ئەندامی دەستەی بەڕێووەبەری کەجەکە سەبری ئۆک قسەی بۆ ستێرک تی ڤی کرد و سەبارەت بە پرس و بابەتە گەرمەکان هەڵسەنگاندنی خستەڕوو.
سەبری ئۆک ئەوەی خستەڕوو، کە شەڕی نێوان دەوڵەتی تورکی و گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەردەوامە و دەستنیشانی کرد کە ئەردۆغان لە قۆناغی داهاتوودا شەڕەکە گەورە تر دەکات. ئۆک سەرنجی راکێشا بۆ سەر ئەوەی گەریلاش لە هەموو روویەکەوە ئامادەیە، جەختیشی کردەوە کە پێویستە گەلی کوردیش کەمتەرخەمی نەکات و وتی، "کێ زیاتر تێبکۆشێت، ئەو سەردەکەوێت".
هەڵسەنگاندنەکەی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبری ئۆک بەم جۆرەیە:
٣ ساڵە بە هیچ جۆرێک زانیاری لەبارەی رێبەر ئاپۆوە بەردەست نییە. گۆشەگیری دژوار کە نە بە گوێرەی ئەخلاقە، نە بە گوێرەی یاسا و نە بەگوێرەی مرۆڤایەتیە و تەنانەت بە گوێرەی یاساکانی دوژمنیش نییە، بەردەوامە. بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئەندێشە و رامانەکانی رێبەر ئاپۆ لەلایەن نوسەران، سیاسەتمەداران، رۆشنبیران، ئەکادیمیسیانەکان و چالاکوانانەوە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێن. لە زۆر وڵاتی جیهانەوە خەڵک داوای ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ دەکەن. ئێوە دۆخەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
سەرەتا جەژنی رەمەزان لە سەرجەم گەلی کورد و جیهانی ئیسلامی پیرۆز دەکەم. دۆخی رێبەر ئاپۆ بێگومان بەردەوام لە رۆژەڤی بزوتنەوەکەمان، گەلەکەمان و دۆستانی گەلەکەماندایە. زیاتر لە سێ ساڵە هیچ زانیارییەکمان لە رێبەر ئاپۆ نییە. هەر ئەو دۆخەش پاڵنەرێکە بۆ ئەوەی بزوتنەوەکەمان، گەلەکەمان و دۆستانمان بە هەموو هێزیانەوە هەڵسنە سەرپێ. هەربۆیە دەبێت هەمووان هەڵسنە سەرپێ و ئەشکەنجەی ئیمراڵی تێکبشێنن و ئازادی جەستەیی رێبەری ئاپۆ مسۆگەر بکەن. ئەوەی رێبەر ئاپۆی ناسیبێت، ئەستەمە کە کاریگەری لەسەر دروست نەبووبێت. هەربۆیە لە ٤ لای جیهانەوە بە تایبەتی گەنجان، بە ملیۆنان کەس ئایندەی خۆی و مرۆڤایەتی لە پاڕادایمی رێبەر ئاپۆدا دەبینن. جاران کەس کوردی نەدەناسی، بەڵام لەمڕۆدا ملیۆنان کەس لە پێناو ئازادی رێبەر ئاپۆ، بۆ ئازادی جەستەیی ئەو لەناو چالاکیدان. رێبەر ئاپۆ کاریگەری لەو جۆرەی داناوە.
ئەگەر پاڕادایم و پارێزنامەی رێبەر ئاپۆ زیاتر بڵاوبکرێنەوە، زیاتر بخوێندرێنەوە ئەو کاتە مرۆڤایەتی زیاتر خاوەنداری لە رێبەرایەتی دەکات. لەبەر ئەوەش دەوڵەتی تورک نایەوێت رێبەر ئاپۆ هەناسەش بدات. هەربۆیە گوشارێکی بەو جۆرە لە ئیمراڵی هەیە. سەرباری ئەو هەلومەرجە دژوارەش لە ئیمراڵی، بەرخودانێکی زۆر گەورە دەکرێت. بۆ ئەوەی مرۆڤ لە نزیکایەتی و مامەڵەکردنی دەوڵەتی تورک لەگەڵ پرسی کورد تێبگات، پێویستە بڕوانێت کە لە ئیمڕاڵی جی روودەدات. ئەوان بەو زانابوونەوە مامەڵە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ دەکەن. دەڵێن ئێمە لە ئەقڵیەتی داگیرکەری، قڕکردنی کورد و داگیرکەریدا پێداگری دەکەین و درێژە بەم شەڕە چەپەڵە دەدەین. ئەقڵیەتی ئەوان بەم جۆرەیە. هەربۆیە بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ لە سەرتاسەری جیهان تێکۆشانێک بەڕێوەدەچێت. لەئێستا بەدواوەش ئەو تێکۆشانە بە شێوەی پلان بۆ داڕێژراوتر و رێکخروتر بەردەوام دەبێت.
هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' پێیناوەتە قۆناغی دووەمەوە. ئێوە چۆن لەو قۆناغەی هەڵمەتەکە دەڕوانن؟ ئەو چالاکیانەی بۆ هەڵمەتەکە کراون، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ساڵی رابردوو لە ١٠ی تشرینی یەکەمەدا هەڵمەتەکە دەستیپێکرد. بە بابەتێکی زۆر شکۆمەندانە و گرنگ ئەو هەڵمەتە دەستیپێکرد. هەم لە کوردستان، هەمیش لە جیهان رۆژ لەدوای رۆژ هەڵمەتەکە گەورەتر دەبێت، بەرەوپێش دەچێت. بە دڵنیاییەوە هەڵمەتێکی گرنگە، بەڵام وەک وتم لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا چی بکرێت و چی بوترێت هێشتا کەمە و بەس نییە. تا ئەو کاتەی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ دێتەدی، بەم جۆرە دەبێت. ئەو هەڵمەتە تائێستاش بەسێوەی سەقامگیر، بە پلان و بە بڕیارەوە بەردەوامە. لەو بڕوایەدام لەمرۆژانەدا لە ستراسبورگ بە هەزاران وڵاتپاڕێزی کورد و دۆستانیان لەبەردەم سی پی تی چالاکی دانیشتن ئەنجام دەدەن. هەروەها لە قۆناغی داهاتوودا لە چەندین شاری ئەوروپا کۆنفڕانس، کۆنسێرت و لە ئاستی جیاجیادا کۆبوونەوە ساز دەکرێن. ئەو کەسانەی لە سەر ئاستی جیهان بەناوبانگن و لە زۆر ناوچە دەناسرێن، بەم ئاراستەدا دەکەونە جوڵە و هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ. گەلی کوردیش دەبێت لەبارەی ئەوەی لە ٢٤ کاتژمێردا لە ئیمراڵی چی روودەدات، لێوردبوونەوە و بیرکردنەوەی هەبێت و بە گوێرەی ئەوە چالاکی بکات.
لە باکور، تورکیا کۆمەڵگا هەڵسایە سەرپێ و زۆر چالاکیش ئەنجام دران. بەڵام دیسان دەڵێم، هێشتاش بەس نییە. بە شێوەی رێکخراو بێت یان نا، لە رێگەی حزبەوە بێت یان نا، هەموو کورد دەبێت بیربکەنەوە کە دەتوان چی بۆ رێبەر ئاپۆ بکەن و چ چالاکیەک ئەنجام بدەن. با بزانن کە؛ ئایندەمان لەمەدایە و دوژمن دەیەوێت لەگەڵ رێبەرایەتی ئایندەی ئێمەش لەناو ببات. هەربۆیە دەبێت گەلەکەمان چالاکی زیاتر ئەنجام بدات، لە رووی سیاسی، یاسایی و زۆر کایە و بواردا تێکۆشانی بەرفراوان بەڕێوەببەن. وەک دەزانرێت کاتێک بابەتەکە دەبێتە رێبەر ئاپۆ و کورد، دەرگاکانی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و یاساکانی بەڕووماندا دادەخرێن. خۆی هەر ئەوان پیلانگێری نێونەتەوەییان بەرەوپێش برد. ئەگەر بەو جۆرە نەبوایە سی پی تی بێدەنگ دەما، دەیتوانی بەر بە کردەوە نایاساییەکانی دەوڵەتی تورک بگرێت؟ ئەگەر لە شوێنێکی جیاوازی جیهان بابەتێکی لەو جۆرە رووی بدایە، مامەڵەکردن و یاساکانیان جیاواز دەبوو. ئەو دۆخە دەبێت ئێمە رقئەستورتر و توڕەتر بکات. دەبێت ببێتە مایەی ئەوەی کە زیاتر گوڕ بە تێکۆشان بدەین. وەک ئەوەی ئێوەش باستان کرد، ئەو ئەشکەنجەیەی کە دەوڵەتی تورک لە ئیمراڵی لە دژی رێبەر ئاپۆ ئەنجامی دەدات، لە یاساکانی دوژمنیشدا جێی نابێتەوە. دەوڵەتی تورک و ئاکەپە پیلانگێرن. ئاکەپە گەورەترین پارتی شەڕی تایبەتی تورکیایە. زۆر کەس تووشی شۆک بوون کە چۆن ئەو هەڵمەتە بەم جۆرە بە جیهاندا بڵاوبووەوە، گەلی کورد و دۆستانیشی هێز و ورەیان وەرگرت. لە قۆناغی داهاتوودا ئەو هەڵمەتە زیاتر فراوان دەبێت، بە شێوەی رێکخراوتر بەڕێوەدەچێت.
شەڕ لە نێوان دەوڵەتی تورک و گەریلاکانی ئازادیی کوردستاندا بەردەوامە. دەوڵەتی تورک لە هەموو گۆڕەپانێک درێژە بە هێرشەکانی بۆ سەر گەلی کورد دەدات. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا و لە سەرەتای ٢٠٢٤دا گەریلا ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی سەرکەتووی ئەنجامدا. بە گوێرەی ئەو شتانەی لەم رۆژانەی دواییدا دەوترێن؛ دەڵەوتی تورک لە دژی هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا پلانی بۆ هێرشی گەورەتر داناوە. شەڕەکە ئێستا لە چ ئاستێکدایە و هێرشی چۆن دێنە ئاراوە؟
بابەتێکی گرنگە، هەپەگە سەبارەت بەوە رۆژانە رای گشتی و گەلی کورد ئاگادار دەکاتەوە. لە نێوان ٧-٨ مانگی رابردوودا گەریلا بە دەستپێشخەری گەورە و بەهێز بە شێوەیەکی گیانابزانە لە دژی دەوڵەتی تورک ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی ئەنجامدا و ئەنجامی زۆر گرنگی بەدەستهێنا. تەکنەلۆژیا و هێزەی ئەوان لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا تێکشکێندرا. ناچار مانەوە کە لە زۆر شوێن بکشێنەوە، لە زۆر شوێنیش پاکتاو کراون. بەڵام دەوڵەتی تورک شەڕێکی بەرفراوان دەخاتە بەردەممان. لەسەر ئەوەش پێداگرە. دەڵێن کە درێژە بە شەڕ، نکۆڵیکردن لە گەلی کورد و ستەم و ئەشکەنجە لە ئیمراڵی درێژە پێدەدەین، ئەقڵیەتی ئاکەپە و دەوڵەتی تورک ئەمەیە. ئێمە نازانین تا کوێ دەچن، بەڵام ئێمە دەزانین کە لە بەردەمماندا شەڕێکی دژوار هەیە. دەوڵەتی تورک لە هەموو روویەکەوە ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکات. گەریلاش هەموو کات ئامادەیە. پرۆسەیەکی زۆر دژوار و توند دێتە ئاراوە. تائێستا بەرامبەر بە گەریلا ئەنجامیان بەدەست نەهێناوە، رۆڵەکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی گیانبازانە و بە قارەمانێتی خۆڕاگری دەکەن. هێرشەکانی سوپای تورکیان شکاند، بەڵام شەڕ بەردەوامە.
