قەرەیلان: بەرخۆدانی گەریلا داهاتووی گەلان ڕووناک دەکاتەوە

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەى نەپەگە ئاماری شەڕی دوو مانگەی هەڵسەنگاند و پیرۆزبایی لە بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی کرد و وتی: "بەرخۆدانی گەریلا داهاتووی گەلان ڕووناک دەکاتەوە".

موراد قەرەیلان فەرماندەیی بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا قسەی بۆ گەریلاکان کرد و ئاماری شەڕی دوو مانگەی هەڵسەنگاند.

قەرەیلان ئەم هەڵسەنگاندنەی ئەنجامدا:

"حوزەیران مانگی فیداییەکانە. ئێمە لە کەسایەتیی هاوڕێ زیلان، گوڵان و دیار غەریب دا یادی هەموو شەهیدە فیدایەکانمان دەکەینەوە. بەڕێزەوە بۆ یاد و ناویان سەری ڕێز و نەوازشیان لە بەرامبەردا بۆ دادەنەوێنین. ئێمە ئەو بەڵێنەی پێمان پێداون دووبارەی دەکەینەوە و  تاکۆتایی درێژەپێدەری رێگاکەیان دەبین و ناهێڵین ئاڵاکەیان لەسەر زەوی بمێنێتەوە. بە بەرزکردنەوەی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان خاوەنداری لە یاد و بیرەوەرییان دەکەین.

"بەرخۆدانی گەریلا سەری گەلی کوردی بەرزکردەوە، هیوای ئازادیی کوردستانی بەهێز کرد"

ئەمڕۆ پەیڕەوانی فیداییە قارەمانەکان، لە مانگی حوزەیراندا لەسەر ئایدۆلۆژی و هۆشمەندیی رێبەر ئاپۆ، لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بەرخۆدانی فیداییانەی باڵا ئەنجام دەدەن. ئەو بەرخۆدانە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا گەشە دەکات و بەرەوپێش دەڕوات و گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ. ئەوەش دەسەلمێنێت، کە بزووتنەوەکەمان، گەریلای ئازادیی کوردستان پابەندە بە بەڵێن و پەیمانەکەى و لە هەموو شوێنێک دا هێڵی بەرخۆدانی فیدایی ئاپۆیی لە بەرترین ئاستدا پەرە پێ دەدات. ئێمە یادی هەموو شەهیدی بەرخۆدانی پیرۆز، بەرخۆدانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشینیان لە کەسایەتیی هاوڕێ مزگین، ڕۆهات، چیا، ئۆزگور، سیابەند، نالین و میرزاکاندا دەکەینەوە. لە بەرمبەر یاد و بیرەوەریی شکۆمەندانەیاندا بە ڕێزەوە و سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین. بەرخۆدانە بەرزەکەیان سەری گەلی کوردی بەرامبەر بە هەموو جیهان بەرزکردووەتەوە. هیوای ئازادیی کوردستانی بەهێزتر کردووە. لەسەر ئەم بنەمایە گەلەکەمان و دۆستانی گەلەکەمان لە هەموو لایەکی جیهانەوە تێکۆشان بەرزتر و بەهێزتر دەکەن.

دەشڵێت: بەرخۆدانی ئێستا لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بەرخۆدانێکە هەڵگری ڕۆڵ و ئەرکی مێژووییە. بەرخۆدانێکی نەتەوەییە بۆ گەلەکەمان و گەلانیی ناوچەکەش بەرخۆدانی ئازادی و دیموکراسییە.

'لاپەڕەیەکی نوێ لە شەڕی گەریلادا'

