پەکەکە یادی ٣ شەریفەکەى کردەوە
کۆمیتەى پشتیوانی لە بنەماڵەى شەهیدانی پەکەکە یادی ٣ گەریلای شەهیدی بە ناوی شەریف کردەوە، کە لە یەک بنەماڵەدا بەشداری ریزەکانی بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان بوون و شەهید بوون.
کۆمیتەى پشتیوانی لە بنەماڵەى شەهیدانی پەکەکە یادی ٣ گەریلای شەهیدی بە ناوی شەریف کردەوە، کە لە یەک بنەماڵەدا بەشداری ریزەکانی بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان بوون و شەهید بوون.
کۆمیتەى پشتیوانی لە بنەماڵەى شەهیدان بە بڵاوکردنەوەى راگەیاندراوێک یادی ٣ گەریلای شەهیدی بە ناوی شەریف کردەوە، کە لە سەرەتای دامەزراندنی پەکەکەوە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٠ لە یەک بنەماڵەدا بەشداری ریزەکانی گەریلا بوون و شەهید بوون.
لە راگەیاندراوەکەدا لەبارەی ئەو ٣ شەهیدەوە هاتووە:
"ئێمە نازانین بەسەرهاتی ٣ شەریفەکە تاوەکو کوێ دەڕوات، بەڵام ئەوە دەزانین تاوەکو رێبەرایەتیمان و گەلەکەمان ئازاد نەبێت، شەریفە فیداییەکانی تامەزرۆی ئازادی چۆن لە رۆژی یەکەمەوە دەستیان بە تۆمارکردنی ئەم بەسەرهاتەیان کرد، بە دڵنیاییەوە لە ئێستا بە دواوەش هەر وەک رووبارێک لرفەیان دەبێت.
ساڵانی ١٩٧٨ پەکەکە چۆن لە کوردستان خۆی بە رێکخستن کردبوو، لە ئامەد و ناوچەکانیشیدا خۆی رێکخستبوو. بە دامەزراندنی پەکەکە، رێبەر ئاپۆ مانیفیستۆی پەکەکەى لە گۆڤاری سەرخۆبوون دا بڵاوکردەوە و کادیرانی پەکەکە ئەو مانیفیستۆیەیان بە دەستی خۆیان بڵاوکردەوە و بوونە چەخماخەى هیوای گۆڕینی ئەو مێژووە، کە تاوەکو ئەو کاتە خۆی سەر گەلەکەماندا شۆڕکردبووە. یەکێک لەو کەسانە کە هیوا و بڕوای بەوە هەبوو کوردستان سەربەخۆ و ئازاد دەبێت، عومەر ئارسلان، یان شەریف بوو.
عومەریش وەک پەکەکە نوێنەرایەتیی نوێبوونەوەى دەکرد، لە بنەماڵەکەیەوە ئەوەى کرد. بە بەشداربوونی عومەر لە ریزەکانی پەکەکەدا هەستی وڵاتپارێزی لە ناو بنەماڵەکەیدا بەهێزتر بوو. ئەو بەسەرهاتە قارەمانانەیەی ئەو لە ناو بنەماڵەکەیدا لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوێزرایەوە. هەر چۆن لە کوردستاندا نەوەی بنەماڵەکان یەک بە یەک بەشداری ریزەکانی پەکەکە دەبوون و وەک نەریت و کولتورێک درێژەیان بەو بەشداریکردنە دەدا، ئەوەش لە ناو بنەماڵەى ئارسلان دا بە ناوی شەریفەوە بەشداریکردن لە ناو ریزەکانی پەکەکەدا بەردەوامی پێدرا و هەر نەوەیەکیان چاوەڕێ رۆژی خۆی دەبوو. عومەر ئارسلانی یەکەم لەناو پەکەکەدا نازنای شەریفی بۆ خۆی هەڵبژارد. لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە هەمان بنەماڵەی ٣ شەریف دا، دیسانەوە شەریف ئەرغەنی درێژەى بەو بەرخودانە دا و ئەو نەریت و کولتورەى بە حەماسەتەوە درێژە پێدا.
