ئاگری دارستانی چیای گۆمان لە نزیک گوندی نێرکۆلای شەمزینان بەردەوامە و ئاگرەکە سێ رۆژ لەوە پێش نرابوویەوە و تاوەکو دێت تەشەنە دەسەنێت. گەلی ناوچەکە رایانگەیاند، ئەگەر ئاگرەکە نەکوژێنرێتەوە مەترسییەکی گەورە لە سەر گوندەکانی دەورووبەر دروست دەکات.
هاووڵاتییانی گوندەکان راشیانگەیاند، دەیانەوێت ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەڵام سەربازان رێگرییان لێدەکەن و بۆ ئەوەش داوای بە دەمەوەچوونی بە پەلەیان کرد.
هاووڵاتییانی ئەو گوندانە دەڵێن، سەرەتا لە دارستانەکەدا دەنگی تەقەى چەک هاتووە و دوای ئەوەش ئاگرەکە کەوتووەتەوە. ئەوەش بە ئاژەى ئەوە دەڵێن، کە سەربازانی تورک لە دارستانەکەدا بە گولـلەى ئاگرین و بە ئەنقەست ئاگریان لە دارستانەکە بەرداوە.
سەعید دەدە پەرلەمانتاری هەدەپەى جۆلەمێرگ رایگەیاند، هاووڵاتییانی گوندەکان بەرپرسانی ناوچەکەیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا ئاگرەکە نەکوژێندراوەتەوە. راشیگەیاند، گەلی ناوچەکەش کاتێک خواستیان بڕۆن ئاگرەکە بکوژێننەوە لەلایەن سەربازانی تورکەوە رێگرییان لێکراوە.
دەدە ئەوەشی وت، "سەرباری ئەوەی ئاگرکوژێنەوە ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام ئاگرەکە ناکوژێننەوە. بەهۆی هەڵکردنی با ئاگرەکەش تاوەکو دێت زیاتر کڵپە دەسەنێت و ئێستا ئاگرەکە لە شوێن و واری گوندییەکان نزیک بووەتەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش رێگا بە هاووڵاتییانی گوندەکان نادرێت ئاگرەکە بکوژێننەوە. ئەگەر لە ئاسمانەوە ئاگرەکە نەکوژێنرێتەوە ئەوا ئاگرەکە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر شوێن و واری گوندییەکان دروست دەکات".
موحەڕەم تەکین سەرۆکی یەکێتی کاسبکاران و سەندیکاکانی جۆلەمێر لە شوێنی ئاگرەکانەوە رایگەیاند، تاوەکو دێت ئاگرەکە زیاتر گوڕ دەبێت و تەشەنەی زیاتر دەسەنێت. راشیگەیاند، "ئاگرەکە لە شوێن و ماڵ و واری گەل نزیک بووەتەوە. دەبێت لە ئاسمانەوە ئاگرەکە بکوژێنرێتەوە. دەبێت رای گشتی ئاگری دارستانەکانی شەمزینان بکاتە رۆژەڤ و رێگە نەدەن بەو شێوەیە دارستانەکان بسوتێنرێن و زیان بە گەل بگەیەنرێت".
ژ.ت