هەڤرین خەلەف، سکرتێری پارتی پێشەڕۆژی سوریا و ئەندامی لێژنەی بەڕێوبەریی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، لە ڕێکەوتی ١٢ی مانگی ١٠ی٢٠١٩ لە سەر ڕێگای نێودەوڵەتی M4 لە نزیک شاری گرێ سپی لە لایەن گروپێک لە چەتەکانی ئەحرار ئەلشەرقییەی سەر بە تورکیاوە تیرۆر کرا.
واشنتۆن لەسەر کردەوە دڕندانە و دژە مرۆییەکانی چەتەکانی تورکیا، بڕیاریدا کە حساب لەو چەتانە بپرسێت، کە لەدژی خەڵک کردەوەی دڕندەییان پێکهێناوە و پێشلکاریی مافەکانی مرۆڤیان کردووە.
هەروەها دوو سەرچەتە بە ناوەکانی “حەسەن ئەلشەعبان” و “فەڕووح فورکاتۆڤیچ فایزماتۆڤ” کە لە تورکیا دەمێننەوە، لە لایەن واشنتۆنەوە بە تاوانی ئەوەی پشتیوانی دارایی ڕێکخراوی قاعیدە و تەحریرئەلشام دەکەن، خستوونیەتە ناو لیستی ئەو کەسانەی کە حسابیان لێ دەپرسێتەوە.
لەوبارەیەوە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کە گرووپی ئەحرار ئەلشەرقییەی خستووەتە لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکانەوە و هەموو داهات و داراییەکانیان لە ئەمریکا بلوکە و دەستی بەسەردا گیراوە.
ئایمە کاترۆنا کە بەرپرسی دۆسیەی سوریایە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەختی کردووەتەوە کە ئەمریکا حساب لەو کەسانە دەخوازێت کە دەستیان لە توندوتیژیدا هەبووە لە بەرامبەر گەلانی سوریا و مافەکانی مرۆڤیان پێشێلکردووە، لەو پێناوەشدا ئەمریکا هەموو جۆرە دەرفەتەکانی بەردەستی بەکار دێنێت.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە پێشتر ڕێکخراوی نەتەوە یەگرتووەکان، تورکیای وەک تاوانبار لە بەرامبەر تیرۆرکردنی هەڤرین خەڵەف ژنە سیاسەتمەداری کورد، ناساندبوو.
ف.ق