سیامەند موعینی: پێویستە شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' بە شێوازێکی رادیکاڵ بەردەوام بێت

سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پەژاک لەبارەی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' وتی: "پێویستە شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' بە شێوازێکی رادیکاڵ بەردەوام بێت. پێویستە ئەو لایەنانەی شۆڕش بەهێز بکەین کە پێش بە لاڕیدا چونی بگیردرێت...

سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پەژاک لەبارەی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' وتی: "پێویستە شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' بە شێوازێکی رادیکاڵ بەردەوام بێت. پێویستە ئەو لایەنانەی شۆڕش بەهێز بکەین کە پێش بە لاڕیدا چونی بگیردرێت. گرنگە گەلی کورد بەبێ جیاوازی فکری و پاڕادایمیکی یەکریز و یەکدەنگ حەڕەکەت بکات".

ناوەندی هەواڵەکان

سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەبارەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شای ئێران و هاتنی خومەینی و و شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دایەوە.

-  بارودۆخی ئێران لە پێش ساڵی ٥٧ لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

سیامەند موعینی: بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران کە ئەم شۆڕشە بە پلانی مودیرنیتەی سەرمایەداری و کۆنەپەرەستی سونەتی ئێرانی بە لاڕێدا بردرا و هەموو ئاواتەکانی سەردەمی خۆی بە ئێعدام و کوشتار و ئەشکەنجەی ناو زیندانەکان لە لایەن دەستەڵاتی تازە پێگەییشتوی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەرەو فەنا برد. گەلانی ئێران ئازادی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتیان دەویست و ئاواتی ژیانێکی ئارام و بێ کێشەیان دەخواست. گەلانی ئێران بە گشتی دەیانویست کۆتایی بە دیکتاتۆریەتی پاشایەتی بهێنن کە لەو کاتدا ببو بە ژاندارمی ناوچەکە و ناوخۆی ئێرانی کردبوە زیندان بۆ ئازادیخوازان. لە بواری ئابوریەوە کەلێنێکی گەورەی لە نێوان هەژاری و ساماندا پێک هێنابوو کە ئەمڕۆکە بەشێک لە میلیاردەرەکانی بازنەی دەستەڵاتی ئیسلامی ئێران جێگەی خوێنمژەکانی سەردەمی پاشایەتیان گرتۆتەوە. لەو سەردەمدا دەستەڵاتی شای ئێران هەموو حیزبی سیاسی لە ئێران قەدەغە کرد و هیچ حیزبێک مافی کاری سیاسی نەبوو و حیزبێکی بە ناوی حیزبی رەستاخیز دامەزراند کە سەر بە حکومەت بوو، گوتیان هەر کەس ئەم شێوازەی ناوێت لە ئێران دەرکەوێت و بچێتە شوێنێکی تر. هەم بواری ئابوری ئەو کەلێنە گەورەیەی تێکەوتبوو، هەم باری سیاسی دەرفەت بە هیچ بیرجیاوازێک نەدەدرا و هەر کەس لە بواری سیاسیەوە چالاک با یان تەنانەت چەند نوسراوەیەکیشی خوێندباوە کە لە روانگەی دەستەڵاتەوە نایاسایی بوو دەکەوتنە ناو زیندانەکانی پاشایەتیەوە و لە ژێر ئەشکەنجەی ساواکدا هەموو بێحورمەتیەکیان پێ دەکرا. ئەم رەوشە کە بە شێوازێکی دیکتاتۆری و خەفەقانەوە بەڕێوە دەچوو، پێش زەمینەی بۆ سەرهەڵدان و دژبەرایەتی دەستەڵاتی ئەو سەردەم ئامادە کرد و خەڵکی وەزاڵە هاتوی ئێران بە هەموو نەتەوەکانەوە بە دژی سیستمی دیکتاتۆری پاشایەتی ئێران هەستانە سەر پێ و لە هەرچوار دەوری ئێران بە دژی دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی پاشایەتی رژانە شەقامەکان و شۆڕشی گەلانی ئێران پێش ئەوەی لە لایەن کۆنەپەرەستی سونەتیەوە بە یارمەتی مودەرنیتەی سەرمایەداریەوە داگیر بکردرێت بە روحێکی شۆڕشگێڕیەوە هەموو شەقامەکانی ئێرانیان گرتەوە و لە هەموو شارەکانی ئێران بە یەکگرتویی بە دژی دیکتاتۆری پاشایەتی هەستانە سەر پێ، بەڵام هەر وەک ئاماژەم پێدا بە پیلانی نگریس ئەم شۆڕشە دەستی بە سەردا گیرا.

