بە دیمەن

لە کەرکوک کۆڕێک سەبارەت بە "مێژووی ژن لە شانۆی کوردیدا" سازکرا

لە کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "ئافرەت لە شانۆی کوردیدا" کۆڕێک دەربارەی مێژووی ژنانی شانۆکار لە باشوری کوردستان بەڕێوەچوو.

دوێنێ لە کتێبخانە کارێز، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتی رۆشنبیر، شانۆکار، نووسەر و ئەدیب، لە ژێر ناونێشانی "ئافرەت لە شانۆی کوردیدا" رێورەسمی بڵاوکردنەوەی چاپی دووەمی کتێبی "ئافرەت لە شانۆی کوردیدا" لە نووسینی مامۆستا مەغدید حاجی ئەمین بەڕێوەچوو. 

جێگای ئاماژەیە، مامۆستا مەغدید حاجی ئەمین نووسەر و ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانكۆیە، ساڵانێكی زۆرە لە گەلێك بواردا خزمەت بە كولتوور و پەروەردە و هونەر و ئەدەبیاتی كوردی دەكات، ئەم بەرهەمەشی "ئافرەت لە شانۆی كوردیدا" دووەمین چاپەیەتی.

جێگای باسە، مەغدید حاجی ئەمین نووسەر و رۆژنامەنووس، لە کۆڕەکەدا باسی لە ناوەڕۆکی کتێبەکەی کرد کە خۆی لە چوار بەش پێکهاتووە و باس لە مێژووی ژنانی شانۆکار لە باشوری کوردستان دەکات لە ساڵی ١٩٥٨ تاکو کۆتایی ساڵی ١٩٨٨، ناوبراو سەرەتای کۆڕەکە باسی لە ژنان کرد لە دەقی شانۆی کوردیدا، پاشان نووسەر باسی لەو سەردەمە کرد کە پیاوان لەشانۆدا ڕۆڵی ژنیان ئەبینی، دواتر لە بەشی سێیەم باس لە یەکەم هەنگاوی ژنی کورد بۆسەر تەختەی شانۆ کرا، بەشی چوارەمی کتێبەکەش چوار سەد ئەستێرەی گەشی ژنانی شانۆکار وەبیردێنێتەوە کە لەشانۆو درامای تەلفزیۆنی رۆڵیان بینیوە.

دوای پێشکەش کردنی کۆڕەکە، ئامادەبووان سەرنج و تێبینییەکانیان ئاڕاستەی کۆڕگێر کرد و پاشان کتێبی "ئافرەت لە شانۆی کوردیدا" لە نووسینی نووسەر و مامۆستا مەغدید حاجی ئەمین پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

ژنانی شانۆکاری کەرکوک رۆڵێکی کاریان هەبووە

هاوار فارس کچە شانۆکارێکی شاری کەرکوکی باشوری کوردستانە، کە خاوەن چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە لە شانۆ، سەبارەت بە کۆڕەکە، بۆ ئاژانسی هەاڵی فورات (ANF) ووتی: "ئەمڕۆ کۆڕێکی گرنگ بوو چونکە باسی مێژووی ژنانی شانۆکاری کورد کرد لەناو بواری شانۆدا بەتایبەت ژنانی کوردی کەرکوک کە لە ساڵانی نێوان ١٩٥٨ تاوەکو ١٩٨٨ خزمەتێکی بەرچاویان هەبووە، ئەمەوێت لێرەوە باسی ژنانی شانۆکاری کوردی کەرکوکی بکەم کە ڕۆڵێکی کارایان هەبووە لە ساڵانی پەنجاکان تا ساڵانی هەشتاکان سەردەمێک بوو لە کەرکوک کە بە سەردەمی زێڕینی شانۆ باس دەکرێت کە لەم کتێبەدا مامۆستا مەغدید حاجی ئاماژەی پێکردووە".

