له‌ ئاماڕا رۆژی له‌دایكبوونی رێبه‌ری گه‌لی كورد پیرۆز كرا

رۆژی له‌دایكبوونی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان له‌ گوندی ئامارا له‌و ماڵه‌ی تیایدا له‌دایكبووه‌، به‌ چڕینی گۆرانی پیرۆز كرا.

ئه‌و دانیشتووانه‌ی كه‌ بۆ ٧٣ هه‌مین ساڵرۆژی له‌دایكبوونی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان روویان كردبووه‌ گوندی ئامارای ناوچه‌ی خه‌لفه‌تی رحا، له‌ ده‌روازه‌كانی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ شاڕێی بێره‌جوك و خه‌لفه‌تی رۆژی له‌دایكبوونی ئۆجالانیان به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ پیرۆز كرد. ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئاماره‌ كه‌ به‌ سه‌دان سه‌رباز و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش گه‌مارۆدرابوو كۆبوونه‌وه‌، له‌و ماڵه‌ی كه‌ ئۆجالان تیایدا له‌دایكبووه‌ پیرۆزباییه‌كه‌یان سازكرد.

برای ئۆجالان، محه‌مه‌د ئۆجالان و په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتیكی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)ی رحا عومه‌ر ئۆجالان، پێشوازییان له‌و كه‌سانه‌ كرد كه‌ بۆ پیرۆزباییه‌كه‌ هاتبوونه‌ گونده‌كه‌. عومه‌ر ئۆجالان له‌به‌رده‌رگای ئه‌و ماڵه‌ی كه‌ ئۆجالان تیایدا له‌دایكبووه‌ قسه‌ی كرد و وتی، "ئێمه‌ له‌ چواری نیساندا له‌ ئاماڕاین. ده‌وروبه‌ری گونده‌كه‌ گه‌مارۆ دراوه‌. رێگه‌ ناده‌ن كه‌ گه‌له‌كه‌مان بێته‌ ئاماڕا. هه‌موو كه‌س ده‌یانویست له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بێن بۆ ئاماڕا. به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی رێگری له‌ گه‌ل كرا. به‌ربه‌سته‌كان تا به‌رده‌م ده‌رگای ئێمه‌ش درێژكرانه‌وه‌".

ئۆجالان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه‌ هه‌ر كه‌س ده‌توانێت له‌ ماڵی خۆی له‌ شاره‌كان ٤ی نیسان پیرۆز بكات و به‌م جۆره‌ به‌رده‌وامبوو: "ره‌نگه‌ هه‌ندێك جار به‌ ملیۆنان و هه‌ندێك جاریش به‌ ١٥ كه‌س لێره‌ بین. ده‌وروبه‌ری گونده‌كه‌ گه‌مارۆ ده‌ده‌ن و ناهێڵن میوانه‌كانمان بێن. جارێكی تر ده‌ڵێین، ٧٣ هه‌مین ساڵیادی له‌دایكبوونی رێزدار ئۆجالان پیرۆز بێت. دۆزی كورد به‌ موخاته‌ب دانانی رێزدار ئۆجالان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. رێگه‌ راسته‌كه‌ دیالۆگ و دیداره‌. ئه‌گه‌ر دیالۆگ ئه‌نجام بدرێت، ئیتر له‌ توركیا ئاشتییه‌كی شكۆدار پێكدێت".

دوای پێشكه‌ش كردنی وته‌كان هونه‌رمه‌ندان پێكه‌وه‌ گۆرانی "ئای دلبه‌رێ"یان چڕی و رۆژی له‌دایكبوونی ئۆجالانیان پیرۆز كرد.

هـ . ب