هاوسەرۆکایەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەبارەی شەهادەتی هەڤاڵان زاگرۆس مانی و شەوگەڕ چیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و لە راگەیاندراوکەدا هاتووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دوو شێواز هەوڵی لە ناوبردنی تێکۆشەران و ئازادیخوازان دەدات، شێوازی یەکەم هەوڵی تواندنەوە و رادەستکردنیان و ئەگەر لەوە دا سەرکەوتو نەبوو، لە شێوازی دووەمدا، پیلانگێڕی دەگرێتە بەر. ئەوەش بەشێکە لە سیاسەتی ئەو رژێمە.
پەژاک راشیگەیاندووە، "دوو کەس بە ئامانجی دیتنی گرووپێکی هەڤاڵانمان لە هەرێمی چەمی شلێر سەردان دەکەن. ئەو دوو بەکرێگیراوە بە پڵانێکی لەپێشدا داڕێژراو دەچنە لای هەڤاڵانمان و لە دەرفەتێکدا پیلانی قێزەونی خۆیان ئەنجام دەدەن. لە ئاکامدا شەوی چوار لەسەر پێنجی مانگی شووبات بەرامبەر لەگەڵ ١٦ رێبەندانی ١٣٩٩ هەتاوی هەڤاڵانمان زاگرۆس مانی و شەوگەڕ چیا بە شێوازێکی نامرۆڤانە و دڕندانە شەهید دەکرێن. ئەو رووداوە جارێکی دیکە سیمای دژەمرۆڤ و بێڕەوشتی کۆماری داگیرکەری ئیسلامی نیشاندا. هەروەها پیلانگێڕبوونی دەسەڵاتی وڵایەتی فەقیهی سەلماند."
دەقی راگەیاندراوەکەى پەژاک
بۆ رای گشتی و راگەیاندن
لە رێکەوتی ٤/٢/٢٠٢١ (١٦ رێبەندانی ١٣٩٩) دوو هەڤاڵمان بە ناوەکانی زاگرۆس مانی و شەوگەڕ چیا کە لە هەرێمی چەم شلێری سەر بە شاری پێنجوێنی باشووری کوردستان سەرقاڵی راپەڕاندنی ئەرکی شۆڕشگێڕی خۆیان لە چوارچێوەی بەڕێکخستنکردنی گەڵدا بوون لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکی رژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیدا دەگەنە پلەی شهادەت و پەیوەست دەبن بە کاروانی شەهیدانی رێگای ئازادی کوردستانەوە. بەو بۆنەیەوە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پرسە و سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزیان، هەموو خزم و کەسوکار و دۆستانیان و سەرجەم گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت لە شارەکانی کرماشان و سنە دەکەین و داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە بە خاوەندارێتی لەو شەهیدە پێشەنگانە یەکڕێزی و یەکگرتوویی خۆیان نیشان بدەن.
رژیمی چەوسێنەر و داگیرکەری کۆماری ئیسلامی میراتگر و هەڵگری کۆی عەقڵییەت و زهنییەتی تاریخی دەسەڵاتی پاوانخواز، قۆرغکار و ناوەندگەرای ئێرانیە. سیستەمێکە کە هەموو رێبازەکانی دژەمرۆیی، بێئەخڵاقانەی دوور لە پێوان و پێوەری کۆمەڵاتی و ئینسانی بۆ بە چۆکداهێنان و بێناوەڕۆک کردنی کۆمەڵگا بەکار دەهێنێ. لە هێچ رێکارێکی قیزەون، هەلپەرستانە و ترسەنۆکانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆ نابوێرێ. لاپەڕەکانی مێژووی دەسەڵاتی ئێرانی پڕن لە نموونەی پیلانگێڕێ لە دژی ئازدیخوازان، تێکۆشەرانی شوناس و مافی گەلان و وێنای دزێو و نامرۆڤانەی ئەو دەسەڵاتە بە باشترین شێوە نیشان دەدەن. بێگۆمان دەسەڵاتی ئێرانی بەردەوام بە دوو شێوە هەوڵی داوە بۆ لەناوبردنی تێکۆشەران و پێشەنگانی ئازادی کۆمەڵگە. یەکەم بە رێبازی تواندنەوە و پاکتاوی فەرهەنگی و زهنییەتی، واتە بۆ سەپاندنی هەژمۆنی و پەرەپێدانی حوکمڕەوایی