ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە موراد قەرەیلان نەورۆزی ٢٠٢٤ کە داوای ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مۆری خۆی لێدا، مزگێنیەکەی نەورۆزی ناوەندی پاراستنی گەل، هەفتەی قارەمانێتی لە نێوان ٢١ی ئادار و ٢٨ی ئادار و هەروەها بابەتی هێرشەکەی داعش لە رووسیای لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆ دەنگی وڵات هەڵسەنگاند.
قەرەیلان سەرنجی راکێشا بۆ سەر سیستمی بەرگریی گەریلا لە بەرامبەر درۆنی سیها و ئەوەی خستەڕوو، کە نابێت کەس بڵێت 'ئیتر هەموو شت تەواو بووە' و بەم جۆرە بەردەوام بوو، "لە بەرامبەر ئەو کەرستانەی کۆمەڵکوژی دوژمن تۆڵەدەکرێتەوە، دوژمن وەڵامی دەدرێتەوە و ئیرادەی گەلەکەمان بەم جۆرە دەخرێتەگەر. بەڵام دەبێت گەلەکەمان، هەڤاڵانمان و هەموو خەباتکارانمان لە بەرامبەر ئەو چەکانەی بەدەست دوژمنەوەن، لە بەرامبەر هێرشەکانی دوژمن رێوشوێنی خۆیان بەهێز بکەن". قەرەیلان دەستنیشانی کرد کە دوژمن لە بنەڕەتدا بەگرتنەبەری رێوشوێن دەتوانرێت شکست بدرێت.
بەشی یەکەمی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان بەم جۆرەیە:
نەورۆز لە کوردستان و دەرەوە وڵات بە جۆش و خرۆشەوە پیرۆز کرا. دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' مۆری خۆی لە پیرۆزباییەکان دا و داواکاری گەلی کورد ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بوو. ئێوە نەورۆزی ئەمساڵ چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
نەورۆزی ٢٠٢٤ بە شێوەیەکی گەورە و جەماوەری پێشوازی لێکرا، بە جۆش و خرۆش و ورەیەکی زۆرەوە ئەنجامدرا. بێگومان وەک ئێوەش وتتان، گرنگترین لایەنی بریتیبوو لەوەی بووە سەکۆیەک بۆ بانگەوازی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ. هەم لە چوار پارچەی کوردستان هەمیش لە ژاپۆنەوە تا کەنەدا لە هەموو شوێنێکی جیهان، لە هەر شوێنێک گەلی کورد هەبوو، لەوێ گەلەکەمان بە جۆش و خرۆشی زۆرەوە نەورۆزیان پیرۆزکرد و پیرۆزباییەکە تائێستاش بەردەوامە. گرنگترین لایەنی بانگەوازبوو بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ. بە داواکاری ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ، گەلەکەمان پێشوازی لەم نەورۆزە کرد. بە ملیۆنان مرۆڤ ئەم دروشمەیان وتەوە و داوای ئازادییان کرد.
نەورۆزی ئەمساڵ جارێکی دیکە دەریخست کە رێبەر ئاپۆ رێبەرێکی راستەقینەی گەلە. واتە نیشانیدا کە پێشەنگایەتی بۆ گەل دەکات و زۆرینەی گەلیش دڵسۆز و هۆگری ئەون. بەپێچەوانەی تۆمەت و بانگەشەکانی دوژمن، ئەو نوێنەرایەتی گەل دەکات، لەناو دڵی ملیۆنان مرۆڤدایە، لەبەر ئەوەش گەلەکەمان خاوەنداری لێدەکات. ئەو راستیە لەم نەورۆزەدا جارێکی دیکە بەرجستەبوو، بێ گومان رێکخراوە نێونەتەوەییەکان، رای گشتیی نێونەتەوەیی دەبێت ئەو هەڵوێستەی گەلەکەمان ببینن و گوێ بۆ ئەو بانگەوازەی گەلەکەمان رابگرن. واتە نەورۆز لەو رووەوە زۆر گرنگ و واتادارە.
