لێمان شوێش: ژنان پێشەنگی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بوون
لە یادی دامەزراندنی کۆنگرەی ستاردا، لێمان شوێش دەڵێت: کۆنگرەی ستار وەک چەترێکە بۆ ژنان و ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە ڕێکخستنکردنیان، ئەمەش وایکرد ژنان ببنە پێشەنگی شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان.
لە یادی دامەزراندنی کۆنگرەی ستاردا، لێمان شوێش دەڵێت: کۆنگرەی ستار وەک چەترێکە بۆ ژنان و ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە ڕێکخستنکردنیان، ئەمەش وایکرد ژنان ببنە پێشەنگی شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان.
لێمان شوێش نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان، لە یادی ١٧هەمین ساڵیادی کۆنگرەی ستار، لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات، باس ڕۆڵ و تێکۆشانی ژنانی کۆنگرەی ستار دەکات.
لێمان شوێش لە بارەی دروستبوونی کۆنگرەی ستارەوە وتی: لە ڕۆژئاوای کوردستان خەباتی ژنان مێژوویەکی درێژی هەیە، لەسەر دوو بنەمای سەرەکی کە ئازادیی ژن و ئازادیی کوردستانە، کۆنگرەی ستار لەسەر درێژەدان بەو میراتە دروستبووە، بەبەشداری سەدان و هەزاران ژن هاتنە ناو ئەم تێکۆشانە و دەستیان بەکار و خەبات کرد ئەمەش پێویستی بە ڕێکخستنکردن و کۆکردنەوەیان بوو لەژێر چەترێکدا لەسەر ئەم بنەمایە لە ساڵی ۲۰۰٥ یەکێتی ستار واتا کۆنگرەی ستاری ئەمڕۆ یەکەمین کۆنگرەی خۆی بەست لە ڕۆژئاوای کوردستان.
وتیشی: گرێدانی کۆنگرە لە شەرت و مەرجێکی زۆر دژوار و زەحمەت بوو چونکە ڕژێمی سوریا هەم لە دژی تێکۆشانی ژن و هەم لەدژی تێکۆشانی گەلی کوردیش بوو، دواتر لە کار و خەبات و چالاکییەکانمان بەردەوامبووین تا دوستبوونی شەڕی ناوخۆی سوریا، لە نێوان ڕژێم و گرووپە چەکدارەکاندا، ئێمە نەبووینە لایەنی شەڕ و پشیوانی هیچ لایەکمان نەکرد جگە لە گەلی خۆمان.
هەروەها لەبارەی قۆناغی دوستبوونی شۆڕشەوە وتی: وەک هێڵی سێیەم لە مەیداندا دەستمان بەڕێکخستنی ژنان و کۆمەڵگای خۆمان کرد، تا دروستبوونی شۆڕشی گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان، ژنان بە جۆش و هەیەجانێکی زۆرەوە بەشدارییان کرد و ڕۆڵی پێشەنگیان بینی لەم شۆڕشەدا، ڕۆڵ و کاریگەری ژنان وایکرد کە پێویست ببینرێت ئەم ڕێکخستنە فراوانتر بکرێت و سیستمێکی تایبەت بۆ ژنان ئاوابکرێت کە وەک چەترێک بێت بۆ ژنان بۆ ئەوەش هەنگاومان نا بەرەو کۆنگرەی ستار، ئەمەش وایکرد کە میکانیزم و کایەکانی ڕێکخستنی ژنان فراوانترببن.
باسی لە بەشێک لە میکانیزم و هەوڵەکانیان کرد و وتی: بۆنمونە لەڕووی ئابورییەوە ژنان پەروەردەکراون بۆ ئەوەی ببن بە خاوەنی ئابوری سەربەخۆی خۆیان و لەم بوارەشدا ژنان هەنگاوی گەورەیان ناوە، هەروەها لەڕووی ڕاگەیاندنەوە ژنان پەروەردەکران، بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆی ژنان پێشبکەوێت بۆ گرنگیدان بە پرس و بابەت و ڕووداوەکانی تایبەت بە ژنان و گواستنەوەیان بە هزری ژنان، هەروەها نیشاندانی ڕۆڵی ژنان وەک خۆی لەڕووی فکر وپراکتیکییەوە. ئەوەشی وت: هەروەها دروستکردنی ماڵی ژنان تایبەت بە ژن، هەم وەک ماڵێکی پەروەردەیی و فکری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان، هەروەها بۆ داڵدەدانیان، بەشێکی سەرەکی خەباتی کۆنگرەی ستار دروستکردنی کۆمیتەی پەیوەندی و خەباتی دیپلۆماسییە، جگە لە کوردستان لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپاش، ئەمەش لە پێناو پێشخستنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ژنانی گەلانی دیکە چونکە پێمان وایە ژنان لە جیهاندا خاوەنی یەک پرسی هاوبەشن، هەروەها بۆ ناساندنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆڵی ژنان لە جیهاندا.