ئەو ئەنجامانە لە دژی دوژمن سەرکەوتوانەش بن، بەڵام دەبێت گەلەکەمان بیر بکاتەوە کە گەریلا لە چ هەلومەرجێکی دژواردا دەجەنگێنێت، خۆڕاگری دەکات و ئەنجام بەدەست دەهێنێت. هەربۆیە دەبێت ئێمەش ئاسودە نەبین، دەبێت ئێمە ناچارین ئەرکی خۆمان بەجێبگەیەنین. جگە لە گۆڕەپانی سیاسی، یاسایی دەبێت لە رێگەی سەرهەڵدانیشەوە سڵاو لە گەریلا بکەن و بێ پسانەوە لەناو چالاکیدا بن. ئیتر لە وەها قۆناغێکداین کە ئیرادەی دەوڵەتی تورک تێکدەشکێت. هەربۆیە زیاتر هێرش دەکات. لەبەر ئەوەی ئەگەر ئیرادەیان بشکێت سیستم و ئەقڵیەتی ١٠٠ ساڵەیان تێکدەشکێت. بۆ ئەوەی رێگری لە شتێکی لەو جۆرە بکەن تا کۆتا ساتی خۆیان خۆڕاگری دەکەن و هەموو دەرفەتە ئابوری و سیاسیەکانیان دەخەنە ئامادەباشیەوە. لەبەر ئەوە شەڕەکە گەورەتر دەبێت، ئەنجامەکانی ئەوەش زۆر گرنگ دەبن. ئیتر دۆخەکە وەک پێشوو نابێت. ئایندەی تورکیا و پرسی کورد لە ساڵی ٢٠٢٤دا شاراوەتەوە. کێ خۆی باشتر ئامادە بکات، خۆی باشتر رێکبخات، پێداگرتر بێت، بە جۆش و خرۆش و ورە بێت، لە رووی تاکتیک و تەکنەلۆژیاوە باشتر تێبکۆشێت، ئەوە سەردەکەوێت. بزوتنەوەکەمان و گەریلا خاوەن ئەو تایبەتمەندیانەن. بە ئیرادە، بە ورە و بە بڕیارن و ئەوەش بووە مایەی ئەوەی هەم لە رووی تاکتیک و هەم لە رووی تەکنەلۆژیاوە لەم ئاستەدا باڵادەستی و دەستپێشخەری لەلا بێت. لە راگەیاندنیشەوە بڵاوکرایەوە، هەڤاڵ جەمال مزگێنیدا، گەریلا لە مێژووی تێکۆشانی ٤٠ ساڵەیدا یەکەم جارە سیستمی موشەکی بۆ بێ کاریگەرکردنی فڕۆکەی بێ فرۆکەوان و هێرشبەر بەدەستهێناوە. بەمەش تووشی سەرسوڕمان بوون.
دەوڵەتی تورک دەیەویست ئەو درۆنە سیخوڕی و هێرشبەرانە بفرۆشێت، دەیویست بازاڕێکی گەورەیان بۆ دروست بکات، بەڵام جیهان گەمژە نییە. چاودێری دەکات کە گەریلا تائێستا ١٠-١٥ درۆنی ئیها و سیهای خستووەتە خوارەوە. باری دەرونیان تێکچووە. بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکەن کە چۆن درێژە بەو شەڕە بدەن. هەڵبەت نابێت ئێمەش کەمتەرخەم بین. کەمتەرخەمی بابەتێکی خراپە. دەبێت متمانەمان بە خۆمان هەبێت. دەبێت زۆر بە واتادار بیبینین کە دەستپێشخەری بەلای ئێمەوەیە، بەڵام دەبێت بزانین دەوڵەتی تورک و ئاکەپە خۆڕاگری دەکات، هەموو دەرفەتەکانی خۆی بەکاردەهێنێت و بەشێوەیەکی دڕندانەتر هێرس دەکات. هەربۆیە ئێمە بۆ قۆناغێکی دژوارتر ئامادەین. وەک وتم دەستپێشخەری لەلای گەریلایە، خاوەن ئەزمونی شەڕی ٤٠ ساڵەیە. پاڕادایمی رێبەر ئاپۆ هەیە، چیاکانی کوردستان، گەلی کورد و دۆستانی هەن. زیاتر لە ٤٠ ساڵە گەلی کورد و بزوتنەوەکەمان لەپێناو دۆزە رەواکەمان بەردەوام لەسەر پێ ماوەتەوە، پەکەکە لە سفرەوە دەستیپێکرد و گەیشتە ئەم ئاستە. دەوڵەتی تورک و ئاکەپە چەندەش خۆڕاگری بکەن، دواجار ئەم قۆناغە بە سەرکەوتنی گەریلا دەگاتە ئەنجام. بە دڵنیاییەوە ئەوەش بە ئاسانی بەدەستنایات، هەموو رۆژێک قوربانی دەدرێت. گەریلا بەم رۆح، رێکخستن، خواست و ئیرادەیە سەردەکەوێت.
