دیدگای ڕێبەر ئاپۆ بۆ دوانزەهەمین کۆنگرەی پەکەکە

ئێمە دەقی ئەو دیدگایەی ڕێبەر ئاپۆ بڵاودەکەینەوە کە بۆ دوانزەهەمین کۆنگرەی پەکەکە نێردراوە و لە "سەرخۆبوون" بڵاوکراوەتەوە.

پێشەکی

کۆبوونەوەکەمان لە پێش‌کۆنفرانسێک دەچێت، نیازمە ناونیشانێکی وەها ببەخشمە کارەکەمان:

"کۆتایی قۆناغێک و هەنگاونان بەرەو قۆناغێکی نوێ پەیوەست بە هەبوون و پرسی کورد"

ئەم کارە زۆر دژوار و مێژوویی دەبێت. ئێستە وەختێک هەنگاوهەڵدەگرین بەرەو ڕێکخستنبوونێکی نوێ، پێویستە لەژێر ناونیشانی جیاوازدا لە پرسەکە بکۆڵینەوە. هەموو ئەم ناونیشانانەش، شیکاریی قووڵیان دەوێت. کاتی دەوێت، پەلەکردنی ناوێت. لێرەوە، "پێشەکی" واتە گواستنەوەی ڕۆحی دەق. کەواتە، ئەم پێشەکییە بەس دەبێت بۆ درککردنی سەرەتایی لە ناونیشانە سەرەکییەکان. وەها لە پێشەکییەکە دەڕوانین. هەڤاڵانیش دەتوانن پشتئەستوور بەم پێشەکییە، پرۆسەکانی کۆنگرەکە تاوتوێ بکەن. هەڵبەت تەواوکردنی کارەکە ڕەنگە مانگێک بخایەنێت، ئەمەش ڕەنگە ببێتە مایەی دواکەوتنی پرۆسەکە و هەندێک گێرەوکێشە.

نیازمە بە تەوەری "ئاگایی و ناسنامەی بوونی کورد" دەست پێ بکەم. بە پرسیارە بەناوبانگەکانی وەک: "کوردان هەن یان نین؟ ئەگەر هەن، تا چ ئاستێک گەیشتوون بە ئاستی بوون؟ لەوەش گرنگتر، ئەم بوونە و ئازادی، تا چ ڕادەیەک لێک‌ئاڵاون و تا چ ئاستێک بەدیهاتنی یەکتر دەڕەخسێنن؟". پەکەکە تەڤگەری بوون و سەلماندنی بوونی کورد و کردنەوەی دەرگای ئازادییە. وایە، لەم خاڵەدا بنبەستێک هەیە. قۆناغی پاش ساڵانی نەوەدەکان، گوزارشت لەمە دەکەن. با بڕوانینە ڕابردووییەکی نزیکتر. بۆ نموونە، وتەکانی پێش سێدارەی شێخ سەعید و سەید ڕەزا، وەک دوو پێشەنگی کاریگەری شۆڕشی کوردیی نەریتیی، چۆن شرۆڤە بکەین؟ دەتوانم هەندێک زیاتر ئەم وتانە ڕوون بکەمەوە و بڵێم، گوزراشتە لە بەسەرچوونی کوردایەتیی نەریتیی.

ئەم قسانە بەم مانایە دێن. کوردایەتیی نەریتیی، هاوکات واتە بوونی کوردی نەریتیی. ئەم دوو پێشەنگەی دوایین، لەبەردەم سێدارەدا، کۆتایی بوونی کوردی نەریتیی دەردەبڕن و میرات و بیرەوەرییەک لەدوای خۆیان جێدەهێڵن. دوایین وتەکانی شێخ سەعید چ بوون؟ دەپرسێت: "کاکی قازی، خۆ گوتت پێکەوە بەرخ دەخۆین"، ئەمە غەفڵەتێکی ئایینییە، ئاخر ئەو شێخێکی نەقشەبەندییە. ئەمە لەبنەڕەتدا دەرخەری فریوخواردنێکی تراژیدیی و خەمناکە. دەریدەخات ئەو ئایدیۆلۆژیایەی پەنای بۆ بردووە چەندە هەڵە بووە.

وتەکانی سەید ڕەزا واتادارترە: "دەرەقەتی ئێوە نەهاتم، با ئەمە داخێک بێت لە دڵما؛ وەلێ بەرانبەرتان چۆکم دانەنا، با ئەمە ببێتە داخی دڵی ئێوە". ئەمەش گوزارشتە لە فریوخواردن، هەروەها دەریدەخات تا دوا ساتەکان، ڕادەستبوونی بەسەردا سەپێنراوە و پێیان وتووە: "ڕادەست ببە و خۆت ڕزگارکە لە سێدارە". دەڵێت: "نا، ڕادەست نابم، با ئەمە ببێتە داخی دڵتان". ڕاستییەکەشی، ئەمەیە کە دێرسیم وەک کانگای داخ و دەرد دەهێڵێتەوە... گوزارشتە لەمە. لەئەنجامدا، هەردوو نەریتەکە، هەم نەریتی نەقشەبەندی، هەم نەریتی عەلەوی، یان نەریتی سوننی_عەلەویی، لەبنەڕەتدا دەستکرد و دروستکراون. ئەو دەمەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە لەشێوەی دەوڵەت_نەتەوە پێشکەوت، بناغەی نکۆڵیکردن لە کورد لەسەر ئەم دوو چەمکە دادەنێن. لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و دەسپێکی سەدەی بیستەم، عەلەوییەتێکی وەها دەستکرد، پێکدەهێنن. ڕاستییەکەی، بەم دوو فێڵە، بوونی نەریتیی کوردان لەناودەبرێت. ئەمە جەوهەرەکەیەتی، بەڵام هێشتا کاریگەریی و شوێنەوارەکانی جێی سەرنجن؛ لە حاڵەتی چەولیگ و لە حاڵەتی دێرسیمدا، بەڕوونی ئەمە دەبینرێت. ئەم دوو پێشەنگە، گوزارشت لەم ڕاستییە دەکەن. ئەم گوزارشتکردنە لەبەردەم پەتی سێدارەدا، زۆرگرنگە. گوزارشت لە ڕاستییەکی مردوو دەکەن. ڕاستییەکی نەخۆش و بریندار نا، ڕاستییەکی مردوو.

هەر پەیوەست بەمەوە، قۆناغێکی دیکە هەیە، ئەم قۆناغە لە کەسێتی قازی محەمەد و موستەفا بارزانی و قاسملۆ و جەلال تاڵەبانی‌دا ئەزموون دەکرێت. ئەم قۆناغە گوزارشتە لە کام ڕاستی؟ بەڵێ، گوزارشتە لە ڕاستییەک. پێی دەڵێین، نەریتی فیوداڵی (دەرەبەگایەتی)، یاخود قۆناغی گواستنەوە. ئەو قۆناغەی لەوکاتەوە تا ئێستە بەردەوامە، کەسایەتی نیمچە بۆرژوازی و نیمچە ئەریستۆکرات دەگرێتەخۆ. مەبەستمان لە بۆرژوازی، ئەو قۆناغەیە کە لەپاش جەنگی جیهانیی دووەمەوە تا ئێستە ماوەتەوە. یاخود ڕاستی سەرمایەداربوون و بۆرژوازی‌بوون لە ئیسلامدا... ئایا قۆناغێکی وەها ئەزموونکراوە، یان ئەزموون دەکرێت؟ بەڵام هەیە. سەرمایەدارییەکی وەها، بوونێکی نەتەوەپەرست و ئاگاییەکی ناسیۆنالیستی هەیە. نوێنەرەکانیشی دیارن. قازی محەمەد سەر بە نەریتی دەوڵەتسازی بوو. هێشتاش ئەزموونی دەوڵەتسازی بارزانی پیادە دەکرێت. تاڵەبانیش هاوبەشی ئەمەیە. بەڵام هێشتا، دەوڵەت_نەتەوەیەکی کوردان کە مۆرکی خۆی لە سەردەمەکەدا بدات، نەهاتووەتە کایەوە. یا چەندە هەوڵیش هەبێت، هێشتا جێی گومانە. هەتا ئەگەر بێتەدی، هێشتا دەکرێت وەک دیاردەیەکی خۆجێی و هەرێمیی بمێنێتەوە. ئەمە جێی مشتومڕە. لەوەش گرنگتر، ئەم دیاردەیەی دوایین، دەوڵەتی فیدراڵیی کورد، دژی ئێمە پێشخراوە. ڕاستەوخۆ بەگوێرەی خواستی کۆماری تورکیا پێشخراوە. ڤێرژنێکە لە پێکهاتن. لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە، وەک ئامرازێک بەکارهات بۆ تەسفیەکردنی تەڤگەری شۆڕشگێڕ. سەرەتا پەرلەمانی فیدراڵ، پاشان هەموو ئۆرگەکانی تر، بۆ ئەم مەبەستە بەکارهاتن. هێزە سەربازییەکان، بە هاوکاری ئەم هێزانە بڵاوکراوەی تەسلیمبوون، بۆ تەسلیمبوونی ئێمە بڵاودەکەنەوە. ئەمە جێی سەرنجە. ئەمە قۆناغی ڕاگوزەر و گواستنەوەیە... ناسیۆنالیزمی کورد، سەرمایەی کورد، ئێمە پێیان دەڵێین بۆرژوازیی کۆمپرادۆری پاشڤەڕۆ؛ ڕەنگە هەندێک پێشکەوتووتر بن، ناوەندەکە ببێتە ئامەد، ناوەندەکە ببێتە هەولێر، ببێتە سلێمانی، یان هەتا ناوەندەکە ببێتە مەهاباد؛ بەڵام بەبڕوای من، ئەمانە پێکهاتە و ئامرازی تەسفیەکردنن، توخمی دژە شۆڕشی دەستکرد و ماوەبەسەرچوون. هەم ناوەڕۆکی ئایدۆلۆژی، هەم پراکتیکیشیان بەو جۆرەیە.

هەروەها باس لە قۆناغی گواستنەوەی گواستنەوە دەکەین، قۆناغی گواستنەوەی گواستنەوە، ئەو قۆناغەیە کە تا ئێستە هاتووە. ئەوانەی گوزارشت لەم قۆناغە دەکەن و نوێنەری ئەم قۆناغەن، بریتیین لە سەعید ئاڵچی و سەعید قرمزی‌تۆپراک، سلێمانی موعینی و براکانی، تا سیراج بیلگین. لە ئەدەبیشدا، جگەرخوێن، لە مۆسیقادا ئارام تیگران، نوێنەرایەتی دەکەن. چ مانایەک لەم کەسانە بار بکەین؟ پێیان دەڵێین، وڵاتپارێز. بە هەندێکیان دەڵێین، سۆسیالیست. هەموویان مۆدێرنن، ڕاستگۆن، یاخود نەبوون بە هاوکاری دژبەران. نەبوون بە ئیرادەی هێزە دژبەرەکان، نەبوونە ئامرازی دەستی هێزە دژبەرەکان، نەبوونە دەنگی هێزە دژبەرەکان. بەڵام هەر وەک تاکەکەس مانەوە، زۆربەشیان لەلایەن هاوکارانەوە [ئەوانەی دەستیان لەگەڵ نەیاران تێکەڵکردووە] لەناوبراون. بۆ درککردن بە خۆیان و خۆپاراستنیان، زەحمەتی زۆریان چەشتووە؛ هەموویان بوونەتە قوربانی پیلانگێڕییەکان، لە هەمووشی گرنگتر، لە دەربەدەرییدا مردوون. هەڵبەتە کەمێک کاریگەریشیان لەسەر ئێمە هەبووە. لە هەرکوێ لێی بڕوانین، ئەوانە نموونەی سەرەتایی ئێمە بوون. بە خۆم دەڵێم، ئەمانە وەک ڕاستییەک، نموونەی سەرەتایی ئاپۆچێتی نیشان دەدەن. ویستم مانایەکی وەها ببەخشمە ئەم قۆناغە.

پاش ئەم پێشەکییە، دێینە سەر ئەو بەشەی کە پەیوەستە بە ئێمەوە. نیازمە باس لە ڕاستی خۆم بکەم، هەمان ئەو قۆناغەی مۆرکی خۆی داوە لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم. ڕاستینەی ئاپۆ هەیە، ئەمە ڕاستییەکی بەرچاوە، شیاوی نکۆڵیکردن و پەردەپۆشکردن نییە. ئەم ڕاستییەی ئاپۆ یان هەقیقەتی ئاپۆ، چۆن شرۆڤە دەکرێت؟ وەک خەیاڵ و ڕاستی، گوزارشت لە چ دەکات؟

"قۆناغی ئاپۆ" لە کارەکتەری ڕێبەرێتییدا، زۆر بەکەمی لێی تێگەیشتوون، لێی تێ ناگەن. ئێوە دەڵێن "ڕاستی ڕێبەرێتی"، بەڵام ئەم ڕاستییە چییە، ئێوە لێی تێ ناگەن. گەل پەرتەوازەیە، ئیفلیج بووە، هێزی تێگەیشتنی نییە. کادرەکان بەگوێرەی پێویست نین. ٥٠ ساڵە، سەرسامی و مەسیحایەتیی کورد، گرێدراوی ئەم ڕاستییەیە. پەیدابوونی ڕێبەرێتی لەنێو پەکەکەدا، خاڵی وەرچەرخانە لە مێژوویی کورددا. لانی کەم، هێندەی هۆشیاربوونەوەی کورد و شۆڕشی ژیانەوە، گرنگە. ئاپۆ، مەسیحێک نییە لە ئاسمانەوە دابەزیبێت، ڕێبەرێکە، بە ڕەنج و کۆششی کۆمەڵایەتی خۆی ئافراندووە. سەرهەڵدانی ڕێبەرێتیی سۆسیالیستییە لە مێژووی کورد و کوردستاندا. پەیدابوونی ڕێبەرێتی لە ئاپۆدا، پەیدابوونی کەڵتێکی شەخسی [پیرۆزکردنی شەخس] نییە، بەڵکو پەیدابوونی ڕێبەرێتییەکی بەکۆمەڵە.

لە پرۆسەی سەرهەڵدانی ڕێبەرێتییدا، کوردایەتی پەرتەوازە کرابوو، ڕێبەرێتیی نەریتیی مایەپووچ بوو، کورد لە بیرکردنەوە بێبەشکرابوو. بۆیە، پێشکەوتنی ڕێبەرێتی لە ڕەوشێکی وەهادا، واتای موعجیزەئاسای لێ بارکراوە، وەها لێی تێگەیشتوون. بەڵام تا ئێرە و بەس! ئەوە ٥٠ ساڵە چاوەڕێی تێگەیشتنێکی ڕاستم. هەر دەیڵێم و دەیڵێم و دیسان دەیڵێمەوە. لە ڕاستی ڕێبەرێتی تێ نەگەیشتوون، لە پەکەکە تێ نەگەیشتوون، لە کوردی ئازاد تێ نەگەیشتوون، لە کوردستان تێ نەگەیشتوون. پێداگرن لەسەر پاشڤەڕۆیی. بۆیە پێشناکەون و نابنە ڕێبەر. بۆ ئەوەی بتانکەم بە بەشێک لە ڕێبەرێتی ڕاست، ٥٠ ساڵە هەوڵ و تێکۆشانێکی بێ‌وچانم داوە.

