پەژاک: بە یەکدەنگی و ئامادەبوون لە گۆڕەپانەکان جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان رادەگیرێت

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) وێڕای ئەوەی بە توندی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانی لەلایەن دوەوڵەتی ئێرانەوە شەرمەزار کرد رایگەیاند، " لەسێدارەدانی شۆڕشگێڕان نیشانەی نائومێدی و لاوازبوونی دەسەڵات لەبەرامبەر گەلانە".

لە راگەیەندراوێکدا پەژاک ئاماژەی بە لەسێدارەدانی موحسین شکار و مەجید رەزا رەهنەوەرد کردووە و رایگەیاندووە: "لەسێدارەدانی شۆڕشگێڕان نیشانەی نائومێدی و لاوازبوونی دەسەڵات لەبەرامبەر گەلانە. ڕێگریكردنی حكومەت و دەسەڵاتی ستەمكار لە گەیشتنی گەلان بە ئازادی گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیە".

هەر لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە: " پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پژاك داوا لە سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵگا، گەلانی ستەملێكراو، خوێندكارانی ئازادیخواز، مامۆستایانی زانكۆ، پزیشكەكان، وەرزشكاران، هونەرمەندان، كاسبكاران و بازرگانان، ڕۆشنبیران، نووسەران، گەنجان و ژنان كە بە ڕادەیەكی زۆر لە ستەمكارییەكانی ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران بێزاربوون دەكات، بە ئامادەبوونیان لە گۆڕەپانەكان، ببنە دەنگی ناڕەزایەتی بەهێز بەرامبەر بە سیستمی ئەشكەنجە و لەسێدارەدان. ڕۆڵی تێكۆشەران و چالاكوانان و هەموو چین و توێژەكانی گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەتوانێت ڕێگری بكات لە لەسێدارەدانی دەیان گەنج و مێرمنداڵ لە نێو زیندانە تاریكەكانی ڕێژیمدا".

دەقی راگەیەندراوەکەی پەژاک:

لە سێدارەدانی چالاكوانان و تێكۆشەرانی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی گەلانی ئێران لەلایەن ڕژێمی فاشیست و داگیركەری ئێران مایە قەبوڵكردن نییە. پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك) لە سێدارەدانی دڕندانەی موحسین شكاری و مەجید ڕەزا ڕەهنەوەرد لە دەستبەسەركراوانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی گەلان لە لایەن ڕژێمی فاشیستی ئێران بە توندی ئیدانە دەكات. لەسێدارەدانی شۆڕشگێڕان نیشانەی نائومێدی و لاوازبوونی دەسەڵات لەبەرامبەر گەلانە. ڕێگریكردنی حكومەت و دەسەڵاتی ستەمكار لە گەیشتنی گەلان بە ئازادی گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیە.

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلانی ئێران لە قۆناغی ئێستادا بە ئیرادەی بەهیزی كۆمەڵگا بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەدیهاتنی ئەخلاق، سیاسەت و دیموكراسی ڕاستەقینە هێشتا بەردەوامە. گرتن، ئەشكەنجەدان، دانپێدانانی زۆرەملێ و لەسێدارەدانی تێكۆشەرانی دەستبەسەركراوی گەل لە چاڵە ڕەشەكانی ڕێژیمدا، كە بە ئامانجی ترساندنی دڕندانەی كۆمەڵگا ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ جێبەجێكردنی سزاكانی نامرۆڤانەی لەسێدارەدان، چوونەتە قۆناغێكی مەترسیدارترەوە. ئێستا كۆمەڵگا بە دەنگێكی بەرز هاوار دەكات، كە بەهیچ شێوەیەك ئەم كردەوە و هەڵسوكەوتە بێ بەزەیانە و دڕندانەی دەسەڵاتی ستەمكار قبوڵ ناكات. سەرباری ئەوەی هەموو ئازادیخوازان و تێكۆشەران و چالاكوانانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئێران و دەرەوەی وڵات دەنگی ئازادی و دژایەتی جددی بەرامبەر سزای لەسێدارەدانیان بەرزكردوەتەوە، بەڵام دەیان دەستبەسەركراوی تر لەوانەش چەندین مێرمنداڵ، ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان و مەترسیی سەپاندنی سزا بوونەتەوە. ئەوەی لە ژێر ناوی ئەشكەنجەدان و دانپێدانان لەگەڵ ئەشكەنجەدان لە زیندانەكاندا ئەنجام دەدرێت، زۆر خراپترە لە لەسێدارەدان. هەربۆیە دەستگیركردنی زیاتر لە ١٨ هەزار كەس هاوكات لەگەڵ لەسێدارەدانەكانی ئەم دواییە دەیسەلمێنێت كە ئەم حكومەتە بەنیازی بیستنی دەنگی خەڵك و تەنانەت بچوكترین داواكارییەكانیشیان نییە. تاكە ڕێگا كە لەبەردەم گەلاندا ماوە، تێكۆشان لە شەقام، مانگرتن و ناڕەزایەتی ڕێكخراو و ڕۆژانە لەپێناو ڕزگار بوون لەم ستەمە دوولایەنەیە. هەمووان دەزانن كە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی سەركوت نەكراوە، كەواتە یەكگرتنی شۆڕشگێڕانی سەر شەقام و گۆڕەپانەكان لەگەڵ هێزە سیاسی-دیموكراتەكانی دەرەوەی وڵات دەتوانێت هەڵوێستی خۆڕاگرانەی كۆمەڵگا بەگژ سیستمی گوشار، سەركوت و سێدارەدا بكاتەوە.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پژاك داوا لە سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵگا، گەلانی ستەملێكراو، خوێندكارانی ئازادیخواز، مامۆستایانی زانكۆ، پزیشكەكان، وەرزشكاران، هونەرمەندان، كاسبكاران و بازرگانان، ڕۆشنبیران، نووسەران، گەنجان و ژنان كە بە ڕادەیەكی زۆر لە ستەمكارییەكانی ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران بێزاربوون دەكات، بە ئامادەبوونیان لە گۆڕەپانەكان، ببنە دەنگی ناڕەزایەتی بەهێز بەرامبەر بە سیستمی ئەشكەنجە و لەسێدارەدان. ڕۆڵی تێكۆشەران و چالاكوانان و هەموو چین و توێژەكانی گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەتوانێت ڕێگری بكات لە لەسێدارەدانی دەیان گەنج و مێرمنداڵ لە نێو زیندانە تاریكەكانی ڕێژیمدا. پێویستە حزب و ڕێكخراوە سیاسیی، مافی مرۆڤ و مەدەنییەكانیش بە نزیكبوونەوەی بەرپرسیارانە ببنە دەنگی گەلان. بێ گومان لە سێدارەدان گەلان ناترسێنێت، چونكە دەسەڵاتی ستەمكار بە هۆی ترس و نیگەرانی لە ڕاپەڕینی كۆمەڵگا ئەم كردەوە قێزەونە ئەنجام دەدات. ئەوەی تۆقیوە دەسەڵاتە و كۆمەڵگاش بە درێژەپێدانی بەهێز بە تێكۆشانەكانی دەتوانێت ئازادییەکانی دەستەبەر بکات.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان -پژاك