لە کفری خۆپیشاندەرێک بە تەقەی پاسەوانانی بارەگای پەدەکە کوژرا

بەهۆی تەقەی پاسەوانانی بارەگای پەدەکە لە کفری، خۆپیشاندەرێک گیانی بەختکرد و یەکێکی دیکەش بریندارە.

ئێوارەی ئەمڕۆ خۆپیشاندان لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان دەستی پێکردەوە.

خۆپیشاندەران دوای بەردبارانکردنی مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان، بەرەو بارەگای ناوچەی پەدەکە ڕۆشتن.

دکتۆر سامان سەرتیپ، بەرپرسی نەخۆشخانەی گشتی کفری بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لە خۆپیشاندانەکەدا گەنجێک کوژراوە و گەنجێکی دیکەش بە سەختی بریندار کراوە.

بەپێی زانیارییەکان، لەبەردەم بارەگای پەدەکە لەلایەن پاسەوانانی بارەگاکەوە تەقە لە خۆپیشاندەران کراوە و بەهۆیەوە ئەو دوو خۆپیشاندەرە بوونەتە قوربانی، ئەو خۆپیشاندەرەی گیانی بەختکردووە ناوی شڤان محەمەدە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٩یە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران بەردەوامە.

ز.ش