لەباکور و تورکیا مشتومڕەکان لە سەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٣١ی ئادار بەردەوامن. لەو هەڵبژاردنانەدا گەلی کورد چ پەیامێکیدا؟
هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگ کۆتایی هات. گەلی کورد ئەنجامێکی سەرکەوتووانەی بەدەستهێنا. هێزە دیموکراتیکەکان ئەنجامی سەرکەوتوانەی بەدەستهێنا، ناتوانین ئەو دۆخە بە جیا لە یەکتر هەڵبسەنگێنین. کاتێک دەڵێین هێزە دیموکراتیکەکان، گەلی کورد و تێکۆشانی گەلی کوردیش لەو نێوەدان، کاتێک دەڵێین گەلی کورد هێزە دیموکراتیکەکانیش بەشێک لەوە. پێکەوە پەیامی گرنگیاندا. ئەو پەیامانە کامانەبوون؟ یەک؛ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و ئاکەپە بە هەموو تواناکانی خۆیانەوە چەندە ستەمیش بکەن، چەندەش دیکتاتۆر بن، کۆتایی دەسەڵاتیان هاتووە. لە ئێستا بەدواوە تەنیا دەتوانێت بەرگریی بکات. چیتر وەک پێشوو ناتوانێت درێژە بە دیکتاتۆریەتی خۆی بدات. ئەو پەیامە بە ئاشکرا درا. دوو؛ گوشار، کۆمەڵکوژی و هێرشەکان چی دەبن با ببن، گەلی کورد هێزە دیموکراتیکەکان هەرگیز سەر دانانەوێنن، بەردەوام لەسەر پێ دەبن و تێکۆشان بەرێوەدەبەن. ئەو پەیامەش درا.
بەتایبەتی لەو شارەوانیانەی کە گەلی کورد تێیاندا براوە بوو، پێشتر قەیومیان بۆ دانرابوو. گەلی کورد وتی ئێوە قەیومیش دیاری بکەن، گوشاریس بهێنن ئێوە ناتوانن ئەنجام بەدەستبهێنن، ئێمە خاوەن ئیرادەین، ئێوە شکست دەهێنن و بەم جۆرە قەیومیان تێکشکاند. گەلی کورد وتی، ئەمجارە وەک پێشوو ئێوە بە ئاسودەیی ناتوانن قەیوم دابنێن، ئێوە دیاریشی بکەن ئێمە خۆڕاگری دەکەین، ئێمە بەرامبەر دەوەستینەوە و تێکیان دەشکێنین. بەتایبەتیش لە رووداوەکانی واندا ئەو دۆخە هاتە ئاراوە. دەوڵەتی تورک ویستی لە وان تاقیکردنەوە بکات. ئەگەر پلانەکەی بۆ بچوبایە سەرەوە دواتر وردە وردە قەیومی بۆ هەموو شوێنێک دادەنا. بەڵام ئەو سەرهەڵدانە زۆر گرنگ بوو. گرنگترین ستیش ئەوەیە کە تێکۆشان لەگەڵ هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا بەری بە دانانەوەی قەیوم گرت. بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین کە؛ دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی داگیرکەرە، گەلەکەمان، هێزە دیموکراتیکەکان هەموو کات دەبێت لە دژی ئەوان ئامادە بن. ئەگەر جارێکی دیکە بیانەوێت قەیوم دابنێن پێویستی بە سەرهەڵدانی توندتر و رادیکاڵتر دەبێت. لەم رووەوە نابێت کەمتەرخەمی بنوێنین.
لەم پرۆسەیەدا هەمووان باس لە جەهەپە دەکەن. جەهەپە بە تەنیا خۆی ئەو سەرکەوتنەی بەدەست نەهێنا. هەندێک هەن کە کورد بە ناسیاسی دەبینن، بەڵام یەک لە کۆمەڵگا هەرە سیاسی و زاناکان کوردن. ستراتیژێکی بەو جۆرەیان گرتەبەر؛ کە زۆریان شۆک بوون و تاسان. بە ستراتیژیانە بیریان کردەوە، بە ستراتیژیەوە مامەڵەیان لەگەڵ هەڵبژاردن کرد و ئاکەپەیان تێکشکاند. زۆرینەی هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیاش مامەڵەیەکی لەو جۆرەیان کرد. جەهەپەش بۆ شکستدانی ئاکەپە سودی لەم مامەڵەیە وەرگرت و سەرکەوت. لەماویە زیاتر لە ٤٠ ساڵە بۆ یەکەم جارە جەهەپە دەبێتە یەکەم پارتی. ئێستا بار و بەرپرسیارێتیەک لە ئەستۆی جەهەپەدایە. جەهەپە چی بکات، وەک پێشوو بێت یاخود لەو پەیامەی گەلی کورد هێزە دیموکراسیەکان تێدەگات و بەگوێرەی ئەوە خۆی نوێ دەکاتەوە؟ بە رای من گەلی کورد هێزە دیموکراسیەکان لەم رووەوە دەبێت گوشار بخەنە سەر جەهەپە. گەلی کورد و هێزە دیموکراسیەکان پرسی 'بەرنامەتان چییە و ئاخۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا لە بەرنامەتاندا هەیە' لە جەهەپە دەکەن. بڵێن ئێمە دەمانەوێت بزانین و تێبگەین.
