زەرین رووکەن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە بەشداری لە بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا هابەر تی ڤی کرد. لە سەرەتای قسەکانیدا لە کەسایەتی حەقی کارەر، قاسم ئەنگین و شیرین ئەلەمهولیدا یادی شەهیدانی ئایاری کردەوە و باسی لە گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد. زەرین رووکەن رایگەیاند، سیستمی گۆشەگیری گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و پێویستە بە بەرخۆدان و چالاکی گەورە وڵام بدرێتەوە.
رووکەن ئاماژەی بە بەرخۆدانی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ئیمڕالیدا و وتی، "لەگەڵ بەرخۆدانی مێژوویی رێبەر ئاپۆ، لە کوردستان بەرخۆدانێکی گەورە هەیە. گەلی کورد ٢٣مین ساڵرۆژی پیلانگێریان بە بەرخۆدانێکی گەورە پێشوازی کرد. گەلەکەمان بە پێشەنگایەتی ژنان، بە بەرخۆدانێکی گەورەوە وڵامی هێزە پیلانگێڕەکان دەدەنەوە. نابێت کە گۆشەگیری وەک دۆخێکی ئاسایی ببینرێت. پلانێکی قڕکردنە. ئەمڕۆ لەگەڵ گۆشەگیری ئۆپەراسیۆنی قڕکردنیش هەیە. گۆشەگیری بەردەوامی پلانی تێکبردنە. پلانی 'چارەسەری کێشەی کورد' بێ رێبەرتی و بێ پەکەکەیە. سەرەتا ئەمریکا، دواتر هەموو دەوڵەتە گەورەکان باش دەزانن کە بێ رێبەر ئاپۆ کێشەی کورد چارەسەر نابێت."
'بە قسەکردن لەماوەی ٤ خولەکدا، گاڵتەیان بە گەلی کورد کرد'
زەرین رووکەن باسی ئەوەی کرد کە ئەشکەنجە بەردەوامە، ئەم دۆخە لەلایەن گەلی کورد و گەریلاوە قبوڵ ناکرێت و وتی، "سیستمی ئەشکەنجەی ئیمڕالی بەردەوامە. دەیانەوێت سیستمەکە ئاسایی پیشان بدەن. ئەمەمان لە رۆژانی رابردوودا بینی. ئەو هەواڵەی لەبارەی دۆخی تەندروستی رێبەرتی بڵاوکرایەوە، گەورەبوونی مەترسیەکە پیشان دەدات. ئێمە ئاگاداری دۆخی رێبەرتیمان نین. ئەو چالاکیانەی کە ئەنجام دەدرێن، بە تەنها بۆ زانیاری وەرگرتن نییە. بۆ ئازادی فیزیکی رێبەرتیمانە.
لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا، سیاسەتێکی گەورەی شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبرێت. بە قسەکردن لەماوەی ٤ خولەکدا گاڵتەیان بە گەلی کورد کرد. ئەمەش نیشانەی مەترسیەکەیە. بێگۆمان رێبەر ئاپۆ لە بەرانبەر ئەم دۆخە هەڵوێستی پیشاندا. ئێمەی ژن ئەم دۆخە قبوڵ ناکەین. هەڵویستی رێبەر ئاپۆ بە واتای ئەوە دێت کە پێویستە ئێمە زیاتر هەڵوێست پیشان بدەین. ژنان پێویستە هەڵوێستی بەرخۆدێر لەدژی ئەشکەنجە و سیستمی ئیزۆلاسیۆن بەردەوامی پێبدەن.
