پارتە کوردیەکانی باکوور: گەلەکەمان نابێت زێدی خۆی بەجێبهێڵێت

پێکهاتەکان و لایەنە کوردستانییەکانی باکووری کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا سەبارەت بە بوومەلەرزەکان، سەرنجیان بۆ ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە ڕاکێشا کە ڕەنگە ڕووبدات و ڕایانگەیاند، گەلەکەمان نابێت زێدی خۆی بەجێبهێڵێت.

ژمارەیەک لە لایەنە سیاسیەکانی باکووری کوردستان کە پێکهاتوون لە کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پلاتفۆرمی یەکگرتووی ژنانی کورد، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان، پارتی دیموکراتی گەلان، کۆمەڵەی ڕۆشنبیری شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی، بزووتنەوەی ئازادی، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان، پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ئازادی، پارتی دیموکراتی باکوری کوردستان، پارتی گەل و ئازادی، پارتی سۆسیالیستی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا و بزووتنەوەی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی دۆخی دوای بومەلەرزەکە بڵاوکردەوە.

دەقی تورکی ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن ساڵیحە ئایدەنیز خویندرایەوە و کوردییەکەشی لەلایەن مستەفا ئۆزچەلیک خوێندرایەوە و تیادا ڕایانگەیاند: زیانی ڕاستەقینەی گیانی و ماددی و زیانە دەروونییەکانی بوومەلەرزەکە زیاتر بوون لەوانەی باسکراون.

 لە ڕاگەیەندراوی ئەو حزبانەدا هاتووە: خەڵک زیانێکی زۆریان بەردەکەوێت و بەداخەوە هیچ هاوکارییەکی دیار نەگەیشتووەتە ئەو ناوچانە. ڕوونە کە لە ٦ی شوباتەوە تورکیا ئەرکەکانی خۆی لەسەر ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە لە کاتی خۆیدا و بە قەبارەیەکی گەورە جێبەجێ نەکردووە. بە تایبەت لە ٣ ڕۆژی یەکەمی بوومەلەرزەکەدا، هەموو دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی دەوڵەت لە حاڵەتی نەبوونی هەماهەنگی و کەمتەرخەمی و پشێوی بوون، جا چ لە ڕزگارکردنی ئەوانەی لە ژێر داروپەردوودا بوون یان لە گەیاندنی هاوکاری بۆ لێقەوماوان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە هاوکارییەکی زۆر بە ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژئاوا کراوە و کە  ڕێگریان لێدەکرێت و تیایدا دەڵێن: ئاستەنگ بۆ گەیشتنی هاوکارییەکان بە عەفرین، جندرێس و حەلەب دروست دەکات.

ئەوش هاتووە:  حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی باشووری کوردستان کاردەکەن بۆ گەیاندنی هاوکاری بە قوربانیانی بوومەلەرزە لە کوردستانی باکوور و ڕۆژئاوا، تورکیا و سوریا. سوپاسی هەموو ئەو دەوڵەتانە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوە ناحکومی و فریاگوزاریەکان، کەسایەتی و کۆمپانیاکان دەکەین کە لە کاتی کارەساتی بوومەلەرزەکەدا پەلەیان کرد بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان.

 ئەو پارتانە وتوشیانە:  بوومەلەرزە ڕووداوێکی سروشتی حەتمییە. بەڵام ڕوونە کە هۆکارەکانی ئەو زیانانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تووشی بوون سروشتی نین. بەرژەوەندی خۆپەرستی و بێویژدانی و ناڕێکی و گەندەڵی و لە پێ دانی پرەنسیپەکانە کە لە بوومەلەرزەکەدا ناڕەزایی گەورەی لێکەوتەوە.

لە بەشی کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:  بێ گومان ئەوانەی زۆرترین ئازار دەچێژن لە هەموو ڕووداوە سروشتی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا منداڵ و ژن و کەمئەندام و بەساڵاچوون. لەسەر بنەمای ئەم واقیعە، پێویستی بە بەرنامەیەکی ناوازە هەیە بۆ نەهێشتنی ناڕەزایەتییەکانی ئەم توێژانە لەم بوومەلەرزەیەشدا.

ف.ق