تەڤگەری ئازادی: دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە هاتۆتە نێو خاکی کوردستانەوە
تەڤگەری ئازادی گوتی: "دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە".
تەڤگەری ئازادی گوتی: "دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە".
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە بارەگای خۆی لە سلێمانی دەربارەی ڕەوشی ئێستەی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بەیاننامەی تەڤگەری ئازادی لەلایەن هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی سەلام عەبدوڵا خوێنرایەوە.
لە بەیاننامەکەی تەڤگەری ئازادی گوتراوە: "ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە ھۆی ملھوڕیی سیاسەتی پەدەکەوە لە بۆشاییەکى دەستووریی و یاسای قوڵدایە. پەدەکە وەک دیفاکتۆ و سێبەری هەژمونی سیاسیی لەسەر دامەزراوەکان درێژە بە دەسەڵاتدارییەکی بێ چاودێری ئەدات، پەدەکە ڕێگرە لە بەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردن و گۆڕانکاریی، دەخوازێت لە رێگەی خۆ فرۆشی و تەعویزدان بە دەسکەوتەکانی گەل درێژە بە تەمەنی خۆی بدات، لەگەڵ سەرسەخترین ناحەز و دوژمنی ستراتیژیی گەلی کورد کەوتووەتە نێو ھاوکاریی و ھاوپەیمانیی، بۆ ئەوەش کەوتووەتە سەودا و مامەڵەی مەترسیدار، بە هاوکاری پەدەکە، تورکیا بە فراوانی و قوڵاییەکی زۆرەوە هاتووەتە ژورەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان".
لە بەشێکی بەیاننامەکەی تەڤگەری ئازادی گوتراوە: "وەکو تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە مەودای ستراتیژییدا ئەڵتەرناتیڤی سیستەمی دەسەڵاتدارییەتین بە هەردوو پێگەکەیەوە، بەڵام بۆ دەربازکردنی ئەو قۆناغە مێژووییە بۆ ئەوەی گورانکارییەکان بکەوێتە قازانج و بەرژەوەندی گەلەکەمان لە کوردستان هاوکات بتوانین پارێزگاری لە پێگە و دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، ھەموو دەرفەتێک بەکاردەهێنین لە پێناو زەمینەسازیی و دیالۆگی دیموکراسییانە بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی ئازاد کە بتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکات و کێشەکانی وەک ماددەی ١٤٠ و مووچە و داھاتەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکات".