سزای ٩ ساڵ زیندانی بەسەر هاوسەرۆکی شارەوانی کارازدا سەپێنرا

سزای ٩ ساڵ زیندانی بەسەر رۆژدا نازلیئەر هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەی کارازدا سەپێنرا کە بەر لە ماوەیەک لە پۆستەکەی دوورخرابووەوە.

رۆژدا نازلیئەر هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەی کارازی شاری ئامەد کە لە پۆستەکەی دوور خرابووە و دواتر دەستگیر کرابوو، ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییکردنەکەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستندا" لە یانزدەیەمین دادگای سزا قورسەکانی ئامەد بەرێوەچوو.

نازلیئەر خۆی بەشداری لە دانیشتنی دادگاییەکەدا نەکرد، بەڵام هەر یەک لە رەسول تامور، روکەنەدین چەتەدیر و باوەر مزراک پارێزەرانی ناوبراو بەشدرایان لە دانیشتنی دادگاییەکەدا کرد.

لە دانیشتنی دادگاییدا، داواکاری گشتی داواکەی دووبارە کردەوە و بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستندا"داوای سەپاندنی سزای زیندانی بەسەر نازلیئەردا، کرد.

پارێزەرانیش جەختیان کردەوە کە بۆ تاوانبارکردنی ناوبراو هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نیە، بەڵکو تەنها وتەی 'شاهیدەکان' لەبەردەستدا هەن.

لە کۆتاییدا لیژنەی دادوەران بە تۆمەتی "ئەندامی رێکخستنە" سزای ٩ ساڵ زیندانی بەسەر رۆژدا نازلیئەردا سەپاند.

ز.ش