لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کۆبوونەوەی خۆی لە بینای کۆنفیدراسیۆنی ڕەنجدەرانی جەماوەری وان ئەنجامدا. پاش کۆبوونەوەکە ڕێپێوان ئەنجامدرا، دەیان هەزار کەس بەشداربوون.
هاوسەرۆکی دەم پارتی تونجەر باقرخان ڕایگەیاند وان دڵی کوردستانە و دەیانەوێت لەڕێگەی کودەتای سیاسی و یاساییەوە ئیرادەی گەلی وان زەوت بکەن، ڕایگەیاند سەرەڕای هەموو شتێک ڕێگە نادەن ئەم کودەتایە سەربگرێت.
بانگەوازی لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردن کرد نەبنە کەرەستەی کودەتای سیاسی، هیوای خواست ئیرادەی گەل پشتگوێ نەخەن.
بانگەوازی لە کاندیدەکەی ئاکەپە کرد، ئەگەر خۆی بە کورد و کەسێکی باوەڕدار و سەر بەم خاکە دەزانێت، پێویستە بەم گەمەیە هەڵنەخەڵەتێت و مەرسومەکە قبووڵ نەکات.
سوپاسی گەل و ئەو لایەنانەی کرد خاوەنداریان لە ئیرادەی گەلی وان کرد، بانگەوازی لە دەسەڵاتی ئاکەپە کرد، تا ئیرادەی ئەم گەلە زەوت بکەن ڕووبەڕووی شکست دەبنەوە.
لای خۆیەوە تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند سکاڵایەکی بەرفراوانیان بەرزکردۆتەوە، تا سکاڵاکان دەگەن بە ئەنجامێک درێژە بە تێکۆشان دەدەن، تاوەکو عەبدوڵا زەیدان مەرسوم وەرنەگرێت دەستبەرداری تێکۆشان نابن.