بە دیمەن

نەدیم سەڤەن: ئەرکمان بەخشینەوەی کولتووری ئاپۆییە بەسەر هەموو مرۆڤایەتییدا

لە ئەندامانی کۆنگرەی ١٢هەمینی پەکەکە نەدیم سەڤەن ئاماژەی بەوەدا ئەرکیان جێبەجێکردنی بڕیارە ستراتیژییەکانی ڕێبەر ئاپۆیە بەبێ کەم و کوڕی و لە دڵەوە و گوتی: "بەبێ دوو دڵی کولتووری ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهاندا بەسەر تەواوی مرۆڤایەتییدا بڵاو دەکەینەوە."

کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە

کۆنگرەی ١٢هەمینی پەکەکە لە نێوان ٥-٧ی ئایاردا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ئەنجام درا. ئەنجامنامە و بڕیارەکانی کۆنگرە لە ١٢ی ئایاردا بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە. یەکێک لە ئەندامانی کۆنگرە نەدیم سەڤەن، لە کۆنگرەکەدا ئەم هەڵسەنگاندنانەی کرد:

"بە تایبەتی سڵاو لە دامەزرێنەری ئەم تەڤگەرە ڕێبەر ئاپۆ دەکەم، خۆشەویستی خۆمی دەدەبڕم. لە کەسێتی هەڤاڵان فوئاد و ڕەزادا هەموو شەهیدانی شۆڕشی کوردستان یاد دەکەمەوە. سەری ڕێز لە بەردەمیاندا دادەنەوێنم. بە هیوا و ئامانجەکانیانەوە وابەستە دەبین، تاوەکو وڵات و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، سۆسیالیست سەردەکەوێت، لەسەر ڕێگەی شەهیدانی ئازادی دەڕۆین.

دەبێت بەهاکانی پەکەکە ڕادەستی داهاتووی مێژوو بکرێت

لە ئەرکێکی مێژووییداین. ڕەنج و تێکۆشان بە پێشەنگایەتی پەکەکە بونیادنرا، ڕەنجێکی پیرۆزە. ئەمە ڕەنجی شەهیدانە، ڕەنجی کەلتووری هەڤاڵێتییە، ڕەنجی کۆمەڵگەسازییە، ڕەنجی ڕامان و فەلسەفەی ئازادی و دیموکراسییە. ڕەنجی ئازادی ژن و پێشەنگی کۆمەڵگەییە. وەک میلیتانێکی ڕێبەر ئاپۆ و کادرێکی ئەم شۆڕشە بە دڵ و بە گیان، بە زانابوون بەشدار بووم، هەڵبەتە لەسەر بنەمای لێگەڕێنی تەڤگەری سۆسیالیستی بەشدار بووین.

تەڤگەری ئاپۆیی بووە وەڵامگۆی لێگەڕینمان. جێبەجێکردنی ئازادی و دیموکراسی لە کوردستاندا ئەرکی ئەوکاتەمان بوو. ڕەنگە لە کاتی خۆییدا گۆڕان و گۆڕانکارییەکانمان باش نەکردبێت، واتە لەکاتی پێویستدا گۆڕانکاری پێویست نەکرابێت، بەڵام لە بەها و ئامانجەکانمان دوورنەکەوتینەوە. ڕەنگە لەم کۆنگرەیەدا پەکەکە ئەرکی خۆی تەواو بکات، ئەو کارانەی بە ناوییەوە دەکرێن کۆتایی پێ بهێنێت، بەڵام ئەرکێکی مێژووویی ڕادەستی مێژوویی مرۆڤایەتی دەکات. هەربۆیە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، 'سووربوون لەسەر سۆسیالیزم سووربوونە لەسەر مرۆڤایەتی'. ئێمە وا تێدەگەین.

ڕۆژەڤی سەرەکییمان جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ڕێبەر ئاپۆیە

بە تێڕوانینم ڕۆژەڤی سەرەکی کۆنگرەکەمان، یەک خاڵە. ئەویش جێبەجێ کردنی بڕیارە ستراتیژییەکانی ڕێبەر ئاپۆیە بە دڵ و بە. پێویستە بەبێ دوو دڵی کەلتووری ئاپۆیی، نەک تەنها لە کوردستان، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهانێشدا  بەسەر تەواوی مرۆڤانی جیهاندا بڵاوبکەینەوە. ئەرکەکانمان بەرفراوانتر و مەزنتر دەبن. لە بەرانبەر ئەم ئەرکانەدا خۆگۆڕین و خۆپەروەردە کردنمان زۆر گرنگە. ئامادەم هەموو گۆڕان و گۆرانکارییەک لە خۆمدا بکەم، دووبارە سڵاو لە کۆنگرەی ١٢هەمینی پەکەکە دەکەم، سڵاو و ڕێز نیشانی هەموو هەڤاڵان دەدەم."