ئەمجارە پۆلیسی تورک لە جۆلەمێرگ ٢ کەسی بریندار کرد
پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە جۆلەمێرگ بە پاساوی دروستبوونی دەمەقاڵێ لە یەکێک لە شەقامەکانی واندا چەکیان بەکارهێنا و تەقەیان لە هاووڵاتیان کرد و ٢ کەسیان بریندار کرد.
پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە جۆلەمێرگ بە پاساوی دروستبوونی دەمەقاڵێ لە یەکێک لە شەقامەکانی واندا چەکیان بەکارهێنا و تەقەیان لە هاووڵاتیان کرد و ٢ کەسیان بریندار کرد.
ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، لە شەقامی بولڤار لە شاری وان بە هۆی ترافیکەوە دەمەقاڵێ لە نێوان پۆلیسی دەوڵەتی تورک و ٢ هاووڵاتیدا دروست دەبێت. پۆلیسکیش چەکەکەی دەردەهێنێت و دەست دەکات بە تەقەکردن لە رەمزی دومان و مەتین ئۆزتونچ و برینداریان دەکات.
دومان لە نەخۆشخانە رایگەیاند، رووداوەکە بەهۆی شەڕ لەسەر ترافیک و هاتووچۆ روویدا و وتی، "ئێمە لە ترافیکی بوڵڤار لە ناوەندی شاردا چاوەڕێی هەڤاڵێکمان بووین و کاتێک هەڤاڵەکەمان هات و خواستی سەربکەوێت پۆلیسەکان بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیان لە دواوەوە هاتن و خۆیان کێشا بە ئۆتۆمبێلەکەی ئێمەدا".
دوای ئەوە پۆلیسەکان لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیان دابەزین و بە رەفتارێکی ناشیرین و پڕ لە سوکایەتی پێیان وتین "بڕۆن، بڕۆن" و ئێمەش وتمان، "چاوەڕێی هەڤاڵەکەمانین، لەو کاتەدا پۆلیسێک دەمانچەکەى دەرهێنا و تەقەى لە هەر دوکمان کرد".
دومان رایگەیاند، سکاڵا لە دژی ئەو پۆلیسە تۆمار دەکەن، کە تەقەى لێکردوون.
پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک بەشێوەیەکى بێسەرەوبەرە بە بەردەوامی تەقە لە هاووڵاتییان دەکەن. هەموو ساڵێک دەیان کەس بەهۆی تەقەى پۆلیس و سەرباز و هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتى تورکەوە دەکوژرێن و بریندار دەبن. بەرپرسانی دەوڵەتیش نەک کەسە تاوانبارەکان دادگایی ناکەن، بەڵکو زۆر جار پلەی ئەو تاوانبارانەش بەرز دەکەنەوە.
رۆژی ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە ناوچەى دەرەجیکی جۆلەمێرگ ٣ گەنج بۆ گەڕان و کۆکردنەوەى بەڕوو چووبونە دەرەوەى گوندەکەی خۆیان، بەڵام لەلایەن سەربازانی تورکەوە تەقەیان لێکرا و بە ئەنقەست ئۆزجان ئەرباشی تەمەن ١٦ ساڵیان لە نزیک گوندەکەی خۆی کوشت.
ژ.ت