قەرەیلان: لێپرسینەوە لە هەموو دەستدرێژکاران دەکرێت و دەبێت باجەکەى بدەن

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، دەوڵەتی تورک بۆ شەڕ کراوەیە، لە دەستوەردان تاوەکو کوشتن بە سیاسەتی نەژادپەرەستی شەڕی تایبەتی دەرونی بەڕێوەدەبات. راشیگەیاند، "لێپرسینەوە لە هەموو دەستدرێژکاران دەکرێت و دەبێت باحەکەیان بدەن".

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، دەوڵەتی تورک بۆ شەڕ کراوەیە، لە دەستوەردان تاوەکو کوشتن بە سیاسەتی نەژادپەرەستی شەڕی تایبەتی دەرونی بەڕێوەدەبات. لەبارەی رووداوەکەى کەرجەوسەوە راشیگەیاند، "لێپرسینەوە لە هەموو دەستدرێژکاران دەکرێت و دەبێت باجەکەى بدەن".

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە وەڵامی پرسیارەکانی رادیۆ دەنگی وڵاتی دایەوە.

قەرەیلان لە سەرەتای وتەکانیدا سەرنجی خستەسەر هەڵمەتی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و وتی، "هەڵمەتی 'کاتی ئازادییە' هەڵمەتێکی گرنگە. ئیدی کاتی ئازادیی رێبەر ئاپۆ و کوردستان هاتووە. بێگومان ئەوەش لە خۆیەوە بە دی نایەت، پێویستە تێکۆشانی گرنگ و گەورەی بۆ بکرێت. هەلومەرجی ئەم سەردەمەش تێکۆشانێکی بەرفراوان و گرنگی دەوێت. هەستانەوە لە دژی گۆشەگیری بە مانای تێکۆشانە لە دژی فاشیزم".

قەرەیلان وتی، "تاوەکو رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت شەڕ کۆتایی پێنایەت، نە گەلی کورد ئازاد دەبێت و نە تورکیاش دیموکراتی دەبێت. لەبەر ئەوەش ئازادیی رێبەر ئاپۆ بابەتی ئاشتی و ئازادیی گەلانە، بابەتی دیموکراسییە. لەبەر ئەوەش دەبێت هەموو کەس لە چوارچێوەى ئازادیی رێبەر ئاپۆدا بجوڵێتەوە. چونکە لە تورکیادا بۆ ئەوەی رێگا بە رووی ئازادی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دا بکرێتەوە، دەبێت سیستمی ئەشکەنجەى ئیمراڵی نەمێنێت، کە بووە بە گرێ کوێرەیەکی گەورە. لەو چوارچێوەیەدا ئەو قۆناغی هەڵمەت و کەمپەینە، کە بەڕێودەچن بۆ ئەم دۆخ و سەردەمە زۆر گرنگن. هەڤاڵانیش لە زیندان دەستیان پێکردووە".  

قەرەیلان رایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی بەرخودان لە زیندانەکان ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردە و وتی، "بەڵام ئازادیی رێبەر ئاپۆ بەمانای ئازادیی هەموو دیلکراوەکانە، بە مانای ئازادیی کوردستان و دیموکراسییە بۆ تورکیا. بۆیە ئازادیی رێبەر ئاپۆ هەموویان لە خۆی دەگرێت. لەبەر ئەوەش چالاکیی هاوڕێیان لە زیندانەکاندا زۆر واتادار و گرنگە".

قەرەیلان باسی ئەوەیکرد، لەم رووەوە پێویستە بەو بەرپرسیارێتییەی لە دەرەوە هەیە، هەلومەرجی تێکۆشان و شۆڕش بئافرێنرێت.

قەرەیلان لە بەردەوامیی وتەکاندا رایگەیاند، "لێرەدا هەڵوێستی گەلەکەمان گرنگە. بنەماڵەى زیندانیان، مرۆڤ وڵاتپارێزەکانمان و رێکخراوە دیموکراتیکەکان، دەبێت هەموو کەس بە بەهێزی لە دەوری بەرخودانی زیندانەکان کۆببنەوە. یانی دەبێت چالاکوانان و گەلەکەمان زیاتر و بەهێزتر خاوەنداری لە یەکتر بکەن. کات کاتی ئەوەیە. ئەگەر بەو شێوەیە ببێت ئەوا ئێمە دەتوانین ئەو قۆناغی هەڵمەتە سەربخەین و ئەنجامی گرنگی لێ بەدەست بهێنن. هەر خۆی بەرخودان بەو شێوەیە دەتوانێت سەربکەوێت".