لە ڕابردوودا کچانی کەرکوک پێشەنگ بوون لە هونەری شانۆکاری

لە درێژەی قسەکانیدا هاوار فارس کچە شانۆکار، باسی لە گرنگی مێژووی ژنانی کەرکوک کرد لە بواری شانۆدا و ڕایگەیاند: "لە کەرکوک زیاتر لە ٢٠ کچی شانۆکار هەبووە کە ڕۆڵیان لە شانۆ جیاوازەکانی شارەکە بینیوو و زۆرجار کچانی شانۆکاری کەرکوک رۆشتوونە لە پارێزگاکانی دیکەی باشوری کوردستان لە کاریی شانۆیی ڕۆڵیان بینیوە، بەڵام ئەگەر لەنێوان ڕابردوو و ئیستادا بەراورد بکەین ئەوە بەداخەوە دۆخی ئیستا بۆ شانۆکاری ژن ئومێد بەخش نیە، چونکە سەڕەڕای ئەوەی سێ پەیمانگای هونەرە جوانەکانمان لە شاری کەرکوک هەیە بەڵام ژمارەی ژنانی شانۆکاری کەرکوکی زۆر کەمە".

ژنانی شانۆکاری کوردی کەرکوک پەیامی جوانیان گەیاندووەتە جیهان

لە دریژەی قسەکانیدا، ئەو کچە شانۆکار ووتیشی: "بەگشتی دۆخی شانۆ لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان باشە، بەڵام ئەوەی کە باش نیە کەمی ڕێژەی ژنانە لەناو بوارەکەدا، ئومیدەوارین وەکو ڕابردووی زێرینی ژنانی شانۆکاری کەرکوک لەم بواردەدا هەیانبووە، جارێکی دیکە بەرەوە پێشەوە هەنگاو بنین و ببینەوە پێشەنگ لە پێشکەش کردنی بەرهەمی شانۆیی لەلایەن ژنانەوە، ژنانی کورد لە ئیستادا ئەگەر هیچ ئاستەنگییەک نەهاتە پێشیان ئەوە تواناکانیان زۆر لەوە زیاترە کە چاوەڕوان دەکرێت، لەئێستاشدا ژنانی شانۆکاری کوردی کەرکوک لەسەر تەختەی شانۆی ووڵاتانی جیهان ئەدرەوشێنەوە و هەر کاتێک چووبێتنە ئەو ووڵاتانە لە ڕێگای هونەری شانۆوە دۆزی گەلەکەیان و پەیامی جوانیان گەیاندووە و بێ خەڵات نەگەڕاونەتەوە".

ناوی چوارسەد ژنە شانۆکاری کورد-مان تۆمار کردووە

مەغدید حاجی نووسەر و مامۆستای زانکۆ، سەبارەت بە کۆڕەکەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ڕایگەیاند: "ئەم کۆڕە تایبەت بوو بە ناساندنی کتێبی "ئافرەت لە شانۆی کوردیدا"، لە کۆڕەکەدا باسمان لە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە کرد، کە لە ساڵی ١٩٨٩چاپی یەکەمی کتێبەکە بڵاوکراوەتەوە، چاپی دووەمیشی لە ساڵی ٢٠٢٤ بڵاوکرایەوە، کتێبەکەش لە چوار بەش پێکهاتووە کە بەشی یەکەم باس لە ژنان دەکات لە دەقی شانۆی کوردیدا ، هەروەها لە بەشی دووەمدا باس لەوسەردەمە دەکات کە  پیاوان لەشانۆدا رۆڵی ژنیان ئەبینی، وە بەشی سێیەمی کتێبەکەش یەکەم هەنگاوی ژنی کورد بۆسەر تەختەی شانۆ دەخاتەڕوو، لە بەشی چوارەمیش ناوی چوار سەد ژنمان تۆمارکردووە کە لە ماوەی نێوان ساڵی ١٩٥٨ تاوەکو ساڵی ١٩٨٨ لەسەر تەختەی شانۆ و لە درامای تەلەفزیۆنی دەرکەوتوون و ڕۆڵیان بینیوە، کۆڕەکەشمان بۆ باسکردن و ناساندنی ناوەڕۆکی کتێبەکە بوو".