پژاک: هەردوو هەڤاڵمان شاهین و ئاریۆ شەهید نەبوون

پژاک ڕایدەگەیەنیت، کە بەدواداجوونیان کردووە و هەردوو هەڤاڵیان بەناوەکانی( شاهین بۆکان و ئاریۆ سنە) شەهید نەبوون.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، پاش لێکۆڵینەوەی فراوان سەبارەت بە ڕووداوی ٤ی ئابی ٢٠٢١، کە پێشتر وا ڕاگەیەندرابوو، هەردوو هەڤاڵمان بەناوەکانی(شاهین بۆکان’موحسین قەدیری’ و ئاریۆ سنە’ئیدریس فەقیهی’) لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە شەهیدکراون، دەرکەوت کە ئەو دوو هەڤاڵە شەهید نەبوون.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا، پژاک ئەنجامی لێکۆڵینەوەیان وەها ڕاگەیاندووە:

“پاش دانانی کەمینێک لەلایەن هێزەکانی داگیرکەری سوپای پاسداران لە هەرێمی بۆکان، لەبەر هەلومەرجی نالەباری ئەمنیی و هەستیاریی دۆخەکە نەمانتوانی بەپەلە بگەینە ئەو تیمەی هەڤاڵانمان، پێشتر لە ٤/٨/٢٠٢١ ڕامانگەیاندبوو کە هەردوو هەڤاڵمان(شاهین و ئاریۆ) شەهیدبوون، بەڵام دوای ئەوەی هەڤاڵ شاهین بەسەلامەتی خۆی ڕزگارکرد و خۆی گەیاندووەتە هێزەکانمان و پاش لێکۆڵینەوەیەکی فراوان، دەرکەوت کە هەڤاڵ ئاریۆ بە قورسی برینداربووە و کەوتووەتە دەستی هێزی داگیرکەری ڕژێمی ئێران و ئێستا  لەناوەندێکی لێپرسینەوە ڕاگیراوە، لەبەر ئەوەش ئێمە ڕژێمی ئێران بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی تەندروستی جەستەیی هەڤاڵ ئاریۆ سنە”.

پژاک ڕاشیگەیاندووە: ئێمە بە ڕێزدارییەکی شۆڕشگێڕییەوە داوای لێبووردن لە هەردوو بنەماڵەی گەریلا شاهین بۆکان و ئاریۆ سنە و گەلە تێکۆشەرەکەمان دەکەین، هیوادارین لە تەواوای ژیان و خەبات و تێکۆشاندا سەربڵند و سەرکەوتوو بن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) ڕوونیکردووەتەوە” ئەگەر پێویست بکات ئەنجامی لێکۆڵینەوە بە ڕای گشتی و هەردوو بنەماڵەی گەریلا بڵاودەکەینەوە، وەک شەڕڤانی ڕێگای ئازادیخوازی بەڵین دەدەین تا پێکهاتنی هیواکانی گەل، شەهیدان و تەڤگەری ئازادی ئێمە، تێکۆشانمان بەهێزتر بەردەوام بێت”.

ف.ق