بە دیمەن

سەدان ئێزدی لە کەمپەکانی پەدەکە هەڵاتن: بانگەوازی بەپەلە لە عێراق کرا!

سەدان ئێزدی کە لەلایەن پەدەکەوە بە زۆرەملێ لە کەمپەکانی دهۆک ڕاگیرابوون، بەرەو شەنگال هەڵاتن. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بانگەوازی بەپەلەی لە عێراق کرد.

ڕاگەیاندرا پاش لێدوانەکەی بەرپرسەکەی پەدەکە لە شەنگال، قاسم شەشۆ کە بێڕێزی بە پێغەمبەری ئیسلام کردبوو، سکاڵای یاسای لەدژی کرایەوە و بڕیاری گرتنی بۆ دەرچوو، هەروەها هەندێک مەلا لە بادینان هەڕەشەیان لە ئێزدییەکانی ناو کەمپەکانی دهۆک کردبوو. بەهۆی هەڕەشەی هێرش بۆ سەر کەمپی ئاوارە ئێزدییەکان لە دهۆک، هەزاران ئێزدی خێمەکانی خۆیان جێهێشت و ڕوویانکردە شەنگال. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بۆ پاراستنی جڤاکی ئێزدی بانگەوازی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرد، دەستوەردان لە ڕەوشەکەدا بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان تادێت ڕەوشەکە لەو هەرێمە ئاڵۆزتر دەبێت، بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە بۆ سەر کەمپەکان، کۆچبەرانی ئیزدی لە کەمپەکانی چەم مشکۆ لە زاخۆ و کەمپەکانی تر، خێمەکانیان جێهێشتووە و بەرەو شەنگال هەڵدێن.

جڤاکی ئێزدی لەژێر هەڕەشەیەکی جدییە

لەم بارەیەوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بە ڕاگەیاندراوێکی بەپەلە بانگەوازی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرد. داوای لە عێراق کرد دەستوەردان لە ڕەوشەکەدا بکات، چونکە ڕەوشی جڤاکی ئێزدی لە کەمپەکاندا لەژێر مەترسیدایە. هەروەها بانگەوازی لە هەموو کۆچبەرانی نێو کەمپەکان کرد، بگەڕێنەوە بۆ شەنگال.

هەروەها داوای کرد دەستبەجێ دەروازەی سنووری پیشخابوور بۆ ئێزدییەکان بکرێتەوە.

زانراوە کە بەرپرسانی پەدەکە دەیانەوێت بەزۆرەملێ ئێزدییەکان لە کەمپەکان بهێڵنەوە، ئەو خێزانانەی دەیانەوێت لەڕێگەی دەروازەی پیشخابوورەوە بگەنە ڕۆژئاوا، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە ڕێگریان لێ دەکرێت. زانراوە، لەبەردەم دەروازەی سنووری پیشخابوور قەرەباڵغییەکی مەزن دەبینرێت.