تا ڕاستی ڕێبەرێتی بەدرووستی تێنەگەن و ڕوونەکەنە ئەم ڕاستییە، ناتوانن بچنەپێش، چ جای ببنە پێشەنگی کۆمەڵگە. بگرە ناتوانن خۆشتان بەڕێوەببەن. توانایەکی لەڕادەبەدەرم هەیە بۆ گوفتار و کردار، پێشکەشی ئێوەی دەکەم، هەوڵدەدەم بەزۆرەملێش بێت بە ئێوەی بدەم، بەڵام ئێوە هێشتا وەری ناگرن. پێداگرن لەسەر ئەوەی خۆتان وەک بنبەستێک پیشان بدەن. بۆچی؟ ئەمە گرنگە، چونکە کارەکە جدییە. لەئێستەدا، ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕەوشێکی بەردەوام و ساتەوەختێک کە هێشتا مۆرکی خۆی لە مێژوو دەدات و بەردەوامە. بۆیە گەیشتووین بە بنبەستی پەکەکە و چارەسەرمان بۆ دۆزیوەتەوە؛ واتە کۆتاییهێنان بە کاری ڕێکخستنی لەژێر ناوی پەکەکە. ئەم ساتە حاڵەتێکە لە هەموو ساتێکدا تێیدا دەژیم و ئەزموونی دەکەم... بەڵام دووبارەکردنەوەی ساتێکە، بەهایەکی داهێنەرانەی ئەوتۆی نییە، پێویستە هەنگاوێکی مەزن بنرێت. ئەوە جێی سەرنجە، ئەم هەنگاوە لەلای ئێمەوە نەنرا، لەلایەن کەسێکەوە نراوە کە هەمیشە دژی من تێکۆشاوە، هەموو کاتێک بۆ لەسێدارەدانی من هەرچی لەدەست هاتووە کردووییەتی؛ کەسێک لەسەر بنەمای هەستیاریی تورکبوون بووەتە پارت و حزب، لەنێو حزب و دەوڵەتدا بووەتە دەنگ و دەستێکی کاریگەر، ئەویش دەوڵەت باخچەلییە؛ ئەو کەسەیە کە دەرگای بەسەر ئەم قۆناغە نوێیەدا کردەوە. دەوڵەت باخچەلی، ئەو کەسەی پێشەنگایەتیی شەڕێکی بێ‌وچانی لە دژی ئێمە دەکرد، بە شاندی دەم پارتی گوت: "هەموو تەمەنم بۆ ئەمە تەرخان کرد، بەڵام ئێستە نیازمە دەرگا بەڕووی قۆناغێکی نوێدا بکەمەوە". بەبڕوای من، ئەمەش گوزاشتە لە بانگەوازێکی کراوە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. پێشهاتەکان زیاتر ئەمە نیشان دەدەن. تاکە ئەنجام لەمەوە دەریبهێنین ئەوەیە، تەنها ئەو کەسانەی شەڕ دەکەن دەتوانن ئاشتی بەدی بهێنن. نەوەک هێزە دووەم و سێیەمەکان، نەوەک هێزە نێوانگیر و هاوپەیمانەکان، تەنها ئەو هێزانەی بەرپرسیارێتیی شەڕیان لەئەستۆ گرتووە، دەتوانن بەرپرسیارێتیی ئاشتی لەئەستۆ بگرن. چونکە لانی کەم، ئاشتی هێندەی شەڕ ڕووداوێکی جددییە. تەنها کەسانی پلە یەک، دەتوانن بەرپرسیارێتی ڕووداوێکی وەها جددیی بگرنەئەستۆ و خاوەنداری لێ بکەن. بۆیە ئەوە دەوڵەتە کە ئەم شەڕە دەکات. بە پێویستی دەزانم، ئەم شەڕە لەگەڵ دەوڵەتدا، لەسەر بنەمای ئاشتی بگۆڕم بە تاقیکردنەوەی سەرەتایەکی نوێ. لە ٦ مانگی ڕابردوو باس لەمە کرا. ئێمەش بڕیارێکی گونجاومان دا، تاکو ئەو دەستەی درێژکراوە لە هەوادا نەهێڵینەوە، ئەم دەنگەی بەرزدەبێتەوە بێ زایەڵە نەمێنێتەوە، بۆیە وەڵاممان دایەوە. ئێمە وەک بەرپرسیار و بەڕێوەبەری سەرەکی و یەکەمینی ئەم شەڕە، خۆمان بە بەرپرسیار زانی، بەبێ دواکەوتن وەڵاممان دایەوە. ئەمەش بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە. بەم جۆرەیە: ئەوانەی شەڕ دەکەن، دەتوانن ئاشتی بەدی بهێنن. موخاتەبەکانی تر، توانای بەدیهێنانی ئاشتییان نییە. ئەوان لە ڕیزی دووەمدان، یان هاوکارن. تەنها پێشەنگەکانی ئەم کارە، دەتوانن دەسپێشخەریی بکەن. ئەوەتا کەوتووەتە سەر ڕێچکەیەک، بەبڕوای من، ڕێبازێکی تەندرووستە. لەسەر بناغەی ئەم ڕێبازە، سەرەتاکەمان هەندێک بەرفراوانتر کرد، لەم دانیشتنەدا لەژێر چاودێریی دەوڵەتدا، بەرنامەی خۆمان ئامادە دەکەین. ئێمە هەوڵدەدەین بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک. دەمانەوێت ئەم قۆناغە تێپەڕێنین. ئەمە چییە؟ بەتایبەت لەگەڵ کۆماری تورکیا، دەرچوون لە شەڕ و پێکدادانی جوداخوازانە و گەیشتن بە پرۆسەی ئاشتی و یەکێتیی دیموکراتیک. بۆ دەوڵەتانی تریش، عێراق و ئێران و سوریا_ پرۆسەی لەم ڕەنگە دێنەپێش. بەبڕوای من، بەشداری لە دەسپێشخەرییەکەی تورکیا، هەنگاوێکی عەقڵانی و واقیعییە. دەبێت وەها بێت و هەر وەهاش دەبێت. بۆیە ئەم هەنگاوە زۆر جدییە. هەرچەن ڕووبەڕووی چەند زەحمەتییەک ببێتەوە، بەڵام هێشتا لە ڕاستترین هەنگاو دەچێت. ئایا ئەم قۆناغە تێدەپەڕێت؟ هەوڵی داهێنەرانە ئەم خواستە بەدی دەهێنێت. لەسەر ئەم بناغەیە، پرۆسەی نوێ لەژێر حەوت ناونیشاندا دەخەمەڕوو. چۆن و بۆچی ئەم حەوت ناونیشانەم هەڵبژارد؟ خەریکیین تاوتوێی دەکەین.

١_ سرووشت و مانا

ویستم بە شتێک دەست پێ بکەم کە کەمتر بە زەینی مرۆڤدا دێت، واتە بە "سرووشت و مانا" یان بە "دیالەکتیکی سرووشت". هەوڵدەدەم زیاتر ڕوونی بکەمەوە. مانا، ئاماژەیە بە پەیوەندی و هاوبەشی. تێگەیەکی هاوبەشێتی و کۆمەڵایەتییە. مانا، پێش هەموو شتێک، مانای شتێکە. مرۆڤ ناتوانێت باس لە مانایەکی سەربەخۆ و دەرەوەی بوون بکات. باشە، مانا چۆن پێکدێت؟ مرۆڤ بە گوێگرتن لە سرووشت هێزی مانا پێشدەخات. بۆیە لاسایکردنەوە (mimetik) یەکەمین تەرزی فێربوونە لای مرۆڤ. بۆیە مرۆڤ بە گوێگرتن لە سرووشت، لەنێو سرووشتدا دەگۆڕێت.

لە ڕەوتی مێژوودا، ڕێبازی فێربوون لەڕێگەی گوێگرتن لە سرووشتەوە، تا دێت لاوازتر بووە. چونکە زمانی سیمبولیک و زەینی شیکاریی پێشکەوت، مرۆڤ سرووشتی بەگوێرەی چەمکەکانی خۆی پێناسەکرد، ئەمەش سەریکێشا بۆ نامۆبوونی مرۆڤ لە سرووشت. ئەم نامۆبوونە لە قۆناغی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا، گەیشتە لوتکە. فیکری زاڵی هەر قۆناغێک، دەبێتە هەقیقەتی ئەو قۆناغە. واتە فیکری زاڵی هەر قۆناغێک، وەک هەقیقەتی ئەو قۆناغە قبووڵ دەکرێت. ڕاستییەک هەیە و گوزارشتی لێ دەکرێت، ئەم گوزارشتەش لەڕێگەی فیکر و خەیاڵێکەوە دەبێت. بۆ نموونە، ئەو قۆناغەی تێیدا فیکری میتۆلۆژی زاڵە، پێی دەڵێین قۆناغی میتۆلۆژیی. واتە قۆناغێک کە بە تەواوەتی لەڕێی خەیاڵەوە گوزارشتی لێ کراوە. درێژترین قۆناغە کە مرۆڤ تێیدا ژیاوە. ملیۆنان ساڵی خایاندووە. ڕەهەندی لاسایی تێیدا لەپێشە و ئاڵاوە لە غەریزەکانی لاسایکردنەوە لای گیانەوەران... ئێمە ئەم قۆناغە ملیۆنان ساڵییە ناودەبەین بە قۆناغی لاسایکردنەوە... دواتر فیکری میتۆلۆژیی پێشکەوت. ئەمەش زیاتر ڕاستی قۆناغی نیولیتیک و نیولیتیکی سەروو و میزۆلۆتیکە. هاوتا کۆمەڵایەتییەکەی، بریتییە لە کۆمەڵگەی کڵانەکان و هۆزەکان. ماڵیکردنی ڕووەک و گیانەوەران، لەبنەڕەتدا گوزارشتە لە قۆناغ و شێوە کەلتوور و ژیانێکی نوێ. فیکری میتۆلۆژی، لاسایی و غەریزەی حەیوانی تێدەپەڕێنێت. بەتەواوەتی لەڕێگەی خەیاڵەوە گوزارشتی لێ دەکرێت. لە مرۆڤدا فیکرێکی سیمبولیک پێشدەکەوێت. لەڕووی فیکرییەوە لە گیانەوەران دەترازێت. فیکری سیمبولیک تەنها تایبەتمەندیی مرۆڤەکانە، مرۆڤ لەڕووی فیکری سیمبولیکەوە لە گیانەوەران جیادەبێتەوە. لە فیکری لاساییکردنەوەدا سیمبول بوونی نییە، تەنها لاسایکردنەوە هەیە. ئایا لاسایکردنەوە فیکر و ئەندێشەیە یان نا، ئەمە جێی مشتومڕە. ڕەنگە گیانەوەرانیش ئاگاییان هەبێت، بەڵام ئەمە نابێتە ڕەوشێکی فیکریی. بۆیە فیکری سەردەمی میتۆلۆژیی، سیمبولیکە. جیهانی فیکری سەردەمی میتۆلۆژی، بریتییە لە چیرۆکەکان. لەوەش زیاتر، فیکری ئایینی یەکتاپەرستی یان ئەو فیکرەی لە ئایینی یەکتاپەرستی دەچێت، بەدی دەکرێت. کەم‌تازۆر، تا ڕۆژی ئەمڕۆمان، قۆناغێکی فیکری ئایینی و مانابەخشیی ئایینی هەیە. سەرچاوەی هەردووکیشیان، ئەو شوێنەیە کە پێی دەڵێین، ڕۆژهەڵاتی ناوین یان لانکەی شارستانییەتی میزۆپۆتامیای سەروو. لانکەی فیکری میتۆلۆژی و فیکری ئایینییش، دەکەوێتە نێوان دۆڵەکانی دیجلە و فورات. ئەفسانەکان چنراوی مانایین کە بەرهەمی بەکۆمەڵگەبوونن. لەسەر بنەمای بەهێمایی‌کردنی پێویستییە ماددیی و مەعنەوییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئەفسانەکان ڕۆڵیان گێڕاوە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەکاندا. لەشێوەی بەکۆمەڵگەبوونی کڵاندا، هێزی ڕاستی زەینی بنیات دەنێن.

چەرخی ئیکۆلۆژیی مەزن، کەم‌تازۆر، پێش ١٥ هەزار ساڵ کۆتایی هاتووە. لەوێوە قۆناغی ئاوهەوایەکی نوێ دەست پێ دەکات. ئەمە وا دەکات نیولیتیک مومکین بێت و قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکات. لێرەدا، مرۆڤ سەرەتا زمان دادەهێنێت، پاشان فیکری سیمبولیک. ئینجا هەنگاودەنێت بەرەو شارستانییەت و دەوڵەت.

ئایا فیکری ئەم قۆناغە گوزارشتە لە سرووشت، مانایەک دەداتە سرووشت؟ وەک ئەوەی دەبینرێت، بەڵێ وایە. ئەگەر ئیسلام بە نموونە وەربگرین، چەمکی خودا هەیە، کە هەموو شتێکی پێوە دەبەسترێتەوە. بەو پێیە، خودا سەرتاپای گەردوونی گرتووەتەوە، لە هەموو ساتێکدا بەسەر هەموو شتێکدا سەروەرە، لە هەموو ساتێکدا هەموو شتێک دەئافرێنێت و هتد. پێناسەیەکی وەها بۆ خودا هەیە. تەنانەت دەگوترێت خودا پێناسە ناکرێت. گوایە ئیمانێکە کە گوزارشتی لێ ناکرێت. کاتێک دەڵێین ئیسلام، مەبەست لەمەیە. لەبنەڕەتدا ئەمە قۆناغێکە، قۆناغێکی گرنگیشە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا. هۆکاری ئەم هەموو کاریگەرییەی ئیسلام، ئەمەیە. ئیسلام فیکرێکە لەنێوان فەلسەفە و میتۆلۆژیادا. فیکری ئیسلام، نە تەواو فەلسەفییە، نە تەواو میتۆلۆژیی. بەتوندییش دژی هەردووکییانە. لە غەزالییدا ئەمە دەردەکەوێت. ئەگەر وەک قوتابخانەیەک لێی بڕوانین، غەزالی قوتابخانەی زاڵە. لەلایەک دەرگا بەڕووی ئەو فەلسەفەیە دادەخات کە لە ئەوروپا ڕێگە بۆ زانست دەکاتەوە و بەرەو سەرکەوتنی دەبات؛ لەلایەکی ترەوە، زانستی کەلام پێش دەخات، بەڵام زانستی کەلام فەلسەفە نییە. لەلایەکی ترەوە، قۆناغی میتۆلۆژیا دادەخات. بەمەش قۆناغێکی نوێی ئیسلام دەست پێ دەکات. زۆر کاریگەرە، مۆرکی خۆی لە قۆناغەکە دەدات، مەسیحییەت و تەورات و ئایینەکانی هیند و چین تێدەپەڕێنێت و گۆڕەپانێک بۆ خۆی دەکاتەوە. بۆچی؟ چونکە قۆناغێکی گرنگە. لەنێوان قۆناغی فەلسەفە و میتۆلۆژیادا، نابێت قۆناغێکی گواستنەوە و ڕاگوزەر بوونی نەبێت. بۆ ئەمەش پێغەمبەرێک پێویست بوو. حەزرەتی موحەمەد نوێنەرایەتی ئەمە دەکات. دەڵێن، خودا ٩٩ سیفەتی هەیە. هەموو شتێک وەک شتێکی تر مانا دەدات. لەڕاستییدا، گەردوون فەلسەفەیە. ئەمە قۆناغی پێشتر بوو. ٩٩ سیفەت فەلسەفەیەکە، بەرنامەیەکە. پێشەنگی فەلسەفەی مۆدێرن، پێشەنگی زانستی مۆدێرنە. بۆیە بەگوێرەی مەسیحییەت زۆر کاریگەرترە. بەڵام لەنێو خۆیدا تووشی بنبەست هاتووە. چونکە دەرگای گەیشتن بە فەلسەفەی مۆدێرنی داخستووە. ناکۆکی ئیبن ڕوشد و غەزالی دەزانین. غەزالی، ئیبن ڕوشد مەحکوم دەکات، بەڵام فیکری ڕۆژئاوایی ئیبن ڕوشد بەبنەما دەگرێت و پەرەی پێ دەدات، ڕۆژئاوا شۆڕشی فەلسەفی و زانستی بەدی دەهێنێت، کەچی ئیسلام بەتەواوەتی خۆی لەمانە دووردەخاتەوە. بەمە سەرکەوتنی ڕۆژئاوایی دەست پێ دەکات. ئیسلام، زیاتر لە فیکری میتۆلۆژی و ئایینی تەوراتی (یەهودی) گوزارشت لە هەقیقەت دەکات. بەڵام لەبەرئەوەی ئەوپەڕی پێداگرە، هەم لەدیوی کرانەوەی مەسیحییەت و هەم لە نزیکایەتیی باوەڕی میتۆلۆژیی توندەوە ڕووبەڕووی فشارێکی دوولایەنە دەبێتەوە. داخران، ئیسلام دەکاتە هێزێکی زۆر توند و پاشڤەڕۆ. سەدەی ١٥ و ١٦ لوتکەی توندی و داخران ئەزموون دەکرێت. سەدەی ٩ و ١٠ لە ئیسلامدا، سەدەی ڕێنێسانس و کاریگەریی ئیسلامە بۆ سەر جیهان. بەڵام سەدەی ١٥ و ١٦ سەدەی داخران و پاشڤەڕۆیی مەزنە، بەفیعلی ئیسلام بەرەو لەناوچوون دەبات. لە کەسێتی سەفەوییەکان و بابوورەکانی هیندستان و عوسمانییەکان کە ناوەندەکەیان ئیستەنبوڵ بوو، داخرانێکی مەزن دەست پێ دەکات، پاش سەدەیەک _سەدەکانی ١٧ و ١٨_ کۆتایی بە تەمەنی خۆی دەهێنێت. بەبڕوای من، ئیسلام لە سەدەی ١٨هەمدا کۆتایی هاتووە. ئیدی لەوکاتەوە ژینی بەبەرەوە نەماوە. دواتر بەکارهێنراوە و قۆستراوەتەوە. ئینگلیزەکان ئەم ئیسلامە بەکاردەهێنن و دەیقۆزنەوە، خۆیان دەکەن بە سەروەری جیهان، لە دوورگەیەکی بچوکەوە دەبێتە هێزێکی هەژموونگەرای جیهان. ئەمە پەیوەستە بە ڕەق‌هەڵاتن و کۆنەپارێزیی ئیسلامەوە. بۆچی باس لەمە دەکەم؟ تاڕادەیەکیش باسم لە مەسیحییەت کرد. چونکە لەڕێی مەسیحییەتەوە، باڵادەستی ڕۆژئاوا دەستی پێ کرد. ئەو ڕیفۆرمەی لە مەسیحییەتدا ڕوویدا، لە ئیسلامدا بەدی نەهات. شیعە هەوڵیدا و تاقی کردەوە، بەڵام سەری نەگرت. لە ڕۆژئاوا، لە ڕیفۆرمەوە تێپەڕین بەرەو ڕۆشنگەری. پەیوەست بەم ڕێنێسانسە، ڕیفۆرم و ڕۆشنگەری، بوونە مایەی سەرهەڵدان و سەرکەوتنی باڵادەستی زەینیی ڕۆژئاوا. لە سەدەی ١٨هەمدا، شۆڕشی فەرەنسا، شۆڕشی پیشەسازیی بەریتانیا، شۆڕشی سیاسیی فەرەنسا، سەریهەڵدا... ڕۆژئاوا لە سەردەمی جیهانگیرییدا، لە سەدەی نۆزدەهەم گەیشتە لوتکە. لە سەدەی بیستەمدا لە لوتکە مایەوە و ئێستە پێ دەنێتە قۆناغێکی تەواو نوێوە. بۆچی باس لەمە دەکەم؟ ئەگەر بە درووستی ڕابردوو شرۆڤە نەکەین، ئەگەر مانای درووست بە ڕابردوو و نەریت نەبەخشین، ناتوانین لە ئەمڕۆ تێبگەین، ئەگەر بەباشی درک بە ئێستامان نەکەین، ناتوانین مانا بە ئایندەمان ببەخشین. هەرچەند کەمالیزم، پێناسەیە بۆ زاڵکردنی فیکری پۆزەتیڤیستی، بەڵام ئێستە فیکری کۆنەپارێز بەنیازە ئیسلام باڵادەست بکات. ئەو پۆزەتیڤیزمەی لە ڕۆژئاوا تێپەڕێنرا، لە تورکیا گۆڕا بۆ پاشڤەڕۆییەکی مەزن. شتێک لە ئیسلام نەماوەتەوە. بەرانبەر ئیسرائیلێکی ٥ ملیۆن کەسی، ئیسلامی عەرەبی ٣٠٠ ملیۆن کەسی توانای هەناسەدانی نەماوە. ئیسلام بەرپرسیارە لەمە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر هێشتا بانگەشەی ئیسلام دەکەین، لێرەدا هەڵە و کەلێنێک هەیە. بۆ تێگەیشتنی ڕاست، ئاماژە بەم شتانە دەکەم. ئێستە پرسیارێک هەیە "ئایا  ئیسلام باڵادەستە یان مەسیحییەت". ٩٩٪ مەسیحییەت باڵادەستە. پێویستە بەدرووستی ئەمە دەرببڕین. ئەگەرنا، ئەوەی هەیە سواڵکردنە. بەرانبەر ڕۆژئاوا، بە چەمکی ڕۆژئاوایی بەرگری لە ئیسلام دەکەن. وەها بەرگری لە ئیسلام ناکرێت. ڕۆژئاوا لە فەلسەفە و زانست و تەکنیکدا زۆر پێشکەوتووە. دەتەوێت لەم ڕووە و لەو ڕووەوە سود لە بەرهەمەکانی وەربگری. ئەمەش وەک سواڵکردنێک ئەنجام دەدەیت. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی غەززە دەریخست، ئەمە دەرفەتی سەرکەوتنی نییە. هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل. ئەو ئیسرائیلەی تۆ هێرش دەکەیتەسەری، هەژموونی بەسەر جیهاندا هەیە. دواتر لە بەرانبەر ئیسرائیلدا، داوای هاوکاری لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا و کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ و نازانم کوێ، دەکەن؛ ئاخر ئیسرائیل مۆرکی خۆی داوە لەو دامەزراوانەی کە تۆ داوای هاوکارییان لێ دەکەی. ئەگەر ئیسرائیل وەک دوژمنێکی ڕاستەقینە دەناسێنیت، نابێت سواڵ لەو دامەزراوانە بکەیت. ئەگەر ڕاستەکەیت و ناتەوێت گەل فریوبدەیت، ئەم کارە مەکە. ئەو هێزێکی هەژموونییە. یان بەرانبەر هەژموونەکەی سەر نەوی بکە، یان شەڕێکی ڕاستەقینە بکە. لەبەرئەوەی ئەمە لە تورکیا ڕووی نەدا، بیروبۆچوونەکان پارچە پارچە بوون، سەرمایە درێژە بە کەڵەکەبوون دەکات و بەهۆی ئەم شەڕەوە باڵادەستی خۆی زیاتر دەکات. بۆ تیشک خستنەسەر ئەم ڕاستییە، ئەم بەشەم کردەوە. بێگومان تێگەیشتن لەمە وابەستەیە بە تێگەیشتنی ڕاست لەم قۆناغە. ئەمەش تیشک دەخاتە سەر بابەتەکە و پێویست بە ڕوونکردنەوەی زیاتر ناکات.