خۆیی هەوڵیداوە کە فەرهەنگی رەسەنی کۆمەڵگا و نرخ و بەهاکانی لەناو بەرێ. بە تایبەت لەهەمبەر ئەو گەڵانەی کە خاوەن پێگەی فەرهەنگی بەرجەستە و دیارن لە مێژوودا و بە ئاسانی دەسەڵاتداری پەرگالی ناوەندی ئێرانی قەبووڵ ناکەن و پێداگرن لەسەر پێوانەکانی ژیان و پێوەرەکانی ئازادی. پەرگاڵ دەسەڵاتی ئێرانی بە دەستداگرتن بە سەر بنەماکانی کۆمەڵگە و چەواشەکردنیان کەسایەتی کۆمەڵایەتی و مێژوویی لاواز دەکات و بەو شێوەیە کۆمەڵگە بەچۆکدادەهێنێ و فەرهەنگ و نرخەکانی پەیوەست دەکا بە پێکهاتەی خۆیەوە. بەو شێوازە دەسەڵاتی خۆی مایندە دەکا. دووهەم، لە ئەگەری بەرخۆدان و خۆڕاگری کۆمەڵگە و پابەندی بە نرخەکانیەوە و خاوەندارێتی لە راستەقینە کۆمەڵاتیەکەی، رێبازی پاکتاوکاری و کۆمەڵکوژی بەکاردەهێنێ. واتە ئەگەر نەیتوانی بە سەر زهنییەت و ئەندێشەی کۆمەڵگەیەکدا زاڵ بێ، روو دەکاتە لەناوبردنی جەستەیی و کوشتوبڕ مرۆڤەکان و رێبازگەڵی دڕندانە.
کاتێک چاو لە مێژووی پڕ تاوانی دەسەڵاتی ناوەندی ئێرانی دەکەین، هەر کاتێک کە نەیتوانیوە بە رێکاری سەربازی و لە رێی هێزەوە بەسەر بزووتنەوە و تێکۆشەڕانی رێگای ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆییدا سەرکەوێ، رووی لە ئاکاری دژەمرۆیی و ترسەنۆکانەی پیلانگێری کردووە. ئەو مژارە واتە پیلانگێڕێ لەهەمبەر کەسان و کۆمەڵانی خۆڕاگر وەک نەریتێکی دەسەڵاتی ئێرانییە و نیشان لە ئەوپەڕی هەلپەرستی و خووی دڕندانەیەتی. لەهەمان کاتدا دیاریدەدەری ئەو راستییەیە کە پەرگالێ داگیرکەری کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی هەموو شتێک فیدا دەکا و کردوویەتی. دیاردەی پیلانگێڕی و گەلەکۆمە لە هەمبەر هەموو گەڵان و تێکۆشەرانیان بەتایبەت گەلی کورد و خەباتکارانی بەکار هێندراوە. زۆرینەی رێبەران و پێشەنگانی گەلەکەمان بەو رێبازە کەوتوونەتە بەر بۆسە و ناو داوی داگیرکەری و شەهیدکراون. لە رۆژی ئەمڕۆدا سیستەمی چەوسێنەر و دژەئەخلاقی کۆماری ئیسلامی هەمان نەریت وەک رێبازی سەرەکی گەیشتن بە ئامانجە پراگماتیستیەکانی لە کوردستان و هەموو هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەکاردەهێنێ. پووچەڵکردنەوە و بەربەرەکانی لەبەرامبەر ئەو نەریتەی دەسەڵاتی ئێرانی وەک سەرەکیترین ئەرکە و دەبێ ئەزموونی پێویست لەو رووداوانە وەرگرین بۆ ریسواکردنی دەسەڵاتی کۆمارێ سێدارەی ئیسلامی هەموو هەوڵدانمان بخەینە گەڕ.
هەروەک ئاماژەمان پێدا لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکدا دوو هەڤاڵمان شەهید دەخرێن. لە رێکەوتی باسکراودا دوو کەس بە ئامانجی دیتنی گرووپێکی هەڤاڵانمان لە هەرێمی چەمی شلێر سەردان دەکەن. ئەو دوو بەکرێگیراوە بە پڵانێکی لەپێشدا داڕێژراو دەچنە لای هەڤاڵانمان و لە دەرفەتێکدا پیلانی قێزەونی خۆیان ئەنجام دەدەن. لە ئاکامدا شەوی چوار لەسەر پێنجی مانگی شووبات بەرامبەر لەگەڵ ١٦ رێبەندانی ١٣٩٩ هەتاوی هەڤاڵانمان زاگرۆس مانی و شەوگەڕ چیا بە شێوازێکی نامرۆڤانە و دڕندانە شەهید دەکرێن. ئەو رووداوە جارێکی دیکە سیمای دژەمرۆڤ و بێڕەوشتی کۆماری داگیرکەری ئیسلامی نیشاندا. هەروەها پیلانگێڕبوونی دەسەڵاتی وڵایەتی فەقیهی سەلماند.