ئێستا دوو مانگ تەواو بووە و ئاماری دوو مانگ بڵاو کراویەوە. کاتێک مرۆڤ سەیری دەکات، ئەنجامی زۆر گرنگی بۆ ڕوون دەبێتەوە. ئەمڕۆ قۆناغێکی نوێ لە مێژووی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕدا لە کوردستان بەرەو پێش دەچێت. تا ئێستا هیچ شەڕێکی لەو شێوەیە ڕووینەداوە. لە بەرامبەر تەکنەلۆژیای سەردەم و لە دژی چەکی قەدەغەکراوی کیمیاوی دا، ماوەی دوو ساڵە بەرخۆدانی گەریلای ئازادی کوردستان لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بووەتە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە شەڕی گەریلادا. بەتایبەتی لەسەر بنەمای ئەزموونی بەرخودانی ساڵی ٢٠٢١ بەرەنگاری و بەرخودان لە شەڕی دوو مانگی ڕابردوو زۆر زیاتر گەشاوەتر و ڕوونتر دەردەکەوێت و نیشانەی سەرکەوتنی تیادا بەهێزترە. بووەتە هیو زیاترکردنی ئومێد و هیوا. لە دژی هەموو هێرشە جۆراوجۆرەکان بۆ  پاراستنی ناوچە ئازادەکان، ڕێگا و شێوازەکانی خۆی بە ڕوونی دەخاتەبەرچاو. بێگومان ئەنجامەکانی ئەم دوو ساڵەی ڕابردوو و ئەم دوو مانگەی دوایی شەڕی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا نمونەیەکی گەورەیە بۆ هەمووان، ڕێگایەکی نوێیە بۆ هەموو هێزە شۆڕشگێڕەکان کە دەیانەوێت بەرامبەر بە دەوڵەتە هەژموونگەراکان بەرەنگاری بکەن، رێگایەکی نوێیە بۆ ئەوەى خاک و کەرامەتی خۆیان بپارێزن، دیسانەوە لە بەکارهێنان و پێشخستنی رێبازی تاکتیکی گەریلادا قوڵبونەوە و تێگەیشتنێکی قوڵ پەرە پێ دەدرێت.

وەک دەزانرێت، دەوڵەتی داگیرکەر و پاکتاوکاری تورک ماوەی حەوت ساڵە لە دژی رێبەر ئاپۆ، لە دژی گەلەکەمان و دژی گەریلای ئازادیی کوردستان شەڕێکی گشتی و هەمەلایەنەی هەڵگیرساندووە. ئامانجیان لە ناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکیان بەدەستنەهێناوە، سەرەڕای خەرجکردن و بەکارهێنانی هەموو دەرفەت و توانا و ئابورییەکانی تورکیا هیچ ئەنجامێکیان نەبووە. ئێستا بە هاوکاریی هێڵی کوردی هاوکار و هەندێک هێزی هەژموونخواز، ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە دەیانەوێت ئەمساڵ ئەنجام بەدەست بهێنن، چونکە ئەگەرنا هیچ دەرفەتێکی تریان بۆ نەماوەتەوە، بۆ ئەوەى شکست نەهێنن و نەڕوخێن، بۆ ئەوەی ئەم ڕژێمە فاشیستە بەردەوام بێت، دەبێت لە دژی گەریلای ئازادی کوردستان و دژی گەلی کورد ئەنجام بەدەست بهێنن، چونکە ڕژێم دەیەوێت بوونی خۆی لەسەر لەناوبردن و سڕینەوەی گەلی کورد و لەسەر بنەمای سەرکەوتنی سیاسەتی جینۆساید بنیات بنێت.

"لە زاپ بە بنبەست گەیشتن و لەبەر ئەوەش هێرشەکانیان بەرفراوانتر کرد"

بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر بنەمای هێزی تەکنیکی و ئاسمانی لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢دا هێرشێکی تریان دەستیپێکرد، بەڵام لە زاپ بەرخۆدانێکی مێژوویی لە دژی ئەو هێرشە دەستیپێکرد. دەیانویست زاپ بگرن و دوای ئەوە یەک بە یەک ئەیالەتەکانی تر تێکبشکێنن، بەڵام سوپای تورک لە بەرامبەر بەرخۆدانی زاپ دا شکستی هێنا و بە بنبەست گەیشت. ئەو چەکانە، کە بە مۆدێرنترین تەکنەلۆژیا تەیارکرابون و بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاییش هیچ بۆیان نەبوویە چارە و نەیانتوانی ئەنجام بەدەست بهێنن. بە دڵنیاییەوە، ئەوە بە هیچ شێوەیەک شتێکی ئاسایی نییە و بابەتێکی زۆر گرنگە. بۆ یەکەم جارە سوپای تورک بەمشێوەیەی ئێستا لە زاپ شکست بهێنێت و بە بنبەست بگات و نەتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت. بۆ ئەوەش هەندێک گۆڕانکاری و فراوانبوونیان لەپلانەکانیاندا کردووە.