-  بە گشتی چی بوو بە هۆکار تا تەواوی گەلانی ئێران بە دژی شای ئێران راپەڕن؟

سیامەند موعینی: هەر وەک لە پرسی یەکەمدا ئاماژەیەکی کورتی کۆمەڵایەتی و سیاسیمان بۆ دۆخی ئەو سەردەم کرد، دەستەڵاتی کۆنەپەرەست و دیکتاتۆری محەمەد رەزاشا بۆ یەکدەست کردنی کۆمەڵگەی فرەڕەنگی ئێران دەستی برد بۆ کوشتار و گرتن و تۆقاندنی کۆمەڵگە و لە پلانی هەبوو بە هێزی سەرکوت و بە پەلە ئەم کۆمەڵگەیە کە هێشتا لە قەوارەی سونەتی و کولتوری فێئۆدالیدا دەرنەچوبوو، بە شێوازێکی ناسروشتی دابڕێژێتەوە و ئامادەی بکات بۆ بە مەیدان کردنی کۆمەڵگە بۆ بازاڕی سەرمایەداری، لە بەرامبەردا کۆمەڵگە کاردانەوەی نیشاندا و تاقەتی ئەم گۆڕانکاریەی نەبوو و کەوتە بەربەرەکانی لە گەڵ دەستەڵاتی پاشایەتی، تا ئاستێک رەنگە گەلان ناسنامەی خۆیان بەتەواوی لە مەترسیدا دەبینی و روبەڕوی دەستەڵات دەبونەوە. شونیزمی ناوەندگەرایی لە ئیدارەی بەڕێوەچونی ئێران وەک نەریتێکی سیاسی پێکرابوو ودەستەڵات خەریک بوو ئەم نەریتە نورمالیزە بکەن و لەم راستایەدا ئاسیمیلاسیۆن بە ئەنجام بگەیەنن. عەداڵەتی کۆمەڵایەتی پەیڕەو نەدەکرا و یەکسانی چینایەتی هیچ پێگەیەکی نەبوو، بۆیە هەموو گەلان و بە گشتی دانیشتوانی ئێران لەو دەستەڵاتداریەتیەی پاشایەتی ناڕازی بوون.

لە پەراوێزی کێشەکانی ناوخۆیی لە ئێران و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لەلایەن ئێلیتێک بە سەر خەڵکدا و هاوکات ترۆریزەکردنی خەڵک و تۆقاندن و لێدان لە کۆمەڵگە، زەختێکی زۆری خستبوە سەر جەماوەر و لە بواری سیاسەتی جیهانی  ئێران خۆی بە سیستمی کاپیتالیزمەوە بەستبۆوە و وەک ژاندارمی ناوچەکە هەڵس و کەوتی دەکرد. لە سەر مژاری نەوت و هاوکات لە گەڵ پلانی ئاڵوگۆریەکانی سیستمی جیهانی لە ناوچەکە، سیاسەتی ئێران بەتەواوی لە گەڵ ئەم سیستمە نەدەچوە پێش، بۆیە لە روانگەی هێژمۆنی جیهانی مسیۆنی ئەم دەستەڵاتە بەرەو کۆتایی دەچوو و لە کۆنفڕانسی گوادلۆپ لە ٤ تا ٧ ژانویەی ١٩٧٩ بڕیاری کۆتایی حکومەتی شاهی لە ئێران لە لایەن ٤ دەوڵەتی ئامریکا، ئینگلیس، فەڕانسە و ئاڵمانی رۆژاوای ئەو کات درا و ئەرکەکانی ژاندارمی ناوچەکە ئیتر پێویستی نەمابوو و لە سەر ئەم ئەساسە، شای ئێرانیان مەجبور بە چونە دەرەوە لە ئێران کرد و دەزانین هاوکات ئەم حکومەتە دیکتاتۆرە کە هیچ پشتیوانیەکی جەماوەری گەلانی ئێرانی لەگەڵ نەبوو، نەیتوانی لەبەرامبەر سیاسەتی جیهانی دەوام بهێنێت و لە ماوەیەکی کورتدا دەستەڵاتیان لە دەست دا و شای ئێران و بەشێک لە دەستەڵاتداران کەوتنە بەر عەداڵەتی سروشتی.

