نمایشەکەی مەسعود بارزانی و مانۆرە سەربازیەکەی؟!
سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان مەسعود بارزانی بە بۆنەی چاپکردنی زنجیرە پەرتووکێکی بەڵگەدار دەربارەی هەر دوو رێبەری تەریقەتی نەقشەبەندی بارزان، شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی....
سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان مەسعود بارزانی بە بۆنەی چاپکردنی زنجیرە پەرتووکێکی بەڵگەدار دەربارەی هەر دوو رێبەری تەریقەتی نەقشەبەندی بارزان، شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی....
سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان مەسعود بارزانی بە بۆنەی چاپکردنی زنجیرە پەرتووکێکی بەڵگەدار دەربارەی هەر دوو رێبەری تەریقەتی نەقشەبەندی بارزان، شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی، لە گردبوونەوەی رۆژی ١٨ی مانگ لە هەولێر تیشکی خستە سەر کەسایەتی بەرزی ئەو دوو رێبەرە و باسیشی لە هەزاران بەڵگە ئێرانی و عوسمانیەکان کرد کە پارێزراون لە ئەرشیفی هەر دوو دەوڵەتی ئێران و تورکیادا و باس لە کەسایەتی و چالاکی و کردەوەکانی ئەم دوو رێبەرە رۆحیە دەکەن.
بێگومان ئەم دوو کەسایەتیە لە رووی کۆمەڵایەتی و رۆحی و سیاسیەوە لە سەردەمی خۆیاندا رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە.
جێگرتنەوەی شوێنی رێبەری تەریقەتی بارزان بە پێی شێوازی دەستنیشان کردنی خودی تەریقەتەکە وەها بووە کە رێبەر خۆی بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ هێمایەک دەدات بەو کەسەی کە شایستەی پاراستن و ئیدامەدانی تەریقەتەکەیە. ئەمەش بەو واتایە دێت کە رێبەرایەتی تەریقەتەکە هیچ پەیوەندیەکی ئەوتۆ بە خزمایەتی خوێن و پەیوەندی خوێنەوە نیە، بەڵكو زیاتر پەیوەندی بە لێهاتوویی و بلیمەتی و راست و دروستی و مۆڕاڵ و پابەندبوونی رێبەری داهاتووەوە هەیە بە بنەما و پرنسپپە سەرەکیەکانی تەریقەتی بارزان.
بۆیە پەیوەندی خوێن یان خزمایەتی نزیک بە واتای ئەوە نایەت كە ئەو کەسە ببێتە هەڵگری میراسی تێكۆشان و قوربانیدانی ئەو دوو رێبەرە، چونکە ئەوانە موڵکی خۆیان نین، بەڵكو موڵکی هەموو مورید و شوێنکەوتووەکانی خۆیان و گەلەکەیانن. ئەو کار و کردەوانانەی کە کردوشیانە جگە لە ئەرکێکی رۆحی و ئایینی و مرۆیی و نیشتیمانی بێبەرابەر بووە بە پاداشت و ئیمتیازیاتی دونیایی، بەڵکو چاویان لە رۆژی مەحشەر بووە کە خودا لێیان رازی بێت و پاداشتیان بداتەوە.
بەڵام بەکارهێنانی ئەو میراسە جوان و دەوڵەمەند و پڕبایەخە وەکو کەرەستەیەک بۆ خۆشاردنەوە، پەردەپووشکردن، خۆ دزینەوە لە تاوانەکان ، جەور و ستەم، تاڵانکردنی سەروەت و سامانی گشتی، حەراجکردنی خاکی کوردستان، خزمەتکردنی داگیركەرەکان یان گۆڕینەوەی داگیركەرێك بە داگیركەرێكی دی، كوشتنی شەرڤانانی ئازادی، بێسەروشوێن كردنی خەڵكی ئازادیخواز، ئەشكەنجەدانی خاوەن دەنگە بوێرەكان و قوڵبەستکردنیان یان بێسەروشوێنکردنیان، كۆكردنەوەی دز و جەردە، ژنكوژ وپیاوكوژ، نیشتیمانپەروەركوژ، نووسەركوژ، سیاسەتمەداركوژ و بكوژ و بكوژو بکوژ.......یان بۆ راكێشانی سۆزی هەواداران و شوێنکەوتووانی تەریقەتەکە، نەک تەنیا لە ئەرزشی میراسی ئەو دوو رێبەرە کەم دەکاتەوە، بەڵکو بێبایەخ و بێناوەرۆکیش دەکات!.
چونکە سەرۆکی پارتی نە رێبازی تەریقەتەکەی پیادەکردووە و نە پابەندی هیچ لە پیودانگ و بەها و بنەما ئەخلاقیەکانی بووە، بۆیە شایستەی ئەوە نیە کە مێژووەکەیان وەکو شانازیەک بۆ خۆی تۆمار بکات و نمایشی پێبکات؟!
هەرچەندە بەم نمایشەکردنەش ناشێ لەو هەموو تاوانانە رزگاری بێت كە وەكو رۆژی رووناک دیارن و یەخەی بەرنادەن و بە خۆ-هەڵواسین بە سنگەکەی تەریقەتی بارزانەوە ناتوانێ لە کۆڵ خۆی بکاتەوە. هەرچەندە نووسینی زنجیرە پەرتووکێکی بەڵگەداری تایبەت بەهەر دوو رێبەری تەریقەتەکە، کارێکی بەجێ و باشە، بەڵام دەبێ چاوپۆشیش لەوە نەکرێت کە بە پارەی دزراوی خەڵکەوە ئامادە ولە چاپ دراون، بۆیە ناشێ لە ژێر پەردەیانەوە خۆی بشارێتەوە و وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچێت.
بە هەمان شێوە ناتوانێ خەڵکی وشیار و زرنگ فریو بدات و بەرۆکی خۆشی پاک بکاتەوە و خۆی لە ناڕەزایی خەڵكی تۆڕە و برسیکراو وبەشخوار و بێدەنگکراو قوتار بکات.
هەروەها لە ئاهەنگەکەدا سەرۆکی پارتی باسی لەوە کرد کە خۆیان رادەستی هیچ هێزێک ناکەن و بەرامبەر بە هەر گوشارێکی ئێراقی بەرگری لە خۆیان دەکەن!
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە دەبێ چ جۆرە بەرگریەک بێت؟
هەمان ئەو بەرگرییەی کە بەرامبەربە تەراتێنی هێزە سەربازیەکانی تورکیا لە سەر خاکی باشورکوردستان و پەلاماردانی درۆنەکانی تورکیا دەبێت؟!
یان ئەو بێباکییە دەبێت کە بەرامبەر بە خەڵكی مەدەنی بێچەک لە شەنگال نواندی ؟!
یان هاوشێوەی ئەوهەڵوێستە ترسنۆکەکەی دەبێت کاتێ داعش نزیکی هەولێر بوویە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ کە بە دەنگێکی لەرزۆکەوە تەلەفۆنی بۆ جێگری سەرۆکی ئەوسای ئەمەریکا جۆو بایدن کرد بووی؟ یان هاوشێوەی ئەو بەڵێنە دەبێت کە رۆژێک پێش ریفراندوم دا و ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو کە ملی خۆی لە سەر دانابنێ؟
یان لەشێوەی پاڕانەوەکەی دەبێت بۆ دەسەڵاتدارانی ئێراق کاتێ ریفرۆندومەکەی ساڵی ٢٠١٧شکستی هێنا بوو؟
جەنابی سەرۆک! بە چ هێزێک و هەڵوێستێک و هەڵوەستەیەک خۆت گیف کردووە!
بۆچی جارێکی دی یاری بە چارەنووسی هەرێمی کوردستان دەکەیت و دەخەیتە ناو لەپی عفریتێک کە لە بەرزاییەوە فرێداتە خوارێ یان بەرەو چ هەڵدێرێکیتر بەکێش دەکەیت؟!
بەمجۆرە نمایش و مانۆری سەربازی ناکرێت و شکەست خواردوو دەبێت، چونکە بەرەنگاربوونەوە و بەرگریکردن لە گەڵ و خاک و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و هێڵە سوورەکانی نیشتمان بە ستراتیژ و عەقیدەی سەربازی توکمە و یەکگرتوویی هێزە چەکدارەکان و ئامادەباشی و سەرکردەی دووربین و لێهاتوو و ژیر دەکرێت، نەک بە فشە فش و قسەی رووتی بێکردەوە.
چونکە نەک تەنیا لای هەموو چاودێرێکی کاروباری هەرێم و ئیراق، بەڵكو لای هەر هاوڵاتیەکی ئاسایی باشور و ئیراقیش روون و ئاشکرایە کە ئێوە شێری ماڵ و رێوی دەرەوەن!
ژ.ت