ئەو گوندیانەی سکاڵایان لەسەر سەربازە هێرشبەرەکان هەبوو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا

ئەو گوندییانەی لە شاری وان سکاڵایان لەسەر سەربازە هێرشبەرەکان هەبوو، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا. داواکاری گشتی داوایکرد، گوندنشینەکان سزا بدرێن.

لە مانگی ئایاری ٢٠٢١دا هاووڵاتییانی گوندی شەخان لە ناوچەی پایزاوای وان لە دژی دروستکردنی کانێکی مەڕمەڕ ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام سەربازەکان تەقەیان لە گوندنشینەکان کرد و چەند گوندنشینێک برینداربوون و ١٢ گوندنشینیش دەستگیرکران.

هەرچەندە ئەو شوێنە، کە دەیانەوێت کانی مەڕمەڕی تیادا دروست بکەن لەوەڕگای گوندەکەیە، بەڵام ڕادەستی گەنجینە کراوە و ئاخوڕەکانی ناو لەوەڕگەکە رووخێنران. گوندنشینەکانیش کاردانەوە و ناڕەزایەتیان لە دژی ئەو کارە هەبوو. دوای هێرشی سەربازەکان بۆ سەر گوندنشینان ئاخوڕەکانی ناو لەوەڕگەکە رووخێنران. ئەو گوندییانەی دەستگیرکران، دوای وەرگرتنی وتە لێیان لە بنکەى سەربازیدا، ئازادکران.

قائیمقامی ناوچەی پایزاوا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەربازەکان بۆ هۆشیارکردنەوە تەقەیان بە هوا دا کردووە و هیچ کەسێک بریندار نەبووە، بەڵام چەند سەربازێک بە بەرد بریندار بوون.

گوێی لە سکاڵای گوندنشینەکان ناگرێت، بەڵام لەسەر سەربازەکان دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد

لە سەر ڕووداوەکە هەم گوندنشینان و هەم سەربازەکان سکاڵایان تۆمارکردووە، بەڵام داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لە پایزاوا گوێ لە سکاڵای گوندنشینەکان ناگرێت، بەڵام دەستی بە لێکۆڵینەوە لە سەر سەربازەکان کردووە.

رەحمی ئازادلی ئەفسەری پسپۆڕ لە فەرماندەیی جەندرمەی گوزەل سوی سکاڵای تۆمار کرد و لەسەر ئەو سکاڵایە داواکاری گشتیی پایزاوا سکاڵانامەیەکی ئامادە کرد. لە سکاڵانامەکەدا ئیدعا کراوە هادی یوجەل، هاووڵاتییەکی ئەو گوندەیە و لە ئەفسەرە پسپۆڕەکەی داوە.

داواکاری گشتی داوایکردووە سزا بدرێت

هادی یوجەل لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ئامانجی رێگریکردن بووە لە رووخاندنی ئاخوڕەکان و لەو کاتەدا کێشە دروست بووە. داواکاری گشتی لە پایزاوا، بانگەشەی ئەوەی کردووە، "لەسەر تاوانی" هادی یوجەل بەڵگەی تەواوی هەیە و داوایکردووە سزا بدرێت.

داواکاری گشتی سکاڵاکەی ناردووە بۆ دادگای سزاکانی پایزاوا.

ژ.ت