- ئەوکەسانە کێ بوون کە پێشەنگایەتی ئەو شۆڕشەیان کرد؟

سیامەند موعینی: ئەو کەسانەی بەشدار و چالاکی تێکۆشان بە دژی شای ئێران بوون، لە تەیفی جیاواز پێکهاتبوون. دەستپێک گەنجانی خوێندکار کە باوەڕیان بە سوسیالیزم و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی هەبوو لە ناو حیزبە چالاکەکانی ئەو سەردەمدا بە نەهێنی خۆیان بە رێکخستن دەکرد و زانکۆکان و زیندانەکانیان کردبوە ناوەندی پەروەردە و بە دژی ناعەداڵەتی و دیکتاتۆری شای ئێران و زەخت و فشاری ساواکی ئێران پرۆپاگەندەیان دەکرد. ساواکی شا خەڵکیان زۆر ترساندبوو و زۆر کەس نەیدەوێرا بە هیچ شێوازێک ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن، بەڵام بوێری گەنجان لە زانکۆ و بەرخۆدانیان لە زیندانەکان بوێری دەدا کۆمەڵگە و ئەو ترسەی کە ساواک خستبویە ناو دڵی خەڵکەوە، بە تێکۆشانی ئەو گەنجانە کاریگەری خۆی لە دەست دەدا. لە پڕۆسەیەکی زەمانیدا هەم لە کوردستان و هەم لە شوێنەکانی تری ئێران بەربەرەکانی لە بواری پڕاکتیکەوە بە دژی ئەم سیستمە فۆڕمی دەگرت. ساڵانی ٤٦-٤٧ شۆڕشگێڕانی کورد بە دژی شای ئێران سەرهەڵدانیان کرد کە بەهۆی خەیانەتی بەشێک لە خەیانەتکارانی کورد ئەم سەرهەڵدانە لاواز کرا و لە شوێنەکانیتر وەک سەرهەڵدانی چریکە فیداییەکانی ئێران لە سیاهکەل، ئەوانە نمونەی زیندوی تێکۆشان دژی دیکتاتۆریەت و پاشایەتی بوو کە باندۆری خۆی لە سەر شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی حکومەتی پاشایەتی دانابوو.