پلانیان چییە؟ یەک؛ هێرشی سەر زاپ و ئاڤاشین-یان بەرفراوانتر کرد. ڕۆژئاوای زاپ، یان شاخی جودی، شاخی ئێف ئێم و شاخی هەکاریش-یان خستە ناو هێرشەکانیان و هێرشیان کردە سەر ئەو شوێنانەش. ئەوەیان بە یەکێک لە چارەسەرەکان دەزانی. دووەم؛ هەم لە زاپ بە بنبەست گەیشتن و هەم بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە دەرفەتێک بۆ دەوڵەتی تورک ڕەخسا، ڕژێمی فاشیستیش دەیویست ئەو  دەرفەتە و ئەو دۆخە لە دژی گەلی کورد بەکاربهێنێت. لەسەر ئەم بنەمایەش پلانی هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا و باکوری رۆژهەڵاتی سوریای خستە بەرنامەی پێشەوەی پلان و کارەکەی خۆیەوە. سێیەم؛ هێرش لە ئیمرالی، گۆشەگیری و ئەشکەنجەی دەروونی-یان  زیاتر و قورستر کرد. گۆڕەپانی سیاسییان زیاتر کردە ئامانج. بەتەواوی میدیای کوردی کردە ئامانج، واتە بە بنبەست گەیشتنیان لە زاپ وایکرد، کە پلانی هێرشەکانیان فراوانتر بکەن. بۆچی؟ چونکە دەیەوێت بە جەنگ ئەنجام بەدەست بهێنێت و سیاسەتی جینۆسایدکردن و پاکتاوکردن لەکوردستان سەربخات. ئەو بەپێویستی دەزانێت، کە هەموو دەرفەت و تواناکانی بەردەستی بەکاربهێنێت. تەنانەت بۆ ئەوەش لەنێوان هێزە هەژموونییەکان دا یاری و مامەڵە بە دۆخی جیۆ - ستراتیژیی تورکیاوە دەکات. دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە ئەو دەرفەتانە و تواناییەک بەدەست بهێنێت تاوەکو بتوانێت لە شەڕەکەیدا بەرامبەر بە گەلی کورد سەربکەوێت.

"گەلانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی گەریلا شکست بە داگیرکاری دەهێنن"

ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان دەوڵەتی تورک بۆردوومانی گەلی کورد و عەرەب و ئاشووری- سریانی دەکات. لە ناو ماڵەکان لە هاوڵاتیانی مەدەنی دەدا. فاشیزم و تیرۆری دەوڵەت بەڕێوەدەچن. لە کەرکوکەوە تا عەفرین لە هەموو شوێنێک تیرۆر ئەنجام دەدات،  بەڵام ناتوانن بەو هێرشانە ئەنجام بەدەست بهێنن. ئەگەر گەلەکەمان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان خۆیان لەسەر ئەزموونەکانی  ئەم دوو ساڵەی گەریلاکانی ئازادی بۆ خۆیان بکەنە بنەما و بەو پێیە خۆیان ئامادە بکەن، ئەوا دەوڵەتی تورک لەوێ تێکدەشکێنن و ناتوانێت وەک جاران داگیرکاری ئەنجام بدات.

"گەریلاکان لە باکوری کوردستان وەڵامی پێویستی هێرشەکان دەدەنەوە"

