قەرەسو: شەنگال با خۆسەر بێت، کێ بەڕێوەی دەبات با بیبات

مستەفا قەرەسو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، خۆسەری و خۆبەڕێوەبەری شەنگال بۆ ئەوان پرسێکی ئەخلاقیە و وتی:"شەنگال با خۆسەر بێت، کام ئێزدیە بەڕێوەی دەبات با بیبات."

مستەفا قەرەسو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە بارەی پەیمانی نێوان پەدەکە-حکومەتی عێراق و دوایین پێشهاتەکان بۆ مەدیا هابەر قسەی کرد.

قەرەسو وتی:"ئێستا دەڵێن، 'نازانین پەکەکە بە تەمای چیە'. ئێوە دەبێت خۆسەری ئێزدیەکان قبوڵ بکەن، نەک خۆسەری پەکەکە. ئێوە دەبێت خۆسەریان بدەنێ."

لەم بارەیەوە قەرەسو وتی:" کۆمەڵگای ئێزدی ئەو پەیمانەیان قبوڵ نەکرد. چونکە هیچ ئێزدیەک لەو پەیمانەدا جێی نەگرتووە، هێچ رێکخراوێکی ئێزیی تێیدا نیە. هیچ کەسێک بە ناوی ئێزدیەکانەوە تێیدا نیە. ٧٤هەمین فەرمان لە دژی ئەو کۆمەڵگایە درا، زۆری نەمابوو بە تەواوەتی لەناو بچێت، ئەم گەلە ئەزموونی لەمە وەرگرت. نایانەوێت جارێکی تر رووبەڕووی فەرمانێکی تر ببنەوە. فەرمانێکی تر بە واتای پاکتاوبوونیان دێت. ئەوەی راستی بێت زۆری نەمابوو لە فەرمانەکەی ئەم جارەدا کۆتاییان پێیبێت. ئەم گەلە قبوڵی نەکرد. کەوایە دەبێت ئیرادەی ئەم گەلە لەبەر چاو بگیرێت.

ئایا ئەم خۆسەریە لە دژی کێیە؟ ئایا لە جیهان خۆسەری بوونی نیە؟ ئەوروپا، ئەمریکا بۆچی خاوەنداری لە مافی خۆبەڕێوەبەری ئەم گەلە ناکەن؟ زۆری نەمابوو پاکتاو بکرێن. ئایا ئێزدیەکان لێرە بە نیازن دەوڵەت بونیاد بنێن؟ ئایا بە نیازن بڵێن، 'ئێمە لێرە، لە شەنگال دەوڵەتمان بونیاد نا'؟ ئایا شتێکی بەم شێوەیە هەیە؟"

قەرەسو لە بەردەوامی قسەکانیدا دەپرسێت، ئەم خۆسەریەی ئێزدیەکان چی زیانێک بە پەدەکە و بەڕێوەبەرانی باشوری کوردستان دەگەیێنێت و بەم شێوەیە باسی لێوە دەکات:" لە جیاتی ئەوەی پشتیوانی لێبکەن، ئەمەیە هەڵوێستیان. بە راستی ئێمە لێی تێنەگەیشتین. باس لە ناردنی ١٠ هەزار پۆلیس دەکرێت بۆ شەنگال، ئەمە بۆچی؟ ئەم گەلە لەوێ دەتوانێت ئاسایشی خۆی بپارێزێت. نابێت لەبەر فشارەکانی دەوڵەتی تورک ئەمە بکرێت.

پەکەکە خۆی لە وێ کشاندووەتەوە. ئێمە دەڵێین با لێرە خۆسەری هەبێت، کێ بەڕێوەی دەبات با بیبات، تەنها با ئێزیدیەکان خۆیان بن. با ئێزدیەکانیش خاوەنداری لە خۆسەریان بکەن. ئێزدیەکانی نزیک لە پەدەکە و ئەوانەی نزیک لە یەنەکەش با داوای خۆسەری بکەن. بۆچی نایانەوێت؟ ئەگەر ئێزدیەک خۆبەڕێوەبەری و خۆسەری نەوێت، ئەوا ئێزدیەکی راستەقینە نیە. با داوای خۆسەری بکەن، هەر بیروبۆچوونێکی هەیە با کێشە نیە. تو خۆت بە ڕێوە ببە. ئەگەر لە ساڵی ٢٠١٤دا تۆ خۆت بەڕێوە ببردایا، بارودۆخەکە نەدەگەیشتە ئێرە، لە زێدی خۆت رات نەدەکرد. بەڕێوەبەرایەتیەکەت خۆڕاگری دەکرد.

با عێراقیش ئەم پرسە بە دیالۆگ لەگەڵ ئێزدیەکان چارەسەر بکات. پەدەکەش با رێز لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بگرێت. ئەمە نرخێکی زیاتر دەدات بە پەدەکە. هەروەها نرخی عێراقیش زیادتر دەبێت. ئێزدیەکان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریان بونیاد ناوە و عێراقیش قبوڵی کردووە، ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، ئەوا عێراق گەورە دەبێت، سیماکەشی دەگۆڕێت."

قەرەسو لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، ئەوەی ئەوان دەڵێن بریتیە لەوەی، دەبێت خۆسەری ئێزدیەکان هەبێت، خۆیان بەڕێوە ببەن و وتی:"هەڵوێستی ئێمە تەنها هەڵوێستێکی ئەخلاقی و ویژدانیە. دەبێت هەڵوێستەکان هەموویان ئەخلاقی و ویژدانی بن. ئێستا دەڵێن، 'پەکەکە بە نیازی چیە'. ئێوە دەبێت خۆسەری ئێزدیەکان قبوڵ بکەن، نەک خۆسەری پەکەکە. دەبێت خۆسەریان بدەنێ. با هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی دیمۆکراتیکدا کام ئێزدیە هەڵبژێردرا، با ئەو بەڕێوەی بەرێت. ئیرادەی خۆیانە. ئەمەیە هەڵوێستمان. کێشەکان بە دروستکردنی ئاڵۆزی چارەسەر نابن. هەڵوێستیان لە بەرامبەر ئیزدیەکان، کارەکتەریان دەخاتەڕوو. بە چی شێوەیەک نزیک دەبیتەوە لە ئێزدیەکان، ئەخلاق و ویژدانت، بۆچوونی سیاسیشت، بە هەمان شیوەیەیە. ئەمە پێوانەیە، بۆ هەر تاکێک بێت یا پارت و رێکخراوێک، بۆ دەوڵەتانیش ئەمە پێوانەیە. ئەرکی سەر شانی هەموو کەسێکە هاوکاری خۆسەریی ئێزدیەکان بکات."

ز.ش