٥هەمین ساڵیادی بەرخودانی خۆبەڕێوەبەرییە

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەرێوەبەری پەکەکە بە بۆنەى ٥هەمین ساڵیادی بەرخودانی خۆبەڕێوەبەری وتی، "لە سوور، جزیر، شرنەخ، نسێبین، گەڤەر، هەزەخ، سلۆپی و زۆرێک لە شارەکانی تردا لەو کاتەدا قارەمانیی گەورە روویدا و داستان تۆمار کرا. لە کەسایەتیی چیاگەر، زەریان، خەباتکار، محەمەد تونج، روکەن، ئاخین، چەکۆ و ئیسلامەکاندا بە رێزەوە یادی هەموو شەهیدانی ئەو قۆناغە مێژووییە دەکەمەوە و ئەو پەیمان و بەڵێنەى بەو قارەمانانەمان داوە دووبارەی دەکەینەوە. ئەو هێڵەى کە ئەوان دایانناوە، بەرخودانەکەیان بۆ ئێمە هەموو کات دەبێتە رێنوێنیی بنەڕەتی، ئێمە بە گەورەکردنی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان خاوەنداری لە یادیان دەکەین. بە بەرخودانی مێژووییان لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دا لاپەڕەیەکی نوێیان کردەوە. دەبێت ئەو لاپەڕەیە راست و دروست بخوێندرێتەوە، چونکە هەندێک کەس و هێز ناتوانن ئەو لاپەڕەیە بە راست و دروست بخوێننەوە".

قەرەیلان باسی ئەوەیکرد، کە ٦٠ گەنجی قارەمان لە ناو ئامەد بە پێشەنگایەتیی چیاگەر ١٠٣ رۆژ بەرخودانی مێژووییان کرد و داستانیان تۆمار کرد، هەمان بەرخودانیش لە جزیر، شرنەخ، گەڤەر، نسێبین و هەزەخ هەبوو و وتی، "ئەو بەرخودانە پێش هەموو شتێک لە دژی پلانی تێکشکاندن، پلانی چۆک پێدادان بوو. ئەگەر ئەو بەرخودانە نەبوایە، لە هەموو کوردستان دا شتی زۆر قورستر بە سەر گەلەکەماندا دەهات. ئەو بەرخودانە لە بەردەم ئەو پلانەدا بووە لەمپەر و پلانەکەى پووچ کردەوە".

قەرەیلان لە بەردەوامیی وتەکاندا ئەوەشی راگەیاند، "لە جزیر، شرنەخ، سور و شارەکانی تر دوژمن سەرنەکەوت، بە پێچەوانەوە ئەوەى سەرکەوت و ئەنجامی بە دەستهێنا ئەو بەرخودانە مێژووییە بوو. خواستیان کۆمەڵگەکەمان لەو شوێنانەدا رادەستی خۆیان بکەن، بەڵام لە سایەی ئەو بەرخودانەدا پلانەکانیان پووچ بوویەوە. نەیانتوانی چۆک بە کەس دابدەن. رۆح و ورەی بەرخودان لە ناو کۆمەڵگەدا چێندرا. لەو کاتەوە ٥ ساڵە دوژمن هەوڵ دەدات، هەموو شەقامەکانی بە سەرباز گرتووە، هەروەها سووری بە تەواوی تێکدا و رۆشتن و هاتن بۆ ناو سوور قەدەغە کرا، تاوەکو ئێستاش رۆیشتن و هاتن بۆ ناو زۆرێک لە گەڕەکەکانی نسێبین قەدەغەیە. بەڵام نەیانتوانی گەلەکەمان رادەستی خۆیان بکەن. یانی ئێمە شەهیدمان دا، داستانی قارەمانانە تۆمار کران، بەڵام پلانی دوژمنیش بەو بەرخودانە پووچ کرایەوە. ئەوە زۆر واتادارە. یانی ئەو بەرخودان شەرەف و شکۆ و کەرامەتی گەلی کوردە. داهاتووی گەلی کوردە. کورد روون و زوڵاڵی کردەوە. نیشانیدا، کە داهاتووی گەلی کورد تەنها بە بەرخودان دەبێت".

