لە نەورۆزی دێرسیم، هەزار سڵاو لە ئیمراڵی

لە ئاهەنگی نەورۆزی دێرسیم، سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت نەورۆزی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پیرۆزکرد و سڵاوی بۆ نارد.

نەورۆزی ئەمساڵ لە دێرسیم بەجۆشەوە پیرۆزکرا، مەراسیمەکە لەلایەن پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی دێرسیمەوە ئەنجامدرا. ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پارت و لایەن و کەسێتیەکان هاوشانی گەل بەشداربوون.

لە ئاهەنگەکەدا گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت ڕایگەیاند تەواوی مێژووی دێرسیم بەرخۆدان و تێکۆشانە، هەروەها دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەی وەک "زوحاکی مۆدێرن" پێناسەکرد. کۆچیگیت نەورۆزی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پیرۆز کرد و سڵاوی بۆ نارد، تیشکی خستەسەر گرنگی چارەسەری پرسی کورد و گوتی: "هەردەم دژی ستەمکاران بەرخۆدانمان کردووە. دژی هاوپەیمانی ژیتەم، هاوپەیمانی دێرسیم هەیە".

ئاهەنگەکە بە خوێندنەوەی هەڵبەست و چەپڵە و هەلهەلە بەردوام بوو.

پاش کردنەوەی ئاگری نەورۆز ئاهەنگەکە بەجۆشتر بوو. هەزاران کەس بەدەم گۆرانی هونەرمەندەکانەوە هەڵپەڕکێیان کرد.