عومەر ساڵی ١٩٦١ لە کاتی کودەتای سەربازیی ئەو کاتی تورکیادا چاوی بە دونیا هەڵهێنا. لە کاتی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیدا جیهان پڕ لە کێشمەکێش بوو. لەو ساڵانەدا عومەر و بنەماڵەکەى لایەنگری رێکخستنی ئاڵای رزگاری بوون، بەڵام ئەوەى لە منداڵییەوە بە دوایدا دەگەڕا لە ناو ئاڵای رزگاریدا نەیبینیبوو.
هەوڵ و گەڕانی عومەر لە ساڵی یەکەمدا، نزیکایەتییەکی جیاوازتری لە هەموو کەس لە خۆی نیشان دەدا. کاتێک مامۆستا لە عومەر دەپرسێت "تۆ دەبیت بە چی؟" عومەر دەڵێت، "دەمەوێت ببم بە ئەکتەری سینەما". حەزی عومەر بۆ ئەوەى ببێت بە هونەرمەندی سینەما و شانۆ، تاوەکو ساڵانی خوێندنی ئامادەیی بەردەوام بوو. کاتێک لە کاتە بۆشەکانیدا لەگەڵ براکانیدا لە فڕندا کاریان دەکرد بەشە پارەی خۆی دەدا بە گۆڤارەکانی سینەما و شانۆ. بە وردی لێکۆڵینەوەى لەسەر جیهانی شانۆ و ئەکتەری فیلمە جیهانییەکان کردبوو. هەرچەند دەیخواست کەسایەتیی هونەرمەندانەى خۆی بەرەوپێش ببات، بەڵام بە ناسینی پەکەکە لە گۆڕەپانی هونەر، کە زۆر تامەزرۆی بوو، ناچار بوو پشوویەک بدات.
عومەر دابڕانی خۆی لە سینەما بەمشێوەیە پێناسە کردووە، "ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕیی درەوشاوەی کوردستان، ناسینی من بۆ ئایدۆلۆژیی شۆڕشگێڕی و هەروەها لەبارەى کۆمەڵگەى داگیرکراو و تێگەیشتن و فێربوونی هەندێک شت، منی لەو بوارە دابڕی. چونکە لە کوردستان شتێک هەبوو، کە ملیۆنەها کەس هەستیان پێدەکرد و سوودی دەبوو بۆیان، بەڵام بە هۆی داگیرکەرییەوە لە کوردستان لەمپەر لە بەرامبەر ئەو قازانج و سوودانەدا دانرابوو. ئێمە ناتوانین لەم وڵاتە داگیرکراوەدا بەو هونەرە بگەین، کە ئێمە حەزی لێدەکەین. ئەگەریش دانە دانەیەک خۆیان بەو شتانەش بگەیەنن، کە حەزیان لێیەتی، بەڵام ئەوە بۆ مرۆڤەکانی تری ئەم وڵاتە مەیسەر نابێت. ئەرکی ئێمە بوونی شۆڕشگێڕییە. دەبێت دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆ بێت. کاتێک وڵاتێک سەربەخۆ بێت، رەخساندنی ئەو دەرفەتانە بۆ ئەوەى کەسەکان ببن بە نووسەر و ببن بە ئەکتەری فیلمەکان بەدی دێت. بەو بیرو و بڕوایەیەوە دەست لەو بوارە هەڵدەگرم. دەبێت ئێمە ببینە رزگاریخوازانی ئەم وڵاتە. هیچ ئەرکێک لەوە پیرۆزتر نییە".