"نەک تەنها پێشەنگە سیاسییەکان، بەڵکو دەبێت پێشەنگە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێزدی تێبکۆشن"

 قەریلاەن لە بەردەوامیی وتەکانیدا شیکاریی بۆ رێککەوتنی هەولێر – بەغدا لەسەر شەنگال کرد و وتی، "دژایەتیی دەوڵەتی تورک بەرامبەر خۆبەڕێوەبەری و خۆسەریی کوردان لە هەموو شوێنێکدا وەکیەکە. لە شەنگالیش بەو شێوەیە. نایەوێت کۆمەڵگەى ئیزدی خۆسەر بێت. خۆبەرێوەبردن لە یاساکانی عێراقی فیدراڵ دا هەیە. یانی ئەوەى ئێزدییەکان دەیانەوێت جگە لە یاساکانی عێراق شتێکی دیکە نییە. دەوڵەتی تورک لە هەموو شوێنێک لە دژی خۆبەڕێوەبەریی کوردانە. لە هەر شوێنێک بێت لە دژی دەوەستێتەوە و دەڵێت "ئەوە پەکەکەیە، بۆیە لە دژیم". بەڵام راستییەکە بەو شێوەیە نییە. گەلی کورد پێگە و کیانی دەوێت، دەیەوێت خۆسەر و خۆبەڕێوەبەر بێت. بۆ نمونە، کۆمەڵگەى ئێزدی هەموو کات لەلایەن ئیسلامەوە سەرکوتکراوە و کۆمەڵکوژکراوە، کەس خاوەنداریی لێنەکردوون و نەیپاراستوون. مافی رەوای کۆمەڵگەى ئێزدییە ببێتە خاوەنی هێزی خۆی، خۆی بپارێزت و خۆی بەڕێوەببات. لەو بابەتەدا نەک تەنها پێشەنگە سیاسییەکانی ئێزدی، بەڵکو دەبێت پێشەنگە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیش تێبکۆشن. ئەوان ئێستا بێدەنگن. بەڵام دەبێت گەلی شەنگال لە چوارچێوەی یاساکانی عێراق و حکومەتی کوردستانی فیدراڵ دا خۆبەڕێوەبەر بێت، دەبێت بتوانێت خۆی بپارێزت و خۆی بەڕێوەببات. ئەوە رەوایە. لەبەر ئەوەى دەوڵەتی تورک لە دژی ئەوەیە و لەو بابەتەدا گوشار دەکات، بەغدا و هەولێر لە ناو خۆیاندا رێککەوتنێکیان کرد، کە دەیانەوێت بەوە بڕۆنە سەر شەنگال.

"رێککەوتنی سەر شەنگال بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی کورداندا نییە"

لێرەدا حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی کازمی نەیتوانی هەڵوێستێکی بە ئیرادە نیشان بدات. ئەگەر هەڵوێستی ئیرادەی هەبوایە ئەوا بە تورکیای دەوت، "تۆ کارت بەسەر وڵاتی منەوە چییە، من ئەوە بەپێی خۆم و یاساکانی خۆم، هەڵدەسەنگێنم". لە راستیدا بە شێوەیەکی بێ ئیرادە نزیک بوویەوە. خۆی چەندین کێشەى هەیە، کە دەبێت چارەسەریان بکات، لە بریی ئەوەى قورسایی بخاتە سەر ئەوانە، دەیەوێت بەسەر شەنگال دا سەرکەوتن بۆ خۆی بە دەست بهێنێت. هەر خۆی کازمی دەڵێت، پێویستیی بە سەرکەوتن هەیە و بۆ ئەوەش ١٠ هەزار سەربازی بۆ شەنگال نارد. یانی دەیەوێت لەسەر کۆمەڵگەى ئێزدی و ئەوانەى لە فەرمان رزگاریان بووە، سەرکەوتن بۆ خۆی بە دەست بهێنێت.