گەلی کورد و هێزە دیموکراسیەکان دەیانەوێت بزانن بۆ بەدیموکراتیکبوونی تورکیا چی لەبەرنامەی جەهەپەدایە. پەیوەست بەوەش مامەڵەی جەهەپە بۆ پرسی کورد و چارەسەری پرسی کورد چییە؟ تا ئەمڕۆ شاراوە بوو، بە ترسەوە دەجوڵایەوە. بەڵام ئێستا ئایا جەهەپە پەیوەست بە پرسی کورد چۆن بیر دەکاتەوە، دەبێت سیاسەتی خۆی بە شێوەی ئاشکرا بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات. ئەگەر لەوبارەوە راست، دروست و رژد بێت، بە ئەرێنی مامەڵە بکات بێگومان دەکەوێتە قۆناغێکی گرنگی نوێ. بەڵام ئەگەر خۆی دوبارە بکاتەوە، دیسان خۆی بشارێتەوە، لە گۆڕەپان و شەقامەکان ئۆپۆزسیۆنی رادیکاڵ بەرەوپێش نەبات، ئەمە بۆ جەهەپە جێگەی داخ دەبێت. لەبابەتی وان و پەیوەست بە مامەڵەی ئاکەپە بەرامبەر بە هەڵبژاردنیش بینرا کە بنکە و قاعیدەی جەهەپە بۆ دیموکراسی کراوەیە، لە دژی دڕندایەتی، لە دژی دەسەڵاتداری ئاکەپە خاوەن هەڵوێستە. بەڕێوەبەرایەتی جەهەپە دەبێت ئەو راستیانە لەبەرچاوبگرێت و سەرلەنوێ خۆی دابڕێژێتەوە.
ئۆپۆزسیۆن بووە یەکەم و ئاکەپە-مەهەپەش کەوتنە پلەی دووەمە، ئەو ئەنجامە چ کاریگەریەک لە سەر سیاسەتی تورکیا دادەنێت؟
لەو کاتەوەی ئاکەپە هاتووەتە سەر حوکم بۆ یەکەم جارە دەبێتە دووەم پارت. ئەمە بۆ ئەوان گرنگە. بەهۆی ئەوەی لە رووی دەرونیەوە بەرگەی ئەمە ناگرن. سودیان لە هەموو خێر و بێری وڵاتەکە وەرگرت. مەهەپە لە هەموو جومگە و بروکراسیدا جێگیربوو، بوونە دەوڵەت. بەڵام ئەمەش هەیە؛ وەک ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، ئاکەپە خاوەنی دەوڵەت و تەنانەت خاوەنی تورکیان قسە دەکەن و کەس پێیان ناڵێت باسی چی دەکەن، هێزی ئێوە و راستی ئێوە چییە. لەدژی ئەوان دەبێت هەڵوێستی توندتر بگیرێتەبەر، تێکۆشان بکرێت.
لەبەر ئەوەی بوونە پلەی دوو هەڵبەت ئەوە دۆخێکی گرنگە، لەبەر ئەوەی ئەمە دۆڕانە، ئاستەنگێک تێپەڕێندرا. جگە لە کۆمەڵگای تورکیا، زۆر کەس و تەنانەت سیاسەتمەدارانی نێونەتەوەییش پەرۆشی ئەوەبوو کە ئایا رێی تێدەچێت ئاکەپە-ئەردۆإان بیدۆڕێنن یان نا. چۆن رێی تێناچێت؟ ئاکەپە بەهەموو شتەکانیەوە لە چەپەڵی و گڵاویدا رۆچووە، هەموو شتێکی بۆ خۆی و کەسانی دەوروبەری بەکارهێناوە، هەموو کەسانی دەوروبەری دەوڵەمەند کردووە، رێگەی بۆ کردوونەوە و لە ئەنجامدا تورکیای شپرز و پەرێشان کردووە، ئابوری تورکیای داڕوخاندووە، سیاسەتەکەی گەیشتووەتە بنبەست و دەرونی کۆمەڵگای سەروبن کردووە. لەراستیدا ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی راست، جدی، رادیکاڵ و دیموکراتیک هەبوایە، نەک هەر کەوتنە پلەی دووەم، بەڵکوو بۆ رۆژێکیش نەیاندەتوانی لە سەر دەسەڵات بمێننەوە. بوارێک کە دەسەڵاتداری لەسەر ئەوە دەستەبەر دەکرد رووخا، بەڵام تاکەی لەسەر حوکم دەبن، تاکەی خۆیان دەگرن، وەڵامەکەی پەیوەست بە تێکۆشان لە دژی ئەوان.
ئەگەر تێکۆشانی گەلی کورد و پەکەکە نەبوایە، هێزی ئاکەپە نەدەشکێندرا و بە رۆژەڤی ساختە کۆمەڵگایان دەخەڵەتاند. هەموو شتێکی خۆیان بۆ شەڕ لە دژی گەلی کورد خستە ئامادەباشیەوە، ناوبانگیان زڕا و وێنا و قورسایی و کەسایتیان رەش بوو. هێشتاش پێداگری دەکەن لەسەر شەڕ لە دژی گەلی کورد، بەڵام گەیشتوونە ئەو ئاستەی کە ناتوانن هەناسە بدەن. ئەوانەشی کە تائێستا دەنگیان پێداون لەوان دابڕاون. ئەگەر ئاکەپە پێداگری لەسەر ئەو ئەقڵیەتە بکات و ئۆپۆزسیۆنیش رۆڵێکی دیموکراتیک بگێڕێت، ئەم دەسەڵاتە زووتر تێکدەشکێت.