- چۆن بوو کە شۆڕش لە لایەن خومەینیەوە دەستی بەسەردا گیرا؟

سیامەند موعینی: سیستمی کاپیتالیستی، بە هۆی کاراکتەری تایبەت، نەیهێشتوە لە ناوچەکەدا ئازادی و دێمۆکڕاسی جێگیر بێت و دەزانین لە دوای پەیمانی سایکس پیکۆ و لۆزان بەردەوام بۆ کۆنترۆل کردن و خستنە ژێر چاوەدێری ناوچەکە بە پلانی جیاواز و یارمەتیدانی گوێڕایەڵانی خۆیان لە ناو بازنەی دەستەڵات و مانەوەی ئەم کەسانە و بە هێز کردنیان، بەرژەوەندیە ئابوری و ژئۆپۆلتیکی خۆیان لە قەوارەی ئەم دەستەڵاتە بەکرێگیراوانەدا مسۆگەر بکەن. لە بیرمان نەچێت کە سەردەمی هاتنەوەی خومەینی، شەڕی ساردی بلۆکی سوسیالیستی و بلۆکی سەرمایەداری لە ئارادابوو و لەم چوارچێوەیەدا سیاسەت لە لایەن ئاکتەرانەوە دادەڕژاوە. بە هۆی دیکتاتۆریەتی شای ئێران و نەبونی دێمۆکڕاسی لە ئێران زەمینەی چالاک بونی کۆمەڵگە بۆ مداخلاتی سیاسی فاکتەرێکی لاواز بوو و رۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنیان تا حەدی نەمان لاواز کردبوو و ئەوەی دەرفەتیشی دەدرایە سەر بە حکومەت و بە شێوازێکی کارتۆنی و نمایشی هەبوو و نەیاندەتوانی رۆڵ بگێڕن. دەزانین کە لەو سەردەمدا بە پلانی مۆدەرنیتەی کاپیتالیستی، ئیسلامی سیاسی خەریک بوو مەیدانی دەگرت و تەیفی سونەتی لە ئێران و بەتایبەت لە ناوەندی ئێران پێگەی بەهێزی هەبو، بۆیە بە یارمەتی سیاسەتی جیهانی زۆر بە ئاسانی خومەینی توانی جڵەوداری شۆڕشی گەلانی ئێران بێت و تەنانەت ببێتە ئاکتەر و موخاتبی سەرەکی و ئیتر دەست بە سەر ئەم شۆڕشە دێمۆکڕاتیکەدا بگرێت و لە ئەنجامدا دیتمان چی بە سەر ئەم وڵاتەدا هێناوە.

- هەڵەکانی ئەو کەسانەی پێشەنگی شۆڕش بوون چی بوون؟

سیامەند موعینی: بە گشتی ناتوانین وەک هەڵە ناویان بەرین بەڵکو کۆمەڵێک فاکتۆر و مژار بەیەکەوە کۆ بونەوە و رەوشێکیان هێنایە ئاراوە کە لە ژێر کۆنترۆڵدا نەما. رەوشەکە بە ئاقارێکدا رۆییشت کە رەنگە دڵخوازی تاکەکانی ناو ساحەش نەبوو، بەڵام ئەگەر بەگشتی خەسارناسێکی سەرپێیی لە سەر ئەم مژارە بکەین دەتوانین باس لەوە بکەین کە یەکەم، بە هۆی دیکتاتۆریەتی دەستەڵاتی پاشایەتی ئەو سەردەم، کۆمەڵگەی مەدەنی دەرفەتی گەشەکردنی پێ نەدرابوو و نەیتوانیبوە رۆڵی خۆی لەم شۆڕشە بگێڕێت، دوهەم دەرفەتی هەبونی حیزبی سیاسی لە کۆمەڵگە وەرگیرابوو و تەنیا حیزبێک کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەستەڵات بوو و دەرفەتی چالاکی هەبوو و خەڵک مەجبور بوون هەموو ببنە ئەندامی حیزبی رەستاخیز و حیزبەکانی تر قەدەخە کرابون و نەیاندەتوانی چالاکی بکەن و ئەوەش پێشی گەشەی دێمۆکڕاتیکی لە کۆمەڵگە بەربەست دەکردەوە، سێهەم خەتی سیاسی ئەو حیزبانەی کە بە نەهێنی چالاکیان دەکرد زۆرتر لە خەتی سۆڤیەت و رئال سوسیالیزمەوە سەرچاوەیان دەگرت و لە گەڵ رئالیتەی کۆمەڵگە ئاوێتە نەبون و زۆرتر بە شێوازێکی روتینی و کلیشەیی و روکەشی لە گەڵ سیاسەت تێکەڵاویان هەبوو، چوارەم خوێندنەوەیەکی دروستی سیاسی لە پلان و پڕۆژەکانی هێژمۆنخوازانی جیهانی نەبوو و ئەوەش وایکردبوو کە بەرژەوەندیەکان بە کاناڵی جیاوازدا تێپەڕدەبوو، پێنجەم کۆمەڵگە بەرێکخستن کراو نەبوو و بەشێوازێکی بەربڵاو و بە قەولی دەڵێن بە قوتببەندی و دەستەبەندی دژبەر دابەش ببون و یەکگرتویی دێمۆکڕاتیک دەرفەتی پێنەدرابوو لە ساحەی سیاسەتدا رۆڵ بگێڕێت. لە بەر ئەم هۆکارە و هۆکارگەڵێکی تری جیاوازی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، بە پیلانی زلهێزەکان دیکتاتۆرێک وەلانرا و دیکتاتۆرێکی تر بە پۆششێکی ترەوە بە سەر کۆمەڵگەی ئێراندا قالب کرا و مێدیای جیهانی و بە تایبەت ئوروپایی وەک ب ب سی بە تەواوی کەوتە خزمەت رەوتی ئیسلامی سیاسی و خومەینیان وەک نەجات دەرێک بۆ ئێران بە نمایش دانا و بۆ سەر گەلانی ئێران زەق کردەوە و دایان سەپاند، بە بێ ئەوەی بەرەی ئازادیخواز بتوانێت کاردانەوەیەک دژبەر هەبێت کە بۆ خۆی لە قەیرانی ئایدئۆلۆژیک و فکریدابوو و لە ناو ناکۆکیەکانی خۆیاندا پەنگیان خواردبۆوە.