٢_ سرووشتی کۆمەڵایەتی و کێشەکانی

بۆ پتەوکردنی فیکری فەلسەفیی، ڕەنگە هەندێک مەراقی سرووشت و مانا بکەن. وە مەراقێکی ڕەوایە، زانست لە مەراقەوە دەست پێ دەکات. بۆ پێشوازیکردن و کردنەوەی ڕێگەیەک بۆ ئەم مەراقە، بەبڕوای من، وەک دیالەکتیکی سرووشتی، پێویستمان بە فیکرێکی فەلسەفەیی نوێیە. بۆیە بەپێویستم زانی بە هەموو فیکرێکدا گوزەربکەم و ئەنجامێک دەربهێنم. فیکرێکی گریمانەییە و ناڵێم ڕاستییەکی ڕەهایە. ڕەنگە درک بە ڕاستییەکی سرووشتی دیکە بکەین. دەتوانین پێی بڵێین گەردوون. هەندێک تایبەتمەندیی هەیە هێشتا لێی تێنەگەیشتووین. باسی تەقینەوە گەورەکە (بیگ بانگ) دەکەن. ئەم تەقینەوە گەورەیە، چییە، پێش تەقینەوە گەورەکە چی هەبوو؟ دەڵێن دوای تەقینەوە گەورەکە، گەردوون بۆ ماوەی ١٣ ملیار ساڵ کشاوە. زۆر لۆژیکی نایەتە بەرچاو. تادێت لە زانستی فیزیادا ئایدیایەک بۆ ڕوونکردنەوەی پشتی پەردەی تەقینەوە گەورەکە پێش دەخرێت. ساتی تەقینەوەکە یان پێش تەقینەوەکە... شتێکی سرووشتییە کە مرۆڤ بیر لەوە بکاتەوە: پێش تەقینەوەکە گەردوونێک هەبووە، یان نەبووە؟ ئەم تەقینەوەیە لە هەبوونگەلێک کە ملیاران جار بچوکترن لە سەرەدەرزییەک دەست پێ دەکات و گەردوونی ئەمڕۆی لێ پەیدابووە. ئێستە گەلەئەستێرەکەی ئێمە، ڕێگای کاکێشان (ڕێگای شیریی) لە ٢٠٠_٣٠٠ ملیار ئەستێرە پێکدێت. لەدەوری هەر ئەستێرەیەک دەیان هەسارە هەن. وە ملیاران گەلەئەستێرە بوونیان هەیە... پەیدابوونی هەموو ئەمانە لە هەبوونێکەوە کە هێندەی سەردەرزییەکە، پێویستی بە ڕوونکردنەوەیە. زانست هەوڵدەدات لەڕێی فیزیای کوانتۆمەوە وەڵامی ئەمە بداتەوە. گوایە پرەنسیپی بەردەوامی و لۆژیکی "هەم ئەمە (ئەگەر) و هەمیش ئەوە (ئەگەر)"، بەم جۆرەیە. لەگەڵ هەموو ئەمانەش، ئەمەش هەیە. ئەو سەردەمە ماتریاڵیزمی خام ئەزموونکرا. باشبوو، ئەو ماتریاڵیزمە تێپەڕێنرا. گەردوون هەرگیز بەو جۆرە نەبوو کە ئەوان دەیانگوت. ئەو تیۆرەی کە خۆر چەقی گەردوونە، پاشان ڕێگای کاکێشان، دواتر کونەڕەشەکان، ئینجا ماددەی تاریک و وزەی تاریک... ئێستە ئەم چەمکانە زیاتریش دەبن. دەگوترا ئەتۆم بچوکترین یەکەیە، بەڵام دواتر بینیان ئەتۆمەکان چەندین تەنۆلکەیان هەیە. ئەم تەنۆلکانە لەڕێگەی ئەلیکترۆن و پرۆتۆن و نیوترۆنەوە ڕوون دەکەنەوە. ئەو تەنۆلکانەش تەنۆلکەی تریان لێ دەبێتەوە. تا تەنۆلکەی خودا دەرکەوت. وەلحاسڵ هەروا بەردەوام دەبێت. بۆچی باس لەمە دەکەم؟ هێشتا لە ڕوانگەی ماتریاڵیستی و ڕوانگەی ئایدیاڵیستیشدا، ڕاستییەکی ڕەها بوونی نییە. سەد لە سەد ئەمە ڕاستە، سەد لە سەد ئەوە ڕاستە، شتێکی وەها بوونی نییە. دیارە لە زەینی مرۆڤدا پێشکەوتن هەیە، تەقینەوەیەک هەیە. گەڕان بەدوای هەقیقەت بەردەوام دەبێت، ئەمە شتێکی باشە.

لانی کەم، کرانەوەی زەینیی مرۆڤ بۆ گەڕان بەدوای هەقیقەت، شتێکی ئومێدبەخشە. هیوابەخشە بۆ ئازادی و ژیان. بۆ ژیانێکی ئازاد... بەبڕوای من، پێشخستنی ئەمە، کارێکی ڕاستە. شێوازێکی بیرکردنەوەی وەها، ئێمە دەگەیەنێت بە ڕوونکردنەوە دەربارەی سرووشتی کۆمەڵایەتی. ئێوە دەزانن، دەمەوێت لە ناونیشانی دووەمدا، باس لەمە بکەم. بەگشتی، پەیوەست بە بابەتی سرووشت و مانا، هەڵسەنگاندێکی وەهام هەیە: هیگڵ زۆر سەرقاڵی ئەمە بووە. هیگڵ مانا لە سرووشتدا دەبینێتەوە. ڕۆحی جیهان کە ناوی دەبات بە " geîst"، ڕاستییەکی دەرەوەی مێشکە. بوونیش ڕاستییەکە. مانا لە هەناوی بووندایە. لەڕێی مێشکی مرۆڤەوە داناهێنرێت. بە مانایەکی تر، پێی دەڵێن ئایدیاڵیزم، ئایدیاڵیزمی هیگڵ. بەشی خۆی ڕاستی تیایە. مارکس پێچەوانەکەی دەڵێت. ئایدیا وەک ڕەنگدانەوەیەک دەناسێنێت. کات، شتێکە لەنێو مێشکی مرۆڤدا. ئەمە دەداتە دەرەوە و ئایدیا پەیدا دەبێت. هەنێکیش پێچەوانەی ئەمەن. مانا خۆی لەنێو سرووشتدایە. لەم ڕووەوە، مشتومڕێکی فەلسەفیی لەئارادایە و بەردەوامە. بەردەوامبوونی ئەم مشتومڕانە شتێکی باشە. قەتیسکردنی لەنێو نزیکایەتیی ماتریاڵیزم یان ئایدیاڵیزم، ڕاست و گونجاو نییە. ئەم دوالیزمە بەرەو هەڵە دەبات. بۆیە بیرکردنەوەی دیالەکتیکی ڕێگە لە دۆگمی وشک دەگرێت. وەک لە ناوەکەی دیارە، سوودی دیالەکتیک لە دوالیزمەکەیدایە. لە زمانی ئارییەوە هاتووە. لە دیالەکتیکدا مانای "یەک" وابەستەیە بە "دوو"ـەوە. "دوو" وا دەکات "یەک" بەبیری مرۆڤدا بێت. لە بیرکردنەوەشدا، ئایدیا پێویستی بە ماددەیە، سوبێکت پێویستی بە ئۆبێکتە. بەم شێوەیە، بەردەوام دەبێت. ئەمە شتێکی بەسوودە و دەرگایەک بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. پێچەوانەی دیالەکتیک، میتافیزیکە. میتافیزیک شێوازێکی بیرکردنەوەیە، بەڵام هێندەی دیالەکتیک سەرکەوتوو نییە. دیالەکتیک سەرکەوتووترە. بەڵام پێویستە بەرەوپێش ببرێت. ئەو ڕوونکردنەوەیەی سرووشت کە پێشتر باسمان کرد، لەسایەی فیکری دیالەکتیکییەوە پەیدابووە. لەئێستەوە، دەپەڕمەوە بۆ سەر باسی "سرووشتی کۆمەڵایەتی و کێشەکانی". بەڵێ کۆمەڵگەش سرووشتێکە. پێی دەگوترێت، سرووشتی دووەم. ڕاستە. بەبڕوای من، سرووشتی کۆمەڵایەتی زۆر جیاوازە. تایبەتمەندیی سەرەکیی بریتییە لە نەرمیی بیرکردنەوە. لێرە باس لە بیرکردنەوە لەنێو سرووشتدا ناکەم. بەڵام سرووشتی کۆمەڵایەتی، سرووشتێکە بە ئایدیا چنراوە. مرۆڤ دەسپێکە سیمبولیک و بیرکردنەوە زانستی و فەلسەفی و ئاینییەکانی ئەم سرووشتەی داناوە. سرووشتی کۆمەڵایەتی، بەرد و گیا و گیانەوەر نییە. لەسەر بناغەی بیرکردنەوە پەیدادەبێت. سرووشتی کۆمەڵایەتی لەمەدا جیاوازە. کاتێک باسی کۆمەڵگەیەک دەکەیت، یەکسەر فیکر بەبیرتدا دێت. بڕوانن، ئەسینا بە کۆمەڵگەی فەلسەفی پێشکەوت. ڕۆژئاوا بە فیکری زانستی پێشکەوت. دوانەی لەندەن و ئەمستردام، دوانەی ئەسینا و سپارتا... مەسافەیەکی بۆ فەلسەفە کردەوە. فیکری ئیسلامی، وەک بەرهەمدارترین فیکری ئایینی، ئەم مەسافەیەی داخست. ئەمانە هەموویان قۆناغی جیاوازی کۆمەڵگەن. لێرەدا، کۆمەڵگەی سۆمەری لوتکەی میتۆلۆژیایە. ئەوەی وا دەکات کۆمەڵگەی سۆمەری وەها ببێتە کۆمەڵگەی یەکەم، ئەوەیە کە لانکەی کۆمەڵگەی دەوڵەتییە. وە میتۆلۆژیای سەروو، خاکی بەپیتی نێوان فورات و دیجلە بووەتە لوتکەی فیکری میتۆلۆژیی. ژیانی خودا و خوداوەندەکان زۆر کاریگەرە، ئەو چەمکانەی لێرەوە وەرگیراون، بەباشی پەرەیان پێ دراوە. ئەو چەمکانەی لێرەوە وەرگیراون، پاشان قورئانیان ئافراندووە. زۆربەی بیرۆکەکانی نێو قورئان لێرەوە وەرگیراون. زۆربەی ئایدیا فەلسەفییەکانی ئەسیناش لێرەوە وەرگیراون. لە باکوور، لەوکاتەدا ئەوروپا لە قۆناغی بەربەرییەتدا بوو. ئەسینا هەم فەلسەفەی زەردەشتی میدیا و هەمیش فیکری ئایینیی میسڕی وەردەگرێت. هیچ ڕۆشنبیرێک نەماوە کە نەهاتبێتە بابل. هەموویان میسڕ و بابل و میدیا و تەختی جەمشیدیان بینیوە. ئەو شتانەی وەریانگرتووە گۆڕیویانە بۆ سەنتێزێک. لەبنەڕەتدا، فیکری دیموکراسیشیان لێرە وەرگرتووە. لەسەر ئەم بناغەیە، شارستانییەتی گریک_هێلینی بنیات دەنرێت. هەروەها بەکۆمەڵگەبوونی سەرەتا و کۆمۆنەی سەرەتایی هەیە، وەک لە مارکسیزمدا پێی دەڵێن "قۆناغی کۆمەڵگەی کێویی یان قۆناغی کێویی". پاشان سیستەمی کۆیلایەتی پێشدەکەوێت. پێش ئەوەی بێینە سەر ئەم بابەتە، پێناسەیەکی گشتییمان بۆ بەکۆمەڵگەبوون کرد. بەڵام چۆن پێشكەوت؟ ئێوە دەزانن، پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی لە میتۆلۆژیای سۆمەریدا چۆن ڕوون دەکرێتەوە. لە ئاییندا _سێ ئایینە یەکتاپەرستییەکە_ پەیدابوون لە باوکە ئادەم و دایکە حەواوە، وەک چیرۆکی ئافراندن دەنووسنەوە. دەڵێن گوایە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٥ هەزار ساڵێک. مێژووییەک بەگوێرەی خۆیان دەگێڕنەوە. بەتەواوەتی پەیوەستە بە باوەڕی ئایینییەوە. زانست و فیکری ئەسینا، مەودایەکی لەمانە وەرگرت، کۆمەڵگەیەکی نوێی ئافراند و گەیاندی بە لوتکە. سەرمایەداری هەوساری پساندووە و دەڕوات. فیکری ڕۆژئاوا_سەنتەر، هەم بووەتە هەژموون و هەم بووەتە ماددە. بووەتە هێزێکی ماددیی. بەڵام لە قۆناغێکی تاریکدا دەمێنێتەوە. چییە؟ ئەم سرووشتە کۆمەڵایەتییە چۆن پەیدابوو؟ کێ بەدی هێنا؟ کۆمەڵگە تەنها بە کیانێک و گردبوونەوەی کۆمەڵە مرۆڤێک پێکنایەت. کۆمەڵگە سیستەمی بەهاکانە کە مرۆڤەکان تێیدا لەدەوری یەک کۆدەبنەوە و شتگەلێکیان ئافراندووە، لەدەوری ئەم شتانەش کۆڵەکتیڤێکیان بنیات ناوە. هەوێنی هەموو تایبەتمەندییەکی بنیاتنەری شکڵگرتن و بونیادی کۆمەڵایەتیی، هەڵگرتن و پەرەپێدانی مانایە. ئۆبێکتبوون و سوبێکتبوون، هەر خودی بنیاتنانی کۆمەڵگەیە. ئەم بوونەش خاوەن خەسڵەتێکی سەرئاوەڵایە. بەمانایەکی تر، کۆمەڵگە بنیات دەنرێت، هەڵدەوەشێتەوە، سەرلەنوێ بنیات دەنرێتەوە. لە ئەنجامدا، ئەوە مرۆڤە کە سرووشتی کۆمەڵایەتی درووست دەکات. سرووشتی کۆمەڵایەتی، ئەو ڕاستییەیە کە لەدەوری جۆری مرۆڤ درووست دەبێت. گیانەوەرانیش بەکۆمەڵ دەژین، بەڵام ئەمە شتێکی ترە. خۆ گوتمان، زیهنیەتی لاساییکەرەوەیان هەیە. ئەم شتانە لای گیانەوەران لەڕێگەی پاڵنەری ناوەکی و لاساییکردنەوە پێشدەکەوێت. ڕاستە، لە مرۆڤیشدا پاڵنەری ناوەکی هەن. ئەنگێزەی لاسایکردنەوەی لە گیانەوەرەوە بۆ ماوەتەوە. توێژی هەرە نزمی مێشکی گیانەوەر ماوە. مێشکی بچوک بەرپرسیارە لە پاڵنەرە ناوەکییەکان. بەڵام فیکری میتۆلۆژی فیکری لاساییکردنەوە تێدەپەڕێنێت. ئەمەش لەلایەن مێشکی ناوەڕاستەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. لەژێر بەرپرسیارێتی ئەودا، مرۆڤ دەبێتە مرۆڤ. لەڕێگەی ئەمەوە مرۆڤ فیکری میتۆلۆژی ئافراندووە، بگرە خودی مرۆڤ بەرهەمی ئەم مێشکی ناوەڕاستەیە. بێگومان هەموویان لەنێو یەکدان. وەها بیری لێ مەکەنەوە کە توێژاڵ توێژاڵ بەسەر یەکەوە بن، وەک ئەوەی بە چەقۆ بڕابن. نەخێر وەها نییە. گەردوونێکی سەیر هەیە. باشە، لە جۆری مرۆڤدا کێ بەرپرسیارە. لێرەوە، ڕۆڵی ژن دێتەپێش. شتێکی دیکەی جێی سەرنج، پەیدابوونی نێر_مێیە. هەڵبەتە ئەمەش هەندێک ئاڵۆزە. من زۆر لێم نەکۆڵیوەتەوە. بەڵام ئەوەندەی دەزانم، زیندەوەرە سەرەتاییەکان، تاک‌خانەن. لەڕێگەی کەمە دابەشبوونەوە، هەموو خانەیەک دابەشدەبێت. واتە یەک دەبێتە دوو. ئێمە بەم شێوازە زۆربوونە ئاشناین. هێشتا دابەشبوونی نێر و مێ ڕووی نەداوە. ئەمە ملیۆنان ساڵ بەردەوام دەبێت. وەک ئەوەی سەلمێنراوە، پێش ٣٠٠ ملیۆن ساڵ، دابەشبوونی زیندەوەران بۆ سەر نێر و مێ ڕوویداوە. دەتوانن خۆتان باشتر لێی بکۆڵنەوە. من وەها بە خامی ڕوونی دەکەمەوە، لێرەوە پێویستی بە گوزارشتی زانستی نییە. بەشێوەیەکی فەلسەفی تاوتوێی دەکەین. بۆچی دابەشبوونێکی نێر و مێی وەها سەریهەڵدا؟ گوتمان، ئەمە دیالەکتیکی سرووشتە. دیالەکتیک لەمە بەرپرسە. هەموو شتێکە دوانەیە. ماددە، چۆن لە وزەوە پەیدابوو، چۆن تەنۆلکەکان لەیەک جیابوونەوە. بەڵێ لە ئەتۆمیشدا تەنۆلکە هەن. بەبێ تەنۆلکەکان ئەتۆم پەیدانابێت. ماددە چۆن دەگۆڕێت بۆ وزە. ماددە، ئەو شتانەن کە بە چاو دەبینرێن... ئەستێرەکان ئەو وزانەن کە گۆڕاون بۆ ماددە. هاوکێشەکەی ئەنشتاین E=mc²، هاوکێشەی گۆڕانی وزەیە بۆ ماددە. گرنگی هاوکێشەکە ئەوەیە، وا دەکات بابەتەکە شیاوی تێگەیشتن بێت. بابەتی نێرینە و مێینەش، درێژکراوەی ئەمەیە. شتێک نییە لەدەرەوە یان دژی گەردوون. بەردەوامیی ئەوەیە، ئیتر هێدی هێدی، لەبری دوالیزم لە بوونێکدا، یەکبوونی بوونە جیاوازەکان پێشدەکەوێت. بوونی نێر زیاتر دەبێت، بوونی مێ زیاتر دەبێت، یەک دابەش دەبێت بۆ دوو، هەروەها لەم دووانەش دیسانەوە یەکێتی بەدی دێت... تادێت نێرێتییەکی قووڵتر و مێینەییەکی قووڵتر پێشدەکەوێت. کەم‌تازۆر، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠٠ ملیۆن ساڵ. لە ڕووەک و گیانەوەرانیشدا، پێشکەوتنێکی وەها هەیە. هەندێک گیانەوەر بەگوێرەی گەرمی هەم دەبنە نێر و هەم مێ. بۆیە ئەمە شتێکی وشک و نەگۆڕ نییە، دەگۆڕێت؛ ڕاستییەکی دیالەکتیکییە. ئێوەش دەزانن بابەتی (LGBT) جێی مشتومڕێکی مەزنە. چەندین کەسی هێرمافرۆدیت (نێرەمووک)هەن، تایبەتمەندیی نێرینە و مێینەیان هەیە. لەڕێی نەشتەرگەرییەوە، دەبنە پیاو یان ژن. نەشتەرگەری وەها زۆر دەکرێن. ئەوە جێی سەرنجە، هیچ کەلێنێک لەنێوان ژن و پیاودا نییە کە شیاوی تێپەڕاندن نەبێت. هەڵبەتە ڕەهەندە فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەکەی زۆر جیاوازە. هەروەها ڕەهەندی ئەخلاقی و ڕەنگدانەوەی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەمانەش بە فیکری دیالەکتیکی تێدەپەڕێنرێن.

