سەیدۆ: حکومەتی عێراق و باشور بەرپرسیاری هێرشەکەی سەر شەنگالن

ماڵی ئێزدییان، بێهەڵوێستیی حكومەتەكانی هەولێر ‌و بەغدا ‌و كۆمەڵی نێودەوڵەتی لەبارەی ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر شەنگال، شەرمەزار کرد و رایگەیاند: “حكومەتەكانی هەولێر ‌و بەغدا ‌و كۆمەڵی نێودەوڵەتی، ڕێگایان بۆ كۆمەڵكوژیی ‌و جینۆسایدی ئێزدییەكان، خۆش كردووە.”

ئەلیاس سەیدۆ، ئەندامی دەستەی كارگێریی ماڵی ئێزدییان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: چەتەكانی داعش بە سەرپەرشتیی دەوڵەتی تورك، شكستیانهێنا لە لەناوبردنی گەلی ئێزدی بەهۆی ئەو بەرگرییەی ڕۆڵەكانی شەنگال ‌و یەكینەكانی پاراستنی گەل ‌و یەكینەكانی پاراستنی ژنان كردیان.

سەیدۆ وتی: دەوڵەتی توركی داگیركەر لە ڕۆژی ئازادكردنی شەنگالەوە، بەردەوامە لە هێرشە دڕندانەكانی بۆسەر گەلی ئێزدی كە بەهۆیانەوە فەرماندەی وەك مام زەكی ‌و سەعید حەسەن شەهید بوون ‌و ئەمڕۆیش هێرشێكی دڕندانەی كردووەتە سەر نەخۆشخانەی گوندی سكێنی.

سەیدۆ دەلێت: ئامانجی دەوڵەتی توركی داگیركەر لەو هێرشانەی، لەناوبردنی گەلی كورد ‌و بەتایبەت كۆمەڵگەی ئێزدییە ‌و هێرشكەی ئەمڕۆیشی تەواوكاری پرۆژەی جینۆسایدی ئێزدییەكانە.

ئەلیاس سەیدۆ، بێدەنگی ‌و بێهەڵوێستیی حكومەتەكانی هەولێر ‌و بەغدا ‌و كۆمەڵی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە، شەرمەزار كرد ‌و داوای لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتی ‌و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ كرد، بێنە دەنگ ‌و هەڵوێستیكی ڕوونیان هەبیت بەرامبەر تاوانەكانی دەوڵەتی تورك ‌و جەختیشی كردەوە لەوەی، “ئەو بێدەنگییەی حكومەتی هەرێم ‌و حكومەتی بەغدا ‌و كۆمەڵی نێودەوڵەتی، ڕێگاخۆشكەرە بۆ جینۆسایدی ئێزدییەكان”.

ف.ق