هەروەها ئێستا لە باکوری کوردستان لە هەموو ئەیالەتەکان ئۆپەراسیۆن و هێرش هەیە، واتە لە بۆتانەوە بۆ سەرحەد، لە دێرسیمەوە بۆ ئامەد و لە هەموو شوێنێک هێرش و شەڕ هەیە. ئەو هێرشانەی دوژمن دۆخی جەنگییە. دارستانەکان دەبڕێتەوە و دەیانسوتێنێت. گەریلای ئازادیی کوردستانیش بە هیچ شێوەیەک لە بەرامبەر ئەوەدا بێدەنگ نییە و بێدەنگیش نابێت. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان ئێستا لە ئامەد و لە بۆتان چالاکی ئەنجام دەدەن و ئەوەش دەیسەلمێنێت، کە گەریلا وەڵامی پێویستی دوژمن دەداتەوە. بە تایبەتی، ڕاگەیاندنی هەنگاوی دووەمی ئۆپەراسیۆنی عەگیدەکانی بۆتان زۆر مانادارە. ئەوان بەو هێرشانە ناتوانن لە دژی گەریلاکانی باکوری کوردستان ئەنجام بەدەست بهێنن. ئەوەتا دوژمن چەند مانگێکە لەسەر جودی ڕاوەستاوە. زۆربەی شوێنەکانی جودیی داگیرکردووە. بە سەرباز و فڕۆکەکانی هێرش دەکات، بەڵام ئەو هێرشانەی دوژمنان لەلایەن گەریلاکانی جودیەوە پووچەڵکراونەتەوە. ئێمە سڵاو لە ڕەنج و بەرخودانی شکۆمەندانەی گەریلاکانی جودی دەکەین.

دیسانەوە زوڵم و دڵڕەقیی و فاشیزمێکی گەورە لەسەر گەل هەیە، بەڵام سەرەڕای هەموو گوشار و بەربەستەکان، دوژمن نەیتوانی   رێگری لە ڕێپێوانی دژ بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ بکات. گەرچی ڕێگرییان لە ڕێپێوانەکە بۆ گەملیک کرد، بەڵام گەلەکەمان وتیان 'هەموو شوێنێک گەملیکە' و بە دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' ، 'بە گیان و بە خوێن لەگەڵتاین ئەی سەرۆک' و هەروەها لە ناوەندی خۆیان لە ئەستەنبوڵ دروشمی 'بژی بەرخۆدانی گەریلا' یان وتەوە. ئەو هەڵوێستەی سیاسەتی دیموکراتیکی گەلەکەمان، بێ ئەنجامبوون و تێکشکاندنی فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە ئاشکرا دەکات. گۆشەگیرییەکی بێوێنە لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەبەن، بەڵام دەنگوباسی رێبەر ئاپۆ بە هەموو جیهاندا بڵاو بوویەوە. ئەوان ناتوانن رێی لێ بگرن. ئەمڕۆ لە ئاستی جیهاندا هەوڵێکی تەواو گرنگ هەیە بۆ ئازادیی سەرۆکایەتی. لە دۆزی ئازادیی سەرۆکایەتی و لە خەباتی دژ بە گۆشەگیریی قورس و فاشیزمی دەوڵەتی تورکیادا هیچ کەسێک ملکەچیان نەبووە و هەنگاو بۆ دواوەوە نەنراوە. لە هەموو شوێنێک بەرخودان هەیە. ئەگەر سبەی دەستدرێژکردنی زیاتر بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدات، بەدڵنیاییەوە لەوێش بەهێزترین و توندترین وەڵامی دەدرێتەوە. باوەڕمان ئەوەیە، کە لە بەرامبەر دەستدرێژی و خوێنڕشتنەکانی دەوڵەتی تورکدا بەرزترین بەرخۆدانی مێژوویی ئەنجام دەدرێت و لەو بەرخودانەکەشیاندا سەردەکەون.

"دەوڵەتی تورکی فاشیست کارتی ئەندامێتیی لە ناتۆدا لە دژی گەلی کورد بەکاردەهێنێت"

ئێستا دەوڵەتی تورکی فاشیست - پاکتاوکار کارتی ئەندامێتیی لە ناتۆدا لە دژی گەلی کورد بەکاردەهێنێت. لە بابەتی ڤیتۆکردنی ئەندامێتیی سوید و فینلاند دا، یەکەم داواکاریی سەرەکی و بنەڕەتیی تورکیا بۆ ئەوە بوو رێ لە ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە بەکارهێنانی چەکی کیمیای بگرێت. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەوەیە. ئامانجی دووەمی ئەوەیە، دەیەوێت قەدەغەی فرۆشتنی چەک لەسەر  تورکیا هەڵبگیرێت، چونکە پێویستی بەو چەکانە هەیە، کە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دا بەکاری دەهێنێت و هەروەها پێویستی بە پارچە و بەشە هەستیارەکانی هەیە.