بە بەشداربوونی عومەر بۆ ناو ریزەکانی پەکەکە، بناغەى وڵاتپارێزیی بنەماڵەکەى زۆر زیاتر پتەو و بەهێزتر بوو و لەسەر بنەمایەکی ساغ و تەندروست چەسپا. بە قوڵی لەگەڵ براکانیدا دەستی بە گفتوگۆ کردبوو. رەخنەى لە رێکخستنی ئاڵای رزگاری دەگرت و لە بەرامبەردا بیر و رامانەکانی رێبەر ئاپۆی بۆ باس دەکردن. هۆشیاری و زانایی ئاپۆچی، بڕوا و ئازایەتیی بۆ باس دەکردن. هەوڵی دەدا ئەو تێکۆشانەیان بۆ روون بکاتەوە، کە لە پێناویدا گیانی خۆی بۆ بەخت دەکرد. لەبەر ئەوەى لە ئەرغەنی ئاڵای زرگاری بەهێز بوو، پەکەکە تازە بە تازە بەرەوپێش دەچوو. لە سایەی جەنگاوەرانی وەک عومەردا پەکەکە لە ئەرغەنی بەبێ ئەوەى زۆر دوابکەوێت، جێگە و پێگەیەکی گرنگی بۆ خۆی ئافراند.
تێکۆشانی پەکەکە لە دژی داگیرکەری و هاوکاریی عومەر لە ماوەیەکی کەمدا بوونە جێگای سەرنج. عومەر بینیی ریفۆرمیزم لە کوردستان ئەنجامی نابێت و لە ١١ی ئەیلولی ١٩٧٩ دا بە دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکە دا بەشداری لە پەروەردەی ناو شانەکانی ریکخستنی کادیرانی پەکەکە لە ئەرغەنی کرد، کە پەروەردەکان لەبارەی کوردستان و سۆسیالیزمەوە بوون. راستیی تێکۆشانی پەکەکە و ئامانجەکانی لە ماوەیەکی کەمدا تێدەگات و فێریان دەبێت. لە ئەرغەنی تەنها پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە ناکات، بەڵکو هاوکات لە خوێندنگەش گرنگی بە رێکخستن دەدات. لەناو بنەماڵە و خوێندنگەدا لایەنگری بۆ پەکەکە کۆدەکاتەوە و زۆریان دەکات. لە سایەی ئەو پڕوپاگەندانەى دەیکرد، بەشداربوون بۆ ناو ریزەکانی پەکەکە روویدا. پەیوەندیی لەگەڵ گەریلاکان لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەرغەنی دروستکرد. دەڕوات بۆ لایەن و دێت پێداویستییە لۆجستییەکانیان دابین دەکات.
لە ساڵی ١٩٨٠ دا لەسەر چالاکیی گەریلا لە دژی بنکەیەکی سەربازی لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەرغەنی ئۆپراسیۆنی گشتی دەستیپێکردبوو. کاتێک ئۆپراسیۆنەکە گەیشتە ئە گوندەی، کە عومەری لێ بوو، بەهۆی گومانکردن لێی لەلایەن سەربازەکانەوە دەستگیر دەکرێت و لێکۆڵینەوەى لەگەڵ دەکرێت، لە ژێر ئەشکەنجەدا خۆڕاگری دەکات. کاتێک داگیرکەران هیچیان لە عومەر دەست ناکەوێت، دەستیان لێهەڵگرت و دوای ئەوەش ئازادیان کرد. لە ماوەی هەفتەیەکدا بە هۆی هەواڵ لێدانی سیخوڕانەوە دەرکەوت، کە عومەر پەکەکەییە. لەسەر کار و خەباتی عومەر زانیارییەکی زۆر لە ئاسایشی ئەرغەنی کۆکرابوونەوە. دوای ئەو هەواڵ لێدانانە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکانیان، بەڵام عومەر لە ماڵ نەبوو. فەرماندەی بنکە سەربازییەکە زۆر پەشیمان بوو بووە، کە بۆ عومەری دەستگیر نەکردووە. لەبەر ئەوە بڕیاری دەستگیرکردن بۆ عومەر دەرکرا. عومەر ئەو زانیارییانەى پێگەیشتەوە و ساڵی ١٩٨٢ رووی لە چیاکان کرد. لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ – ١٩٨١ دا لە ئەرغەنی و چەرمک کاری دەکرد، چیاکانی ناوچەى پیران و دەورووبەری بە باشی دەناسی. بۆیە پەیوەندی لەگەڵ ئەرغەنی و پیران ناپچڕێنێت، دوای پەروەردەی چەکداری دەبێتە جەنگاوەرێکی زۆر بەهێز. لە ئەرغەنی بەشداری لە چەندین چالاکی لە دژی ئەو لایەنانە دەکات، کە هاوکاری داگیرکەران بوون. لە چالاکییەکەدا لە ئەرغەنی لە دژی سیخوڕێک، لە قاچەوە بریندار دەبێت، بەڵام سەرباری ئەوەش چالاکییەکە سەرکەوتوانە ئەنجام دەدات.