هەروەها ئێمە لە سەردەمێکی مێژووییداین. لە رۆژانی داهاتوودا لە کوردستان شەڕ دێتە ئاراوە. بەر لەو شەڕە، کە دەوڵەتی تورکی قڕکەر خۆی بۆ ئامادە دەکات، گەلەکەمان هەڵوێستی خۆی لە دژی شەڕ نیشاندا. داواکارییەکانی خۆی خستەڕوو و رایگەیاند، کە ئەو لە چ لایەکە. گەلەکەمان لە سەکۆی نەورۆزدا ئەو هەڵوێستەی نیشاندا.
لەم رووەوە وەک ئەوەیە کۆنگرەی نەتەوەیی گەورە سازکرابێت. خاوەن چەندین واتا بوو. هەروەها گەلەکەمان دڵخۆشی خۆی لە رووی سەرکەوتنی گەریلا لە بواری تاکتیک و تەکنەلۆژیاوە دەربڕی.
بە کورتی ئەم نەورۆزە نەورۆزێکی ئاسایی نەبوو. نەورۆزێک کە لەم قۆناغە مێژووییەدا ئەنجامدرا، لەلایەن گەلەکەمانەوە وەک چاوەڕێ دکەرا، پێشوازی لێکرا. بەڕێوەبەرانی بزوتنەوەکەمان سڵاویان ئاراستەی سەرجەم ئەو کەسانە کرد کە بەشدارییان لە نەورۆزدا کردبوو، منیش سڵاو لە هەموو گەلەکەمان و دۆستانی گەلەکەمان دەکەم کە بەشدارییان لە نەورۆزی ٢٠٢٤دا کردبوو. بەم جۆرە نەورۆز بووە سەکۆیەک بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد.
بەر لە نەورۆز ئێوە وتتان 'مژدانە و مزگێنیمان هەیە' و لە ٢٠ی ئاداردا فەرماندەیی ئێوە مزگێنیەکەی راگەیاند. ئەو مزگێنیە لەلایەن گەلی وڵاتپارێزەوە لە گۆڕەپانەکانی نەورۆز بە دڵخۆشییەوە پێشوازی لێکرا. ئێوە لەو بارەوە چی دەڵێن؟
راستە؛ گەلەکەمان بە تامەزرۆییەکی زۆرەوە چاوەڕێی مزگێنیەکەبوو و لەو قۆناغەدا زۆر مشتومر هاتە ئاراوە. دوای ئەوەی مزگێنیەکە راگەیەندرا، گەلەکەمان یەکجار دڵخۆش بوو. لەبەر ئەوەی بەراستیش مزگێنیەکی گرنگ بوو. ئاسایی نەبوو؛ بۆ گەلی کورد شتێکی نوێ بوو. لە مێژوودا دوژمنانی گەلی کورد بەردەوام لە گەلەکەمان پڕتر و بەهێزتربوون. بۆیەش گەلەکەمان لە بواری سیاسی، ئایدۆلۆژی و سەربازیدا نەیتوانیوە وەک پێویست وەڵامیان بداتەوە. بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، وەک دەزانرێت دوژمن لە رێگەی فڕۆکەی سیخوڕی بۆمبهەڵگر ویستی بزوتنەوەی ئازادی لەناوببات. تەنانەت ئەو کاتەی کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بۆمبهەڵگرانە یاخود سیخوڕیانەیان بەدەست هێنابوو وتبوویان "پەکەکە یەک ساڵی دیکە دەژی". ویستیان بەو ئامێرانە کە پشتیان پێبەستبوو، کۆمەڵکوژی ئەنجام بدەن-خۆی لە رێگەی ئەو فرۆکە بێفڕۆکەوانانەوە چەندین کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا. بەلای ئێمەوە بابەتێکی ستراتیژیکە کە لە دژی ئەو چەکانەی بەدەست دوژمنەوەن، ئێمەش دەرفەتێک بەدەست بهێنین، چەک بدۆزینەوە و سیستمی موشەکی دابین بکەین. چونکە ئەو چەکە چەکێکی ئاسایی نییە، چەکێکی ستراتیژییە. خۆی لە خۆیدا کاریگەری لەسەر شەڕ داناوە. دەتوانین بڵێین لە ماوەکانی داهاتوو کاریگەری زیاتر دادەنێت.