ئەوان لە بنچینەدا ئامانجیان ئەو دوو داواکارییەیە. بەوەش دەیەوێت سەرەتا هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوا، واتە بەو شێوەیە خۆی دەخاتە ڕۆژەڤ و بەرنامەیەک، کە کاتێک هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوا کەس دژایەتیی ناکات. بەم شێوەیە هەڕەشە و چاوسورکردنەوە دەکات و هەموو ستراتێژییەکانی خۆی لە دژی هەبوونی گەلی کورد و دەستکەوتەکانی گەلی کورد بنیات دەنێت. بە ڕوونی دەیەوێت  هێرشەکەی لە دژی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد ڕەوا بکات. بەو شێوەیە تاوانەکانی خۆی بشارێتەوە. وەک دزێک، کە هەم دزی دەکات و هەم خاوەنی خانووەکەش ئازاد ناکات.
 

"سەرنجی هەمووان لەسەر بەرخۆدانی گەریلایە"

بەڕوونی نەژادپەرەستی و ڕەگەزپەرستی و جینۆساید و پاکتاوکاری ئەنجام دەدات. ئەمڕۆ لە هەرسێ پارچەی کوردستان زوڵمێکی گەورە لە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدات. بە هەموو شێوەیەک یاسا جیهانی و گەردونییەکان پێشێل دەکات و دەیەوێت هیچ کەسێک ناڕەزاییەتیی بەرامبەر دەرنەبڕێت. لەبەر ئەوەش ئەم بەرخۆدانەی گەلەکەمان و بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان ئێستا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن، واتە بۆ ئەوەی هەموو گەلانی ناوچەکە و ڕای گشتی لە دژی ئەو ڕژێمە فاشیستە بە هێز بوەستنەوە، ئەمڕۆ چاوی هەمووان لەسەر بەرخۆدانی گەریلای ئازادیی کوردستانە. هەڵوێستی سیاسەتی دیموکراتیکی کورد و سۆسیالیستەکانی تورکیا چۆن بێت، ئێستا هەمووان سەیری ئەمە دەکەن، بۆیە ئێستا بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە باکوری کوردستان و لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا زۆر مانادار و گرنگە. ئەوە ڕاستە، شەڕی ئەمڕۆ لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بەردەوامە، بەڵام هەموو هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە قۆناغی جەنگدان.

بە جۆرێک بەرخۆدانێک لە خواکورک، لە حەفتانین و لە شوێنەکانی تر بە گشتی، لە ناو یەکتردا هەڵوێستێک بەڕێوەدەبەن. دەبێت ئەو هەڵوێستە گەشتر و بەهێزتر بێت. هەم ئەیالەتەکانی باکووری کوردستان و هەم ئەیالەتەکانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە دۆخی شەڕدان و دەبێت بەپێی ئەوە لەو چوارچێوەیەدا بجوڵێنەوە. پلانەکانیان، کارەکانیان و شێوازی جموجوڵیان بەپێی ئەوەى رێکبخەن. ئەمە لە بنچینەدا بۆ هەموو هێزە کوردستانییەکان پێویستە. کات کاتێکی ئاوارتە و نا ئاساییە.

"بەرخۆدانی دوو مانگی ڕابردوو نیشانەی سەرکەوتنە"

بەرخۆدانی دوو مانگی ڕابردوو لە زاپ و مەتینا و ئاڤاشین جارێکی دیکە ئەوەی سەلماند، کە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان ئەنجامی گەورە بەدەست دەهێنن. تا ئێستا ڕۆحی بەرخۆدان لە بەرزترین ئاستدا سەلماندووە و ئەو چالاکییانە ئەنجامی دەدەن نیشانەی سەرکەوتنی ئاشکرا کردووە. لەم چوارچێوەیەدا ئێستا بەرخۆدانی گەریلا گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر گرنگ و مێژوویی. بۆ ئەوەی بنبەستەکەى  لە زاپ تێپەڕێنێت، دوژمن هێرشی خۆی بەرفراوانتر کردووە. ماوەی سێ هەفتەیە لە شاخی هەکاری و شاخی ئێف ئێم و شاخی جودی بەرخۆدان، فیداکاری و قارەمانێتی لە ئاستێکی بەرزدا بەڕێوەدەچێت و ئەوەیان سەلماند، کە حسابات و لێکدانەوەکانی دوژمن هەڵە دەرچووە.