عومەر زوو دەیویست لە رێبەرایەتی و پەکەکە تێبگات. لە ژیاندا هیچ کات سڵی لە بەرپرسیارێتی نەدەکردەوە، لە رووی رەنجدەریەوە سەرنجی هەموو هاوڕێکانی رادەکێشا. لە ساڵی ١٩٨٢ دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا کە بچێت بۆ گۆڕەپانی لوبنان. ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، بەڵام لە گۆڕەپانی سەرۆکایەتی پەروەردەی سەربازی و سیاسی بینی. لە چوارچێوەی دووەمین کۆنگرەی پەکەکەدا، وەکو زۆرێک لەو گروپانەی لە ساڵی ١٩٨٣دا گەڕانەوە وڵات، ئەویش لە یەکێک لەو گروپانەدا جێی گرت و گەڕایەوە بۆ وڵات.
کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ وڵات لە گەڵ گروپێک لە هەڤاڵانی لە ناوچەکانی چەرمک، ئەرخەنی، پیران و دێرا هێنێی سەر بە شاری ئامەد جێگیر دەبن. تا ساڵی ١٩٨٥ لە ناوچانە خەبات دەکەن. هاوکات لەو هەرێمە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی دووەمین کۆنگرەی پەکەکەدا، چالاکی کاریگەر ئەنجام دەدەن. لە ماوەیەکی کورتدا پەکەکە لە ناوچەکە جێگایەکی گرنگ دەگرێت، گوندنشینەکانی ناوچەکەش بەرێکخستن دەکرێن. عومەر لە ناوچەکە لە دژی هەوڵە سیخوریەکان، سیاسەتی لەناوبردن و بورژوای بچوک و خیانەتکردن لە تێکۆشاندا پێشەنگە. لەسەر هێڵی رێبەرایەتی و پەکەکە بۆ تێکۆشان، پەرەی بە تواناکانی خۆیدا. لە پاراستنی شکۆمەندیەکانی پەکەکە و رەنجدەریدا، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینیوە.
لە کەمترین دەرفەتدا تێکەڵ بە جەماوەر دەبوو و پرۆپاگەندەی بۆ رێکخستن دەکرد. زیاتر لە گوندەکانی دملی و زازا دەمایەوە. فێری زاراوەی زازاکیش ببوو. لەوێ لە ناو گەلدا خەباتێکی بێوێنەی کرد و لەگەڵ جەماوەر ببوو بە یەک. کاتێک دەوترا "ئەمباز شەریف یەنۆ" واتە هەڤاڵ عومەر هاتووە، خەڵکی گوند زۆر خۆشحاڵ دەبوو. دانیشتوانی گوند بڕوایەکی تەواویان پێ هەبوو. هاتووچۆی عومەر زۆر سەرنجی خەڵکی گوندەکەی بەلای خۆیدا رادەکێشا. هەموو تایبەتمەندیە سەربازیەکانی گەریلایەتی جێبەجێ دەکرد. ئەمە بابەتێکی گرنگ بوو بۆ ئەو.