بە کورتی دوژمن ویستی لە رێگەی ئەو فڕۆکەسیخوڕی و چاودێریانەوە هاوسەنگی شەڕ بە تەواوەتی بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و بەلای خۆیدا بیشکێنێتەوە، بەڵام لە رێگەی ئەو چەکەی ئەمڕۆ بەم جۆرە دابینکراوە، ئیتر شۆڕشەکەمان دەرفەتی پەیداکردووە کە هاوسەنگیەکە راستبکاتەوە و دەرفەتەکانی بەردەست دوژمن لە دەستی دەربهێنێت. ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەوە لە پێشکەوتنی تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا دەبێتە دەرفەتێکی گرنگ. لەو واتایەدا گەلەکەشمان دڵخۆش دەبێت و ئاهەنگ و پیرۆزبایی ساز دەکات. ئەوە شتێکی گونجاوە کە ئێمە بیکەین و ئەو پەرەسەندنەی ئاماژەمان پێکرد ئاسایی نییە و گرنگە.
بەڵام مامەڵە و هەڵسوکەوتکردن بە جۆرێک وەک ئەوەی هەموو شتێک چارەسەر کراوە و فرۆکەی سیخوڕی ناتوانن هیچ بکەن، راست نییە. ئەمە شەڕە و دوژمن دیسان دەیەوێت بە فرۆکەی سیخوڕی لەگەلەکەمان بدات، کۆمەڵکوژی بکات، تیرۆر ئەنجام بدات و بۆ ئەوەش هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ. راستە؛ ئەمرۆ لەبەرامبەر ئەوەدا چەکمان هەیە و ئێمە بێچارە و دەستەوەستان نین و ئەوەش شتێکی باشە؛ دوژمن ناتوانێت لە هەموو شوێنێک وەک جاران تا کۆتایی بەکاریبهێنێت، بەڵام نابێت بڵێین 'ئیتر هەموو شت تەواو بووە' ، نا؛ دەبێت ئێمە رێوشوێن بگرینەبەر، هەم ئەو هاوڕێیانەمان کە لە ناو شەڕدان، هەمیش گەلە وڵاتپارێزەکەمان دەبێت بەو جۆرە هەڵسوکەوت بکەن. واتە دەبێت ئەو رێوشوێنانەی دەزانرێت بە بێ کەموکورتی جێبەجێ بکرێن. بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەزانین، کە دوژمن ئیتر ناتوانێت بە ئاسودەیی و بە دڵی خۆی بە ئاسمانی کوردستاندا بسوڕێتەوە. لەبەرامبەر ئەوەش دەبێت هەڵوێستێک هەبێت، لە دژی ئەو ئامرازانەی کۆمەڵکوژی تۆڵە بکرێتەوە؛ دوژمن بێ وەڵام نەهێڵدرێتەوە و ئیرادەی گەلەکەمان بەم جۆرە دێتە کایەوە. بەڵام پێویستە گەلەکەمان و هەموو هاوڕێ و خەباتکارانمان لە دژی چەک و هێرشەکانی دوژمن بەردەوام رێوشوێنی خۆیان بەهێز بکەن. لە بنەڕەتدا ئێمە بەو جۆرە دەتوانین دوژمن تێکبشکێنین.