لێرەدا لایەنە کوردییەکانش هەن. باشە لەو رێککەوتنەدا گەلی کورد چ بەرژەوەندییەکی هەیە؟ یانی لە کام یەک لە خاڵەکانی ئەو رێککەوتنەدا تێکۆشانی کوردایەتی بەرەوپێش دەڕوات! بە پێچەوانەوە دەیانەوێت خۆبەڕێوەبەری کوردانی ئێزدی لە دەستیان دەربهێنن. ئامانجی ئەو رێککەوتنە ئەوەیە. یانی ئەو رێککەوتنە هیچ بەرژەوەندییەکی بۆ کورد نییە. بەشداربوونی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەو رێککەوتنەدا ئەوە روون دەبێتەوە، 'ئەگەر من لەناو شتێکدا نەبم، چی دەبێت با ببێت، من ئەو شتە تێکدەدەم'. باشە پەدەکە جگە لەو هەڵسوکەوتە و نزیکایەتییە بە چ ئامانجێک لەو رێککەوتنەدا بەشدار بووە! لەو رێککەوتنەدا هەم هیچ بەرژەوەندییەکی کورد نییە و هەمیش هەموو دەستکەوتەکانی کورد لەو ناوچەیە رادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکرێت. یانی لە دژی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگەى ئێزدی رێککەوتوون. هەوڵەکەیان بۆ ئەوەیە. ئەوە راست نییە، بۆیە سیاسەتی عێراق و زۆرێک لە دام و دەزگاکانی دەوڵەتی عێراق ئەو رێککەوتنەیان قبوڵ نییە".

'دوژمن لە کوردستان بە شێوازی شەڕی تایبەت هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگەى کوردستان'

قەرەیلان لەبارەی رووداوەکانی دەستدرێژی، کۆمەڵکوژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە باکووری کوردستان، کە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دەدرێن، وتی: "لە کوردستان دوژمن نەک تەنها هێرش دەکاتە سەر گەریلا و چالاکوانانی سیاسی، بەڵکو لە هەمان کاتدا بە رێبازی شەڕی تایبەت هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگەى کوردستان. لە ناو کۆمەڵگەى کورداندا بە تایبەتی ژنان و گەنجان دەکرێنە ئامانجی سەرەکی. دوژمن بۆ تێکشکاندنی کۆمەڵگەکەمان دەیەوێت، کۆمەڵگە بەرەنگاری نەکات و رادەست ببێت و بتوێتەوە. بۆ ئەوەش پیلانەکانی شەڕی دەرووونی و تایبەت بەڕێوەدەبەن. لە دژی ئەو سیاسەتە بزووتنەوەى ژنانی ئازاد دروشمی "ئێمە خۆمان دەپارێزین" بەرزکردووەتەوە و هەڵوێستی خۆپاراستنیان خستووەتەڕوو. ئەوە زۆر گرنگ و واتادارە".

'ئەفسەرە پسپۆڕەەکان ئەگەر کورد بن خائینن، ئەگەر تورک بن، داگیرکەر و چەوسێنەرن'

قەرەیلان لەبارەی دڕندەیی و دەستدرێژییەکەى ناوچەى کەرجەوسی ئێلح وتی، "رووداوی دەستدرێژییەکەى کەرجەوس، کە لە میدیاکاندا دەنگی دایەوە، دڕندەییە. پێش هەموو شتێک ئەوەی لەو رووداوە تێدەگەین، ئەوەیە کە ئەنجامدەرانی سەرەکیی ئەو رووداوانە ئەفسەرە پسپۆڕەکانن. ئاشکرایە دەوڵەت تەنها بۆ شەڕ مووچە بە ئەفسەرە پسپۆڕەکان دەدات، بەڵکو هاوکات ئەفسەرە پسپۆڕەکانیان ئەرکدار کردووە بۆ یاریکردن بە شەرەف، شکۆ و کەرامەت و ناموسی گەلی کورد، تاوەکو بە کارە قێزەونەکانیان کۆمەڵگە لەبەر یەک هەڵوەشێنن، بۆیە داوا لە گەلی کورد، گەنجان و کچانی کورد دەکەم، لە دژی ئەو ئەفسەرە پسپۆڕانە هۆشیار بن، ئەوانە مرۆڤی ئاسایی نین، نامەردن. ئەگەر کورد بن ئەوا خائینن، ئەگە رتوک بن ئەوا نوێنەری داگیرکەری و چەوسانەوەن. دەبێت ئەوانە لە ناو کۆمەڵگەدا ریسوا بکرێن و تەریک بخرێن. دوای پارە کەوتوون. بۆ ئەوەى خوێن بڕێژین و بۆ ئەوەى یاری بە شکۆی کۆمەڵگەى کورد بکەن، پارە وەردەگرن. دەبێت گەلەکەمان لە دژی ئەوە هۆشیار بێت و لە دژیان بوەستێتەوە".