سڵاو لە چالاکییەکانی گەریلا کرا

بەرخۆدان لە کەسایەتیی هاوڕێ ئۆزگور، نالین و سیابەند لە شاخی هەکاری و شاخی ئێف ئێم و شاخی جودی زۆر بەنرخە و گرنگە،  چونکە ئەو بەرخۆدانە پلان و خەونەکانی دەوڵەتی تورکی پێچەوانە کردووەتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش بە تایبەتی سڵاو لە هەڤاڵانی ئەم بەرخۆدانە و شاخی هەکاری و شاخی جودی و شاخی ئێف ئێم دەکەین. ئێمە بە ڕێزەوە یادی هەموو قارەمانانی ئەم بەرخۆدانە دەکەینەوە و یادیان بەرز ڕادەگرین. ئێمە پێشتر چالاکییە سەرکەوتووەکانی هەڤاڵانمان پیرۆز کردبووە، بەڵام جارێکی تر پیرۆزبایی لە هەموو هەڤاڵان دەکەین بۆ ئەو بەرخۆدانە پیرۆز و چالاکییە سەرکەوتووانەیەیان.

هەمان بەرخۆدانیش لەلای زاپ و ئاڤاشین بەردەوامە. سڵاو لە هەموو گەریلاکان دەکەم، کە لەم سەردەمە مێژووییەدا بەرخۆدانی پیرۆز ئەنجام دەدەن! ئەو بەرخۆدانە داهاتووی گەلی کورد و داهاتووی گەلانی ناوچەکە ڕوون دەکاتەوە. بۆ ئەوەش گرینگییەکی زۆری هەیە. ئێمە دەزانین بەرخۆدان بە فیداکارییەکی گەورەوە ئەنجامدەدرێت. لەوانەیە کەسانێک لە دەرەوە زۆر هەست بەوە نەکەن، بەڵام خۆمان لە ناویداین. ئێمە دەزانین بە چ فیداکاری و قوربانی و زەحمەتییەک و بوێری و ئازایەتییەک بەرخۆدان ئەنجام دەدرێت،  بۆیە ئێمە باش دەزانین و دەڵێین، فیداییانی ئاپۆیی ئەمڕۆ لە کوردستان لە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیدا سەردەمێکی نوێ پەرە پێدەدەن و بەرەو پێشی دەبەن.

"سەرکەوتنی ئیرادەی مرۆڤ بەرامبەر بە تەکنەلۆژیای سەردەم سەلمێنرا"

ئەمڕۆ ئەوەی لە مەتینا و زاپ و ئاڤاشین ئەنجام دەدرێت سەرهەڵدان و گەشەی ئیرادە و لێهاتوویی مرۆڤە. ئیرادەی مرۆڤ، فیداکاری مرۆڤەکان، لێهاتووی مرۆڤ و بەهرەی مرۆڤ دەتوانێت چی بیکات و تاوەکو چ ئاستێک دەتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت. لەبەرامبەر تەکنەلۆژیای سەردەمدا سەرکەوتنی ئیرادەی مرۆڤ، لێهاتووی مرۆڤ سەلمێنرا. ئەوە ڕاستە و بۆ گەلەکەمان گرنگە، بەلام بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە و بۆ هەموو مرۆڤایەتی زۆر گرنگە. هەم لەڕووی تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ و هەم لە بواری خەبات و تێکۆشان بۆ  ئازادی و دێموکراسی، ئەو بەرخودانە رێگایەکی نوێ دەکاتەوە و لە مێژوودا دەبێتە  و دەستکەوت و تۆمار دەکرێت.