دەمەوێت لێرەدا لەسەر ڕۆڵی ژن ڕاوەستم، جیاوازی نێوان نێر و مێ بابەتێکی پەڕجووئاسا نییە، دەرئەنجامی دیالەکتیکی سرووشتە، هیچ سەروەرییەکی نییە، نە (مێ)ـبوون سەردەستییە و نە (نێر)ـبوون پیرۆزییە، ئەم بابەتە هیچ ئەنجامێکی تایبەتی لێ هەڵناهێنجرێت، لە دەرئەنجامی دیالەکتیکی سرووشتدا بوون و دەشبن، ئێمە بەتایبەتی ناومان لێ نا جیاوازی، بێگومان جیاوازی نەبێت ژیانیش نابێت، واتای ژیان گرێدراوی جیاوازییە، چۆن دەکرێت مرۆڤێک هەم (نێر) بێت و هەم (مێ)؟ ئاشکرایە لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا ناتوانن بژین، یان پیاوی هێرمافرۆدیت (نێرەمووک) چۆن دەبێت هەم (نێر) بێت و هەم (مێ)؟ ئەخلاقی نەریتیی کۆمەڵگا ئەو مرۆڤانە سەرکۆنە دەکات، بەڵام بەڕای من ئەمە کێشەیە، لایەنی پیاوێتی ڕەنگە بە نەشتەرگەری دەرکەوێت، یانیش بژاردەی ژنێتیی دەربکەوێت، ئێمە دەڵێین هەردووکیان بەنرخن.

سرووشت، تۆ دابەشی سەر دوو پارچە دەکات، تۆ دەبێت ئەم دۆخی پارچەبوونە وەک دەرفەتی ئازادیی و جیاوازی ببینی، ئەم جیاوازبوونە واتادارە، هەم واتای (مێیینە) و هەم واتای (نێرینە)ـشی هەیە، ئەمەش لەناو کۆمەڵگادا پەسەند کراوە، گرنگ ئەوەیە کە نەیانکەن بە دژبەری یەکتر، ئەمە دەبێتە کێشە، ئێستا کێشەی کۆمەڵگا وەها دەستپێدەکات، یەکێک دەڵێت (نێر) سەردەستە و یەکێکیتر دەڵێت (مێ)، ئەمەش لە سرووشتی کۆمەڵگەییدا کێشەدارە.

سەردەستی (مێینە) بەڵێ هەندێک جار پێشدەکەوێت، با ئەمەش بڵێینەوە، لایەنێکیتریش وەک هێڵی دژبەر دەرکەوت و وتی: "نێر سەردەستە". لە ئەنجامدا کارەسات و فەلاکەتی ترسناک هاتە گۆڕێ و کێشەی گەورە درووست بوو.

من گوتبووم؛ کە کێشەی کۆمەڵگا لەگەڵ سەرهەڵدانی شارستانییەتی دەوڵەت دەستی پێ کرد، بەڵام ئێستا وادیارە نەک لەگەڵ دەوڵەت بەڵکوو زۆر کۆنتر، پێش ٣٠ هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ درووست بووە. دەرئەنجام ڕێکخراوبوونێکی پیاو کە هەرگیز لە ژن ناچێت و جۆرێک لە کەسایەتیی ژن؛ کە پێیوایە لەنێوان خۆی و پیاودا بە ئەندازەی چیایەک جیاوازی هەیە؛ پێشکەوت، سەرنج بدەن لەنێوان کرۆمۆسۆمی ژن و پیاودا جیاوازییەکی زۆر بچووک هەیە. دەرئەنجام ئەوەی کە ئێمە پێی دەڵێین زەین (فیکر)؛ تایبەتمەندی مرۆڤە و (ژن) و (پیاو)ـی بۆ نییە، تایبەتمەندییەکە کە هەموو ئەم دوانەی جیاوازییانە تێدەپەڕێنێت.

گۆڕەپانی سیاسەت؛ گۆڕەپانی سیاسیی تایبەت بە پیاوان یان گۆڕەپانی سیاسیی تایبەت بە ژنان، ئەمە شتێکی بێکەڵک و هیچە، گۆڕەپانی سیاسیی بە هەموو شێوەیەک تایبەتە بە مرۆڤ. ئێمە دەتوانین ئەمە زیاتریش فراوان بکەین، لە ئابوورییەوە بگرە هەتا کەلتوور و ئایین، جیاوازی لە نێوان ئایینی ژنان و ئایینی پیاواندا درووست کرا، بەڵام ناتوانین بڵێین ئەمە ڕاستییەکی بنەڕەتییە، دەستەواژەی ( فکری تایبەتی ژن و فکری تایبەتی پیاو) مسۆگەر ئاماژەیە بۆ کێشە، لە کێشە واوەتر لەناو کێشەدا چەقیوە، بە ئەندازەیەک نکۆڵیکردنە لە فکری دیالەکتیکی. (فێمێنیزم) کە فکرێکی تایبەتی ژنە، لە بەرامبەریدا پیاوێتیی هەیە، لە پیاوێتیشدا فکرێکی تایبەت بە پیاو، ئەمانە دوو مەیدانی پاشڤەڕۆن و بنەچەی خۆیان وشک دەکەن، وشکبوونی وەها لە سرووشتدا بوونی نییە. دیالەکتیک لە سرووشتدا گەشانەوەی خۆی لەسەر مرۆڤ بەدەردەخات، لەناو کۆمەڵگاش ژیانی جیاواز سەر پێ دەخات، ژیان جیاوازییە! جیاوازی پێناسەی ژیانە! ژیان بە جیاوازییەوە دەوڵەمەند دەبێت، دوالیزمێکی دژبەر و وشک دەبێتە خەرەند لەنێوانتاندا، لەسەر ئەم خەرەندە شەڕ دەکەن، لە پشت کوشتنی خێزانییەوە ئەم ڕاستییە خۆی دەنوێنێت، لە تێڕوانینی ئەو کەسانەی کە مەیلی ئەو تاوانانە دەکەن، وشکبوونێکی بەم ڕەنگە هەیە: ژن هەر ژنە و پیاو هەر پیاوە، کاتێک ئەم دیالەکتیکەش پێش دەکەوێت، یەکێکیان خیانەت لەوی تر دەکات و یەکێکیان ئەوی تر دەکوژێت، کێشە لێرەوە سەرچاوە دەگرێت،  وەک ئاماژەم پێدا ئەمە دەبێتە کێشەیەکی گەورە، دەبێت تێیپەڕێنین، لەو باوەڕەدام من لەژێر ئەم ناونیشانەدا ڕاستینەی کێشەم پەنجەنما کردووە. لە چوارچێوەی دەوڵەتدا ئێمە باسمان لە جیاوازی گوند و شار کرد، ویستمان پەیوەستی بکەین بە چینایەتییەوە، بەڵام ئەمە بەس نییە، بە جۆرێک هەتا کێشەکە لە چینایەتیش دەردەچێت، کێشەی دەوڵەت و (کۆمۆنە) هەیە، من ئەم باسە دەکەمەوە، ئەمانە هۆکاری جدین، بەڵام لە کۆمەڵگادا کێشەی سەرەکی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ژن و پیاودا درووست دەبێت. کاتێک فکری نێر و مێ چەقبەستوو (دۆگماتیک) بوو بەرچاو تاریک دەبێت و هیچ نابینێت، وەک ڕاستییەکی بنچینەیی ئێمە دەستپێک ئەمە لە ژندا دەبینین، لە (قۆناغی-ژنخوداوەند)ـەوە بەردەوامە، لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسییەکان (ئارکیۆلۆژی) تا ڕادەیەک ئەمە نیشان دەدەن، پەیکەری (مێ-خوداوەندەکان) پێش ٣٠ هەزار ساڵ ئەزموونێکی وەها نیشان دەدەن، کە لە سەردەمێکدا بەرجەستە بووە. ئەمڕۆش لە ئۆراسیا هەتا ڕۆژئاوای ئەورووپا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەتا ئەفریقا، ئەوە سەلمێنراوە، کە سەردەمێکی وەها بەرجەستەبووە. باشە خوداوەندێتی بەواتای چی دێت؟ ئێمە پێشتر باسی ئەوەمان کردبوو پێویست ناکات دووبارە گەنگەشەی بکەین، ژن هەبوونێکە (دەزێت) زاین (لەدایکبوون) لە ژندا ڕوودەدات، لە مرۆڤدا زاین جیاوازە و دەبێت باش لێی تێبگەین، هەموو لێکۆڵینەوەکان نیشانی دەدەن کە زاین لە ڕووەکەکاندا ئاسانە، دابەشبوونی خانەی یەکەم بە ئاسانی ڕوودەدات، ئێوە زاینی حەیوان (ئاژەڵ)ـیش دەزانن، گوێرەکەیەک لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر لەسەر پێی خۆی دەوەستێت، لە هەموو ئاژەڵێکی تریشدا هەروایە، هەندێکیان کەمێک زووتر و هەندێکیان درەنگتر، بەڵام بەگشتیی بەخێوکردن و گەورەکردنیان ئاسانە، ماوەی شەش مانگێک چاودێرییان دەکەن و دواتر دەستیان لێ بەردەدەن و بەردەوامی بە هەبوونی خۆیان دەدەن، بەڵام کاتێک تەماشای مرۆڤ دەکەین زاینێکی زەحمەتی هەیە و زۆر جیاوازترە، هەتا پێنج بۆ شەش ساڵان یارمەتی دایک نەبێت منداڵ ناتوانێت بژی، ٢٤ کاتژمێری ئاژەڵ بۆ مرۆڤ حەوت ساڵ دەخایەنێت، ئەمە پێویستی بە چییە؟ پێویستی بە کۆمەڵگەیەک هەیە لە دەوری بن، چونکە دیار نییە کە (پیاو) چییە؟ لە بنەڕەتدا دیاردەیەکی وەکو پەیوەندی نێوان باوک و منداڵ بوونی نییە. ژن و پیاو یەکەمجار چۆن بەریەک کەوتن؟ لە مرۆڤ و ئاژەڵیش غەریزەی سێکسی هەیە، غەریزەی سێکسییش وەکو غەریزەی برسێتی وایە، غەریزە کاتییە، هێمای زیندووبوونە، ئەگەر هەستی برسیبوون نەبێت تێربوونیش نابێت، کەواتە ژیانیش نابێت، ئەگەر غەریزەی سێکسی نەبێت زۆربوونیش نابێت، کاتێک زۆربوونیش نەبوو ژیانیش نابێت. ئێمە لەوە تێدەگەین کە باوک کێیە؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە سەرەتا باوک بوونی نییە، هەتا لەبارەی لەدایکبوون و زایەندیشەوە، کە چۆنە و لەگەڵ کێ؟ هۆشیاری نییە، تەنها غەریزەیەکی هەیە.

کەلتوور، بیر و هۆشیارییەک کە لە مرۆڤدا پێشکەوتووە سەرەتا لە ژندا دەستی پێ کردووە، چونکە ئەوەی منداڵ دەهێنێتە دنیاوە هەر ژنە، دواتر لە ئایینە تاکخوداییەکاندا حەوا لە پەراسووی ئادەم دەئافرێنرێت، ئەم بەشە لە میتۆلۆژیای سۆمەرییەکانیش بە بەرفراوانی ئاماژەی پێ کراوە، جوولەکەش ئەم بەشەیان خستووەتە تەوراتەوە، لە تەوراتیشەوە گواستراوەتەوە بۆ قورئان، ئەو ژنەی منداڵی دەبێت ناچارە ئەو منداڵە بەخێو بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەمەش بکات، پێویستی بە چنینەوە و کۆکردنەوە هەیە، ئەمەش ڕەنج و تێکۆشانێکی گەورەی دەوێت، ئێمە لێرەدا باسی یەک دوو ملیۆن ساڵ پێش ئەمڕۆ دەکەین. ئەمەش لە دۆڵی ئەفریقا دەستی پێ کردووە و دواتر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو بووەتەوە، کەلتووری بنەڕەتی لە دۆڵ و نەوالەکانی زنجیرە چیای زاگرۆس- تۆرۆس پێشکەوت، مرۆڤ لێرە دەبێت بە مرۆڤ و ژنیش لێرە دەبێت بە ژن.

