پارت و کۆمەڵە کوردییەکان: ڕۆژ ڕۆژی پاراستنی ڕۆژئاوایە
پارت و کۆمەڵە کوردییەکان دژی هێرشە داگیرکارییەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کاردانەوەیان نیشاندا و ڕایانگەیاند؛ "ڕۆژ ڕۆژی پاراستنی ڕۆژئاوا و پاراستنی ستاتۆی ڕۆژئاوایە."
پارت و کۆمەڵە کوردییەکان دژی هێرشە داگیرکارییەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کاردانەوەیان نیشاندا و ڕایانگەیاند؛ "ڕۆژ ڕۆژی پاراستنی ڕۆژئاوا و پاراستنی ستاتۆی ڕۆژئاوایە."
پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (کەکەپە)، پارتی ئازادی، پارتی ئینسان و ئازادی (PİA)، کۆمەڵەی کوردی شۆڕشگێڕ و دیموکراتیک(DDKD)، کۆمەڵەی شێخ سەعید و پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد، سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و هێزە چەکدارەکانی NSA لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە. هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، چیدەم کلیچگون ئوچار و نوێنەری پارت و ڕێکخستنەکانی دیکەش ئامادە بوون. لە کاتی ڕاگەیاندنی بەیاننامەکەدا پانکارتی؛ "پاراستنی ڕۆژئاوا واتا پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی" بەرز کرایەوە.
دەقە هاوبەشەکە لەلایەن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبری ناوەندی (MYK)ی دەبەپە بێریڤان هێلین ئیشک دەخوێندرێتەوە.
هەروەها دەقی بەیاننامەکە بە ناونیشانی؛ "پاراستنی ڕۆژئاوا واتا پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی" وەهایە:
" لە جیهان و ناوچەکەماندا پێشهاتی سیاسی گرنگ لە ئارادایە. سنوورەکان سەد ساڵ لەمەوبەر لەلایەن زلهێزەکانەوە دیاری کران و ئەمڕۆ دۆخەکە هەستیارە و بەخێرایی گۆڕانکارییەکان ڕوو دەدەن. هەر وەک سەد ساڵ لەمەوبەر ئەمڕۆ کوردستان لە ناوەندی پێشهات و گۆڕانکارییە گرنگەکاندایە. ئەو ستاتۆیەی لەسەر بنەمای ئینکار و نکۆڵی لە کورد و کوردستان دامەزرابوو، ئێستا پارچە پارچە دەبێت و دەڕوخێت و دۆخێکی سیاسی نوێ سەرهەڵدەدات. ئەم دۆخە بۆ گەلی کورد و هەموو گەلان، بیروباوەڕ و کولتوورەکانی ناوچەکە دەرفەتی دەستپێکی نوێ دێنێتە پێشەوە. هیوادارین سیستەمێک دابمەزرێت بۆ ئەوەی هەموو گەل و پێکهاتەکانی ناوچەکە بە شوناس و ڕەنگ، دەنگ و مافەکانیان بە شێوەیەکی یەکسان بتوانن پێکەوە لەگەڵ یەک بژین. بەڵام بەداخەوە عەقڵیەتی ڕەگەزپەرستی و تاکڕەویی دەوڵەتانی ناوچەکە پێداگری لەسەر سیاسەتی نکۆڵیکردن و ئینکار دەکەن.
ڕژێمی سوریا کە یەکێک بوو لەو سیستەمانە، دوای ١٤ساڵ شەڕی ناوخۆیی لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕووخا. بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەوەش جارێکی دیکە ڕوون بووەوە کە هیچ دەسەڵات و هێزێک کە لەسەر بنەمای سیاسەتی نکۆڵیکردن و ڕەتکردنەوەی گەلانی دیکە وەک ڕژێمی بەعس شکست دەهێنێنت و هەڵدەوەشێتەوە، ئێستا دەرفەتێک بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی یەکسان و دیموکراتیک دەڕەخسێنێت. بۆیە پێویستە لە سوریا سیستەمێک دابمەزرێت کە هەموو گەلان و بیروباوەڕ و کولتوور و جیاوازیەکان لەخۆ بگرێت. بۆیە پێویستە دەستبەجێ پرۆسەیەکی سیاسی دەست پێبکات و لەسەر ئەو بنەمایە چارەنووسی سوریا ڕوون بکرێتەوە.