"چالاکیەکانی ئەم دوو مانگە سەرکەوتوون، بەڵام دەبێت زیاتر بکرێن"

ئێستا کاتێک سەیری ئاماری دوو مانگ دەکەیت، ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە لە ئاستێکدا رێباز و شێوازی تاکتیکی گیراوەتە بەر. لەم دوو مانگەدا ٧٧٤ چالاکی ئەنجامدراون. بەنزیکەیی هەموو جۆرەچالاکییەک ئەنجامدراون، بەڵام تەقاندنەوە و نیشانەشکێنی یەک لەسەر سێی هەموو چالاکیەکانن، واتە ئەوانە زۆربەی ئەو چالاکیانەن، کە ئەنجامدراون. لە پاراستنی مەدیادا شانبەشانی چوونە سەر دوژمن، گورزلێدان و چالاکیی هەماهەنگ و هاوئاهەنگ، چالاکی بە چەکی قورس، پێویستە مرۆڤ زۆرترین قورسایی بخاتە سەر چالاکیی تەقاندنەوە و نیشانەشکێنی.بەڵام دەبێت لە هەرێمێکی وەک باکوردا لەسەر بنەمای چالاکییەکانی تەقاندنەوە و نیشانەشکێنی زۆرتر و زیاتر خۆیان قوڵ بکەنەوە و تیایدا وردتر بن. بەگشتی ئاماری دوو مانگی خراپ نییە، بەڵام نابێت تەمپۆ و خێرایی کەم بکرێتەوە، بەڵکو دەبێت زیاتر بەرز بکرێتەوە. بە تایبەتی دەبێت هەم تیمە گەڕۆکەکان و تیمەکانی بەرخودانی تونێلەکان بنەمای پاراستنی کارا و چالاک لە جەنگدا بگرنە بەر و بۆ خۆیان بیکەنە بنەما. پاراستنی چالاک لە جەوهەر و هەناوی خۆیدا هەمیشە چالاکی و هێرشکردنە. ئەگەر شەڕەکەمان لەسەر ئەم بنەمایە پەرە پێبدەین، بێگومان ئەنجامی زۆر گەورە و گرنگ بە دەست دێت.

"گەریلاکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتی مسۆگەری و زامنی سەرکەوتنن"

دەبێت هەموو هەڤاڵان لەم چوارچێوەیەدا کار بکەن و بجوڵێنەوە. ڕێگا و رێبازی خۆیان بەو جۆرە رێکبخەن و بجوڵێنەوە و بەو شێوەیە لەسەر هێڵی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی و لەسەر هێڵی رێگای شەهیدە فیداییەکاندا سەرکەوتن مسۆگەر بکەن. شێوازی فیدایی - ئاپۆیی لەسەر بنەمای گەریلای نوێ، واتە گەریلای مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، مسۆگەری و زامنی سەرکەوتنە. گەریلای مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە هەمان کاتدا لە شەڕدا بە واتای گەریلای پرۆفیشناڵ دێت. ئەگەر هەڵەکان و کەموکوڕییەکان لە جەنگدا بە شێوەی ڕاست و دروست ببینرێن و لەسەر ئەو بنەمایە بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە بجوڵێنەوە و هەڵسوکەوت بکەن، بە دڵنیاییەوە سەرکەوتن بۆ ئێمەیە.

ئێمە لەو بڕوایەداین هەڤاڵانیش لەسەر ئەو چوارچێوەیە و لە پراکتیکدا بە بەهێزی بەرەنگاری دەکەن و ڕاوەستەى لەسەر دەکەن. ئەگەر هەڤاڵان لە شەڕدا بە ئارامی، بە پێداگری، بە دیسپلین، بە نهێنی و ژیرانە تاکتیکی داهێنەرانە پێش بخەن ئاوا بە دڵنیاییەوە سەردەکەون. چونکە لە هەڤأڵاندا ڕۆحی فیدایی، فیداکاری و ئیرادەی ئاپۆیی بەهێزە. ئەوە لە پراکتیکدا سەلمێنراوە. لەبەر ئەو هۆکارەش ئەگەر ڕێگا و رێبازەکان وەک ئەوەى باسکران، کاریان پێ بکرێت و لەو چوارچێوەیەدا جموجوڵ هەبێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە سەردەکەون.

لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە وەک فەرماندەیی بڕیارگەى ناوەندی بە خۆشەویستی و ڕێزەوە سڵاو لە هەموو هەڤاڵان دەکەین، لەم جەنگە مێژوویی و پیرۆزەدا، بە دڵ و بە گیان بۆ هەموو هەڤاڵانمان و بۆ هەموومان سەرکەوتنمان دەوێت".

ژ.ت