دەمانەوێت زیاتر لەسەر ئەم پرسە بڕۆین، لە دۆخێکی بەم ڕەنگەدا منداڵ لەلایەن ژنەوە بەخێودەکرێت، چونکە ژن دەزانێت منداڵ پارچەیەکە لە خۆی، ئەو هێناویەتییە دونیا، ژن؛ چۆن ئەو کچ و کوڕانەی کە لەگەڵیدا گەورەبوون دەناسێت، ئاواش منداڵ ژن-دایک و پور و خاڵی خۆی دەناسێت. بەم ڕەنگە کەلتوورێک پێشدەکەوێت، لێرەدا ژمارەی ئەم کۆمەڵەیە ٧ بۆ ١٠ یان دەگاتە ١٥ کەس، بەڵام هیچ کاتێک ژمارەیان لە ٢٠ کەس تێناپەڕێت، ئەمانە پێکەوە دەبنە کڵانێک، کڵان لە مێژووی کۆمەڵگەبووندا یەکەم فۆرمی ڕێکخستنبوونە، کڵان کەلتوورێکە لە دەوری تەوەرەی دایک دەخولێتەوە، کاتێک ئەمە پێشدەکەوێت بۆ قسەکردنیش فۆرمی قوڕگ شکڵدەگرێت، شیمانە دەکرێت ٣٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا زمان پێشکەوتووە، واتا زمان ٣٠ هەزار ساڵ پێش ئەمڕۆ پەیدا بووە، لێرەوە زمانی ئاماژە کۆتایی هاتووە، چیتر لە زماندا دەنگ بەکارهێنراوە، لە ئەنجامدا ڕامانی میتۆلۆژیک و زمانی سیمبولیک لە کەوانەی زێڕین پێشکەوت، ئەم قۆناغەش بە پێشکەوتنێکی گەورەی کەلتووری گۆڕاوە بۆ شارستانییەت، بەم ڕەنگە گوند و شار پێش دەکەوێت، هەروەها دەوڵەت و چین درووست دەبێت، لێرەدا کۆمەڵگای سرووشتی لە دەوری تەوەرەی ژن پێشدەکەوێت، لە ڕاستیدا گرنگ ئەمەیە، دەتوانین بڵێین کۆمەڵگای سرووشتی هەتا سەردەمی کۆمەڵگای سۆمەریش کەلتووری زاڵە، واتا هەتا دوو هەزار ساڵ پێش ئێستاش کەلتووری کۆمەڵگای سرووشتی زاڵە، لەناو ئەم کەلتوورەشدا بیرۆکەی خوداوەندی ژن دەردەکەوێت، مرۆڤ دەتوانێت ئەم ڕاستییە لەسەر پەیکەر و پاشماوەی پەرستگاکان ببینێت، لە داستانی میتۆلۆژی (گلگامش و بابل و ئەنوما عەلیش) ئەم ڕاستییە بەشێوەیەکی ئاشکرا باس کراوە، لەبەر ئەم ڕاستییانە وەک ناوەند و بنەمای کۆمەڵگا، دەتوانین کۆمەڵگابوونی ژن بگرینە دەست، هاوکات لەم سەردەمەدا چیتر داخراوبوون لە کەسێتی ژن و پیاو بە سەختی درووستبوو هەروەها (دۆگماتیزم) پێشکەوت، بەهۆی پێشکەوتنی ئەم لایەنەشەوە کێشە سەری هەڵدا، لێرەدا بنەمای ئەم ڕاستییە بەشێوەیەکی بەهێز دەرکەوتووە، هەموو لێکۆلێنەوە شوێنەوارناسییەکان (ئارکیۆلۆژی)ـیەکان دەیسەلمێنن کە ڕووەک و ئاژەڵ لێرە بەخێوکراون و پەرەیان پێ دراوە، لە سەردەمی 'مارکس'ـدا ئەم ڕاستییانە دەرنەکەوتبوون، هێشتا لێکۆڵینەوە لەبارەی کۆمەڵگای سۆمەرەوە نەکرابوو، لەبەر ئەمە ئێمە لەم بابەتەدا ناتوانین مارکس تاوانبار بکەین، لە سەردەمی 'مارکس'دا مێژوو بە قۆناغی چینایەتی دەستی پێ دەکرد، لە ڕاستیدا کێشە لە چینایەتییەوە سەرهەڵنادات، لە دەوری کۆمەڵگابوونی ژنەوە پێش دەکەوێت، ئەوەندەی تێگەیشتووین ئەم کێشەیە لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵگای شارستانییەت دەهێنێت، شار درووست دەبن و لێرەشدا شوێنپەنجەی ژن هەیە، دەبینین شاری ئور هەیە، ئەم شارە دەوڵەت و چینی یەکەمە. ئورک بۆ یەکەمجار سەرمەشقی پێشکەوتنێکی بەو جۆرەیە، داستانی گلگامش ئەم ڕاستییە دەخاتە پێش چاو، لێرەدا شەڕێکی گەورە ڕوویداوە و ئەم شەڕەش لە گلگامشدا باس کراوە، یەکەم داستانی مرۆڤایەتیش ئەمەیە. بێگومان لەناو ئەم دەستپێکەدا سەدان دەستپێکیتر هەیە، چین و دەوڵەت ئافرێنراوە، ئەمانە پێشکەوتن و دەستپێکی زۆر گەورە و مێژوویین. لێرەدا خوداوەندی دامەزرێنەری شاری ئورک ئینانایە، هەروەها وشەی "نینا"ـش لێرەوە هاتووە، لەبەر ئەمە خوداوەندبوونی ژن دەبێتە نیشانەی ئەم پێشکەوتن و ئەم ئایینە، "ئاینیی خوداوەندەکان". خوداوەندبوونی ژن هێندە بەهێز و پیرۆزە، کە گلگامش لەبەرامبەریدا دەلەرزێت، لەو ڕێوڕەسمانەی کە بۆ بەرەکەت ساز دەکران، ڕێوڕەسمی زایەندیش ساز دەکرا، نووسەری میتۆلۆژیاکە ئەم هاوسەرگیرییە پیرۆزانە وەکو ڕێوڕەسمی زۆر گرنگ پێناسە دەکات، لەم ڕێوڕەسمە زایەندییانەدا ژن و پیاو دەچوونە لای یەکتر، ڕۆژی دواتر پیاوەکەیان دەکوشت، لە زۆر کەلتووردا ئەمە هەیە، کاتێک پیاو لەگەڵ ژنێک مانگێک یان ساڵێک دەمایەوە دواتر پیاوەکەیان دەکوشت، دوای کوشتنی جگەریان دەخوارد، لە شارستانییەتی ئازتەکدا نەریتێکی وەها هەیە، کاتێک ئیسپانییەکانیش بۆ داگیرکردنیان چوونە سەریان، بینیان لە پەرستگاکانیاندا لە ساڵێکدا هەزاران گەنج دەکرێنە قوربانی، ئەم نەریتە لە شوێنیتریش هەبووە، بەهۆی ئاینیی خوداوەندێتییەوە ئەم نەریتە پێشکەوتووە، خوداوەند لە پاش هاوسەرگیری پیرۆز؛ ئەو پیاوەی کە لەگەڵی هاوسەرگیری دەکرد دواتر دەیکوشت، ئێمە دەتوانین لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە وەها پێناسەی ئەم دۆخە بکەین؛ خوداوەند نەیویستووە خودا شوێنی بگرێتەوە، بەشێوەیەکی ئاشکرا دەتوانم بڵێم ئەم تێزە تێزی منە، پەرتووکەکان دەڵێن: "بەهۆی هاوسەرگیرییەکەوە پیاوەکان دەکوژرێن"، بەڵام ژن نەیویستووە خودایەکی پیاو شوێنی بگرێتەوە، دەمووزی خۆشەویستی ئینانا بوو، بەڵام ئینانا دەیکوژێت و دەیخاتە ژێر خۆڵەوە، یاسا و بەندەکانی ئەو سەردەمە وەهان، بۆچی؟ چونکە ژن دەزانێت ئەگەر وا نەکات چی بەسەر دێت. ئێمە لە داستانی بابل ئەم ڕاستییە دەبینین، وەک دەزانرێت چوار هەزار ساڵ پێش زاین، ئینانا لە ئورک گەورەترین خوداوەندە، لەو سەردەمەدا گلگامش بۆ ئەوەی نەکوژرێت لە هەموو لایەک لە دەستی ئینانا هەڵاتووە، چونکە ئەو بەدوای نەمریدا گەڕاوە.

سەرم سووڕماوە! مرۆڤێکی وەکو من گەر ئەم ڕاستییەی سەلماندبێت، چۆن ئەو هەموو زانا و دانایەی مرۆڤایەتی ئەم ڕاستییەیان نەبینیوە. گلگامش بەدوای چییەوەیە؟ بۆچی دەیەوێت نەمری بەدەستبهێنێت؟ گلگامش دەیەوێت گیانی خۆی ڕزگار بکات، چونکە بەگوێرەی باوەڕی و ئاینی خوداوەندی ئورک زۆر کەس ڕاهیبی خوداوەندی ئورک بوون، خوداوەند لەگەڵ ئەو ڕاهیبانە هاوسەرگیری پیرۆزی ئەنجام دەدا و ڕۆژی دواتر دەیکوشتن. گلگامش لە ترسی ئەمە هەڵدەهات. بۆ ئەوەی هەڵنەبژێردرێت و نەکوژرێت. بۆ خۆ دەربازکردن چەندین پلان دادەڕێژێت. بەڵام هەر جارێک دەیگرن نایکوژن. دیارە شتێکی زۆر گرنگ و نامۆ ڕوویداوە. لەبەر ئەوە نەکوژراوە. من هۆکاری لێخۆشبوون لە گلگامش نازانم. لێکۆڵینەوەم لەوبارەیەوە نەکردووە، لە ڕاستیدا هەر لەبەر ئەم هۆکارە داستانی گلگامش دەردەکەوێت. لێرەوە جیاوازی گلگامش لەگەڵ دەوروبەری دەردەکەوێت. چۆن؟ چیتر گلگامش ناکوژرێت، لەناو کاتیگۆری کوشتن دەرکراوە. ئەمەش دەیکات بەو داستانە. چیتر لەسەر بەرد و تاتەقوڕ و زناری چیاکان دەنووسرێتەوە. قۆناغی پیاوێتیی ئەمڕۆ لێرەوە دەست پێ دەکات. چوار هەزار ساڵ پێش زاین هەتا سەردەمی حکومڕانی بابلییەکان، ئیتر وردە وردە سەروەری دەکەوێتە دەستی پیاو. لێرەوە پیاو پەرستگای گەورەی ژنان دەخاتە ژێر دەستی خۆی، گلگامش بۆ ئەنکیدۆ (بە ئەگەری زۆرەوە کوردێکی سەرەتاییە لە چیا و چۆڵ دەژی) لەشفرۆشێک دەنێرێت، ئاوا بە ئاسانی لەم داستانە مەڕوانن، باش سەرنج بدەن بە لەشفرۆشێک پیاوێک بەدەستدەهێنێت! کەلتوورێکی بەو ڕەنگەیە، چی دەکەن؟ ژنان دەڕازێننەوە، پەرستگاش هەیە، وەک دەزانن ژنانی پەرستگا دەستەبژێرن و ژنی ئاسایی نین. بۆ نموونە لە شاری ئورک پەرستگایەک هەیە، ئێمە دەتوانین ئەم پەرستگایە بە خانەی لەشفرۆشی ئەمڕۆ وێنا بکەین. واتا پەرستگاکان دەگۆڕن بە خانەی لەشفرۆشی و ناوی لێ دەنێن "موساقەدین" ئەمە کۆمەڵگابوونی پیاوە، مەگەر ئێستاش هەروا نییە؟ زۆر سەرنجڕاکێشە هەوڵیاندا لەناو ئێمەشدا هەمان شت پێشبخەن بۆ ئەوەی پەکەکە پارچە بکەن، بەتایبەت ژنی لەو شێوەیان دەنارد. ئێمە ئەو شتانەمان بە چاوی خۆمان بینی، دوور نییە بەرامبەر خودی خۆشم هەمان شت کرابێت. ئەمە ڕاستییەکە و ئێستاش بوونی هەیە. بەم ڕەنگە ڕێکخستن سەرقاڵ دەکەن، هەتا هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخستنیش لە دەوری ئەم دیاردەیە دەخولێتەوە. بێگومان ئەو دیاردەیە لەسەر ئەم خاکە بنەمایەکی مێژوویی هەیە.

ئەنکیدۆیان لە زاگرۆسەوە هێناوە، پیاوێکی بەهێزە و هێندەی گلگامش بەهێزە، هەتا ئەگەر ئەنکیدۆ نەبێت گلگامش ناتوانێت بژی. ئەنکیدۆ شارەکان دەپارێزێت، ئەمە لە داستانەکەدا هەیە. لێرەدا زۆر پەسنی ئەنکیدۆ دراوە، کاتێک ئەنکیدۆ دەمرێت گلگامش وەک مردنی خۆی پێناسەی دەکات و دەڵێت: " چۆن مردم، ئەم بەڵایە چی بوو بەسەرمدا داباری". ئەو داستانەی کە لێرە باس دەکرێت تراژیدییە، بەڵام جەوهەری داستانەکە ئەوەیە: لە ڕێگەی ژنەوە پیاوی چیایی ڕام دەکرێت، پەرستگا دەبێتە خانەی لەشفرۆشی، گلگامش چیتر دەبێتە پاشا، هەم خودایە و هەم پاشا. گلگامش بۆ ئەوەی بتوانێت سوپایەک لە پیاوەکان درووست بکات، موساقەدیمەکان واتا خانەی لەشفرۆشی بەکاردەهێنیت. بەم ڕەنگە لە کوردەکان سوپایەک بۆ خۆی درووست دەکات. پیاوە چیاییەکان دەهێنن بۆ موساقەدیمەکان و لەگەڵ لەشفرۆشەکان دەیانخەوێنن، چیتر پیاوان ناتوانن خۆیان کۆبکەنەوە، لەبەرئەمەش هەرگیز نایانەوێت بگەڕێنەوە سەر چیاکان، بۆچی؟ چونکە چیتر فێری لای لەشفرۆشەکان بوون، لەو ساتەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆمان کۆمەڵگا بەوجۆرە لەڕێ دەرکراوە. بنەمای لەشفرۆشی ژن و کەوتنی پیاو لێرەوە دێت. جەوهەری داستانی گلگامش ئەمەیە!

من بۆچی باسی ئەمە دەکەم؟

ئێمە باسی کێشەمان کرد، "ژن و کێشە" ئەم ڕاستییە دەتوانرێت وەک پرسی سەرەکی بگرینە دەست. مەگەر نکۆڵی لەم ڕاستییە دەکرێت؟ هێشتا کاریگەرییەکی زۆری بەسەر ژیانەوە هەیە، پیاو چۆن بوو بە پیاو؟ من باسی ئەو قۆناغەم کرد، خوداوەندی چۆن گۆڕا بۆ ئاینی پیاو؟ من دەمەوێت ئەم ڕاستییە ئاشکرا بکەم. گلگامش کابوسێک بوو، ئەنکیدۆش کوردێکی سەرەتایی ڕزیو بوو، من ئەمە بە هێڵێکی گشتیی دەهێنمە سەر زمان، کێ بیەوێت دەتوانێت ئەمە فراوانتر و قوڵتر بکات.

بەڵام جەوهەری ئەم بابەتە ئەوەیە، لە تەوراتیشدا ئەمە هاتووە و لە ئینجیلیشدا هەیە، (ڕاهیپ یان ڕاهیب) لە ئیسلامیشدا حەرەم هەیە، ڕێکخستنی حەرەم لە کەلتووری عوسمانییەکاندا زۆر لە پێشە، هەمان شت بۆ موعاویەش جێی باسە، مەسیحییەتیش بەهەمان شێوەیە، چەمکی ماڵ و خێزان لای جولەکە، لە تەوراتەوە سەرچاوە دەگرێت.

تەورات بکەنەوە و تەماشای بکەن، دەبینن چۆن بە ماڵەوە زنجیر کراوە، بەچاوی خۆتان دەیبینن، بێگومان ڕیشەی ئەمە لە زەردەشتەوە دەرچووە، جولەکە لە سەردەمی بابلییەکاندا ئەم تێگەیشتنە لە زەردەشتەوە وەردەگرن، بنەمای ڕێکخستنی خێزان وەها دەرکەوتووە، ژن لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە لە ماڵدا بەند دەکرێت، واتای هاوسەرگیری ئەمەیە؛ ژن بە ماڵەوە زنجیر دەکەن، بووک دەڕازێننەوە و لە ماڵدا زیندانی دەکەن. ژن گژوگیا کۆدەکاتەوە بەڵام پیاو ڕاووشکار دەکات، گیانەوەر دەکوژێت. شەڕ؛ کوشتنە، کوشتنی ئاژەڵێک تاوانە. کۆمەڵگابوونێک، کە لەلایەن ژنەوە لە دەوری توخمە (گیایی) نەباتییەکان درووست دەبێت، شتێکی زۆر جیاوازە. هاوکات بۆ بەهێزکردنی ژن کوشتنی پیاو شتێکی زۆر جیاوازە، لەسەر ئەم بابەتە فراوانتر ڕادەوەستم. لێرە پیاو لە کۆمەڵگایەکی بکوژدا ڕەنگی خۆی دەبینێتەوە، ژنیش بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵگا لەسەر پێی خۆی؛ کار دەکات، لەبەر ئەمەش کەلتووری پاراستنی کۆمەڵگا، لە دەوری ژن پێشدەکەوێت، خۆی دەسپێرێت بەم کۆمەڵناسییە.

ئەو کۆمەڵگایەی کە لەسەر بنەمای جەنگ و خراپەکاری دامەزراوە کۆمەڵگای پیاوانەیە، هەموو کارێکی خۆ گەیاندنە بە زێدەبەها. مارکس ئەمە بە چینایەتییەوە گرێ دەدات، لە ڕاستیدا ئەمە زۆر درووست نییە، کاتێک دەرفەتی زێدەبەها دێتە پێشەوە، دیسان لە دەوری ژن خواردن (بەرهەم) زیاد دەبێت، پیاو هەوڵدەدات دەستبگرێت بەسەر ئەم بەهایەدا. واتا پیاو هەم ڕاو دەکات و ئاژەڵ دەکوژێت، هەم دەیەوێت دەستبگرێت بەسەر ڕەنجی ژنیشدا. لە بنەڕەتدا دەیەوێت دەستبگرێت بەسەر ژن و ڕەنجی ژندا. لە ڕاستیشدا ئەم چیرۆکە دوورودرێژە وەها دەست پێ دەکات. دەیەوێت بە تیرێک چەند نیشانە بپێکێت. بونیادنەری ماڵ ژنە، ماڵ لەلایەن ژنەوە درووستکراوە. لێرە ژن منداڵی خۆی پەروەردە دەکات و کڵانی هەیە. کۆمەڵگای ژن هەیە و خۆی گەیاندووەتە ئاستی خوداوەندێتی. بە تەواوی ٣٠ هەزار ساڵ کۆمەڵگای بەڕێوەبردووە. لەلایەکیترەوە پیاو و ڕاووشکار هەیە. برایەتی نێوان پیاوان دامەزراوە، پیاو ڕاو دەکات و ئاژەڵ دەکوژێت، گەر سەرکەوتووبێت ئاهەنگ دەگێڕێت. بەڵام دەبینێت ژن گەنم، جۆ و نیسک دەچێنێت، بەم ڕەنگە بە دامەزراندنی گوندەکان کۆمەڵگای (نیۆلیتیک) پێشدەخات. ماڵ سەرپێ دەخات، بۆچی؟ چونکە منداڵی هەیە و دەبێت منداڵەکانی بپارێزێت. خاڵ و پووری هەیە، منداڵی هەیە و ئەمە کڵانێکە، ژن کڵان درووست دەکات و بونیادنەرە، چاندن (کشتوکاڵ) دەکات، داهێنان دەئافرێنێت. ئینانا لە داستانی گلگامشدا بە ئەنکیدۆ دەڵێت: "تۆ سەدان "ما"ـی منت دزی." واتا ئینانا دەڵێت: "من هونەرم ئافراند و بە سەدان ڕێکخستنم دامەزراند، کەچی ئێستا تۆ خۆت کردووە بە خاوەنیان. درۆ دەکەیت و دەڵێیت؛ من ئەمانەم ئافراندووە." من ئەم میتۆلۆژیا وەها پێناسە دەکەم و دەیبینم؛  لە دەرەوەی من، کەس تا ئێستا شرۆڤەیەکی وەها ئەنجامگیری پێشنەخستووە. هەموو کەسێک ئەم ڕاستییە قەبووڵ دەکات. من ئەم ڕاستییەم بەگوێرەی شێواز و ڕێبازی خۆم هێنایە زمان و قوڵترم کردەوە. من لە گێڕانەوەی داستانی گلگامشیشدا هەمان شتم کرد. لێرە کاتێک پیاوی ڕاوچی هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگای ژن، ئەو کێشەیەی کە ئێمە باسی دەکەین خۆی دەردەخات. پێش هەموو شتێک لە ڕحا (ئورفا) ئەگەر تەماشای شوێنەوارە مێژووییەکانی بکەن، ئەو ڕاستییە دەبینن. ئەم ڕاستییە زۆر بە فراوانی بەرجەستە بووە. پیاوی بەهێز هەموو ڕۆژێک لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە ژن دەکوژێت. من نامەوێت زۆر باسی بیرەوەرییەکانی خۆم بکەم. بەڵام پەیوەست بەم ڕووداوەوە بیرەوەرییەکم هەیە؛ لە یادمە کەرێک (گوێدرێژ)ـێکمان هەبوو، بەو کەرە گژوگیا و بارمان ڕادەکێشا، تا هەنوکە ئەو زەوییەمان کە گژوگیامان لێ دەهێنا لە بیرمدایە. کێشەیەک درووست بوو، من دەستم لە عەینێی خوشکم بەرز کردەوە، کە دەستم هەڵبڕی عەینێی خوشکم پێی وتم: "بەم هێزەتەوە مەگەر بەس بە من بوێریت." هەرچۆنێک بێت کەمێک لە ئەو بەهێزتر بووم. لەبەر ئەوەی کاری خۆی بە باشی ڕانەپەڕاندبوو ئەو مامەڵەیەم نواند. سەیرە لەوەبەدوا عەینێی خوشکم هەرگیز هەواڵی نەپرسیم، نەهاتە سەردانم، فاتمەی خوشکم هێشتا ساغە و دەژی، بەڵام عەینێی خوشکم هەرگیز هەواڵی نەپرسیم. پەیوەندی ئەو زۆر جیاواز بوو، ئاین و باوەڕێکی هەبوو؟ بەتەواوی نازانم، ژیانێکی کەمێک شێتانەی هەبوو، زۆر جیاواز بوو. دوور نییە ژیانی زۆر بە ئازار بووبێت، بەڵام من وەکو برایەک هەرگیز بە خەیاڵیدا نەهاتم. زۆر منی خۆشنەدەویست. داخۆ ئەم دۆخە بەهۆی دەست بەرزکردنەوەم لێی پێشکەوت؟ من ئەمە باش نازانم، بەڵام لەسەر ئەمە ڕادەوەستم، لێکۆڵینەوە دەکەم، ئێستا دۆخی هەنوکە وەهایە، پیاو کەی بیەوێت و تووڕەببێت، ژن دەکوژێت. ئەمڕۆ چیتر گوند و شاریش وای لێ هاتووە. ئورفا و ئیستەنبووڵیش وەهایە، ڕەنگە لە ئیستەنبووڵ زیاتر بێت. ئێستا کێشەی خێزانیی کێشەی سەرەکییە. بە ڕای من سەرچاوەی ئەم کێشەیە هاوسەرگیرییە. لەبەر دەستگرتنی هەڵە بە هاوسەرگیری ئەمڕۆوە، ئەم کێشانە ڕوودەدەن. خێزانی پیرۆز چیرۆکە! هیچ خێزانێکی پیرۆز نییە، بەم ڕەنگە ژن دەخەنە ژێر کۆیلایەتییەکی گەورەیەوە. لەبەر ئەمە چیتر ژیانێکی وەها پەسەند ناکات، دەتەقێتەوە و پیاویش لێیدەدات و دەیکوژێت. ڕۆژنامەکان پڕن لەم هەواڵانە، لەناو هەزار ژندا یەک ژن لە پیاو نادات. کەچی لەناو هەزار پیاودا ٩٩٩ـی لە ژن دەدات. کێ دەتوانێت نکۆڵی لەمە بکات؟ هەموو شتێک ڕوونە، دەبێت مرۆڤ ڕاست نزیک ببێتەوە، ئەو کێشەیەی کە ئێمە باسی دەکەین وەها خۆی دەردەخات. واتا ئەم کێشەیە لەبەر چینایەتی سەرهەڵنادات. لە پەیوەندی ژن و پیاوەوە سەرهەڵ دەدات. ئەمە کێشەیەکی بنچینەییە، ئێمە لە داستانی گلگامش و کۆمەڵگای سۆمەردا ئەم ڕاستییەمان بینی، دواتر لە پێشکەوتنی (دەوڵەت، شار و چین)ـدا پەرەسەندنی ئەم کێشەمان بە شێوەیەکی بەهێزتر بینی. لە تەوراتدا هەیە و لە قورئانیشدا زۆر نموونەی وامان هەیە، دوور نییە سەرداپۆشینی شوێنەواری خرابەڕەشک (گۆبکلی تەپە)ـیش کاری پیاوان بێت، بەڵام بۆ ئەمە ناتوانم بە مسۆگەری شتێک بڵێم، من لەسەر ئەم باسە پێشبینی بەرژەوەندیخوازانە ناکەم. خرابەڕەشک کەلتوورێکی فراوانە، لەنێوان دیجلە و فوراتدا، ٢٠٠ پاشماوەی مێژوویی هەیە، لە شوێنەواری کاراهانتەپە (گردی کەچەڵ) سەروەری پیاو بە ئەندامی زایەندی نێرینە نیشان دراوە، پەیکەری وای هەیە، لە میسر بگرە هەتا هیندستان، پەیکەری هاوشێوەی بڵاوبوونەتەوە. سەروەری نوێی پیاو لەڕێگەی ئەم پەیکەرانەوە نیشان دەدرێت. بەڵام پێش ئەمە ڕێک ٣٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵگابوون لە دەوری ژن پێشدەکەوت، داهێنانێکی زۆر دەکرا، ڕووەک و گیانلەبەری میزۆپۆتامیای سەروو زۆر دەوڵەمەندن، هەموو جۆرێکی گیای لێ دەڕوێت، دەوروبەری قەرەژداخیش لە ئورفا وەهایە، چاندنی گەنم و جۆ لە دەوروبەری قەرەژداخ پێشدەکەوێت. بزن و مەڕ لێرە بەخێوکراون، لەم ناوچەیە بارانێکی باش دەبارێت، کە لە ناوچەکانیتری دونیا زۆر کەم دەبینرێت، لێرە خاک و باران زۆر بە باشی یەکتر تەواو دەکەن. لەبەر ئەمەش گژوگیا و گیانلەبەرێکی زۆر دەرفەتی ژیانیان هەیە لێرەدا، مرۆڤ لە ئەفریقاوە دێن و لێرە کۆدەبنەوە، ڕووەک و گیانلەبەرێکی زۆر هەن، هەم بۆ کۆکردنەوە و هەم بۆ ڕاوکردن دەرفەتی زۆر گەورە هەیە. لەبەر ئەمەش لەم ناوچەیە کۆکردنەوە و ڕاوکردن پێشدەکەوێت، یەکێکیان بە ڕۆڵی ژن و ئەوتریان بە ڕۆڵی پیاو پێشدەکەوێت، لە ئەنجامدا ڕووبەڕووبوونەوە درووست دەبێت، لە دەستی پیاوی ڕاوچیدا چەک هەیە و شەڕ بە بەردی گڕکان و بەردی چەخماخ درووست دەبێت. ئەم چەکە هێشتا لە دەوروبەری خرابەڕەشکێ هەیە، بازرگانی بە بەردی گڕکانییەوە دەکرێت، بازرگانییەکی گرانبەهایە. لە بنەرەتدا بەردی گڕکان چەکە، ڕۆڵی چەقۆیەکی تیژ دەبینێت. پیاو بەم چەقۆیە هەموو کەسێکی بڕیوە، ژن لەبەر ئەمە تێکچووە. کاتێک لە دەستی گرووپێکی بچووکی پیاوان چەقۆی بەردی گڕکانی هەیە، ڕووبکاتە هەرکوێ دەبڕێ و دەکوژێت. منیش خاڵی خۆمم زۆر خۆشدەوێت و لای من زۆر بەنرخە، پوور (خوشکی باوک)ـم ناناسم بەڵام پوورەکانم (خوشکەکانی دایک)ـم باش دەناسم. لە کۆمەڵگای دایکسالاریدا خاڵ وەک برای دایک لە ناو کڵاندا زۆر کاریگەرە. بەم ڕەنگە تایبەتمەندی کۆمەڵگای دایکسالاری دەپارێزرێت. لەو شۆڕشەی پێشدەکەوێت، کۆمەڵگای دایکسالاری گورزێکی گەورە دەخوات. هەم بەهاکانی لێ دەسێنرێت، هەم منداڵەکانی بە کچ و کوڕەوە وەک کۆیلە کاریان پێ دەکرێت. ژنیش بە هاوسەرگیری پیرۆز پیاو دەکوژێت، لێرەدا وەک داستانی گلگامش پیاو دەکوژرێت. کرۆکی ئەم ڕێوڕەسمە شتێکی زۆر خراپە. تەنانەت ئەگەر پیاوەکە خۆشەویستی ژنەکەش بێت لە پاش هاوسەرگیری پیرۆز پیاوەکە دەکوژرێت. بۆچی؟ چونکە ژنەکە دەزانێت چی بەسەر دێت، بۆ ئەوەی بتوانێت پێش بەو کارەسات و فەلاکەتە بگرێت، پیاوەکە دەکوژێت. جەوهەری ئەم بابەتە ئەوەیە، ئەمە دەبێتە ماتریاڵیزمی مێژوویی، فکری هەرە باش کە ئێمە بتوانین لە مارکسیزمەوە وەریبگرین ئەمەیە، ماتریاڵیزمی دیالەکتیکی وەها پێناسەی دەکات،  بەڵام پیاویش لە کۆمەڵگای سۆمەردا کۆتایی بە حکومڕانی ژن دەهێنێت، لەگەڵ کۆمەڵگای سۆمەر ئیتر سەروەری پیاو دەست پێ دەکات و بە کۆیلەکردنی ژن ئەم قۆناغە تەواو دەبێت. ئەم بابەتە لە داستانی بابل و داستانی ئەنوما عەلیش هەیە. ئەگەر ئەم داستانانە بخوێننەوە شتی زۆر گرنگ دەبینن. کۆمەڵگای عیبرانی ناوەڕۆکی ئەم داستانانە وەکو ئاین ساز دەکات، کۆمەڵگای عیبرانی تەوراتیان لە داستانی ئەنوما عەلیشەوە وەرگرتووە و تێکەڵی تەوراتیان کردووە، ئەم داستانە لە کۆمەڵگای عیبرانیدا بەناو گۆڕان و گۆڕینەوەدا تێدەپەڕێت، ئەم گۆڕانکارییە هەم ماددیی و هەم مەعنەوییە. وەک واتا و ناو، مرۆڤ دەتوانێت بەم گۆڕان و گۆڕینەوەیە بڵێت تەورات. لە تەوراتیش ئینجیل و لە ئینجیلیش قورئان دەردەکەوێت. کەس ناتوانێت نکۆڵی لەم ڕاستییە بکات. دەرئەنجام لە ماڵدا ژن بەندکردن هەیە، پیاویش ئەندامی زاوزێی نێرینەی خۆی پیرۆز دەکات. بۆ ئەم بابەتەش زەردەشت پاڵپشتێکی گەورەیە. هێشتا لە هیندستان ئەمە بەرجەستەیە، بەڵام پێش ئەمە ژن خوداوەندە، ئەوەی کە گرنگە ئەمەیە. پیاو دەڵێت: ئەندامی نێرینەی من خودایە و تۆ دەبێت بۆ من بۆ ئەندامی نێرینەم کڕنووش ببەیت. لە ڕاستیدا بەم جۆرە چووەتە ناو پەرتووکەکانەوە. لە تەوراتدا ئەم ڕاستییە بە ئاشکرا باسکراوە. لێرە لە ڕووی چەمکەوە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، واتە وەک چەمک گرنگە. لە پاش پەیوەندییەکی بەم ڕەنگە چیتر لە دۆخی هەنوکەییدا گۆرانکاری درووست دەبێت.

وەکو دەرئەنجام ئایین پێشدەکەوێت، ئێستاش بەو ڕەنگەیە، بەم بۆنەیەوە ئێمە نەخۆشی مۆدێرنی ڕۆژئاواش بخەینە بەرچاو، لە پاش ئەم قۆناغە، چیتر قۆناغی موڵکایەتی دەست پێ دەکات. بێگومان ئەم بیردۆزییە کە ژن بە ماڵەوە زنجیر دەکات زۆر ترسناکە، دەبێتە کێشەیەکی گەورە، منیش پەنجەنمام کرد، لەناو کۆمەڵگادا کێشە وەها سەرهەڵدەدات. کێشەی بنەڕەتی کۆمەڵگاش ئەمەیە، لەگەڵ خۆیدا چین و دەوڵەت دەهێنێت. لە ڕاستیدا هەموو ئەمانە پیاو دەیکات. پیاو شۆڕشی ئەرستۆکراتی دەکات، شۆڕشی بورژوازی دەکات، بەڵام هەموو ئەمانە لەسەر بنەمای کۆیلەکردنی ژن دەکرێت. کاتێک پیاو دەبێت بە دەوڵەت چیتر هیچ شتێک ناتوانێت پێشی پێ بگرێت. دەوڵەت هێزی بێکۆتایە، لەسەر دەوڵەت شوێنپەنجەی پیاو هەیە، بنەمای ئازادیی ژن ئێمە خستمانەڕوو، ئەمە چۆن دەتوانێت پێشبکەوێت؟ من لەبەرامبەری ژندا وەکو ڕێزێک ئەمەی وت: "ئازادیی سەرەتا لە فیکردا دەست پێ دەکات" ژن چۆنی دەوێت با ئاوا بژی. هەڵبەت گەر هێزتان هەبێت دەڵێن: دەست لە ژن و پیاو بەردە، با بەیەکتر شاد بن و ببن بە خۆشەویستی یەکتر، گەر ئێوە بتوانن ئەمە بکەن من هیچ ئاستەنگییەک ناخەمە پێشتان، بەڵام ئەوکاتە نابمە بەرپرسیار لەو شتانەی ڕوودەدەن. من تەنها دەتوانم پەنجەرەی ئازادیی بکەمەوە، بەڵام تۆ لێی دەنۆڕیت هەموو لایەک گیراوە، تۆ ڕوو لە هەر پیاوێک بکەیت و بتەوێت لەگەڵیدا هاوسەرگیری بکەیت، ڕووبەڕووی هەستێکی زۆر بەهێزی موڵکایەتی دەبیتەوە. واتا هێشتا لە یەکسانیی زۆر دوورن. مسۆگەر تۆ لە شوێنێکدا گورزی پیاو دەخۆیت. ئێوە واز لە یەکتریش بهێنن چۆن دەژیت؟ ئەو ژنەی کە ئابووریی دامەزراندووە ئەمڕۆ ناچاری نانێکە، چاوی لە دەستی پیاوە، پیاو کار نەکات ژن برسی دەبێت، لە کاتێکدا ئابووری بەدەستی ژن دامەزراوە. ئێوە دەزانن وشەی (ئیکۆنۆمی) وشەیەکی هێلینییە؟ بە واتای (بژێوی خێزان) دێت، وشەکە بە واتای کاری ماڵ و زانستی ئابووری ماڵ دێت، ئەمەش کاری ژنە. بەم دواییانە ژن بە تەواوی لە ئابووری دابڕینرابوو، باشە، ئەی ئێستا لە دەستی ژندا ئابوورییەک هەیە؟ نا نییە. ئێستا ئابووری لە دەستی پیاو و کۆمپانیاکاندایە، کاتێک من ئەمە دەڵێم هەموان سەراسیمە دەبن، ژانژاک ڕۆسۆ لەسەر ئەم ڕاستییە وەستاوە، هەروەها ئادەم سمس لەمبارەیەوە هەڵوەستەی هەیە، ئەوەی کە ئابووری دەخاتە بن دەستی پیاو ڕۆژئاوایە. لە چاخی ناوین و یەکەمدا ئابوورییەکی بەهێز لە دەستی ژندا بووە. بەڵام سیستەمی سەرماداری ئەم دەرفەتەی بەتەواوی لەباربرد، هەموو شتێک کەوتە دەستی کۆمپانیاکان، پارە و کۆمپانیا و سیستەمی ئابووری لە دەستی پیاودایە، قورسایی ژن بەسەر پارە و ئابوورییەوە نەماوە. واتا لەم سۆنگەیەوە ژن بەتەواوی بە پیاوەوە گرێدراوە. پارە و تەکنیک و زانست لە دەستی پیاودایە، باشە لێرەدا پێگەی ژن چییە؟ من ئەم دۆخە بەو بولبولە وێنا دەکەم، کە لەناو قەفەسدا دەخوێنێت، یانیش کەرەستەی جوانکاری ماڵ بۆ پیاو. ئێستا نەک تەنها جەستەی ژن، بەڵکو لە پرچی ژنەوە بگرە هەتا نینۆکی، لە ڕۆحییەوە بگرە هەتا دەنگی هەمووی دەبێتە بابەتی بازاڕیکردن و بازرگانیی. کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت، مەگەر ڕێکلام لەسەر جەستەی ژن بەڕێوەنابرێت؟ ئەمە شتێکی زۆر خراپە. خاوەندارێتی لە جەستەی خۆتان بکەن، ئەو جەستەیەی کە بەتەواوەتی لەلایەن پیاوەوە کۆنترۆڵ دەکرێت جەستەی ئێوەیە، ئێوە چی دەکەن؟ هەموو سنوورەکانت، هەموو ژیانت لەلایەن پیاوێکەوە دیاری کراوە، گەر پارە نەدات تۆ برسی دەبیت، نامەوێت ئەو وێنەیە بە وتەی جیاواز سەختتر بکەم، ئەمانە هەمووی ڕوویداوە، من چیم وت؟ وتم سۆسیالیزم بە ئازادیی پێکدێت، مارکس لەپێناو ئەوەی کە بتوانێت لەگەڵ هاوسەرەکەی بژی جلەکانی خۆی دەفرۆشت. گرنگترین پەرتووک لەلایەن مارکسەوە دەربارەی سیستەمی سەرمایەداریی نووسراوە. پیاوێکی وەها لەبەر ئەوەی بژێوی خێزانەکەی پێ پەیدا نەدەبوو، جلەکانی خۆی دەفرۆشت. خۆی دەڵێت: " لەپێناو بژێوی ژیانمان ئەم پەرتووکە دەنووسم، تا بتوانم پڕۆسەی هاوسەرگیرییەکەم لەسەر پێ ڕابگرم." ئێستا ئەگەر دامەزرێنەری سۆسیالیزم وابڵێت ئێمە چی بڵێین؟ خودا دەزانێت چی بەسەر ئێمەدا دێت، چما مارکسیزم وەها دەبێت؟ بەداخەوە وەهابوو ئێمەش کڕنووشمان بۆی برد. وەکو پێغەمبەرێک تەماشامان کرد. ئێستا دەمانەوێت ئەم دۆخە تێپەڕێنین، ئەمە دۆخێکی خراپە، لە ڕاستیدا کۆتاییان بە ژن هێناوە. ئەمە لە لینین و ماو و ستالینیشدا وەها بوو، ژن لەبەر ئەو ترسەی هەیەتی ناتوانێت بژی، لەم بوارەدا لینین تێکۆشانێکی گەورەی نیشاندا. من ئەو تاوانبار ناکەم، ستالینیش ژنی دەخستە پشت دەرگاوە، دەیکرد بە موڵکی پیاو، یانی نەیکوشتووە بەڵام لە مردن خراپتری بەسەردا هێناوە. دەمەوێت ئەوە بڵێم من ئەو پیاوێتییەم کوشتووە. ئەو مەیل و خواستەش لە مندا هەبوو، من ئێستا وتم: "لەبارەی ئەم بابەتەوە ئەزموونم هەیە، نزیکترین هەڤاڵی خۆم داوای لێم دەکرد بیکوژم! من لە بەرامبەری ئەودا بە تەدبیر بووم، من ڕێک ١٠ ساڵ لەگەڵ ئەودا شەڕم کرد. بەڵام بە تەدبیر بووم. هەڵاتنی ئەو بۆ من بوو بە ڕزگارییەکی گەورە. بەو ڕەنگە لەسەر پێ مامەوە، یەکێک لە تایبەتمەندییە جەوهەرییەکانی منیش ئەمەیە. کەچی ئەم پەیوەندییەی من هەڵە دەبینرێت، دەڵێن: "ژنی ئەو پیاوە هەڵات." بەڵام من وەهای نابینم، من وتم: " لە پاش ئەو ڕزگاربووم." چونکە لە دوای ئەو پەیوەندییەوە من ڕزگاربووم. گەر وا بڵێم دوور نییە هەموان پێم پێبکەنن. بەڵام زۆر ڕاشکاوانە دەیڵیم ڕزگاربووم. لە ڕاستیدا من لە نەریتێک ڕزگارم بوو، لە کێشەیەکی جەوهەری دەرچووم. گەر من ژن بکوژم چی ڕوودەدات؟ دەبمە جانەوەر، لە جانەوەرێکیش سۆسیالیست درووست نابێت. ستالین دەیتوانی بیکات، بەڵام من نایکەم! ئەمە هەڵەیە، ئێوە ژنە بێ هاوسەرەکان بۆ من کێشەیەکی گەورەن، باشە سوودی ئەمە چییە؟ هیچ نەبێت ئێمە دەرفەتی بیرکردنەوەی ئازادمان پێ داون، بەڕای من دەرفەتی بیرکردنەوەی ئازاد زۆر گرنگە. ئەوەی کە مرۆڤ دەکات بە مرۆڤ بیرکردنەوەی ئازادە. تا رادەیەک ئەمە لە سوقراتیشدا دەبینرێت، فکری ئازاد لای ئەو بە هاوسەرگیرییەوە بەستراوەتەوە. ئەوەی کە منی لەسەر پێ هێشتووەتەوە فکری ئازادە. ئێوەش مەگەر بەوجۆرە بتوانن لەسەر پێ بوەستن. ئەگەر فکری ئازادییان لەدەستی ئێوە وەرگرت ئەوا کۆتاییتان پێ دێت. لەبەر ئەوەی، مەگەر تەنها لەسەر ئەم بنەمایە سۆسیالیزمی نوێ پێشبکەوێت. مەگەر تەنها لەسەر ئەم بنەمایە لە ئێوەدا کوردی نوێ و ناسنامەی کوردی نوێ پێشبکەوێت. ڕەخنەمان لەسەر شارستانییەت و مۆدێرنیتە و کۆیلایەتی تادێت قوڵتر و بەهێزتر دەبێت، هیچ نەبێ دەتوانین لە ئاستی کەسایەتییدا ئەم کێشانە تێپەڕێنین، لە ئاستی بەکۆمەڵبوون و فرەڕەنگیشدا پێشکەوتن هەیە، بەڕای من گەورەترین پشتیوانی بۆ سۆسیالیزم ئەمەیە. من وەکو سەرەتا لەسەر بنەمای "کێشەی ژن و کۆمەڵگابوونی ژن" ئەمەم بەرباسدابوو.

٣- دوالیزمی دەوڵەت و کۆمۆن لە کۆمەڵگەی مێژوویدا

دەبێت لە ماتریاڵیزم و مێژوودا لە جێی شەڕی چینایەتی "کۆمۆن" دابنرێت. بێگومان ئەمە تەنها نزیکایەتییەکی ڕاست نییە، بۆ ئەوەی بتوانین دەربازی سۆسیالیزم ببین، چالاکی و فکری ئازاد لە زانستی کۆمەڵناسییدا تەندروستترین ڕێگاکانە. پێناسەی ماتریاڵیزمی مێژوویی و سۆسیالیزم نابێت لەسەر شەڕی چینایەتی بێت، لە جێی ئەوە پێویستە ماتریاڵیزمی مێژوویی و سۆسیالیزم خۆی بسپێرێت بە دوالیزمی دەوڵەت و کۆمۆن، من ئەم نزیکایەتییە بە ڕاستتر دەبینم. یانی مێژوو لەسەر شەڕی چینایەتی بونیادنانرێت؛ ناکۆکی و پێکدادانی نێوان دەوڵەت و کۆمۆن شێوە دەدەن بە مێژوو. بەهۆی ئەم تیۆری چینایەتییەوە، سۆسیالیزمی بنیاتنراو ڕووخا، تەنانەت پێویستی بە ڕەخنەکردنیش نییە. بەڵام هۆکارێکی بنەڕەتی ڕووخاندنی سۆسیالیزمی بنیاتنراو ئەمەیە. باشە لێرەدا واتا دوالیزمی دەوڵەت و کۆمۆن چییە؟ ئەمە چەسپاندنێكی زۆر بەنرخە. ڕەنگە لایەنێکی ئەمە زانراو بێت، بەڵام هێشتا بە سیستەم نەکراوە. لێرەدا من ئەم فکرە بە سیستەم دەکەم، فکرێکی سیستەماتیک پێش دەخەم. دەمەوێت ماتریاڵیزمی مێژوویی لەسەر بنەمای دوالیزمی ئەم دوو چەمکە بونیاد بنێم. وا بیر دەکەمەوە کە خۆمان بگەیەنین بە ئەنجامێكی زۆر بەهادار. ئەمەش بەمە دەسپێرم: لە بنەڕەتدا کۆمەڵگە ڕووداوێکی کۆمیناڵە. لەسەرەوە پێناسەی کڵانم کرد. ئەمە کۆمەڵگەبوونە. کۆمەڵگەبوون لە کۆمۆنەوە سەرچاوە دەگرێت. کڵان کۆمۆنەیەکی سەرەتاییە. ئێستا با لەسەر وشەی "کۆمۆن" بووەستین؛ چونکە دەبێت لەسەر کۆمەڵگەبوون قسە بکەین، دیسان هێندەی ئێمە دەیزانین دەبێت لە گۆڕەپانی میزۆپۆتامیا لەسەر پێشکەوتنە کەلتووری، دەرکەوتنی کۆمەڵگەی سۆمەرییەکان ڕابووەستین؛ یانی دەبێت پێشکەوتنی دەوڵەت، شار، موڵکییەت و چینەکان بکەینە باسی خۆمان، پێویستە سەرەتا لەسەر دەوڵەت و کۆمۆن بوەستین. باشە کۆمەڵگەبوون لە کوێیاندایە؟ کۆمەڵگە بنەمای ئەم کارەیە. چونکە ٤٠٠٠ ساڵ پێش زاینی، فۆرمی کۆمەڵایەتی کڵان بوو. ئێمەش پێی دەڵێین هۆز یان عەشیرەت. عەشیرەتیش لە یەکێتی کۆمۆن پێکدێت. هۆز کۆمۆنێکە. هێشتا خانەوادە پێشنەکەوتووە. لە بنەڕەتدا مانای خانەوادە و هۆز لێک جیانین. یەک واتان. نە هۆز و نە خانەوادەش بەوشێوەیە لەیەک جیانەبوون. بەپێشکەوتنی نیۆلۆتیک پێشکەوتنێکی گرنگ ڕوودەدات. پێشکەوتنی هۆز زیاتر گرێدراوە بە نیۆلەتیکەوە. پێش نیۆلەتیک هۆز بوونی نەبوو و کڵان هەیە. لە زمانی کوردیدا "کۆم" [گرووپ] هەیە. ئێمە بەمشێوەیە باشتر دەتوانین لە کۆمۆن تێبگەین. یانی کۆمۆن بە واتای "کۆم" و "کۆبوونەوە" دێت. هێشتا ئەم وشەیە بەکاردەهێنین. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە زمانی ئاریی‌ش لەمەوە سەرچاوەی گرتووە. بەلایەنی کەمەوە مێژووەکەی ١٠ هەزار ساڵە. بۆیە ئاشکرایە کە زمانی ئاریەنی لە دەوروبەری ئەم کۆمۆنە دروستبووە. لە کوریدا وشەی "کۆم" ئەم ڕاستییە نیشان دەدات. داڕشتن و زیادکردنی وشەکان ئەم ڕاستییە نیشان دەدەن. "کۆماگەنە"ـش وەک ناوی دەوڵەتێک خۆی نیشان دەدات. لێرەدا دەبینین کە دەوڵەت سەرۆک هۆز پێش دەخات. ئەندامەکانی هۆزیش کۆمۆن پێش دەخەن. لە بنەڕەتییشدا ئەوە ڕاستییەکەیە. زۆری ئاسانە. من بەدواداچوونێکی زۆریشم نەکرد، مارکس بەمانە دەڵێت دۆزینەوەی زانستی، ئەمانە چیرۆکن. پێشکەوتنێکی لەو شێوەیەیە لە چینی کرێکاراندا نییە. تێگەشتن لەو بابەتە ئەستەم نییە. ئەوەی کە باڵادەستی خۆی لەسەر هۆز ئاوادەکات دەبێتە دەوڵەت، ئەندامەکانیشی دەبن بە کۆم (گرووپێک)، دواتر ئەمە وەک خانەوادە بەردەوام دەبێت. ئەوانەی سەرەوە دەبنە دەوڵەت، خانەدانی پێشدەکەوێت. ئەوانەی لە خوارەوەشن دەبنە ژێردەست. گەر دەوڵەت دروست ببێت ئەوا هۆزە ژێردەستەکانیش دروستدەبن. جیاوازییەکان بەوشێوەیە دەستپێدەکەن. من ئەوەی کە مارکسیزم سەبارەت بە پرۆلیتاریا وتوویەتی زۆر بە ڕاست نازانم. ڕاستە، پەیوەستە بە شۆڕشی پیشەسازی، چینی کرێکاری، بورژوازییەوە هەیە، بەڵام ئەمە پەیوەندیی بە پێشکەوتنێکی ٥٠٠٠ ساڵەوە هەیە. بورژوازیی، پرۆلیتاریا-چینی کرێکار لە بابلییەکانیشدا هەیە، لە سۆمەرییەکان و ئاشوورییەکانیشدا هەیە. لە ئەسینا و ڕۆماشدا هەیە. دواتر دەربازی ڕۆژئاوای ئەورووپا دەبێت. ئەمە ئەورووپای داهێناوە. هەندێکیان فراوانتریان کردووەتەوە، هەندێکیانیش کردوویانە بە سیستەمێکی هەژموونی. بەناوی سەرمایەداری لەناوبەر و هەژموونی پێشدەکەوێت. ئەم هەژموونییە بە هەموو جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. ئەم پێشکەوتنە لە کۆمەڵگەی سۆمەرەوە سەرچاوەدەگرێت، یانی سەرچاوەکەی سۆمەرە. ئەمە چیرۆکی دەوڵەتدارییە، دەوڵەت وەک دەوڵەتی کۆیلایەتی، دەوڵەتی دەرەبەگ و دەوڵەتی سەرمایەداریی جیا دەکرێنەوە. نابێت بەمشێوەیە شرۆڤە بکرێت، لێرەدا ئەوەی گرنگە کۆمۆنە. لەم مێژووەدا کۆمۆن لە کوێیە؟ مارکسیش بەهۆی کۆمۆنی پاریسەوە زۆر هەڤاڵی خۆی لەدەستدا. باس لەوە دەکرێت ١٧ هەزار کۆمۆنار دەکوژرێن. لەسەر ئەم لەدەستدانانە هەڵسەنگاندنێکی هەیە بە ناونیشانی "کۆمۆنی پاریس" دەستبەرداری سەرمایەداریی دەبێت. لەبەر ئەوەی پێشبینییەکانی گورزی گەورەیان بەرکەوتبوو. لە ڕوانگەی منەوە مارکس لە ناخەوە توشی شکاندن بووە. بۆیە ڕوودەکاتە کۆمۆن و کاری لەسەر دەکات. لێرەدا زۆر بانگەشەی چینایەتی ناکات، زیاتر چەمکی کۆمۆن بەکاردێنێت. کرۆپۆتکین ڕەخنەی لینین دەکات، دەڵێت "سۆڤییەتەکان مەرووخێنە". لە بنەڕەتدا سۆڤیەت و کۆمۆن هەمان واتان. بەڵام لینین بە پرۆگرامی سیاسەتی نوێی ئابووری (NEP) ڕوو لە دەوڵەت دەکات. ستالینیش ئەم کێشەیە قوڵتر دەکاتەوە. لە کاتەکانی دوایدا چەمکی دیکتاتۆریش لەلای مارکس سارد دەبێتەوە، نایەوێت بەکاریبهێنێت. ڕوو دەکاتە چەمکی کۆمۆن. دەوڵەت و کۆمۆنیش لەیەکدی جیا دەکاتەوە، بەڵام ئەم جیاکردنەوەیە زۆر بەرفراوان ناکاتەوە. لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین کە ماتریالیزمی مێژوویی خۆی دەسپێرێتە شەڕی چینایەتی، لەسەر بنەمای دوالیزمی کۆمۆن و دەوڵەت شکڵ دەگرێت، هەموو مێژوو بەمشێوەیە جوڵاوەتەوە. بەتایبەت مێژووی نووسراو. بە سۆمەرییەکان بنەمای خۆی دروستکردووە، ئێستا لە ڕۆژئاوادا لە ئاستێکی هەرە بەرزدایە. ئێستا شارەوانی بە مانای کۆمۆنە. بەڵام بێ ناوەڕۆک کراوە. ئێستا دەوڵەت قەیووم لەسەر شارەوانییەکانمان دادەنێت. کەسیش ناڵێت تۆ بۆ وا دەکەیت. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە بێناوەڕۆک کراوە. ڕووداوی تاڤشانتەپە پەیوەندیدارە بە هۆزەوە. کەلتووری دەستدرێژیکردنەوە سەر ئەو منداڵە بچووکە وەک کۆمەڵکوژییەک بوو. ڕووداوێکی سیمبولییە بەڵام زۆر گرنگە. ئەمە هێمای کەلتوورێکە. "مەلا گۆران"ـیش خانەوادەیەکی مەلایە. بەشداری فەتحکردنی ئەستەبوڵ بوون. خانەوادەی گۆرانیش لە خانەوادەیەکی لەو شێوەیەوە دێت. بارودۆخی خەماویی خانەوادەی مۆڵاش لەبەرچاوە. بۆیە چەمکی کۆمیناڵی لە سەردەمی نوێدا دەبێتە دەست و پێی سۆسیالیزمی ئازادیی. ئێمە لە چواردەوری ئەم بابەتە گفتوگۆ لەسەر سەردەمی نوێ دەکەین و بەرجەستەی دەکەین.

