پەدەکە لەدژی گەریلا سەنگەر دروست دەکات

پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام هێزی زۆر و چەکی قورس بۆ ناوچەکانی گەریلا دەگوازێتەوە. بە شۆفڵ، ئامێری کار هەروەها ڕێگا و سەنگەر دروست دەکات. دیمەنی ئەو ئامادەکارییە سەربازییانەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دژی گەریلاکان تۆمارکراوە.

هەوڵدان و هێرشی ئاژاوەگێڕی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا بەردەوامە. هێزە تایبەتەکانی پەدەکە کە بە پارە شەڕ دەکەن، ڕۆژی ٥ی حوزەیران هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی گەریلاکانی پەکەکە، کە دەیان ساڵە گەریلای تێدا بووە.

هێرشی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەر سەنگەرەکانی گەریلا لە ناوچەکانی گردی چارچەل و گردی هەکاری لە میتینا بووە هۆی ئاڵۆزئ، لە بەرامبەردا پێنج کەسی سەر بە پەدەکە گیانیان لەدەستدا، کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە، رووداوەکە چۆن روویداوە.

پەدەکە هێرشەکەی خستە ئەستۆی هەپەگە، بەڵام هەپەگە لە راگەیەنراوێکدا داوای کرد، شاندێکی سەربەخۆ دامەزرێندرێت و ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن. هەپەگە ڕایگەیاندبوو، کە هێرشیان نەکردووەتەسەر هێزەکانی پەدەکە.

چەند شاندێک چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام هێشتا ڕاستیی ڕووداوەکە ئاشکرا نەکراوە، هەرچەندە دوو مانگ تێپەڕیووە

ڕۆژی ٢٤ی تەموز هێزەکانی پەدەکە بە کاروانێکی ئامێری کار و چەکی قورس و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە چوونە بازگەکانی گەریلا لە ناوچەی گرێ چارچەل، بەو هۆیە شەڕی کورتخایەن ڕوویدا. هێزەکانی پەدەکە بە چەکی قورس و بۆمب هێرشیان کردە سەر هێزەکانی گەریلا و لە ئەنجامدا لە ناوچەی مەتینا ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو.

ڕۆژی ٢٦ی تەمووز هێزە تایبەتەکانی پەدەکە، لە ناوچەی خەلیفەن هێرشیان کردە سەر گەریلاکانی هەپەگە و چەند گەریلایەک شەهید بوون و چەند گەریلایەکیش برینداربوون لەو هێرشەدا.

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە، ڕۆژی ٢٩ی تەمووز بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە لەوانەیە ڕووداوی لەو شێوەیە رووبدات، هەروەها لە ٢٦ی تەمووزەوە تا ئێستا نەیانتوانیووە پەیوەندی بە یەکینەکەیانەوە بکەن و داوای لە پەدەکە کردووە، کە راگەیەنراوێکی راست و دروست بڵاوبکاتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا لە بری ئەوەی پەدەکە ڕاستی ڕووداوەکە ڕوون بکاتەوە، ئێوارەی ٢٩ی تەمووز هێزەکانی بە کاروانێکی ئۆتۆمبێلی مەدەنی و زرێپۆشەوە ڕەوانەی ناوچەی ڕێنچبیراخ لە زاگرۆس کرد.

بەپێی زانیاریەکان، هێزەکانی گەریلا بە زارەکی هێزەکانی پەدەکەیان ئاگادارکردۆتەوە کە بەرەو پێشەوە نەچن، بەڵام هێزەکانی پەدەکە چەکیان لە گەریلاکان کێشاوە، بەو شێوەیە هەوڵی ئاڵۆزی دەدەن و لە ئەنجامی نێوەندگیری بەرپرسیارانەی خەڵکی ناوچەکە کە دەستوەردانیان کردووە ڕێگری لە ئاڵۆزی کراوە.

هێرشی پەدەکە کە شەهیدکردنی گەریلاکانی لێ کەوتەوە ، هەوڵی ئاڵۆزی لە ناوچەی ڕێنچبیراخ و دروستکردنی سەنگەر لە ناوچەی مەتینا ، ئەوە نیشان دەدات کە پەدەکە بە ئاشکرا خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات .

هێزەکانی پەدەکە لە هەرێمی مەتینا بە بەردەوامی چەکی قورس دەگوازێتەوە بە شۆفڵ و ئامێری کار سەنگەر دروست دەکات. بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە خەڵکی مەدەنی تێدا نییە دەستیان کردووە بە دروستکردنی بارەگا و سەنگەر و دیمەنی ئەو ئامادەکارییە لە مەتینا تۆمارکراوە.

بەرپرسانی پارتی بە لێدوانی جیاواز بە ڕای گشتی دەڵێن،هێرش ناکەنە سەر هێزەکانی گەریلا ، بەڵام ڕووداوەکانی ناوچەکە ئەوە نیشان دەدات کە ڕاستیەکە پێچەوانەی ئەم قسانەی بەرپرسانی پەدەکەیە.

ف.ق