تونجەر باقرخان: ناتوانن ئیرادەی ملیۆنان کەس گۆشەگیر بکەن

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، تونجەر باقرخان لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد گوتی: "ناتوانن ئیرادەی ملیۆنان کەس گۆشەگیری بکەن" و نەورۆزی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پیرۆز کرد.

جۆشی ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد بە درووشـمی "ڕاپەڕە کاتی ئازادی و سەرکەوتنە" تا دێت زیاتر دەبێت.

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لە ئاهەنگەکەدا قسەی کرد و نەورۆزی لە سەدان هەزار ئامادەبوو پیرۆزکرد.

باقرخان تیشکی خستەسەر نەخشەڕێگای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە نەورۆزی ٢٠١٣ و گوتی: "ئەو نەخشەڕێگایە، نەخشەڕێگای ژیانێکی دیموکراتیک و ئاشتیانە و یەکسانی ٨٦ ملیۆن هاوڵاتی تورکیا بوو. بەداخەوە کەسانی شەڕخواز دوژمنایەتی کوردان دەکەن، تاوەکو ئاشتی نەگاتە ئەم وڵاتە نەخشەڕێگاکەیان قبووڵ نەکرد، وەک دەم پارتی پشتیوانی نەخشەڕێگاکەی بەڕێز ئۆجالانین. بەم بۆنەیەوە، نەورۆزی بەڕێز ئۆجالان و هاوڕێیانی لە زیندانی ئیمراڵی پیرۆز دەکەین".

لە درێژەی قسەکانی باقرخان گوتی: "ئەوە سێ ساڵە سیاسەتی گۆشەگیری بەڕێوە دەبەن، ناتوانن ئیرادەی ملیۆنان کەس گۆشەگیر بکەن، ناتوانن داوای ئاشتی و دیموکراسی ملیۆنان کەس بخەنە گۆشەوە. باشترە گوێ لە داخوازی ئەو ملیۆنان کەسە بگرن. پێتان دەڵێین، لەبری شەڕ، چارەسەر هەڵبژێرن. ئەگەر ناونیشانی چارەسەرتان دەوێت، زۆر نزیکە، لە دوورگەی ئیمراڵیە".

باقرخان ڕایگەیاند ئەوان لە گفتوگۆ و دانوستان هەڵدێن و ئیرادەی چارەسەر گۆشەگیر دەکەن، سیاسەتمەدارانی کورد دەخەنە زیندان و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەست پێ دەکەن، داوای کرد تێچووی شەڕ لە ئاشتی و دانوستان سەرف بکەن.  

باقرخان داوای کرد هاوپەیمانی کورد و تورک زیندوو بکرێتەوە، لایەنە جڤاکییەکان بۆ ئاشتی و دیموکراسی تێبکۆشن. ڕووی کردە ئەوانەی زمانی کوردی بە زمانی "نەناسراو و زمانی تیرۆریستان" دەزانن و وڵاتی کوردان بە "تیرۆریستان" ناودەبەن و گوتی: "ناچارن ڕاستی کورد و ڕاستی کوردستان تێبگەن و دانی پێدا بنێن".

بانگەوازی لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان کرد نەکەونە ژێر فشاری دەسەڵات و خاوەنداری زیاتر لە پرسی کورد بکەن، پاشان بانگەوازی لە هەموو کوردێک کرد و گوتی: "ئەوان بە هەموو بستێکی کوردستان دەڵێن "تیرۆریستان".  لە سلێمانی تا دهۆک و کۆبانێ، لە هەر چوارپارچەی کوردستان تۆپ دەبارێنن، واتە دوژمنی هەر چوار پارچەی کوردستانن، بانگەواز لە کوردانی چوار پارچەی کوردستان دەکەم، ئەگەر ئەمڕۆ ڕۆژی یەکێتی نەتەوەیی نەبێت، ئیتر کەیە؟ ئەگەر یەکێتی خۆمان بنیات بنێین، دەتوانین ڕێگە لە ئۆپەراسیۆن و شەڕی دژی کوردان بگرین. پێویستە کورد یەکێتی خۆی بنیات بنێت و ئاستەنگەکانی بەردەمی هەڵبگرێت".

پاشان بانگەوازی لە لایەنە شۆڕشگێڕ و چەپ و سۆسیالیست و دیموکراتەکانی تورکیا کرد، تێکۆشانی هاوبەش بکەن.