یەرەکە: ئێران و تورکیا بۆ شاردنەوەی شکستەکانیان ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان بۆردومان دەکەن

فەرماندەیی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە / YRK) لەبارەی بۆردومانکردنی ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانی کوردستان لەلایەن ئێران و تورکیاوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

یەرەکە ڕایگەیاندووە، " لە درێژەی پیلانگێڕیە هاوبەشەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری ترکیە و ئێران لە بەرامبەر گەلی کورد، لە کوێ بەدەرفەتیان زانیبێ هێرش دەکەنە سەر گەلەکەمان و گەریلاکانی ئازادی و بەو جۆرە بوونەتە هۆکاری زەرەر گەیاندن بە مڵک و ماڵی هاووڵاتیان".

یەرەکە ڕاشیگەیاندووە، "بۆ پەردەپۆش کردنی شکستەکانیان لە بەرامبەر گەلەکەمان، هێرشیان کردە سەر موڵک و ماڵی گوندنشینان و لە ئەنجامی دووجار هێرشیان بۆسەر گوندی سپیار ماڵی هاووڵاتیەک کرایە ئامانج. لەو هێرشەدا خەساری مادی بەر موڵک و باخچەی گوندنشینانی سپیار کەوتووە".

یەرەکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، "ئەوجۆرە هێڕشە کوێرانەیە هاوکات بێ چارەیی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە بەرامبەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هەروەها شکستی دەوڵەتی داگیرکەری ترکیە لەبەرامبەر بەرخۆدانی گەل و گەریلادایە".

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی یەرەکە:

"لێدوانی فەرمانداری یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ( YRK )

بۆ ڕای گشتی و گەلەکەمان

لە درێژەی پیلانگێڕیە هاوبەشەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری ترکیە و ئێران لە بەرامبەر گەلی کورد؛ ماوەیەکە بێ ناوبەر فرۆکەی بێ فرۆکەوان بە سەرهەرێمەکانی ئاسۆس و پێنجوێن دا دەسوڕێنەوە و لە کوێ بەدەرفەتیان زانیبێ هێرش دەکەنە سەر گەلەکەمان و گەریلاکانی ئازادی و بەو جۆرە بوونەتە هۆکاری زەرەر گەیاندن بە مڵک و ماڵی هاووڵاتیان.

هەر لەو چوارچیوەیەدا ئێوارەی ڕۆژی ٠٩/١٢/٢٠٢٢ ، دوای گەڕانەوەی گوندنشینان لەسەرکار بۆ ماڵەکانیان،  فرۆکەی بێ فرۆکەوان دوای چەند ڕۆژ سوڕانەوە بەسەر ناوچەکەدا وبۆ پەردەپۆش کردنی شکستەکانیان لە بەرامبەر گەلەکەمان، هێرشیان کردە سەر موڵک و ماڵی گوندنشینان و لە ئەنجامی دووجار هێرشیان بۆسەر گوندی سپیار ماڵی هاووڵاتیەک کرایە ئامانج. لەو هێرشەدا خەساری مادی بەر موڵک و باخچەی گوندنشینانی سپیار کەوتووە. ئەوجۆرە هێڕشە کوێرانەیە هاوکات بێ چارەیی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە بەرامبەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هەروەها شکستی دەوڵەتی داگیرکەری ترکیە لەبەرامبەر بەرخۆدانی گەل و گەریلایە. بێ گومان بەو هێرشانە قەت لە تێکۆشان سارد نابینەوە و تا گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و دێموکڕاتیک لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبین."

ژ.ت