بە گوێرەی هەواڵێک کە لە راگەیاندنەکان بڵاوکراوەتەوە؛ لە کۆتایی مانگی نیساندا ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات. دواتر لە مانگی ئایاردا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن کۆدەبێتەوە. دیارە کە لەو سەردان و دیدارانەدا لە دژی پارتەکەتان سات و سەودا دەکات. ئەردۆغان لە چوارچێوەی چ پلان و کۆنسێپتێکدا ئەو سەردانانە دەکات، بە بڕوای ئێوە لەو دیدار و سەردانانەدا ئەوەی دەیەوێت بەدەستی دەهێنێت؟
مێشکی فاشیست و دەسەڵاتداری هەموو کات لەپێناو خۆی کاردەکات، دەڵێن چی دەبێت با ببێت ئێمە هەموو کات لەسەر حوکم دەبین. دەیانەوێت بڕوا بەوەش بکەن. تائەو جێگەی ئایندەی خۆیان لە سەر لەناوبردنی گەلی کورد داڕشتووە، لە شەڕەدا پێداگری دەکەن و هەوڵ دەدەن رێگە و رێبازێکی بۆ بدۆزنەوە. هەموو گەڕان و هەوڵەکانیان لەسەر ئەو بنەمایەیە. ئەردۆغان لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق لە پێناو تێکشکاندنی پەکەکەدا هەم گوشار دەخاتە سەر دەوڵەتی عێراق و هەمیش هەموو جۆرە سازشێک دەکات. هەربۆیە ئاکەپە دەتوانێت هەموو شتێک بکات. بەڵام ئاکەپە-ئەردۆغان درۆزنن، پراگماتیستن، رۆژێکی ئەوان لە گەڵ رۆژەکەی دیکەیان یەکناگرێتەوە. هەروەها لە رووی ئایدۆلۆژیاوە مەترسین. دەیانەوێت وەک عوسمانی نوێ بە هەرێمەکەدا بڵاوببنەوە. پەیوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکدانەوەیەکی بەو جۆرەیان هەیە. ئەردۆغان هێشتاش عێراق وەک ویلایەتێکی عوسمانی دادەنێت. بەم جۆرە بیر دەکاتەوە، هەرچەندە لە دۆخێکی خراپ و رسواشدابێت هەر بەو جۆرە مامەڵە دەکات. عێراق هەڵبەتە ئەو راستیانە دەبینێت. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق چ خراپەکاریەک هەبێت دەستی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکی تێدایە. لە کەرکوک و موسڵەوە تا لیبیا دەیانەوێت کێشە بنێنەوە و بیقۆزنەوە. سیاسەتی ئەوان ئەمەیە.
ئێمە دەمانەوێت باوەڕ بەوە بێنین کە عێراق ناکەوێتە ئەو گەمەیەی دەوڵەتی تورکەوە. ئەگەر بکەونە ناو گەمەکانی ئەردۆغانەوە باش نابێت. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی پەکەکە هیچ زیانێکی بە یاساکانی عێراق نەگەیاندووە و بەتایبەتیش زیانی بە کۆمەڵگا و گەلانی عێراق نەگەیاندووە. بە پێچەوانەوە پەکەکە لە تێکۆشان لە دژی داعشدا رۆڵێکی مێژوویی گێڕاوە. ئەگەر پەکەکە نەبوایە، شەنگال، موسڵ، مەخمور، کەرکوک و هەولێر هەموویان دەکەوتنە دەست داعش. عێراق باش بەوە دەزانێت. هێزی پەکەکە و ئەوەی بە چ شێوەیەک شەڕ بەڕێوەدەبات، تێیدەگات. ئەمە راستیە. لەبەر ئەوە دەبێت لەم رووەوە عێراق سیاسەتی راستتر و گونجاوتر بگرێتەبەر. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت راستی دەوڵەتی تورکیش ببینێت. ٤٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی عێراقەوە، لە دەیان شوێن بارەگای سەربازی دروست کردووە. بە هەزاران سەربازی هێناوەتە سەر خاکی عێراق. دەوڵەتێکی سەربەخۆ هەڵبەت ئەوە قەبوڵ ناکات. دەبێت نەک لە دژی پەکەکە، بە پێچەوانەوە لەگەڵ پەکەکە لە دژی دەوڵەتی تورک شتێک بکەن. مافی ئەوەیان هەیە کە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی لە دژی دەوڵەتی تورک شتێک بکەن. لەم رووەوە هەندێک لاوازن.
بۆ نمونە دەبێت راگەیاندنی عێراق لە دژی هێرش و داگیرکەری دەوڵەتی تورک زیاتر تێبکۆشێت و کۆمەڵگا هەڵسێتەسەرپێ. ئەمانە هەندێک شاراوەن و دیار نین. بەڵام هیواخوازین کە؛ دەوڵەتی عێراق لە دژی پەکەکە نەبێتە هاوبەشی دەوڵەتی تورک. ئێمە دژی پەیوەندی ئابوری، بازرگانی و سیاسی نێوان دەوڵەتان نین، بەڵام پەکەکە و گەلی کورد قەبوڵی ناکەن لەگەڵ دەوڵەتی تورک ببێتە بەشێک لە پیلانگێری، گەمە و شەڕ. عێراق ئارامی بە خۆیەوە نابینێت، ئەو ئەمە دەزانێت. ئەو کێشەیەی دەوڵەتی تورک لە عێراق، سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناویەتیەوە، بەبەرچاوەوەیە و روونە. دەبێت هەوڵەکانی ئاکەپە لە بەرامبەر پەکەکە پوچەڵ بکرێنەوە. ئەردۆغان دوای سەردانی خۆی بۆ عێراق دەچێتە ئەمریکا. دوای ئەوەی بایدن بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، ئەردۆغان زۆر ویستی هەبوو بچێتە کۆشکی سپی، بەڵام قەبوڵ نەکرا. ئێستا کتوپڕ ئەو دیدارە بۆ ئەردۆغان رێکخرا. هۆکارەکە چییە، ئەمریکا بۆچی سەردانەکەی قەبوڵ کرد، دەبێت لەوە تێبگەین. زۆر بابەتی وەک شەڕی ئوکرانیا و روسیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا تاوتوێ دەکرێن. هەروەها بابەتی فڕۆکەی شەڕی ئێف-١٦ بەردەوام لە رۆژەڤی دەوڵەتی تورکدا بووە.