لە سوریادا نابێت هێزێکی دەرەکی دەسەڵاتی خۆی بەسەر بەشەکانی دیکەدا بسەپێنێ، لەبەر ئەوەی دووبارەبوونەوەی سیاسەتەکانی ڕابردوو، ڕەتکردنەوە و نکۆڵیکردن دۆخەکە وەک خۆی دەهێڵێتەوە. هەروەها پێویستە هەموو هێزە نێودەوڵەتی، هەرێمی و ناوخۆیی ڕێز لە ئیرادەی گەلان بگرن. هەوڵ بدەن و هاوکار بن لە دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیکدا. لەم ڕووەوە یەکێک لەو دەوڵەتانە تورکیایە. بەداخەوە کردەوەکانی تورکیا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نیشانیدا کە دژی بەرژەوەندی گەلانی تورکیا، سوریا و گەلانی هەرێمەکەیە. سەرەڕای ئەوەی کێشەی خۆی لەگەڵ کورددا چارەسەر نەکردووە، هەوڵدەدات پرسی کورد لە سەرانسەری هەرێمەکە و جیهاندا بە بێ چارەسەری بمێنێتەوە.
دەوڵەتی تورکیا کە ماوەی ١٤ساڵە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر دەستکەوت و پێگەی ڕۆژئاوای کوردستان، بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس هێرشەکانی دژی گەلی کورد خێراتر کردووتەوە. تورکیا دەیەوێت لەلایەن چەتەکانیەوە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە تەواوی داگیر بکات. گەلی کورد زۆر باش دەزانێت کە ئەم هێرشانە و هەوڵدان بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوا دەرئەنجامی سیاسەتی ڕەتکردنەوە و نکۆڵیکردنی پرسی کوردە لە سەد ساڵی ڕابردوودا. عەقڵیەتی ڕەگەزپەرستی تورک، نایەوێت کورد لە هیچ شوێنێک ببێتە خاوەن پێگە و مافی خۆی. بۆیە دوژمنایەتی نێوان گەلان قووڵتر دەکاتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا پێش هەموو شتێک بانگەوازی ئێمە بۆ گەلی کوردە. ئەو ستاتۆیەی بە بێ ئیرادەی گەلی کورد دابمەزرێت ئەنجامەکی هەڵوەشینە. گەلی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا مۆدێلێکی ژیانی یەکسانیان بە پێشەنگایەتی ژنان بنیاتناوە. بەڵام دەوڵەتە ڕەگەزپەرست و نەتەوپەرەستەکان دەیانەوێت ئەم مۆدێلە هەڵوەشێنەوە و میتۆدی نوێ خۆیان بسەپێنن بۆ ئەوەی گەلی کورد بێ پێگە و ماف بمێنێتەوە. گەلی کورد لەوە زیاتر ناتوانێ ئەم زوڵمە قبووڵ بکات. هاوپەیمانی دەوڵەتان دژی ستاتۆی گەلی کورد هەڵوەشایەوە. بۆیە ستاتۆی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئێمە لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. ڕۆژ ڕۆژی خاوەنداری لە ڕۆژئاوای کوردستانە. لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە هەموو گەلی کورد و لایەنە سیاسییەکانی دەکەین بە شێوەیەکی یەکگرتووانە هەموو دەرفەت و ئیمکانی خۆیان بۆ مسۆگەرکردنی ستاتۆی ڕۆژئاوا بەکار بێنن.
بانگەوازی دووەممان بۆ ڕای گشتی نێونەتەوەییە. هۆکاری سەرەکی هەموو ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەشبوونی کوردستان و بێ ستاتۆ هێشتنی گەلی کورده لە ناوچەکە. سەرەڕای هەموو سیاسەتە کۆمەڵکوژییەکان و هێرشە پاکتاوکارییەکان، گەلی کورد ئەمڕۆ هێشتا سەرەکیترین هێزی سەقامگیری و دیموکراسییە. بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا بنرێت و ستاتۆی پەسەند بکرێت. ئێمە وەک پارت و ڕێکخراوە و دامەزراوە کوردیەکان داوا لە ڕای گشتی جیهانی دەکەین کە پشتیوانی خویان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەهێز بکەن وستاتۆی گەلی کورد بناسن و پشتیوانی بکەن. وەک ئەرکێکی ئینسانی، ئەخلاقی و ویژدانی.
بانگەوازی کۆتاییمان بۆ گەل و دەسەڵاتداری تورکیایە، زیان بە پێگە و مافەکانی گەلی کورد مەگەیەنن. هەبوونی گەلی کورد زیان بە گەلی تورکیا ناگەیەنێت. لە ڕاستیدا دەبێت باس لەسەر خوشک و برایەتی هەزاران ساڵە بکرێت، ئەمڕۆ تورکیا نابێت هێرش بکاتە سەر دەستکەوت و پێگەی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا، بە پێچەوانەوە پێویستە پەیوەندی و پشتیوانی لێبکات.
لەسەر ئەم بنەمایە دەڵێین ڕۆژ ڕۆژی پاراستنی ستاتۆی ڕۆژئاوایە. وەرن پێکەوە ڕۆژئاوا بپارێزین."