هاوکات دیسیپلینی پەکەکە بۆ ئەو لە سەرووی هەموو شتێکەوە بوو. لەگەڵ ئەو بە دیسیپلین بوونەی، لە ناو هەڤاڵانیدا کەسێکی خاکیش بوو. لە رێبەرایەتیەوە فێری ئەوە ببوو کە لە کوێ توند بێت و لە کوێ ئارام بگرێت. هیچ کات ئەرکەکانی خۆی پشتگوێ نەدەخست، هەنگاوی بۆ دواوە نەناوە، هاوکات لە تێکۆشان و شەڕیشدا وەها بوو.
دوای ئەوەی گروپێکی نوێ رەوانەی هەرێمی چواری ئامەد کرا، عومەر لەگەڵ گروپێک لە هەڤاڵانیدا، دەرباسی هەرێمی سەمسور بوو کە تا ئەو کاتە گولەیەکیش تێدا نەتەقێنرابوو. شتێکی مەترسیدار بوو بچێت بۆ شوێنێک کە بە هیچ شێوەیەک شارەزای نەبوو، بەڵام نە عومەر و نە هەڤاڵانی بە بێ دوودڵی، پلانیان بۆ چوون بۆ سەمسور داڕشت.
جێگیربوون لە سەمسور هێندە ئاسان نەدەبوو. بەڵام پەکەکە لە ساڵی ١٩٧٦ەوە لە سەمسور رێکخستنی خۆی هەبوو. دۆزینەوەی بەرپرسانی رێکسختنکردن و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەردا زۆر سەخت نەبوو. لە ماوەیەکی کورتدا لەناو جەماوەردا جێی خۆی گرت و لە چوارچێوەی بەرێکخستنکردندا، بەشداریکردن لە ریزەکانی گەریلادا دەستی پێکرد. بۆ ئەوەی گەریلا لە کوردستان، لە گۆڕەپانەکانی ناوەوە جێگیر ببێت، سەمسور وەکو هەرێمێکی ستراتیجی تەماشا دەکرا. هەر کاتێک داگیرکەران ئەو گۆڕەپانەیان کۆنتڕۆڵ کردبوایا، گەڕانەوەی گەریلا زۆر سەخت دەبوو. بۆیە دەبویایا گەریلا لەو ناوچەیە هەبوایا.
ساڵی ١٩٨٦ شەڕڤانانی یەکینەی پرۆپاگەندەی چەکداری شاهین کلاڤوز کە لە ناو هەنگاوی بەرەبەیان-ی سوپای گەریلا-هەرەکە (هێزەکانی رزگاری کوردستان)دا جێیان دەگرت، لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار ئامادەکاریەکی گرنگیان کرد. بۆ ئەوەی جەژنی خۆڕاگری کورد-نەورۆز پیرۆز بکەن، بڕیاریان لەسەر زنجیرە چالاکیەک دابوو.
ئێوارەی رۆژی ٢٠-٢١ی ئازاری ساڵی ١٩٨٦ ٥ کیلیۆمەتر نزیک لە شاری سەمسور، ئاگر لە ناوەندێکی ئابوری تورکیا بەردرا و لەناو برا. بە بڵێسەی ئەو ئاگرەی لە ئەنجامی ئەو چالاکیەدا بەرز بووەوە، ئێواریەی نەورۆز هەموو شارەکەی رۆشن کردەوە. ئەو شەوە لە سەرتاسەری شارەکە لەسەر دیوارەکان نووسینی "بژی تێکۆشانی ئێمە" نووسرایەوە. گەل نەورۆزەکەی پیرۆز کرد، لە چەندین گوند گولە بە ئاسماندا تەقێنران و بەو چالاکیانە گروپی کلاڤوزەکانی شاهین لە سەمسور جێگایەکی بەهێزی گرت، بەڵام دوژمنیش بە هەموو هێزی خۆیەوە رووبەڕوویان بووەوە.