ئەمریکا تا بەرژەوەندی تێدا نەبێت، دەستی دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان بەهێز ناکات. بە داخەوە دیسان پەیوەست بە پرسی کورد و پەکەکە زیاترین هاوکاری دەداتە دەوڵەتی تورک. ئەردۆغان لەو بابەتەشدا جارێکی دیکە چ سازشێک پێویست بێت دەیکات. ئامانجی ئەو بریتیە لەوەی لە شەڕی دژ بە گەلی کورددا دەرفەت بۆ خۆی بەدەستبهێنێت. دەیەوێت ئەمریکا بە پلانەکەی خۆی بۆ هێرشەکانی لە باشوور و عێراق قایل بکات و گڵۆپی سەوزی لێوەربگرێت. خۆی لە خۆیدا ئێستا هەموو کایەی ئاسمانی عێراق لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە. بەبێ گڵۆپی سەوز و رێگەپێدانی ئەمریکا ناتوانێت فڕۆکەکانی بفڕێنێت و ناشتوانێت عێراق و باشوور بۆردومان بکات. کاریگەری ئەردۆغان لە تورکیا وەک پێش هەڵبژاردنی ٣١ی ئادار نابێت. لە سیاسەتی دەرەوەش بە هەمان شێوەدەبێت. هەڵبژاردن کاریگەری لە سەر هەڵوێستی ئەردۆغان و دانوستانەکان کە دەیەوێت ئەنجامیان بدات، دادەنێت. ئەردۆغان بۆ شەڕ لە دژی گەلی کورد هەموو شتێک دەکات. دەبێت ئەمریکا پشتیوانی لە داواکارییەکانی ئەردۆغان نەکات. بەڵام ئەگەر لە شەڕی دژ بە گەلی کورد و پەکەکەدا هاوکاری ئەردۆغان بکەن، ئەوە بە واتای ئەوە دێت کە وەک چۆن پیلانگێڕیەکەی بەر لە ٢٥ ساڵ بە دەستپێشخەری و بریاری ئەوان ئەنجام درا، ئەمڕۆش لەسەر هەمان هێڵ پێداگری دەکەن.
ئەمریکا دەزانێت؛ هەرچەندە کوردستانیان کردووەتە چوار پارچەش، کورد خاوەن یەک دڵ و یەک مێشکن. چارەنووس و ئایندەی گەلی کورد ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا لە کۆنفڕانسی قاهیرە دیاریکرا. دواتریش بەسەر چوار پارچەدا دابەشکرا. لە ٨ی ئادار، نەورۆز و رۆژی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆدا بینرا کە کورد خاوەن یەک مێشک، یەک دڵ و یەک رۆحن. دڵی گەلەکەمان لە رۆژئاوا، باکوور، باشوور و رۆژهەڵات و لە ئەروپا و وڵاتانی دیکە وەک یەک لێدەدات. ناتوانێت لە سەر پارچەیەک لێکدانەوەی جیا بکات. وڵاتانی وەک ئەمریکا دەبێت بە روانگەیەکی بەرفراوانەوە لێی بڕوانن. دەبێت ئەوروپا و ئەمریکا لە پرسی کورددا سیاسەتێکی گشتییان هەبێت. دەبێت سیاسەتێک کە بە باشی مامەڵە لەگەڵ پارچەیەک بکەن و لە پارچەیەکی تر بۆ دڵخۆشکردنی دەوڵەت هاوکاری بن لە قڕکردنی کوردان، نەگرنەبەر. لەئێستا بەدواوە دەبێت ئەمریکا سیاسەتی گشتی بگرێتەبەر و هێرشە قڕکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد قەبوڵ نەکات.
باستان لەوەکرد کە دوای هەڵبژاردن ئەردۆغان لە ناوخۆ و لە دەرەوەش ئاسوودە نابێت. لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بووە دووەم پارتی، ئەمە چ کاریگەریەک لە سەر دیپلۆماسی تورکیا دادەنێت؟
پەیوەندییەکانی دەوڵەت لە نێوان دەوڵەتاندا بەرەوپێش دەچن، حکومەتەکانیش گرنگن، بەڵام بەرژوەندی دەوڵەتەکان لەگەڵ یەکتردایە. حکومەت بە شێوەیەکی ئەرێنی یاخود نەرێنی کاریگەری ساز دەکات. زۆر دەوڵەت و هێز لە ئاکەپە-ئەردۆغان ناڕازین. بەڵام بەرژەوەندیان چی بخوازێت ئەوە دەکەن. دوای هەڵبژاردنی ٣١ی ئادار راگەیاندنی ئەوروپا و تەنانەت رۆژهەڵاتی ناوەراست رایانگەیاند کە ئاکەپە- ئەردۆغان دۆڕاندوویەتی. ئیتر ئەردۆغان وەک پێشتر هێزی نەماوە. ئەوە کاریگەری لە دانوستان، دیپلۆماسی و دیدارەکان دەکات، بەڵام بنچینەیی نابێت. لەماوەی داهاتوودا ئیتر ئاکەپە نابێتە دەسەڵاتدار و رەنگە پێش ئەوە تێکبشکێندرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەوڵەتان لە کورت ماوە و درێژماوەدا بەرژەوەندی سیاسی، ستراتیژی، جیۆپۆلیتیکی هەمەلایەنەیان هەیە.
