پەژاک بۆ بە هاناوەچوونی لێقەوماوانی بومەلەرزە لە باکور و رۆژئاوای کوردستان بانگەوازی راگەیاند

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە بانگەوازێکدا داوای کرد کە هاوکاری و بەپەلە بگەیەندرێتە لێقەوماوانی بومەلەرزە لە باکور و رۆژئاوای کوردستان و هەروەها تورکیا و سوریا.

لە بانگەوازێکدا پەژاک وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی بومەلەرزەکەی باکور و رۆژئاوای کوردستان، هەروەها تورکیا و سوریا هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارانیش خواستووە.

پەژاک داواشی لەگەلی وڵاتپارێز و مرۆڤدۆستی کوردستان کردووە لەپێناو گەیاندنی هاوکاری بە خەڵکی لێقەوماوی باکور و رۆژئاوای کوردستان دەستبەجێ بکەونەخۆ و هاوکارییەکانیان رەوانە بکەن.

دەقی بانگەوازەکە:

بانگەوازی پەژاک بۆ گەیاندنی هاوکاری بە لێقەوماوانی بومەلەرزە لە باکور و رۆژئاوای کوردستان

بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی شەشی شوباتی ٢٠٢٢ لە باکور و رۆژئاوای کوردستان کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی نیشتمانپەروەر، مایەی خەم و پەژارەی گەلەکەمانە. "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)" سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گیانبەختکردوانی گەلانی کورد، تورک و عەرەب لە باکور و رۆژئاوای کوردستان و هەروەها تورکیا و سوریا دەکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازێت.

لە ئەنجامی روودانی بومەلەرزەی بەهێز لە باکور و رۆژئاوای کوردستان بە تایبەت لە شاری بازارجخ و دیلۆک ژمارەیەکی زۆر لە بینا رووخاون و ژمارەیەکی زۆر گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون. لە سەرماو سۆڵەی زستان و لە کاتێکدا قەیرانی بژێوی کە لێکەوتە کردەوە ستەمکارانەکانی دەوڵەتانی سەردەست گەلەکەمان لە ژێر گوشاردایە، بەروودانی کارەساتی سروشتی وەک بومەلەرزە لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی رووبەڕووی کارەساتی بژێوی و گوزەران کردووەتەوە. بێگومان بەشێکی زۆری ئەم زیانە مادی و گیانیانە دەرەنجامی کارنامەی نامرۆیی کاربەدەستانی دەوڵە دیکتاتۆرەکان و ئەو سەرمایە پەرستانەیە کە لە رووی پاراستنی ژیانیشەوە ستەم دەکەن. دەوڵەتە باڵادەستەکان کە تەنیا بیر لە سەرمایە و قازانج و بەردەوامی دەسەڵاتیان لە رێگەی زەبر و زەنگ دەکەنەوە، لە بواری بیناسازیدا، سیستمێکی مەترسیداریان بونیادناوە. ئەگەر لە بوارەکانی گەیاندنی خزمەتگوزاریدا بە باشی ئەرکەکانیان بەجێبگەیاندایە بە دڵنیاییەوە زیانەکانی بومەلەرزە لە ئەنجامی بێسەروبەرەیی و دۆخی یەکجار خراپی بیناسازی، کەمتر دەبوو.

لە دۆخێکدا کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە شاری خوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەمرۆش لە باکور و رۆژئاوای کوردستان بومەلەرزە روویداوە، لەناوەڕاستی زستاندا بێ ماڵو حاڵ بوونی گەلەکەمان مایەی خەم و پەژارەیە. هەربۆیە بارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) داوا لە گەلی وڵاتپارێز و مرۆڤ دۆستی کورد دەکات بۆ گەیاندنی هاوکاری بە گەلە بێبەشکراوەکەمان لە ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان دەستبەجێ بکەونە خۆ. تەنیا لە سایەی پشتیوانی گەلەکەمان لە لێقەوماوانی بومەلەرزە دەتوانرێت ئەم دۆخە دژوارە تێپەڕێنرێت. پەژاک جارێکیتر سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گیانبەختکردووان و گەلی کورد و هەوەها گەلانی تورکیا و سوریا دەکات. هاوپشتی و هەوڵەکانی کۆمەڵانی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوروپا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ساڕێژکردنی ئازارەکانی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)

هـ. ب