پێشێلکارییەکان پاش دەستبەسەراگرتنی شارەوانی لە ئێلح

لقی ئێلحی ئیهەدە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی لەپاش دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکە ئاشکرا کرد. ئیهەدە ڕایگەیاند لەکاتی دەستبەسەرکردندا ئەشکەنجە هەبووە و سەدان کەس دەستبەسەرکراون.

کودەتای قەیوم

لقی ئێلحی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) دەربارەی پێشێلکارییەکان لە دوای ٤ ی تشرینی دووەم و دوای دانانی قەیوم لە شارەوانی ئێلح، لە بینای لقەکەیان ڕاگەیاندراوی خوێندەوە، هاوسەرۆکی لقەکە سینان ئیسلام جەگین تیشکی خستەسەر توندوتیژی پۆلیس لەکاتی چالاکییەکاندا، جەختی کردەوە پۆلیسەکان ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپیان بەکارهێناوە، گوتنی: "بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی موخاتەبەکان لە بڕیاری گرتن، بینای شارەوانی و ڕێگاکانی دەوروبەری گەمارۆدران، رێگە نەدرا هاوڵاتیان و کارمەندانی شارەوانی بچنە ژوورەوە. ئیرادەی گەل ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کرا".

هەروەها تیشکی خستەسەر ئەشکەنجە و هێرشە جەستەیی و دەروونییەکان بۆ سەر چالاکوانان، لەکاتی دەستبەسەرکردندا ئاو نەدراوە بە دەستبەسەرکراوان، وە چارەسەر نەدراوە بە کەسانی پیر و نەخۆش، شوێنی ڕاگرتنیان سارد و پیس بووە، ئەوانەشی ئەشکەنجەدرابوون، چارەسەرنەدەکران.

سینان ئیسلام جەختی کردەوە ڕاپۆرتە یاساییەکان تایبەت بە زۆربەی ئەو هاوڵاتیانە بەبێ باسکردنی لێدان و توندوتیژی ئامادەکران، گوتی: "کەسانی دەستبەسەرکراو دژی مامەڵەی خراپ وەک ناڕەزایەتییەک مانیان لە خواردن گرت، بۆیە ڕووبەڕووی لێدان و مامەڵەی خراپ بوونەوە".

سینان ئاماژەی بەوە کرد لە ناڕەزایەتییەکانی ٤ ی تشرینی دووەم نزیکەی ٧٥ هاوڵاتی بە بەکارهێنانی هێزێکی زۆر دەستبەسەرکران، چەندین کەس بە زەویدا ڕاکێشران و لەلایەن پۆلیسەوە لێیان درا، ڕووبەڕووی هەوڵی کوشتن بوونەوە، لەنێوان ٤_١٧ ی تشرینی دووەم نزیکەی ٣٠٠ کەس دەستبەسەرکران، نزیکەی ٢٠٠ کەسیان ڕووبەڕووی لێدان و توندوتیژی و مامەڵەی خراپ بوونەوە، لانی کەم ٨٠ منداڵیان تێدابوو، هەروەها ٣٧ کەس زیندانی کران کە لەنێویاندا کەسانی کەمئەندام هەبوون. مافی کارکردن و وەرگرتنی زانیاری ڕۆژنامەنووسان پێشێل کرا. ٣ ڕۆژنامەنووس بە لێدان دەستبەسەرکران.

لەکۆتاییدا گوتی: "پێویستە دەستبەجێ بڕیاری دانانی قەیوم هەڵوەشێتەوە و هاوسەرۆکانی شارەوانی بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان، پێویستە قەدەغەی سەر چالاکییە ناڕەزایەتییە ئاشتییانەکان هەڵبگیرێن، ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی پۆلیس کۆتایی بێت، لێپرسینەوەی یاسایی و ئیداری بەرامبەر پۆلیس و ئەفسەرە پێشێلکارەکان بکرێت، گرتن و دەستبەسەرکردنی میزاجی کۆتایی بێت".