١٣ی گوڵان بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاکیەک لە دژی ناوەندێکی نۆکەر-خایینەکان، ئامادەکاریان کرد، بەڵام بە هۆی چەند کێشەیەک پلانەکە سەرکەوتوو نەبوو. لەو شوێنەی گروپی چالاکیەکە لێی جێگیر ببوون، نەدەتوانرا بجوڵێنەوە چونکە لە ژێر چاودێری هێزەکانی دوژمندا بوو. لەو کاتەدا کە گروپەکە بیری لە مەترسی شوێنی جێگیربوونیان دەکردەوە، بە هۆی خیانەتەوە شوێنەکەیان ئاشکرا دەبێت و سەر لە بەیانی رۆژی ١٤ی گوڵان هێزی داگیرکەران گەمارۆی دان و شەڕ و پێکدادانێکی توند روویدا و هیچ شاخ و بەردێکیش نەبوو لە پشتیان بێت... شەڕەکە لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانیەوە تا کاتژمێر ٠٤:٠٠ی ئێوارە بەردەوام بوو.
دوژمن کە هێزێکی زۆری زەمینی و ئاسمانی لەوێ کۆکردبووەوە، لە ئاسمان و زەمینیەوە هێرش دەکرایە سەریان، لەگەڵ ئەو هێرشە توندانەش گورزی کاریگەریان بەردەکەوت. فیشەک و تەقەمەنیەکانی عومەر و ئیبراهیمی هاوڕێشی بەرەوە تەواوبوون دەڕۆیشت، هەردووکیان بریندار بوون، خوێنێکی زۆریان لەبەر چووبوو، بەڵام دیسال لە خۆڕاگریدا بوون. وەکو سوپایەک شەڕیان دەکرد. لەگەڵ ئەوەش دوژمن لەو هێرشەدا تانکیشی بەکار هێنا، بەڵام دیسان هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێنا. سوپای داگیرکەر سەرەتا زۆر هەوڵیدا شەڕڤانانی هێزەکانی رزگاری کوردستان-هەرەئە بە زیندووی بەدیل بگرێت، بەڵام عومەر و ئیبراهیم بەو پلانەیان زانی.
تەماشای یەکتریان کرد، هەردووکیان زانیبوویان کە کاتی ئەو پلانە هاتووە کە لە خەیاڵیاندایە، دوایین جار تەماشای یەکتریان کرد، بۆمبە دەستیەکانیان لەناو دەستدا بە توندی گرتبوو و بەر لەوەی پیمی بومبەکە راکێشن، چاوەڕێی ئەوە بوون کە دووژمن لێیان نزیک ببێتەوە. ١٤ی گوڵانی ١٩٨٦ کاتێک تارکی شەو باڵی بەسەر شارەکەدا کێشا، ئیدی باس لە خۆڕاگری عومەر ئارسلان (شەریف) و ئیبراهیم ئەرکەنەک دەکرا.
چیرۆکی شەریف ئەمجارەش لەلایەن برازەکەی وڵات شیار ئارسلانەوە دەستیپێدەکرد، ئەویش دەچووە ئەو شوێنەی کە شەریف بۆی چووبوو، دوای ئەوەی ٨ مانگ لە زینداندا مایەوە، ئەو چیرۆکەی چەندین ساڵ بوو گوێی بۆ دەگرت لە خەیاڵ دەردەکەوت و دەبووە راستی، لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بوو، بۆ ئەوەی ناوی شەریف هەڵبگرێت، لە ساڵی ١٩٩٤دا لە بەرزاییەکانی ئامەد بەشداری لە ریزەکانی گەریلادا کرد، کاتێک چەکێکیان پێدا، شەریفی بەبیرهاتەوە، وەک ئەوەی چەندین ساڵ بێت گەریلایەتی کردبێت، بۆی نامۆ نەبوو، وەک شەریف کوپی مامی، گوێی لە فەرماندەکانی دەگرت و وردە وردە چیرۆکەکەی تەواو دەکرد، بۆیە سوور بوو لەسەر ئەوەی وەک شەریفی مامی لێ بێت.
