بە هەماهەنگی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و کۆچبەران و حکومەتی بەغدا کۆچبەرە ئێزدییەکان کە بە هۆی هێرشی چەتەکانی داعشەوە ئاوارەبوون دەگەڕێندرێنەوە بۆ شەنگال زێدی خۆیان، جێی ئاماژەیە لەم ڕۆژانەی دواییدا بە سەدان بنەماڵە لە کامپی مام ڕەشان و ئێسیا لە دهۆک گەڕانەوە بۆ شەنگال.
شاندێک لە ئەنجوومەنی گەل و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال لەسەردانێکدا بۆ لای کۆچبەرە گەڕاوەکان، پێشوازی و بەخێرهاتنەوەی کۆچبەرانیان کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک و دابین کردنی پێداویستییەکانیان دەربڕی و ڕایانگایاند هەموو هەوڵ و ئاسانکارییەک دەکەن بۆ گەڕانەوەی بنەماڵە کۆچ کردووەکان لە کەمپەکانی ناو هەرێمدا بۆ زێدی خۆیان، هەروەها بنەماڵە گەڕاوەکان خۆشحاڵی خۆیان لە سەردانەکە دەربڕیی.
شایەنی باسە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پێشتر ڕایگەیاندووە تا مانگی تەمووزی ئەمساڵ دەبێت هەموو کامپەکانی کۆچبەران لە هەرێمی کوردستان دابخرێت، بۆیە کۆچبەرانی شەنگال ڕۆژانە بە کۆمەڵ دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.