پەژاک: سەرەخۆشی لە بنەماڵەی چنور غەریب و شەهید کەمال پێنجوێنی دەکەین

پەژاک رایگەیاند، چنور غەریب هاوژینی شەهید کەمال پێنجوێنی "شوێنپەنجەی خەباتی بەرچاوه و هەنگاوی گرنگی له هۆشیاری نەتەوەیی هەڵناو و خاوەندارێتی لە دەسکەوتی ئازادیخوازی لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان بە تاێبەت رۆژهەڵاتی کوردستان کرد".

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بۆنەى کۆچی دوایی کەسایەتی و چالاکوان چنور غەریب هاوژینی شەهید کەمال پێنجوێنی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى پەژاکدا هاتووە:

"سەرەخۆشی لە بنەماڵەی چنور غەریب و شەهید کەمال پێنجوێنی دەکەین

به بۆنەی هەواڵی کۆچی دوایی چنور غەریب هاوژینی هەڤاڵی شەهیدمان (کەمال پێنجوێنی) پرسه و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهید کەمال و چنور غەریب و منداڵەکانی دەکەین.

چنور غەریب هاوشانی شەهید کەمال لە گەشەدان و پەرەپێدانی تێکۆشانی ئازادیخوازی لە باشوری کوردستان خاوەن رۆل بوو بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسووده و بەختەوەر و چارەسەری گرفتەکانی ژنان لە ناو هەوڵ و کۆششی مەزندا بوو و شوێنپەنجەی خەباتی بەرچاوه و هەنگاوی گرنگی له هۆشیاریی نەتەوەیی هەڵناو و خاوەندارێتیی لە دەسکەوتی ئازادیخوازیی لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان بە تاێبەت رۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

ئەوەی جێگەی خەمباری و دڵگرانیمانه، چنور غەریب لەبەر زهنیەتی چەقبەستووی عەقڵیەتی پیاوسالاری و سیستەمی دەسەڵاتداری نەگەیشتە لوتکەی ئازادی و بووه قوربانیی ئەو زهنیەتە، کە رۆژانه لە باشووری کوردستان روداوی دڵتەزێن و خەمباری لێدەکەوێتەوە و بەردەوام هەڕەشەیەکی جیددیە لە سەر ژیانی ئازاد و دیموکراتیک.

لە کۆتاییدا جارێکیتر پرسه و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کەس و کاری چنور غەریب و منداڵەکانی دەکەین و خۆمان بە هاوخەمی ئێش و ئازارەکانیان دەزانین.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پەژاک

١۴/ ١٢/ ٢٠٢٠"

ژ.ت