قەرەیلان سەرنجی خستەسەر بێدەنگیی کۆمەڵگە لە دژی ئەو کارانە و وتی، "دەبێت بێدەنگ نەبن. بزووتنەوەى ژنان تاوەکو ئاستێک تێدەکۆشن، بەڵام دەبێت کۆمەڵگە بە تەواوی تێبکۆشێت و ناڕەزایەتی نیشان بدات. دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت، کە هیچ کەس و و نوێنەرێکی  داگیرکەریی تورک بە هیچ شێوەیەک راستگۆیانە و دروست لە گەنجانی کورد نزیک نابنەوە. چ ژن یان پیاو بێت، ئەوان هەموو کات دەیانەوێت گەنجانی کورد تێکبدەن. دەیانەوێت بیانکەن بە سیخوڕ و بەکاریان بهێنن. هەوڵ دەدەن بە دەستدرێژی کۆمەڵگە لە ئەخەلاق بخەن و لە رێگای راست دووری بخەنەوە".

قەرەیلان ئاماژەى بەوەکرد، ئێستا لە تورکیا لە رژێم ئارتاید زیاتر نەژادپەرەستی دەکرێت و وتی، "کاتێک کوردێک دەکوژرێت، تۆ دەبینیت سەرەتا راگەیاندراوێک یان لێدوانێک بڵاو دەکەنەوە، هەوڵ دەدەن راستییەکە پێچەوانە بکەنەوە، دواتریش رووداوەکە دەشارنەوە. مرۆڤەکانمان لە کۆپتەرەوە هەڵدەدەنە خوارەوە، بەڵام تۆ دەبینێت، کەسێک کە سیفەتی وەزیری هەیە، لە پەرلەماندا بەرگری لەو تاوانە دەکات. یانی مرۆڤی ئێمە لە کۆپتەر هەڵدەدەنە خوارەوە، دڕندەیی دەکەن و ئەو دڕندەییەش رەوا نیشان دەدەن".

"بە دڵنیاییەوە لێپرسینەوە لێدەکرێت و باجی هەمووی دەدەن"

قەرەیلان رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە کوردستان سیاسەتی نەژادپەرەستی بەڕێوەدەبات و بە رێبازی جیاجیا ئەو رووداوانە دەشارێتەوە و وتی، "لێپرسینەوە لە هەموویان دەکرێت و دەبێت باجەکەى بدەن. پەکەکە لەبەر ئەوە دەستی بە تێکۆشان کرد. پەکەکە بۆ تۆڵەکردنەوەی شتی لەو جۆرە هەیە. دەبێت گەلەکەمان ئەوە بزانێت. ئێمە بەرامبەر بە کردەوەکانی  دوژمن بێدەنگ نابین و ئێمە لێپرسینەوەیان لێدەکەین و ئێوەش لێپرسینەوەیان لێ بکەن".

قەرەیلان ئاماژی بەوەشکرد، پەکەکە بۆ ئەوەى لێپرسینەوەى مێژوویی لە داگیرکەریی تورک بکات دەستی بە تێکۆشان کرد و ئەو تێکۆشانە تێکۆشانی لێپرسینەوەیە، تێکۆشانی دادپەرەورەی و بەدیهێنانی ئازادییە.

"لە ساڵی ٢٠٢١دا بە دڵیناییەوە تێکۆشان بەهێزتر دەبێت"

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە لە کۆتایی وتەکانیدا رایگەیاند، دەیانەوێت لە ساڵی ٢٠٢١دا گەریلاکانی سەردەم بە هەموو شێوەیەک لە ئەرکەکانیاندا بخەنە کار و وتی، "ساڵی ٢٠٢١، دەبێتە ٤٣هەمین ساڵی حیزبەکەمان. ٤٣هەمین ساڵ بۆ تێکۆشانی ئێمە بە دڵنیاییەوە نابێتە ساڵێکی ئاسایی. ئەو رووداوانەى روودەدەن لە ئێستاوە نیشاندەری ئەوەن، کە دەبێتە ساڵێکی ئاوارتە و گرینگ. بڕیارداری و پێداگریی بەهێزمان، کە لە هێزی شەهیدانەوە وەرمانگرتووە، ئەوەیە کە ئەمساڵی تێکۆشانمان بکەین ساڵی پێشکەوتن".

ژ.ت