سوپای داگیرکەری تورکیا هێرش دەکات و گەریلا بەتوندی بەرپەرچ دەداتەوە (نوێ کرایەوە)

سوپای داگیرکەری تورکیا ئۆپەڕاسیۆنی لە دژی باشوری کوردستان دەستپێکرد و لە هەرێم مەتینا گەریلاکانی ئازادی بەتوندی بەرپەرچیان دەدەنەوە و شەڕ تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەچڕی بەردەوامە.

ئێوارەی شەوی هەینی، لە کاتژمێر ١٩:٠٠بەکاتی باشور،  سوپای داگیرکەری تورکیا، بەفڕۆکە و هەلیکۆپتەری جەنگی و تۆپخانەی دوورهاوێژ بۆردومان و تۆپبارانی هەرێمی مەتینای سەر بە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیای کرد.
سەرچاوە هەرێمیەکان ڕایانگەیاند: لە پاش بۆردومان و تۆپبارانەکەی مەتینا، سوپا داگیرکەرەکەی دوژمن ئۆپەڕاسیۆنی داگیرکاری لە دژی باشوری کوردستان دەستپێکردوە و ئۆپەراسیۆنەکە بەرزاییەکانی زەندورا، دەرارێ،و کۆردینە و ناوچە سنوریەکانی کانی ماسی و بامەڕنی کردوەتە ئامانج.
لەبەرامبەردا، گەریلاکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) و یەکینەکانی ژنی ئازاد (یەژەئاستار) بە بەرخودانێکی کەم وێنە ڕووبەڕووی سوپاکەی ڕژێمی تورکیا بوونەتەوە و ئۆپەڕاسیۆنەکەیان ئاستەنگ کردووە و ڕێگەیان بە دوژمن نەداوە لە چەندین شوێن بەهەلیکۆپتەری سەربازی لە جۆری سکۆرسکی سەرباز دابەزێنێت.
تا ئەم ساتانە دوژمن ناوچەکانی شەڕ بەچڕی بۆردومان دەکات و بەهۆی بەرخۆدانی گەریلاوە شەڕێکی سەخت لە هەرێمەکە لە ئارادایە.

هاوکات لە سەربازگەکانی سەرسنور لە دیوی باکوری کوردستانەوە، سوپای داگیرکەری تورکیا دەستی بەجموجوڵی سەربازی کردوە و لە کاتژمێر ١٩:٠٠ی ئێوارەی دوێنێ هەینییەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە فڕۆکەخانەی سەربازی ئامەدەوە پەیتا پەیتا فڕۆکەی جەنگی بەرەو هەرێمی مەتینا هەڵفڕیون و زیات لە ١٠ جار بەچڕی بۆردومانی دەڤەرەکانی هەرێمەکەیان کردوە.

هـ.هـ