- لە ماوەی ئەو ٤٤ ساڵەی رابردوو دەسەڵاتداری دەوڵەتی ئێران رەوشی کۆمەڵگای ئێران و بە تایبەت رەوشی گەلی کورد چۆن دەخوێننەوە؟

سیامەند موعینی: هەمومان ئاگادارین کە لە دەستپێکی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی ئێران و هاتنەوەی خومەینی بۆ ئێران، بە ناوی ئۆمەتی ئیسلامی دژایەتی هەربۆچونێکی جیاوازیان کرد و دژبەرانی خۆیان بە هەمو شێوازێک لە ساحە بەدەر دەکرد. گەلی کورد کە دوای دەیان سال لە ژێر حکومەتی فاشیستی پەهلەویدا، خولیا و ئاواتی گەییشتن بە ئازادی بوو و بە سەدان و هەزاران رۆڵەی تێکۆشەری کردبوە قوربانی، بە هاتنی کۆماری ئیسلامیش ئەم رەوتە بەرامبەر بە گەلی کورد بەردەوم بوو و حکومەتی تازە بە دەستەڵات گەییشتوی ئیسلامی کەوتە دوژمنایەتی گەلی کورد و کوشتار و قەتڵوعامی گەلی کوردی دەستی پێکرد. لە ئێران هەموو ئازادیخوازان بە بێ جیاوازی فکری و ئایدئۆلۆژیکی کەوتنە زیندانەکانی ئەم رژیمە و لە ژێر ئەشکەنجەدا، یان تەسلیمیان دەکردن یان ئێعدام دەکران، بەهەزاران ئینسانی تێکۆشەر و ئازادە گیانیان کردە قوربانی. سیستمی تازە بە دەستەڵات گەییشتوی خومەینی فەزایەکی خۆف و تۆقێنەری بۆ هەموو گەلانی ئێران ساز کردبوو کە لە ئەنجامدا زیندانێکی بەرفراوان لە هەموو ئێران ساز کرا. گەلی کوردیش کەوتە بەر رەحمەتی خومەینی و فەرمانی فتوای ٢٨ گەلاوێژ و قرکردنی گەلی کوردی لێکەوتەوە و خولیا و ئاواتەکەنی ئازادی بە کوشتار و خوین بەرسیڤ دراوە.

- دوای ٤ دەیە جارێکی دیکە گەلانی ئێران بە دژی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران رابوونەو شۆڕشێک لە ئارا دایە ، ئەو شۆڕشە لەم ماوەیە دا توانیوێتی چی بگورێت؟

