زیندانیەکی دیکەی سیاسی کە بەهۆی نەخۆشیەوە ئازادکرابوو گیانی لەدەستدا

ساڵح تۆرگول زیندانی سیاسی کە لە دەرەوەی زیندان لەژێر چاودێری پزیشکدابوو، لە نەخۆشخانەی مێرسین گیانی لەدەستدا.

ساڵح تۆرگول (٦٥) زیندانی سیاسی کە لە ساڵی ٢٠١٤دا سزاکەی ڕاگیرابوو و لە ژێر چاودێری پزیشکدابوو لە نەخۆشخانەی شاری مێرسین گیانی لەدەستدا. تۆرگول ٦ رۆژ بوو بەهۆی تێکچوونی تەندروستی لە نەخۆشخانەدا خەوێنرابوو و دوێنی گیانی لەدەستدا. بڕیارە تەرمی تۆرگول لە شاری سێرتی باکوری کوردستان بەخاکبسپێردرێت.

فیدراسیۆنی کۆمەڵەی پشتگیری و یاسایی خانەوادەی زیندانیان و سزادراوانی مەد (مەد توهاد فەد) لەبارەی گیان لەدەستدانی تۆرگول لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و وتی، " تۆرگول ١٦ ساڵ لە زینداندا بوو و لە ساڵی ٢٠١٤دا بەهۆی نەخۆشیەوە ئازاد کرا. لە ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠١٢دا دوو جار جەڵتەی دڵ لێیدابوو و لە هەندێک هەستی خۆی لەدەستدابوو. پێویست بەر لەوێ دۆخی زیندانیان تێک بچێت، ئازاد بکرێن و چارەسەر وەربگرن. هیچ واتایەکی ئەوە نییە کە لەدوای تێکچوونی دۆخیان، زیندانیان ئازاد بکرێن. سەرەخۆشی لە خانەوادەی ساڵح تۆرگول و خزم و کەسوکار و هاوڕێیانی دەکەین."

ف.ق