ئێستا ئەوە بە چ واتایەکە؟ ئەوە بڕوای گەلەکەمان بە ئازادی زیاتر بەهێز دەکات. ئێمە تەنیا تەکنەلۆژیایەکمان بە دەستهێنانوە، هەروەها لەم سێ ساڵەی رابردوودا بەرەوپێشچوونی تاکتیکی هاتە ئاراوە و ئەو بەرەوپێشچوونە تاکتیکیەی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دوژمنی راگرتووە. هەروەها سەلمێندرا کە ئێمە دەتوانین بەو رێبازە دوژمن تێبشکێنین. دۆزینەوەی ئەو تەکنەلۆژیایەی بڕوای هێزەکانمان پتەوتر و گەورەتر دەکات. ستراتیژی ئازادیی گەلەکەمان تەندروستتر دەکات. واتە ئیتر دەتوانین بەهێزەوە بەرامبەر بە دوژمن بوەستینەوە، خۆڕاگری بکەین و سەربکەوین. گەریلایەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک کە لە سەر کۆڵەکەی ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ بە قووڵایی بەرفراونبوونی تاکتیکی و تاکتیکەکانی سەردەم پەروەردەکراون، دەتوانێت لە شەڕدا هاوسەنگی بپارێزێت و بە تاکتیک و تەکنەلۆژیایەک کە بە رۆحی ئاپۆیی- فیدایی بەرەوپێشی بردووە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بکاتە هێزێک کە نابەزێت و شکست ناهێنێت. دەبێت هەمووان بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەن. بەڵام دەبێت رێوشوێنەکان بەردەوام بن.
لەگەڵ نەورۆز پێماننایە هەفتەی قارەمانێتی. لەبارەی هەفتەی قارەمانێتیەوە چی دەڵێن؟ گەلی کورد دەبێت جۆن مامەڵە لەگەڵ هەفتەی قارەمانێتیدا بکات؟
بەر لە هەموو شتێک هەفتەی قارەمانێتی لە هەموو هاوڕێیان و سەرجەم گەلەکەمان پیرۆز بێت. رۆژی ٢١ی ئادار رۆژی چالاکی گەورەی هاوڕێ مەزڵوم دۆغانە. ٢٨ی ئاداریش رۆژی شەهیدبوونی فەرماندە مەعسوم کۆرکماز (عەگید)ە. کۆنگرەی سێهەمی پەکەکە هەفتەی شەهیدبوونی هەردوو پێشەنگەکانی شۆڕشی وەک هەفتەی قارەمانێتی راگەیاندبوو و لەو رۆژەوە تائێستا بەم جۆرە پێشوازی لێدەکرێت. لەو هەفتەیەدا تێکۆشانی زۆر هاتووەتە ئاراوە و ژمارەیەکی زۆر شەهید دراون. لە جودی هاوڕێ سادق کۆبانێ لەگەڵ ٥ هاوڕێی خۆی، لە گارزان هاوڕێ ئارژین لەگەڵ ١٣ هاوڕێی خۆی و هەروەها لە باشووری موش هاوڕێ هێرش و ١٢ هاورێی لەو هەفتەیەدا تێکۆشانی بێهاتوایان نیشاندا. لەو هەفتەیەدا زۆر داستانی قارەمانێتی تۆمار کران. لەبەر ئەوە لە مێژووی ئێمەدا ئەو هەفتەیە گرنگیەکی زۆری هەیە. من لە کەسایەتی کاوەی هاوچەرخ مەزڵوم دۆغان و فەرماندەی نەمرمان عەگیددا هەموو هاوڕێیانمان کە لە هەفتەی قارەمانێتیدا شەهید بوون بە بیردەهێنمەوە و هەروەها بەڵێنێک کە بەوانمان داوە جارێکی دیکە دووپات دەکەمەوە.