هەڤاڵانمان زاگرۆس و شەوگەر دوو پێشەنگی راستەقینەی تەڤگەری ئاپۆیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵگری بەرپرسیارێتی شۆڕشگێڕی بوون. هەڤاڵ زاگرۆس مانی کەسایەتێکی نموونە و تامەزرۆی حەقیقەت و راستی و شوێنهەڵگری تێکۆشەرانی مەزنی ئەو رێگایە بوو. ئاستبەرزی ئەخلاق و رەوشتی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتوویی و زانستی ئاوێتەی دڵنزمی و پێوان کردبوویە خۆشەویستی هەڤاڵان و جێگای متمانە و بڕوا. بە توانایی لە ناساندن و گەیاندنی ئەندێشەی رێبەرئاپۆ تایبەتمەندێتی بەرجەستەی هەڤاڵ زاگرۆس بوو. لەسەر ئەو بنەمایەش ماوەیەکی درێژ ئەرکی رێوەبەری بەشی راگەیاندنی پژاکی وەئەستۆ گرت و بەرپرسانە لە پەرەپێدانی بیر و رامانی رێبەر ئاپۆ کاری شایستە و بە پێزی بە ئەنجامگەیاند و شوێن پەنجەی لە خەباتی راگەیاندنی پژاک و کۆداردا مایندەیە. هەروەها فرەڕەهەندی لە کەسایەتیدا بەرچاو و چارەساز بوو.
هەڤاڵ شەوگەر چیا لە هەموو رەهەندەکانی رێکخستنیدا بەرپرسیارانە بەشداربوو و پلەکانی تێکۆشانی یەکبەیەک بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند. هەم لە بەڕێکخستنکردن و بەرێکخراوبوونی گەل لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا چالاکانە بەشداریکرد و هەم دڵسۆزانە پێشەنگایەتی کۆمەڵایەتی وەئەستۆ گرت. یەکێک لە چالاکانی بواری ژینگەپارێزی و وڵاتپارێزی و رێپێشاندەری گەڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. خۆبەخشانە و دڵنزمانە تێکەڵی خەبات و تێکۆشان بوو و پرۆسەی کادربوونی بە خێرایی تێپەڕاند و ماوەیەک لە خەباتی راگەیاندنیدا جێگای گرت و رۆڵیگیڕا. بەردەوام ویست و خواستی ئەوەی هەبوو کە لە نزیکەوە گەل لە ئامێز گرێ و ئەرکە ناتەواوەکانی بە ئەنجام بگەیەنێ. هەر دوو هەڤاڵ بە پرۆژە و بەرنامە ئامادەکاریان دەکرد کە هەنگاوی تۆکمە لە خەباتی رۆژهەڵاتدا هەڵگرن مەخابن شەهادەت دەرفەتی بەهەرەمەندی زیاتری لێهەستاندین.
لە کۆتاییدا وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستانـ پژاک جارێکیتر بە بۆنەی شەهادەتی ئەو هەڤاڵانەوە سەرخۆشی و پرسەی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە سەربەرزی ئەو شەهیدانە و هەموو گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و بەڵێنی خۆمان بۆ درێژەپێدانی رێگای ئەو شەهیدانە و هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی کوردستان دووبارە دەکەینەوە و ئەو کارە قیزەون و دژەمرۆڤانەیەی کۆماری سێدارە و پێلانگێری ئیسلامی بێ وەڵام ناهێڵینەوە.
ناسنامەی ئەو هەڤاڵانە بەم شێوەیەیە.
ناو و پاشناو: مێهدی رزایی
ناسناوی رێکخستنی: زاگرۆس مانی
ناوی باوک: ئەحمەد
ناوی دایک: عێزەت
خەڵکی شاری: کرماشان
دیرۆکی بەشداربوون: ٢٠١٤
دیرۆکی شەهادەت: ٤ شوباتی ٢٠٢١
ناو و پاشناو: ئاکۆ فەتحی
ناسناوی رێکخستنی: شەوگەڕ چیا
ناوی باوک: سەید موراد
ناوی دایک: شەرافەت
خەڵکی شاری: سنە
دیرۆکی بەشداربوون: ٢٠١٨
دیرۆکی شەهادەت: ٤ شوباتی ٢٠٢١
ژ.ت