سیامەند موعینی: هەروەک باسمان کرد گەلی کورد لە دەستپێکی هاتنەوەی خومەینی و بەدەستەوە گرتنی دەستەڵات لە لایەن ئیسلامی سیاسیەوە، گەلی کورد بەتێکۆشان بۆ گەییشتن بە ئازادی کەوتە بەربەرەکانی لەگەڵ ئەم سیستمە و بە هەزاران قوربانی لێکەوتەوە و هیچ کات ئاشتبونەوەیەک لە گەڵ ئەم دەستەڵاتە نەهاتە ئاراوە. بە ئاوڕدانەوەیەک لە سەرهەڵدانەکان و خۆپێشاندانەکانی دژی ئەم دیکتاتۆریەتە، گەلی کورد بەردەوام لە ساحەی سیاسی و مەیدانیدا بووە و دژایەتی خۆی لە هەمبەر دیکتاتۆریەت نیشان داوە. گەلی کورد وەک گەلێک کە بۆ ئازادی تێکۆشانی کردوە، توانیویەتی لە بوارەکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی و کولتوری تا رادەیەک خۆی بە رێکخستن بکات و لەم مژارانەدا پێش بکەوێت و ئەوەش لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکانی شۆڕشی ژن، ژیان،ئازادی، توانی وەک پێشەنگ لە هەموو ئێران دەرکەوێت و رۆڵی کورد و پێشەنگایەتی گەلی کوردی ئازاد بوو بە نمونەی هەموو گەلان و ئێران. کوردستان تا رادەیەک پولەتیزەیە و نەسلی نوێی توانیویەتی سەرەڕای هەموو کۆسپ و گوشارەکانی ئەم سیستمە لە بواری فکریەوە خۆی پێش بخات و هەدەفمەند لە راستای داوخوازیەکانی خۆی بەرەو پێش بچێت.

- بۆ ئەوەی شۆڕش بە ئامانجەکانی بگات یا خود بۆ بەردەوامی ئەو شۆڕشە دەبێ چی بکرێت؟

سیامەند موعینی: بەردەوامی و گەشەی ئەم شۆڕشە نوێیە کە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەستی پێکردوە، پێویستە بە شێوازێکی رادیکاڵ دەوامی هەبێت و لە سەر رێچکەی فەلسەفیکی ئەم دروشمە دەوام بکات و شۆڕشەکە بگەیەنێتە ئەنجام. بۆ ئەم کارە پێویستە چەند خاڵی سەرەکی لە پێش چاومان بێت کە کەمترخەمی لەم بوارانەدا، رەوتی شۆڕشەکە بە لاڕێدا دەبات. پێویستە ئەو لایەنانەی شۆڕش بەهێز بکەین کە پێش بە لاڕیدا چونی بگیردرێت. گرنگە کە گەلی کورد بەبێ جیاوازی فکری و پاڕادایمیکی یەکریز و یەکدەنگ حەڕەکەت بکات و لە بەرامبەر شونیزمی ناوەندگەرایی یەکدەست هەڵوێستی هەبێت و مکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ هاواهەنگی رێکخستنەوەکانی ناو ماڵی کورد و هاوزەمان پێویستە هەماهەنگی بکردرێت بۆ پشتیوانی گەلانی ئێران و بەیەکەوە کار کردن ببێتە کولتورێکی دێمۆکڕاتیک بۆ ئەوەی گەلان بەیەکەوە ژیان بکەن و لە مکانیزمی بەکار هێنانی گەلان لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە بە دژی یەکتر پێشگیری بکردرێت. هاوزەمان حەول بدرێت کورد لە تێکۆشانی ئازادیخوازی لە سەرتاسەری ئێران چالاکانە تێکۆشان بکات. هاوکات بۆ سازکردنی زەمینە و بەستەری دێمۆکڕاتیک لە کۆمەڵگەدا کار بکردرێت و کولتوری دێمۆکڕاسی پەرەی پێبدرێت، لەم رەوشەدا مەیدان بە دیکتاتۆریەت و تاکڕەوی شونیزم و دەستەڵاتی ناوەندگەرا، تەنگ دەکرێتەوە و بیری دێمۆکڕاتیک و ئازادیخوازی بەرفراوان دەبێت، بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین کە زەمینە بۆ سەرکەوتنی شۆڕش ئامادە دەکردرێت و شۆڕشی گەلان دەتوانێت بگاتە ئامانج.

ژ.ت