هەموو کات رێبازی ئەوان دەگرینەبەر؛ تا ئازادی و سەرکەوتن لەسەر هێڵی ئەوان تێدەکۆشین و خەونەکانیان دەهێنینە دی. هەڵبەت هاوڕێ مەزڵوم دۆغان و مەعسوم کۆرکمازیش پەیوەندییان پێکەوە هەبووە. کاتێک مەزڵوم دۆغان لە ئێلیح دەستی بە خەبات کرد، یەک لەو هاوڕێیانەی سەرەتا ناسی و بەشداری بزوتنەوەکەی کرد فەرماندە مەعسومە. پەیوەندی ئەوان بەو جۆرەیە. هاوڕێیەتی بەهێزی ئەوان لەسەر هەمان وشیاری و ئایدۆلۆژی بەم جۆرە دەستیپێکرد. خۆی لە خۆیدا فەرماندە عەگیدیش زۆر پەیوەستبوو بە مەزڵوم دۆغان و هاوڕێیانی کە لە بەرخودانی زینداندا بوون. هەروەها ئەویش تۆڵەسەندنەوەی شەهیدانی زیندان و درێژەدان بە هێڵی ئەوانی کردبووەوە سەرەکیترین ئامانجی. لەو بوارەدا زۆر پێداگربوو. فەرماندە عەگید بەو هەڵوێستەی پابەندبوونی بە هێڵی بەرخودان لە هەلومەرجی زۆر دژواردا پێشەنگایەتی بۆ شەڕی گەریلاکرد. لە کوردستان لە فێرکردنی تاکتیکەکانی گەریلایەتیدا ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتی واتاداری گرتەئەستۆ و بووە پێشەنگی شەڕی گەل. ئەوەش گرێدراوبوونی ئەوان لە رووی هەست، ئایدۆلۆژیا و رێکخستنی پێناسە دەکات.
هەموو وڵاتان و کۆمەڵگاکان بە دڵنیاییەوە خاوەن قارەمانن و بەم جۆرە بوونە وڵات و کۆمەڵگا. واتە هیچ وڵات و کۆمەڵگایەک بە بێ قارەمان دروست نەبوون. لە دروستبوون و دامەزراندنی هەموویاندا بە دڵنیاییەوە قارەمانێک بوونی هەیە. رەنگە هەموویان سەربازی نەبن، کولتوری و مەعنەوی بن. بەڵام هەرچۆنێکیش بێت قارەمانەکان لە هەبوونی کۆمەڵگاکاندا خاوەن رۆڵێکی بنچینەیین. گەر بەو جۆرە نەبێت کۆمەڵگا ناتوانێت خۆی بپارێزێت. ئەگەر ئەمڕۆ لە شوێنێک کۆمەڵگایەک هەبێت بە دڵنیاییەوە لە مێژووی ئەواندا قارەمان هەیە. گەلی کوردیش قارەمانی هەیە، لە مێژووی گەلەکەماندا ئەو قارەمانانە خاوەن رۆڵێکی زۆر بە نرخن. ئەگەر کۆمەڵگاکەمان گەیشتبێتە ئەم رۆژانە، ئەوە لەسایەی رەنج و رۆڵی ئەو قارەمانانەوە هاتووەتە ئاراوە.
بەڵام وەک دەزانرێت لە سەدەی دواییدا لە دژی کوردستان هێرشی قڕکردنی زۆر دژوار ئەنجامدراون. کوردستانیان کردە چوار پارچە؛ سیاسەتی ئاسیمیلەکردن، قڕکردنی نەژادی و قڕکردنی جەستەیی زۆر بە شێوەیەکی چڕ ئەنجامدران. گەلەکەمان رووبەڕووی مەترسی لەناوچوون بووەوە. لەوەها سەردەمێکدا دەرکەوتنی رێبەر ئاپۆ بێ گومان دەرکەوتنێکی مێژوویی بوو. گەر لەم سەردەمەشدا بۆ خۆی قارەمانەکانی خۆی نەخوڵقاندایە، نەیدەتوانی لە بەرامبەر هێرشە دژوارەکان خۆڕاگری بکات. ئەوەتا ئێمە لێی دەڕوانین؛ دەرکەوتنی مەزڵوم دۆغان لە دژی ئەشکەنجە و هێرشی دژوار لە سەر کادرەکانی بزوتنەوە لە ناو زیندانی ئامەد لە هەلومەرجی دژواردا و چالاکیە مێژوویەکەی لە نەورۆزدا قارەمانێتیەکی گەورە بوو. ئەوە لە زینداندا رێگەی لە بەردەم قارەمانێتی کردەوە. وەک دەزانرێت دوای ماوەیەک لە ١٨ی ئایاردا بە پێشەنگایەتی فەرماندە فەرهاد کورتای هاوڕێ مەحمود، ئەشرەف و نەجمی ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و دەرکەوتنێکی زۆر بەهێزیان نیشاندا. بەم جۆرە راپەڕینیان دژی دوژمن راگەیاند. واتە بە سوتاندنی جەستەیان سەرهەڵدان و راپەڕینیان راگەیاند و تێکۆشانیان بەهێزتر کرد. دواتریش وەک دەزانرێت بە پێشەنگایەتی محەمەد خەیری دورموش، کەمال پیر، عاکیف یەڵماز و عەلی چیچەک لە ١٤ی تەمووزدا بەرخودانی رۆژووی مردنی گەورە ئەنجامدرا. بەم جۆرە بەرخودان لە زیندانەکاندا بەردەوام بوو. زیندانی ئامەد کە دوژمن کدبووی بە قەڵای ستەم بەو دەرکەوتنانە بووە قەڵای بەرخودان.
