لە مەڕاسیمێکدا لە کەرکوک، یادی ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم کرایەوە
لە مەڕاسیمێکدا لە شاری کەرکوک، یادی ٥٠هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم بەرز ڕاگیرا.
لە مەڕاسیمێکدا لە شاری کەرکوک، یادی ٥٠هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم بەرز ڕاگیرا.
لە بارەگای یەکگرتنی کوردانی فەیلی، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی ٥٠هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژنە تێکۆشەری کورد شەهید لەیلا قاسم، لە مەڕاسیمێکدا یادی ئەو ژنە شۆرشگێرە کوردە کرایەوە.
جێگای باسە، لە مەڕاسیمەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە،هەروەها کەسایەتی ووڵاتپارێز، رۆشنبیر، نوێنەری حزب و لایەن، ڕێکخراو و چالاکوانان ئامادەبوون، سەرەتای مەڕاسیمەکەش بە خوێندنەوە قورئانی پیرۆز و پاشان بەخولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
لەلای خۆیەوە، ئیسرا وەلید وەکو ژنێکی فەیلی، سەبارەت بە ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا و ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو ژنانی فەیلی زۆر شانازی بە ژنە تێکۆشەر شەهید لەیلا قاسم دەکەین. هەروەها لێرەوە دەستخۆشی لە تەواوی ژنانی شۆرشگێری کورد دەکەین و هیوادارین هەموو کورد یەکگرتوو و یەک دەستبن".
هەروەها ئیسرا وەلید ووتیشی: "ئێمەی کوردانی فەیلی بەردەوام ڕووبەڕووی قڕکردن بووینەتەوە لەلایەن رژێمەکانی پێشووی عێراقەوە و ناسنامەمان لێ سەندراوەتەوە و بەڵام لەئیستادا رۆژ لەدوای رۆژ کوردانی فەیلی مافی خۆیان وەردەگرنەوە و دووبارە لەناو کۆمەڵگادا رۆڵیان دەردەکەوێتەوە".
لەلای خۆیەوە حاجی داود ئەسعەد، سەرۆکی یەکگرتنی کوردانی فەیلی لە کەرکوک، سەبارەت بە بەرزاگرتنی یادی شەهیدبوونی ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "ئەمڕۆ یادی ٥٠ساڵەی شەهیدبوونی لەیلا قاسم دەکەینەوە کە یەکەم ژنە کوردی فەیلی بوو دەستی رژێمی پێشووی بەعس لە بەغدا لە سێدارەدرا، لەیلا قاسم لەسەر تێکۆشەری، کوردایەتی و فەیلی بوونی لەسێدارا درا، ئێمەی وەکو کوردانی فەیلی لەسەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان و شاری کەرکوکیش ساڵانە یادی ئەو ژنە شەهیدە بەرزڕادەگرین".
هەروەها حاجی داود ئەسعەد ڕاشیگەیاند: "لە جیهاندا ژنی شۆرشگێر لەسێدارا نادرێت بەڵام رژێمی پێشووی بەعس ئەم ژنە تێکۆشەری کوردانی فەیلی لە سێدارەدا ئێمەش وەکو کوردانی فەیلی شانازی بە شەهیدبوونی لەیلا قاسم دەکەین و سەربەرزییە بۆ هەموو کوردانی فەیلی لە جیهاندا کە خاوەن ژنە تێکۆشەرێکی شەهیدی وەکو لەیلا قاسم-ین".
لە کۆتایی قسەکانیدا، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "لێرەوە پەیامێک ئاڕاستەی هەموو ژنانی تێکۆشەری کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەکەم کە لە ئیستادا لەدژی داگیرکەران تێدەکۆشن و بەرخۆدان دەکەن، کە ئەوانیش وەکو شەهید لەیلا قاسم جێگای شانازین بۆ تەواوی گەلی کورد، تێکۆشان و شەهیدبوون لەپێناو خاکدا گەورەترین شانازییە".
ژنە تێكۆشەری كورد لەیلا قاسم، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێكی ھەژار و نیشتمانپەروەری كورد لە دایكبووە، لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواو كردووە، ساڵی ١٩٧١ لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بۆ بەغدا، لە ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا خوێندویەتی، لەیلا كە ھەر لە تەمەنی منداڵییەوەی ھەژاری و نەداری چەشتبوو، لەلایەكیش و زوڵم و زۆرداری ڕژێیمی عێراق لەسەر گەلی كورد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێكۆشانی لەلای لەیلا قاسم دروستكردبوو.
ڕژیمی بەعس بەمەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری كورد یەكسەر دوای دەستگیركردنیان دادگایەكی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێكانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەركرد، ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیركردنیان تێنەپەڕیبوو، كە كاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی١٢/٥/١٩٧٤ لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێكەی لەسێدارەدران.
ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بە كوردستاندا بڵاو بۆوە، ھەروەھا ھەندێك لە ڕاگەیاندنەکانی ئەوکاتەی جیھان ھەواڵی لە سێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەك لەسێدارەدانی یەكەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاوكردۆتەوە، بێگومان لەسێدارەدانی ژنە كوردێك بەدەستی ڕێژیمی عێراق كاریگەرییەكی گەورەی كردە سەر لاوانی ئەو سەردەمەی كورد، كە ئەمەیش بووە ھۆی ئەوەی بە ھەزاران لاوی كورد پەیوەست بن بە دۆزی گەلەكەیان و ڕوو لە چیاكان بكەن.
دوای لەیلا قاسم لە سەرتاپای كوردستان ھەزاران منداڵی كورد بە ناوی لەیلاوە ناونران. لەیلا قاسم بوو بە چیرۆك و داستان و ھەڵبەستی شاعیرانی گەورەی كوردی وەك جگەرخوێن و هێمن و زۆری تر.