کاتێک بەرەو پیران، بەرەو بارەگای سەربازی پرەژمانەوە دەچوون کە دوژمن وەک هەرێمێکی ئارام دەیبینی، گروپی هێرشبەر بەرەو بارەگاکە لە تاریکی شەودا یەک یەک و دوو دوو، بەرەی شەڕیان دروست کرد و بە فەرمانێک، شەوە زەنگەکە بە ئاگری ئار پی جیەک بووە ڕۆژی ڕۆناک و وەک بارانی بەهارە، قەرەقۆلەکە نۆقمی گولەکرا، سەربازانی تورک لەناو دەنگی ئار پی جی و بۆمبی دەستی و گولەدا کەڕ و ڵال ببوون، بارەگاکە لە ماوەیەکی کەمدا بووە کەلاوە و بە دەیان سەرباز کوژران و ئەوانەی تریش لە ترسا لە بارەگاکە نەدەهاتنە دەرەوە.
ناوی شەریف، لە ناو پەکەکەدا وەک رۆمان و چیرۆکێکی بێکۆتایی بوو. فەرماندەی گەریلا خۆی لە شەریف نزیک کردەوە و وتی، "بەڵێ دوای ئەم چالاکیە توانیت جێگای مامت بگریتەوە و شەریفە نوێیەکە خۆتی."
بێ ئەوەی درەنگ بێت، نەک تەنها لە پێشەنگایەتی چالاکیەکاندا، لە ژیان و پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێکانیشیدا، شوێنی مامی گرتەوە، شەریف ئێدی بەرەو هەرێمێکی سەختتر واتە دەرسیم خۆی ئامادە دەکرد ، ئەویش وەک مامی دەچووە دەرسیم.
هەفتەیەک نەبوو گەیشتبوونە دەرسیم، بە خێرایی ئۆپەراسیۆن لەدژیان ئەنجامدرا، بۆ ئەوەی لە رووی ئاسمانی و زەمینیەوە خۆیان لە ئۆپەراسیۆنەکە بپارێزن، گروپێک بەرەو تەنگەی عەلی کشانەوە، بەڵام شیار لەگەڵ دوو هاوڕێی مانەوە، چاودێری دوژمنیان دەکرد، بۆ ئەوەی گورزیان لێبوەشێنن.
یەکەی کۆماندۆی دوژمن، لەگەڵ تیمە تایبەتەکان بە هاوکاری هەلیکۆپتەرەکان بە ئاسانی خۆیان گەیاندە شوینی شیار و هاوڕیکانی، گەریلاکان خۆیان بۆ نەبەردێکی قاڕەمانانە ئامادە کردبوو، چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد، دوژمن پێ لەسەر مینەکان دانێن و ئەوانیش بیاندەنە بەر دەستڕێژ، هەر کە چاوشی پسپۆڕ وتبووی، ئاگادار بن نەک ئەم ناوچەیە مینڕێژکرابێت، تەقینەوەیەکی گەورە ڕوویدابوو، ئێدی چەک قسەی دەکرد، هەلیکۆپتەر نەیدەزانی تەقە لە کوێ بکات، هەلیکۆپتەرەکە دوو موشەکی لە شوێنی سەربازاندا، سەنگەری گەریلاکان پارێزراوو بوو، کاتێک گولەیان پێنەما، لە مێژ بوو سێ گەریلاکە بەرەوە ئەو شوێنەی کە پێشتر دیاریان کردبوو، بەرێکەوتبوون. ئەو ڕۆژە ٢٢ سەرباز کوژرابوون، بە دەیان سەربازیش برینداربوون، بەر لەوەی سەربازان شوێنیان بزانن، گەریلاکان دەستیان وەشاندبوو و بۆیەش ئۆپەراسیۆنەکە تێکشکابوو.