دۆزی فەلەستین هەموو کات لەلایەن ئاکەپەوە بەکاردەهێندرێت و هەمیشە بۆ بەرژەوەندی خۆی دەیقۆزێتەوە، بەڵام لە شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا ئاشکرابوو کە ئەو کەرستانەی لە شەڕ لە دژی گەلی فەلەستیندا بەکارهێنران لەلایەن تورکیاوە رەوانە کراون. ئەوەش دووڕوویی ئەردۆغان نیشان دەدات، ئێوە چۆن ئەو دۆخە هەڵدەسەنگێنن؟
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوو پرسی سەرەکی بوونیان هەیە. پرسی فەلەستین و کورد. تا پرسی گەلی کورد و فەلەستین بە شێوەیەکی دیموکراتیک چارەسەر نەکرێت، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرگیز دیموکراتیک نابێت. ئەمە سەلمێندراوە. ئەم شەڕە چەندە خزمەت بەوە دەکات یان نا ئەوە بابەتێکی دیکەیە. ئاکەپە بە تایبەتی ئەردۆغان پراگماتیستە، خاوەن پرەنسیپ و ئەخلاق نییە، بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆی چی بۆ دەستبدات دەیکات. بەو جۆرە نیشانی دەدەن کە شەو و رۆژیان لە پێناو فەلەستین خستووەتە سەر یەک و هەوڵەکانیان خستووەتەگەر بۆ ئەوەی گەلی فەلەستین بگاتە ئامانجەکانی، بەڵام هەمان ئاکەپە و ئەردۆغان لە شەس مانگی رابردوودا بارزگانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل دوو هێندە زیاد کردووە، واتە لە سەرەتای شەڕەکەوە. ئەمە دووڕووییە. فرمێسکی ساختە دەڕێژن. لەلایەکەوە هەوڵ دەدات کۆمەڵگا بخەڵەتێنێت و قۆرخی بکات، لەلایەکی دیکەشەوە بازرگانی خۆی زۆر زیاتر کردووە. دەوترێت هەموو رۆڵێک تا شوێنێک دەبرێتەسەر، جیان کرد هەمووی ئاشکرا بوو. لەئێستادا لە دۆخێکی دەستەوەستانیدان.
کوری ئەرباکان سەرۆکی پارتی یەنیدەن رەفای سیاسەتێکی ستراتیژیک و ژیرانەی گرتەبەر و دەستی بۆ لاوازترین خاڵی ئەردۆغان برد. هەم تۆ فرمێسک بۆ فەلەستین دەڕێژیت و هەمیش بە شێوەی شاراوە لەگەڵ ئیسرائیل بازرگانی دەکەیت. وتی ئەگەر تۆ راست و دروست بیت، لەگەڵ موسڵماناندا دەبیت، دەبێت دەست لەو بازرگانیە هەڵبگریت. واتە ئەردۆغانی رووگیر و سۆک کرد. بە دەربڕینێکی دیکە ئەردۆغانی تەنگەتاو و رسواکرد. بەڵام وەک من وتم، بۆ تورکیا و بەتایبەتی بۆ ئاکەپە بەرژەوەندی هەموو شتێکە. لەماوەکانی رابردوودا ئۆزال، دەمیرەل، ئەرباکان و ئەجەڤیت پرەنسیپ و پێودانگێکیان هەبوو، کاتێک مرۆڤ لە کەسایەتی ئەوان، ژیانی ئەوان، بنەماڵەکانیان دەڕوانێت، پێوان و پرەنسیپیان هەبوو. بەڵام ئەردۆغان پێوان و بنەما و پرەنسیپی بەو جۆرەی نییە. کوڕ، کچ، زاواکەی، بنەماڵەکەی، خزمەکانیان هەموویان بەشێوەیەک لە ناو دەوڵەتدان و هەموو سامانی دەوڵەت بەکاردەهێنن. بەڵام کۆمەڵگای تورکیا بە وتەی درۆی وەک ئەوەی وڵات، کۆمەڵگا، ساکاریا و تورکیا پارچە دەبێت، دەخەڵەتێنن و خوێنی ئەوان لە چیاکانی کوردستان دەڕێژن. بەداخەوە کۆمەڵگای تورکیا ئاگاداری ئەوە نین. بەڵام ئێستا وردە وردە ئەوەش دەگۆڕدرێت.
ماوەیەک دوای گەڕانەوەی تەرم بۆ کۆمەڵگای تورکیا کاردانەوەی گەورە روویدا. بۆ ئەوەی ئەو کاردانەوانە بێدەنگ بکەن گوشاریان خستنەسەر و هەندێکیشیان بە پارە کپ کردنەوە، بەڵام ماتەوزەیەکی بەهێز بوونی هەیە. بەر لە چەند رۆژ پەیامنێری هەپەگە رایگەیاند کە تەرمی سەدان سەربازی تورک لە سەر سنوری کوردستان و تورکیا بەخاکسپێردراون. زۆر بنەماڵە نازانن لە منداڵەکانیان زیندوون یان نا، لە کوێن. بە پارە کاردانەوەکان بێدەنگ دەکەن، بەڵام ئەوەش تا ئاستێکە، ئەوە دەتەقێتەوە. لە سەرتاسەری جیهان بەم جۆرەیە، دەسەڵات بە یەک جار بەهێز دەبێت، دواتر یان دەتەقنەوە یان خود وەک چۆن هەڵکشاون بەو خێراییە دادەکشێن و دەکەونە خوارەوە. دەسەڵاتداری ئاکەپەش گەیشتووەتە لوتکە؛ چارە نییە، بەو خێراییە دەکەوێت.
هـ . ب