مانگرتنی 'ئازادی بۆ ئۆجالان' کۆتایی هات

ژمارەیەک چالاکوان دوای دوو رۆژ لە مانگرتن بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی ١٥ی شوبات ئەمرۆ بە راگەیاندنی زنجیرەیەک چالاکی جۆراوجۆر کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا.

لە شاری سلێمانی لە کۆنگریەکی ڕۆژنامەوانیدا، لە بارەگای تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، بە ڕاگەیاندینی زنجیرەیەک چالاکی ئەو چالاکواننەی دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ شوبات دەستیان بە مانگرتن کردبوو کۆتایان بە مانگرتنی دوو ڕۆژەیان هێنا.

مانگرتنی ئەو چالاکوانانە بە پێشەنگایەتی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان و بەشداری تەڤگەری ئازادی و کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان_ڕژاک و کرێکارانی میزۆپۆتامیا ئەنجامدرا کە ژمارەیان لە ٢٠ کەس زیاتر بوو.

نەورۆز فازڵ، ئەندامی کۆمیتەی ئشزادی ئۆجالان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکدا ڕایگەیاند: ئامانجی ئەم چالاکیە پەیوەستە بە ئازادی بەرێز ئۆجالانەوە، دەمانەوێت ڕێبەر ئۆجالان بە ئازادی ببینین لە ناو گەل و نیشتیمانەکەی خۆیدابێت، چونکە ئیمراڵی هەر بەتەنیا زیندانێکی ئاسایی نیە، بەڵکو هەمیشە فشاری سیاسی و گۆشەگیری دەرونی لە سەر ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوە دەچێت.

ئەو چالاکوانە مانگرتووە ئاماژەی بەوەشکرد: بەداخەوە مافی مرۆڤی ئەوروپا و جیهان و دەوڵەتی تورک ئامادە نین بچوکترین مافەکانی ڕێبەر ئۆجالان دەستەبەر بکەن وەکو قەڵەم و دەفتەر بۆ نوسین و خوێندنەوە، بە توندی ڕێکخراوەی سی پی تی ئەوروپا شەرمەزار دەکەین کە لە پشتی ستەماکار وەستاون و بەشێکن لە گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان.

ئاشکرایکرد لە ١٥ی شوباتدا لە شاری سلێمانی چالاکی بەرفراوان ئەنجام دەدەن و چالاکیەکان بەردەوامیان دەبێت و لەو ڕۆژەدا خۆپشاندان ئەنجام دەدەن و داواشدەکەن هەموو چین و توێژەکان بەشداری بکەن.

ف.ق