تەڤگەری ئازادی: دەستگیرکردنی گەنجان لە خزمەتی گەلدا نییە

هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادی لەبارەی دەستگیرکردنی گەنجان کە لە تەکیە چالاکیان ئەنجامدابوو راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و بانگەوازی ئازادکردنی گەنجانیان کرد و رایانگەیاند کە گرتنی گەنجان لە بەرژەوەندی گەنجاندا نییە.

تارا حسێن و سەلام عەبدوڵلا هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادی لەبارەی چالاکی گەنجان و دەستگیرکردنی ٩ گەنج لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی چەمچەماڵ راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:

" ئەم ڕۆژانە بەرەو ڕۆژی ڕەش پازدەی شوبات دەچین ٢٤ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە سەر ڕێبەری ئاشتیخوازمان، ئەم ڕۆژانە بۆ گەلی كورد و ئازادیخوازان و بزوتنەوەی ئازادی یادێكی تاڵ و ڕەشن و ساڵانە بە هەزاران چالاكی جیاجیا لەم ڕۆژانەدا بەڕیوەدەچێت،  سەدان كەس خۆیان كردە قوربانی بۆ ئەم ڕۆژە و ئامادەی گیان بەخشینن، ئەوانەی لەم ڕۆژانە ئاستەنگی بۆ چالاكیەكان بكەن هەمیشە تەنها شەرمەزاریان بۆ ماوەتەوە لە هەر كوێیەكی كوردستان یان دەرەوەی وڵاتیش بوبن، چونكە ئەم ڕۆژانە ڕۆژی سازش و پاشگەز بونەوە نین و. باجەكەی هەرچی بێت ئازادیخوازان دەیدەن، ئومێدەوارم چالاكیەكانی ئەمساڵ بە باشی وبێ گرفتی بەڕێوەبچێت، هێزە ئەمنیەكانیش چ لە باشور چ لەهەر شوێنێكیتر هاوكار بن نەك دژبەر، چونكە دژبەرایەتی ئەم ڕۆژانە تەنها خزمەت بە داگیركاران و دوژمنان دەكات،  دژی هێڵی پێكەوەیی و بەرژەوەندی گەلەكەمانە ،

دوێنێ شەو كە گەنجان چالاكی بە مەشخەڵیان لە شارۆچكەی تەكیە كردووە، لەلایەن ئاسایشی چەمچەماڵەوە هێرشیان كراوەتە سەر و ئەوەی دیارە تا ئێستا (٩) نۆ گەنج بێ سەروشوێنن، هەر ئێستا ئازادی بۆ ئەو گەنجانە داوا دەكەین، چونكە چالاكیەكی مەدەنی دیموكراتی بێ كێشە وگرفتیان كردووە، هێشتنەوەیان لە زیندانەكاندا بێ واتایە و خزمەت بە دۆزی ڕەوامان ناكات."

ف.ق