شیار ساڵ بە ساڵ ئەزمونی زیاتری بەدەست دەهێنا. ئێدی لە دەرسیم تا کۆچگری، دەریای ڕەش ، لەگەڵ گەریلاکانی تر دەیتوانی چالاکی باش ئەنجام بدات، ببووە فەرماندە، دوای ئەوەی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، چووە ئەوروپا، وەک هەموو گەریلایەکی تر، شیاریش چالاکی ئەنجام دەدا. خۆی وەک هاوڕێیەک ڕیبەرتی پێناسە دەکرد کە کەموکورتی هەیە. ماوەیەکی زۆر کەوتە ژێر کاریگەری دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ. لە قۆناغی کشانەوەی ١٩٩٩دا لە کۆچگری و دەرسیم مایەوە. بۆ ئەوەی راستی پەکەکە تێبگات، چەندین ڕۆژ بە قوڵی و وردی، بیری کردەوە، شەریفی مامی دێتە یادی و دەڵێت، "خۆزگە ڕێبەرتی دەستگیرنەکرایە، منیش وەک مام بچوومایە گۆڕەپانی سەرۆکایەتی و پەروەردەم ببینیایە."
لەم قۆناغەدا لەگەڵ فەرماندەی هەرێمی دەرسیم عیسا دەرسیم (ئۆرهان ئابای) کار دەکات، بۆ پیرۆزبایی نەورۆز ئامادەکاری دەکەن، ٩ی ئازاری ٢٠٠٠ بێ ئەوەی ئاگاداری بۆسەی دوژمن بن، بەرەو هەندێک هەرێم بەڕێدەکەون، داگیرکەری تورک، بە تیمی تایبەت و سەربازەکانیەوە، بۆسەیەکی فراوان دادەنێن، بە جموجووڵە نامۆکان، گەریلاکان زانییان کەوتوونەتە بۆسەی دوژمن، هیچ ڕێگایەکی دەرچوون نەمابوو، دەوروبەریان لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدرابوو و وەک باران گولەیان بەسەردا باری، لە هێرشی سەرەتادا لە ٩ گەریلا ٢ گەریلا شەهید بوون، گەریلاکان کە زانییان دۆخەکە سەختە پشتیان پێکەوە بەست و داستانێکی قاڕەمانیان تۆمار کرد، سەربازانی دوژمن، بەهۆی ئەم قاڕەمانێتیە، واقیانوڕ مابوو. ژمارەیەکی زۆر سەرباز کوژرابوون، ئێدی سەربازە داگیرکەرەکان زانییان تا بەرەوە پێشەوە بچن زیاتریان لێدکوژرێت و شەڕەکەیان لە دوورەوە درێژ کرد، شەڕەکە تا دەرەنگانی شەو بەردەوام بوو، لە شەڕدا فەرماندەی هەرێمی دەرسیم عیسا دەرسیم، شەریف ئەرگانی و بە گشتی ٧ هەڤاڵ شەهید بوون. دوای کاهتایا، ئەمجارە لە دەرسیم، تۆی ئازادی پشکوویدا و چاوەرێی شەریفی نوێیان دەکرد.
هەرچەندە هەواڵی شەهیدبوونی ئارسالان درەنگ گەیشتە خانەوادەکەی، بەڵام تەرمەکەیان وەرگرتەوە و بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاکسپێردرا، ئەو رۆژە برای بچووکی بۆ ئەوەی ببێتە شەریفێکی تر، کەوتە سەر رێی شەریفەکان. چیروکی بێکۆتایی شەریفەکان دیار نییە دەگاتە کوێ، بەڵام تا ڕێبەرتیمان و گەلەکەمان ئازاد نەبن، شەریفەکان کە فیدایی خۆشەویستی ئازادین، بەردەوامی بەم داستانە دەدەن و خەباتیان وەک ڕووبارێکی خوڕ بەرەو دەریای ئازادی و سەرکەوتن بەردەوامە."
ژ.ت / ز.ش / ف.ق