ئەو نەریتە ئەمڕۆش بەردەوامە. ئێستاش هاوڕێیانمان زیاتر لە سەد رۆژە لەپێناو ئازادی رێبەر ئاپۆدا و لە دژی گۆشەگیری مانیان لە خوارد گرتووە و درێژە بە مانگرتنەکە دەدەن. بەو بۆنەوە بە رێزەوە سڵاو لە سەرجەم ئەو هاوڕێیانەمان دەکەم کە لە چالاکی مانگرتن لە خواردندان.
بە کورتی مەزڵوم دۆغان بەو دەرکەوتنەی خۆی لە تێکۆشان لە دژی دوژمن لە زینداندا هۆشمەندی قارەمانێتی بونیادنا. فەرماندە عەگیدیش هەمان ئەو شتەی لە چیا ئازادەکان بەرەوپێش برد. وەک چۆن کودەتای سەربازی فاشیستی لە ١٢ی ئەیلولدا لە زیندانی ئامەد ستەم و زۆرداری خۆی جێبەجێ کرد و هاوڕێ قارەمانەکانمان بە سوتاندنی جەستەی خۆیان لە دژی ئەوان وەستانەوە، لەم سەردەمەشدا ئەو ئاڵایەی سەرهەڵدان کە بە پێشەنگایەتی فەرماندە مەعسوم کۆرکماز هەڵدرا، لە چیا ئازادەکان دەشەکێندرێتەوە. پەیوەست بەوە هەڵمەت و قەڵەمبازی مێژوویی ١٥ی تەباخی ١٩٨٤ دەستیپێکرد. بەم جۆرە هەڵوێست و بەرخودان لە زیندانەکان گۆڕدرا بۆ سەرهەڵدانێکی نەتەوەیی و ئەوەش لەگەڵ خۆیدا شۆڕشی ژیانەوەی ئافراند و قۆناغێکی مێژوویی بەرەوپێش برد. ئێستاش ئەو هەڵمەتە مێژووییە لە ٤٠ ساڵەی خۆیدایە. ئە هەڵمەتە مێژووییەی ١٥ی تەباخ کە بەر لە ٤٠ ساڵ پێشخرا، نەک هەر ژمارەیەکی زۆر شۆڕشگێڕ، راپەریو و سوپای خۆی بەرەوپێش برد، بەڵکوو هاوکات لە گەڵ خۆیدا زۆر قارەمانی وەک بەدرانەکان، ئەرداڵەکان، جەمشیدەکان، ماهیرەکان، بێریڤانەکان، بێریتانەکان، زیلانەکان، کەمال سپەرتیان، خەلیل دێرکەکان، جوڵعە بلکیان، رۆژهات بلوزەریان، نوژین خربکێبەستێیان، چیچەک کچیان، پڵنگ کچیانیشی ئافراند.
ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێیانمان وەک زەلال بۆتان، عەیسا دێرسیم، عادل بلکی، نودا کارکەر، رەشید سەردار، کەریم شڕنەخ، خەبات دێرک، نودەم ئامەد، جەمال ئامەد و زۆر هاوڕێی قارەمانی دیکەمان لە مێژووماندا هەن. شەڕ و تێکۆشانی ئێمە لە رێگەی ئەو قارەمانانەوە پێشکەوت.
هەروەها لەم ٩ ساڵەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر قارەمان دروست بوون، من لە کەسایەتی هاوڕێ دەلال ئامەد، عەگید جڤیان، ئاتاکان ماهیر، چیچەک بۆتان، دۆغان دیدەری، گوڵچیا گابار، ئازاد سیسەر، وەڵات هەرینکی، یڵماز دێرسیم، چەتین سیڤەرەک، لەیلا، یاشار، دڵگەش، ئاخین و جانشێردا هەموو ئەو قارەمانانەی کە لەم ٩ ساڵەی رابردوودا داستانی قارەمانێتیان تۆمارکردووە، بە رێز و پێزانینەوە بە بیر دەهێنمەوە. هەروەها لە سەر بنەمای ئەو قارەمانێتیە رۆحی گیانبازی زۆر بەرزبووەوە. من لە کەسایەتی سارا، روکەن، رۆژهات، ئەرداڵ، باگەر و ئاڤزەم هەموو گیانبازانی سەردەم بە رێزەوە یاد دەکەمەوە و بەژنی خۆی لەبەردەم یادی ئەواندا دادەنەوێنم.
بە کورتی قارەمانێتی نەبێت، هەبوونیش نییە. بۆ ئەوەی نەتەوەیەک هەبوون و مانەوەی خۆی بپارێزێت، پێوستی بە قارەمانێتی هەیە. دەرکەوتنی رێبەر ئاپۆ لەگەڵ خۆی قارەمانێتی هێنایە ئاراوە. رێبەر ئاپۆ لە سەرەتاوە دەیزانی کە ئەگەر قارەمانی نەبێت، هەبوونی نابێت. لەبەر ئەوەش سەرەتا لە کەسایەتی خۆیدا قارەمانێتی پێشخست. بەرخودانی رێبەر ئاپۆ لە دژی ئەشکەنجەی دەروونی ٢٦ ساڵە، بەرخودانێکە کە گوزارشت لە هەموو شتێک دەکات. واتە کاتێک مێژووی گەلان بە قارەمانێتی بەم جۆرە بڕازێتەوە، ئەو گەلە دەتوانێت درێژە بە هەبوونی خۆی بدات و ئایندەی خۆی بونیاد بنێت. ئەمرۆ گەلەکەمان لەو ئاستەدا تێکۆشانی خۆی بەرز دەکاتەوە و بەم جۆرە سەردەکەوێت. گەلێک کە خاوەنی قارەمانی لەم جۆرە بێت بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت. هەر گەلێک خاوەن ئەو قارەمانانە بێت کە لەپێناو داهاتووی گەلەکەیان و دۆزی ئازادی و دیموکراسیدا خۆیان بەخت بکەن، بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت.
