانى سنورى قەرەداغ لە سنورى پارێزگایی سلێمانى بەرگى سپیان پۆشى.

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، بڕی بارانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی بڵاوکردەوە و زۆرترین بڕیش لە شارۆچکەى تەویڵە لە سنورى هەورامان باریووە، کە بریتی بووە لە ١٠.٥ ملیمەتر.

ف.ق