'هێرشەکە لەسەر بناغەی قڕکردنە و هێرشێکی پلانبۆدارێژراوە'
زەرین رووکەن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا و بەرخۆدانی گەریلا لەدژی داگیرکەری شیکردەوە و وتی، "ئەم بەرخۆدانە پیرۆزە بە مسۆگەری سەردەکەوێت. گارە و حەفتانین پیشانی ئێمەیدا کە بەرخۆدانی گەریلا بە مسۆگەری سەردەکەوێت. لەوێ بینیمان کە گەریلا چەند پیرۆزە و مسۆگەری سەرکەوتنە، سەرچاوەی ئازادیە. بەرخۆدانی گەریلا لەدژی ئۆپەراسیۆن لە گارە بە پیتی زێڕین لە جیهاندا نووسرایەوە. ئەمڕۆش بە هەمان شێوەیە لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا ئۆپەڕاسیۆن هەیە. ئەمە سەرکەوتنی گەلی کوردە. سەرکەوتنی شەهیدانە، سەرکەوتنی رێبەر ئاپۆیە.
دەوڵەتی فاشیستی تورک کە لە گارە تێکچوو، بۆ ئەوەی بتوانێت سەرلەنوێ خۆی کۆبکاتەوە لە ٢٣ی نیساندا جارێکی دیکە هێرشی داگیرکەری ئەنجامدا. ئاشكرا بوو کە لە شەوی ٢٤ی نیساندا دەستیپێکرد ، هێرشێکی پلانبۆداڕێژراو بوو. لە ساڵیادی قڕکردنی ئەرمەنەکاندا بوو. قڕکردنی ئەرمەنەکان چۆن پلانبۆداڕێژراو بوو، بەو شێوەیە پلان بۆ قڕکردنی گەلی کوردیش دانراوە کە هێزە نێودەوڵتیەکانیش لەگەڵیدان. دەیانەوێت ئەمە بە دەستی تورک بکەن. بەڵام نە هێز و نە ئیرادەی ئەوەیان هەیە. نە خاوەن ئەرکی بەڕێوەبەرین. دەوڵەتێک کە توانای بەڕێوەبەری نەماوە، ناتوانێت لە بەرانبەر گەریلا بووەستێتەوە.
ئەو چەکانەی کە لە هێرشی زاپ، ئاڤاشین ومەتیناندا بەکارهێنرا، دڕندەیی و دژایەتی مرۆڤایەتی دەوڵەتی تورکی جارێکی دیکە خستە بەرچاو. ئەمەش لەبەر چاوی هەموو جیهان دەکات. سەرەتا ئەمریکا، دەوڵەتان هەمووان لەبەردەم ئەمە بێدەنگن. ئەو هێزانە هاوبەشی تاوانەکەن. دەوڵەتی فاشیستی تورک بە هیچ شێوەیەک پێوانەکان ناناسێت. بەپێی ئەخلاقی شەڕ ناجۆڵێتەوە. ئەو چەکانەی گەریلا لەدژی قڕکردن بەکاردەهێنێت، دیارە. بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەدژی گەریلا قڕکردنە. بەڵام کەس دەنگی لێ نایەت. کوا بەیاننامەی مرۆڤایەتی؟ کوا نەتەوە یەکگرتووەکان و ماف و یاسا؟ ئەردۆغان مرۆڤایەتی لەدەستداوە. بەرژەوەندی هێزە نێودەوڵەتیەکانیش لەم کارەدا هەیە. پلانی قڕکردن بە تەنها لەدژی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا نییە، لەدژی هەموو بەشەکانی کوردستانە. هەموو دەوڵەتانیش رۆڵیان هەیە."
'ئاکەپە بودجەی خەڵك بۆ شەڕ بەکاردەهێنێت'
رووکەن رایگەیاند کە عەقڵیەتی ئاکەپە و مەهەپەی فاشیست دەستی بەسەر بودجەی گەلدا گرت، ئابوری تورکیا بەرەوە دارووخان دەچێت و وتی، "گەلی تورکیا لەنێو برسیبوون و هەژاریدایە. ئاکەپە بە برسیبوون گەل تەمبێ دەکات. هەژاری ژن هەژاری سەرەکیە. تورکیا لە رووی ئابوریەوە تێکشکاوە. لە هەموو وڵاتان دەگەرێن و داوای ئابوری دەکەن.
تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە نەخۆشی کۆرۆنا زۆر تێیدا بڵاوبووەتەوە. بەڵام دەوڵەت کەرتی تەندروستی بەرەو پێشەوە نابات. بودجەکەی بۆ شەڕە. بۆیەش تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە تێکچووە. گەلانی تورکیا پێویستە لەدژی ئەو ئۆپەراسیۆنانە هەستنە سەرپێ. هێرشی قڕکردن بە تەنها لەدژی گەلی کوردیش نییە. هێرشەکە کاریگەری لە سەر هەموو گەلانی تورک، هێزە چەپەکان، سۆسیالیست و دیموکرات دەکات. پێویستە هەموو کەسێک ئەمە باش بزانێت. ئەم شەڕە هەموو کەسێک دەسووتێنێت. بۆیە پێویستە هەموو هێزە دیموکراتەکان لەدژی ئۆپەڕاسیۆنەکان هەڵوێست پیشان بدەن."
'هێزە کوردیەکان ئەگەر یەکبگرن دەتوانن ئۆپەراسیۆنەکان راوەستێنن'
رووکەن ئەم پرسەی کرد: "ئایا دەوڵەت بۆ لەناوبردنی پەکەکە ئۆپەڕاسیۆن دەکات. چل ساڵە بە ئۆپەراسیۆن نەیتوانیوە پەکەکە لەناو ببات، ئایا ئێستا لەناوی دەبات؟" هەروەها رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی زلهێزەکان ئەوەیە کە پەکەکە لاواز بکەن و دواتر لە دەوری مێزی دانوستان دانیشێت و وتی، "ئەوانیش باش دەزانن کە شتێکی بەو شێوەیە نابێت. ئەمڕۆ بەرخۆدانێکی گەورە هەیە و ژن پێشەنگایەتی بەرخۆدانەکە دەکات.
دەستکەوتەکانی حکومەتی باشوری کوردستانیش لە مەترسیدایە. ئۆپەراسیۆن هەروەها لەدژی ئەوانیشە. پێویستە گەلەکەمان لە باشور ئەمە باش بزانێت. هێرشەکە بە تەنها لەسەر پەکەکە نییە. هێرشەکە لەدژی گەلی کورد، دەستکەوتەکانی ژنانی کوردە. هەروەها هەڕەشەیە لەسەر سەروەری خاکی عێراق. لە لایەنی عێراقەوە هەندێک هەڵوێست و ناڕەزایی هەن، بەڵام بەش ناکەن. بەرپرسانی باشوری کوردستان بە تەواوی بێدەنگن. پێویستە ئەو پەیامەی ئۆپەراسیۆنەکە باش تێنگەن. پێویستە یەنەکە و پەدەکە ئۆپەراسیۆنەکە لەدژی خۆیان ببینن.
رێکخستنەکانی چەتەی تورک لە باشوری کوردستان جێگیر بوون. لە هەموو جێگەیەک بارەگای سەربازی دروست دەکەن. کوردێک ناتوانێت بە ئاسانی لە باشوری کوردستان بگەڕێت، بەڵام دەوڵەتی تورک، میت بە کەیفی خۆیان دەگەڕێن. ئەم دۆخە قبوڵکراو نییە. بەرخۆدانی گەریلا بەرخۆدانی چوار پارچەی کوردستانە. گەریلا بۆ چوار پارچەی کوردستان شەڕ دەکات. پێویستە گەلی باشور بەر لە هەموو کەسێک بەشداری بەرخۆدانەکە ببێت. ئەو کاتە دەتوانین سەرکەوتنێکی لە گارە گەورەتریش بەدەستبهێنین. گەلی کورد، ژنانی کورد خاوەن ئەو هێزەن. بۆ ئەوەی ئۆپەڕاسیۆنەکە بە تەواوی تێکبشکێنرێت، دەوڵەتی تورک لە چوار پارچەی کوردستان دەربکرێت، پێویستە هێزە کوردیەکان یەکبگرن و ریزەکانیان بەهێز بکەن."
ف.ق