مەرگێکی دیکەی گوماناوی لەزیندانەکانی تورکیا

ئیدعا دەکرێت ئەلیاس دەمیر، کە لە زیندانی جۆری تیی پارێزگای بۆلو راگیراوە و بە زیندانی هەتاهەتایی سزادراوە، لە ژووری تاکەکەسیدا تەرمەکەى دۆزراوەتەوە.

دەوترێت، ئەلیاس دەمیر تەمەن ٣٢ ساڵ، لە زیندانی جۆری تیی پارێزگای بۆلو دا زیندانی کراوە و بە زیندانی هەتاهەتایی سزادراوە و لە ژووری تاکەکەسیدا گیانی لە دەستداوە و تەرمەکەى دۆزراوەتەوە.

زانیاری دەربارەی گیان لە دەستدانی گوماناویی ئەلیاس دەمیر لەلایەن ئەنجوومەنی گەڕەکەوە بە بنەماڵەکەى راگەیاندراوە، کە لە ناوەندی شاری رحا نیشتەجێن و دەژین. لە دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن ئەنجوومەنی گەڕەکەوە، ئەو بنەماڵەیە پەیوەندییان بە بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەوە کردووە و بەڕێوبەرایەتیی زیندانەکەش ڕایگەیاندووە، زانیاری لەسەر گیان لەدەستدانەکە راستە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەوە پێ نەداون.

ماهیدە دەمیر خوشکی ئەلیا دەمیر ڕایگەیاند، براکەی لە ساڵی ٢٠١٣ەوە لە زیندانە جۆراوجۆرەکاندا رادەگیرا و تووشی نەخۆشیی دەروونی بوو بوو، بەڵام چارەسەرییان بۆ نەدەکرد.

ماهیدە دەمیر راشیگەیاند، داواکارییەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەلیاس دەمیری برای لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەوە قبوڵ نەکراوە و وتی: "راگرتنی لە زیندانی تاکەکەسیدا تاوانە. پێویست بوو لە نەخۆشخانە چارەسەر بکرایە. ساڵی ڕابردوو، کە چووین بۆ دیداری داخراوی براکەم، بە گوێزان بەشی پێشەوەی قژی چاککردبوو، بەڵام لەبەر ئەوە دەستی نەگەیشتبووە دوای سەرییەوە قژی دواوەی بۆ چاک نەکرابوو. ئایا بەڕێوبەرایەتیی زیندانەکان سەرتاش بۆ زیندانییەکان نانێرن؟"

ماهیدە دەمیر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، لە دژی بەڕێوبەرایەتیی زیندانەکە سکاڵای تاوانباربوون تۆمار دەکەین و لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی: "کاتێک ڕاپۆرتی دادوەری لە دەزگای پزیشکیى داد (ATK) وەردەگرین، لە رێگەی پارێزەرەکانمانەوە بە دوای دۆسیەکەدا دەڕۆین. ئەوە هیچ دادپەروەریی تیادا نییە. براکەم بە پاساوی ئەوەى تاوانی ئەنجامداوە زیندانیکرابوو".

خوشکە گەورەی دەمیر ڕایگەیاند، بۆ وەرگرتنەوەى تەرمی براکەیان سەردانی پزیشکیی دادی ئەنقەرە دەکەن و لەوێ تەرمەکەى وەردەگرنەوە، بۆ ئەوەش لە رحاوە بەرەو ئەنقەرە بە رێککەوتون. ڕاشیگەیاند، تەرمەکە ئەمڕۆ لە گۆڕستانی پێغەمبەر ئەیوب لە ناوەندی رحا بەخاک دەسپێردرێت.

لە ٤ رۆژدا ٣ مردنی گوماناوی لە زیندانەکانی تورکیادا

ڕۆژی ١٤ی کانوونی یەکەم عەبدولڕەزاق شویور لە زیندانی ژمارەی ٢ی جۆری تیی ئالیاگایی ناوچەی شاکرانی ئیزمیر، رۆژی ١٥ی کانوونی یەکەم خەلیل گونەش لە زیندانی ژمارە ٢ی ئامەد گیانی لە دەستدا. دوێنێ ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە زیندانی جۆری تی لە پارێزگای بۆلو ئەلیاس دەمیر گیانی لە دەستدا.

ژ.ت