لە رۆژانی رابردوودا لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا هێرشێکی نامرۆڤانە ئەنجامدرا و داعش هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت. دەبێت ئەو هێرشە چۆن هەڵبسەنگێندرێت؟
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە هەڵوێستی بزوتنەوەکەمانی لەسەر ئەو بابەتە بە راگەیەندراوێک بۆ رای گشتی راگەیاند. سەرەخۆشی لە تەواوی گەلی رووسیا دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. ئەو هێرشە دڕندانەیەی بە ناوی داعشەوە ئەنجامدرا، بە توندی شەرمەزار دەکەین. وەک رێکخستن و گەل لە دژی داعش خاوەن هەڵوێست و تێکۆشانین، رەنگە داعش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرتبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە بریتیە لەوەی کێ لە پشت هێرشەکەوەیە. بەر لە هەموو شتێک دەبێت ئەوە بزانرێت. ئەمڕۆ تورکیا شوێنێکە کە هەموو ئەندامانی داعش بە شێوەی ئاسودە و ئارام تیایدا دەسورێنەوە. زۆرینەیان خۆیان لەوێ ئامادە دەکەن. دەوڵەتی تورک ماوە ماوە لە رێگەی راگەیاندنەوە وەک ئەوەی ئۆپراسیۆن لە دژی داعش ئەنجام دەدات، هەواڵ بڵاودەکاتەوە. ئەو هەواڵە ساختانە هیج راستیەکیان نییە. راستە؛ ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدات؛ هەموو کەسانی لایەنگری داعش و ئەوانەشی لایەنگری نین دەستنیشانیان دەکات و هەندێک لەوانەی کە دەیەوێت دەیانگرێت. بەڵام دەبێت ئەو پرسیارە بکرێت؛ ئایا ئەو زیندانیانە چەند مانگ لە زینداندا دەمێننەوە؟ دەزانین کە زۆر نایانگرن. واتە لە رێگەی ئەو ئۆپراسیۆنانەوە لەبەردەم رای گشتیدا ریکلام بۆ خۆیان دەکەن. لە بنەڕەتەوە ساختەکاری دەکەن و سزای قورس بەسەر کەسدا ناسەپێنن. بەر لە هەموو شتێک دەبێت ئەوە بە باشی بزانرێت.
دووەم؛ زۆرینەی ئەو کەسانەی بەخۆیان دەڵێن لقی خوراسان لە تورکیا دەژین، کەس ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە لە تورکیا ماون، بەڵام میت زانیاری لەبارەیانەوە نەبووە و پەیوەندیشیان بە میتەوە نەبووە، ئەمانە پێکهاتەیەکن کە زۆر گونجاون بۆ دەستوەردان و بەکارهێنان؛ ئەو هێزانەی دەیانحەوێننەوە و شوێنی مانەوەیان پێدەدەن و بەکەڵکی بەرژەوەندییەکان بێن، ئەو پێکهاتەیە بەرەو شوێنێک کە بینەوێت ئاراستە دەکەن. لەبەر ئەوە ئەگەر لێکۆڵینەوە لەو رووداوەی مۆسکۆ بکرێت، راستیەکنی پشت پەردە ئاشکرا دەبن. بە گوێرەی بڕوای ئێمە میتی تورک لە پشت پەردەوە هەیە.
لە ئێرانیش رووداوێکی هاوشێوەیان کرد. لەوێ هێرشێکی خۆکوژی ئەنجامدرا؛ لەبەر ئەوەی هێرشبەران خۆیان لەناوبرد، ئەنجامێک بەدەست نەهێندرا، بەڵام راگەیەندراوە کە هێرشبەرانی مۆسکۆ دەستگیرکراون و لە ژێر دەستی رووسیادان. لەو بڕوایەداین کە لە لێکۆڵینەوەکاندا زۆر شت ئاشکرا دەبن. ئەگەر دەوڵيتی رووسی لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی راستەوخۆ ئاشکرای نەکات، ئەوە شتێکی دیکەیە، بەڵام ئەگەر ئاشکرای بکات دەردەکەوێت کێ لە پشت هێرشبەرەکنەوە بووە، ئاشکرا دەبێت کە ئەوانە دوور لە میت و رژێمی ئاکەپە-مەهەپە نین، دەردەکەوێت بۆ ئەوەی داواکاریەکانی بەسەر هەندێک هێزی جیاجیادا بسەپێنێت بە رێگەی زۆر شاراوە ئەو چەتانەی داعش بەکاردەهێنێت. هیواخوازین لە ماوەیەکی زۆر کەمدا راستیەکانی ئەو رووداوە ئاشکرا بێت و بخرێتەڕوو. جارێکی دیکە سەرەخۆشی لە سەرجەم گەلی رووسیا دەکەم و هیوادارم هەموو مرۆڤایەتی لە دژی دڕندەییەکی بەو جۆرە ببنە خاوەن هەڵوێست و دەست بخەنە دەستی یەکەوە.
هـ . ب