چەمکی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی، لەهەمان کاتدا دەبێتە هەڵسەنگاندنی کۆمۆن. کۆمۆن بە چەمکی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسیی ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبێتەوە. زمانی سەردەمی نوێی ئاشتیش بە سیاسیی دەبێت. ئێمە ئازادیی کۆمۆن بپارێزین. بۆخۆی ئەو ناوەی لەسەرە؛ ئێمە زمانی دەوڵەتپارێزی دەست لێبەردەین. دەست لە ئەو چەمکانە هەڵدەگرین کە گرێدراوی دەوڵەت نەتەوەن. چەمکی ئەخلاق و سیاسەت بۆ کۆمۆن بە بنەما بگرین. ئێمە بەمەمان وت کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسیی. ئێستا حقوقێک هەیە، یاسای شارەوانی هەیە، دەبێت ئەم یاسایە گەشەی پێبدرێت. پێیویستە ئەمە لە یاسادا هەبێت، ئێمە گۆڕانکارییەکی لەوشێوەیەمان بوێت. شەرت و ڕێبازێکمان هەبێت. گەر بەشێوەیەکی زانستی بیهێنینە سەر زمان، ئەوا دەتوانین پێی بڵێین ئازادیی کۆمۆن. ئێمە ببینە کۆمینالیست، لە جێی چینایەتی ئێمە جێی کۆمۆن بکەینەوە. شارەوانییەکانیش هێشتا کۆمۆنن، لەلای ئێمەش کۆم هەیە. مەگەر لەلای ئێمە سیاسەت و ئەخلاق نییە؟ بێگومان هەیە. هەر بۆ خۆی کۆمۆن بە ئەخلاق زیاتر بەڕێوەدەچێت وەک لە یاسا. لەلایەکی دیکەوە کۆمۆن دیموکراسیشە. سیاسەتی دیموکراتیک بێ سیاسەت نابێت. چونکە سیاسەت بە سیاسەتی دیموکراتیک دەکرێت. کۆمۆن ناوە. ئەخلاق، سیاسەت و تایبەتمەندییە. کۆمۆن ئەخلاق و سیاسەتە. یەک ناوە، یەک تایبەتمەندییە. ئێمەش پێی دەڵێین ڕادیکاڵترین پێداچوونەوەی مارکسیزم. ئێمە لە جێی چەمکی چینایەتی مارکسیزم چەمکی کۆمۆن بەکاربهێنین. ڕەخنەکانی کرۆپۆتکین لە لینین ڕاستبوو، ڕەخنەی باکونین لەسەر مارکس ڕاستە. ڕەخنەکانی باکونین کەمن، لاوازییان هەیە، بەڵام ڕاستن. لەم بابەتەدا بەدڵنیاییەوە ڕاوەستە و ڕەخنە لەسەر مارکسیزم دەکرێت. گەر مارکس لە باکونین تێبگەشتایە، لینینیش لە کرۆپۆتکین تێبگەشتایە. ئەوا بەدڵنیاییەوە چارەنووسی سۆسیالیزم بەمشێوەیە نەدەبوو. بەهۆی ئەوەی کە نەیانتوانی ئەم سەنتێزە پێشبخەن بۆیە سۆسیالیزمی بنیاتنراو پەرەی سەند.

٤- مۆدێرنیتە

 

لە ئەورووپا ناوی سەردەمی نوێ مۆدێرنیتەیە، ئێمە مۆدێرنیتە لەڕێگەی سێ سوارچاکی قیامەتییەوە پێناسە دەکەین. ئەوانەش؛ سەرمایەداری، دەوڵەت-نەتەوە و پیشەسازییگەرایین. مۆدێرنیتە پێناسەی ئەم سەردەمە دەکات. پێویستە مۆدێرنیتە و سەرمایەداری وەک هەمان شت نەبیندرێن و تێکەڵ نەکرێن. مۆدێرنیتە لە سەرمایەداریی، دەوڵەت-نەتەوە و پیشەسازگەرایی پێکدێت. ئەم بونیادنراوە لە سەدەی شازدەوە دەستی پێکردووە و بووەتە بابەتێکی کۆنکرێتی. سۆسیالیزمی بونیادنراویش  بەرهەمی ئەم مۆدێرنیتەیە.

پێویستبوو سۆسیالیزم وەک ئەڵتەرناتیڤ-بەدیلی ئەو سێ پایەیەی مۆدێرنیتە سەریهەڵدایە. بەڵام تەنها هەوڵی شیکاریی سۆسیالیستییانە بۆ سەرمایەداری و تێکۆشان دژی سەرمایەداری هاتەپێش، ئەوەش بەرەوپێش نەبرا. هەر بۆخۆی بەم حاڵە پێشنەدەخرا. چونکە تەنها بە بەیاننامەیەک یان بە مانیفستۆی کۆمەنیست سنووردار بوو. پیشەسازگەرایی بەو شێوەیەی خۆی پەسەند کرا و بەرزیان کردەوە بۆ ئاسمان. ئەمە جیابوونەوەیەکی کارەساتبار و هەڵەیەکی گەورەیە. دیسان مارکس لەسەر دەوڵەت-نەتەوە هیچ شیکارییەک-ناساندێک-کاردانەوەیەکی نەبوو. لەم لایەنەوە بۆشاییەکی گەورەی ئایدۆلۆژیی هەیە. بۆ ئەوەی ئەو مافەی پێبدەین ئێمە دەڵێین؛ دوای ماوەیەک مارکس درکی بەم پێناسە سەیرەی خۆی کرد و جیاوازییەکەی بینی. لە قۆناغی نووسینی پەرتووکی سەرمایەدا پەرتووکی سێیەم لەسەر دەوڵەت دەبوو، بەڵام تەمەنی ڕێگەی نەدا. ئەگەر ئەو پەرتووکەیشی بنووسیایە بۆی ئەستەمبوو کە ڕاستی بنووسیایە. بۆیە دیدگای هەڵسەنگاندنی مارکس بۆ دەوڵەت-نەتەوە سنووردار بوو.

دەتوانرێت بووترێت مارکس ڕەخنە و هەڵسانگاندنی لەسەر پیشەسازگەرایی نەبوو. ئەو تەنها لەسەر دژایەتی سەرمایەداریی شیکارییەکی سۆسیالیزمی پەرەپێدا. زۆر کەموکورتیشی لەناودا هەیە، پێش نەخراوە. ئەم تیۆرییەی سۆسیالیزم لە شیکاریی مۆدێرنیتەدا ناتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی تەواو. ئەم توانایەی نییە. هەرچەندە بەشێکە لە مۆدێرنیتە بەڵام لەناو سنووری خۆیدا دەمێنێتەوە.

کێشەی سەرەکی سەردەمەکەمان ئەمەیە؛ مۆدێرنیتە بە هەرسێ سوارچاکە قیامەتییەکەی مرۆڤایەتیی بەرەو قیامەت- پەلکێش دەکات. زالووی سەرمایەداریی ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئاستی دڕندەیی. وەک وەرەمێكی شێرپەنجە لەسەر هەسارەکەمان-جیهان بڵاودەبێتەوە. دەوڵەت-نەتەوە هێزە چالاکەکەیەتی. لە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەدا سوپای نەتەوە خۆی دەبێتە نەتەوە. لە بنەمای ئەم سیستەمەدا پێکدادان و شەڕ هەیە. دەوڵەت-نەتەوە سیستەمی کۆمەڵگەی شەڕکەر و شەڕخوازە. لەم شەڕانەشدا هەر جارێ ملیۆنان کەس دەکوژرێن.

لەسەرەتاوە پیشەسازگەرایی هەموو سەرچاوە ژینگەیی و سەرچاوە ژیانییەکانی سەرزەوی و ژێرزەوی دەخوات و بەوشێوەیە دەجوڵێتەوە. ئەمڕۆ مرۆڤایەتی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە ئەو ئەهریمەنەی بە دەستی خۆی دروستی کردووە وادەیخوات. ماوەیەکی درێژ لێپێچینەوە لە پیشەسازگەرایی نەکرا، یان دوور خراوەتەوە. لەم بابەتەدا ئەوەی کە پێویستە سەرەتا بووترێت ئەوەیە؛ پیشەسازگەرایی هێندە بێتاوان نییە وەک ئەوەی دەبیندرێت. چونکە پیشەسازگەرایی تەونی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سرووشتی گۆڕیوە.

بینینی پیشەسازگەرایی وەک دیاردە و چالاکییەکی ئابووریی و ئاشتییانە، نزیکایەتییەکی هەڵەیە. پیشەسازگەرایی هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ تەکنەلۆژیای شەڕ تێکەڵبووە. ئەمەیە کە دەوڵەت-نەتەوە دەکاتە مومکین. بەواتایەکی تر؛ تێکەڵکردنی پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و شەڕ و یەکبوونیان لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی پیشەسازگەراییە. بۆیە بەڕێکەوت نییە کە دەوڵەت-نەتەوە پێشکەوتووەکان خاوەنی پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای شەڕن.

بە کورتی ئەگەر مرۆڤ پێشکەوتنە پیشەسازییەکان وەک خاڵێکی بێکاریگەر ببینێت و لە تێکۆشان دژی مۆدێرنیتەدا کاریگەرییەکی ڕاست نەگرێتەدەست ئەوا شانسی سەرکەوتنی ئەو تێکۆشانە نییە و دروستیش نابێت. ئەگەر مۆدێرنیتە ڕانەوەستێندرێت و بەوشێوەیە بەردەوام بێت ئەوا ٥٠ ساڵ تەمەنی هەسارەکەمان-جیهانەکەمان ماوە. من باسی دیستۆپیا و پێشبینییەکی مەترسیداریی خەیاڵی ناکەم، باسی داهاتوویەکی قیامەتیی ڕاستەقینە دەکەم. مارکس درکی بەم هەڕەشە و مەترسییە کرد و دەستی کرد بە بەرپەرچدانەوەی بەڵام نەیتوانی پەرەی پێبدات. مارکس دەبووایە شەش پەرتووکی بنووسیایە بەڵام تەنها بەرگی یەکەمی پەرتووکەکەی نووسی. ئەویش بە کەموکورتییەوە نووسی. بە شیکارکردنی چینایەتی و ناساندنی ژێرخانەکانی کۆمەڵگە سنووردابوو. کاتێک کە ویستی ئەو ڕاستی هەڵگەڕێندراوە پێچەوانە بکاتەوە و بیخاتەوە سەرپێیەکانی. لە دوای هیگڵیش مایەوە. ئەنگلس هەندێک هەوڵیدا مارکس تەواو بکات. دەستی خستەسەر بابەتەکانی وەک "بنەچەی دەوڵەت، خێزان و موڵکایەتی تایبەت، دیالەکتیکی سرووشتی و ڕۆڵی توندوتیژیی لە مێژوودا" بەڵام تەمەنی ڕێگەی نەدا. لینین هەوڵیدا لە بواری دەوڵەت و سیاسەتدا شیکارییەکی دروست بکات بەڵام ئەویش نەیتوانی، ماو ویستی ئەم تیۆرییە بگۆڕێت بۆ تێکۆشانی ژێردەستان بەڵام ئەویش سنوورداربوو. ماو دەیتوانی شیکارییەکی یەکگرتوو لەسەر سیستەم و چارەسەرییەکی ئەڵتەرناتیڤ پەرەپێبدات، بەڵام ئەویش بەهەمان شێوە کەمی هێنا.

ئێمە بۆ ئەوەی ئەو مۆدێرنیتە و سۆسیالیزمە بونیادنراوەی هەیە تێپەڕێنین، هەوڵماندا شیکارییەکی نوێ و تیۆرییەکی سۆسیالیستی ئەڵتەرناتیڤ پەرەپێبدەین. ناومان نا "مۆدێرنیتەی دیموکراتیک" لەبەرامبەر هەرسێ پایەکەی مۆدێنیتەی سەرمایەداریی، یان بڵێین لە بەرامبەر سەرمایەداری، دەوڵەت-نەتەوە و پیشەسازگەرایی ئێمە نەتەوەی دیموکراتیک، کۆمین/کۆمینالی و شیکاری ئابووری ئیکۆلۆژیی (ئیکۆ-ئیکۆنۆمی)ـمان پەرەپێدا. سیستەمی کۆمەڵگەیی ئازادییخوازمان لەسەر شیکاری ئەو سێ بوارە پەرەپێدا و وەک "مۆدێرنیتەی دیموکراتیک" پێناسەمان کرد. ئیمە نووسیمان و بینیمان هاوتەریبییەکی گرنگ لەناو کۆمەڵگەدا هەیە، بێگومان ئەم سێ بابەتەش لقیان لێ دەبێتەوە. بۆ نموونە یەکێک لە بەشە گرنگەکانی کۆمیناڵیتەی ئازادی ژنە. لەگەڵ ئەوەدا مرۆڤ دەتوانێت سیاسەت و ئەخلاق و هتد..یش بۆخۆی بکاتە بنەما. بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەم بابەتە دەخەینەڕوو، بەڵام پێناسەکردنی ئەم سیستەمە بە گشتیی وەک "مۆدێرنیتەی دیموکراتیک" بەسە.

لە ئاینە تاک خوداییەکاندا وشەی قیامەت-مەحشەر تەنها بۆ کۆتایی دنیا وتراوە، ئەم وشەیە بۆ ئەم دونیایەش گونجاوە. ئەو مەحشەرەی پەرتووکە پیرۆزەکان باسی دەکەن هەر ئەمەیە. مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییش مەحشەرێک بۆ مرۆڤایەتی دەهێنێتە ئاراوە. سۆسیالیزم کە دەبوایە لە بەرامبەر ئەوەدا بووەستایەتەوە و ڕێگریی لێی بکردایە بووەتە بارگیری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و خۆراکی جانەوەری مۆدێرنیتە. یەکێتی سۆڤییەت و چین نموونەی ڕوونی ئەم ڕاستییەین، چینییەکان مرۆڤی سەیر و عەجیبن، هەوڵیاندا سەرمایەداریی و سۆسیالیزم تێکەڵی یەکدی بکەن، ڕەنگە مرۆڤ بتوانێت بیربکاتەوە. بەڵام چین بەم کارەی سۆسیالیزمی خستووەتە خزمەتی سەرمایەدارییەوە.

لە ئەنجامدا بووە خزمەتکاری سەرمایەداریی و تەمەنی درێژتر کردەوە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا سەرمایەداریی چین بۆ هەژموونی یان بۆ باڵادەستبوونی لە جیهاندا لەگەڵ ئەمریکا لە ڕکابەریدایە. ئەمریکا دەتوانێت بە دژواری وەڵامی ئەو هەوڵە بداتەوە. ئەمەش شەڕی ئەتۆمی لەگەڵ خۆیدا دێنێت. ئەها ئەمە مەحشەرە. ئەنیشتاین وتبووی "گەر جەنگی جیهانی سێیەم بە چەکی ئەتۆم ڕووبدات، ئەگەر هەندێک مرۆڤیش لە ژیاندا بمێننەوە، ئەوا جەنگی جیهانی چوارەم بە بەرد و دار دەکرێت"، ڕاستی وتووە. بۆ ئەم بەشە ئەوەندە بەسە.

٥_ ڕاستینەی کورد و کوردستان

ماهییەتی هەر دیاردە و شتێک، لەسەر شێوە و دیالەکتیکی بوون و مانەوەکەی شکڵدەگرێت. ئەم دیاردەیە چۆن پەیدابووە و شکڵی گرتووە؟ چۆن و لەسەر چ بنەمایەکی ماددیی و مەعنەوی درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە، چەند پێدراوێکمان پێ دەبەخشێت لەمەڕ ماهییەتی بوون و نەبوونی دیاردە_شتەکە.

وەختێک مرۆڤ لەم چوارچێوەیەدا لێی دەڕوانێت، ڕاستینەی کورد بە هاتنی مۆدێرنیتە کۆتایی هاتووە و نەماوە. ڕاستینەی کورد و کوردستان وەک چەمک و دیاردە بە کۆمار_کۆماری تورک_ قڕکرا و داپۆشرا. بە گوتنی وەک "کوردستانی خەیاڵی لێرە نێژراوە" خاوەنداری لەم قڕکردنە کرا. ڕەوشی بەشەکانی تری کوردستانیش جیاواز نەبوو. ڕاستییەک بە ناوی کورد و کوردستان نەمابوو.

وەک تەڤگەرێکی هاوچەرخ و مۆدێرن، گرنگترین سەرکەوتنی پەکەکە زیندووکردنەوەی ئەم ڕاستییە بوو. پەکەکە ڕاستی کورد و کوردستانی سەلماند، گەیاندی بە ئاستێک کە کەس نەتوانێت لەناوی ببات. (بێجگە لە پەکەکە) بزووتنەوە کوردییەکانی تر، هێزێکی ئەوتۆیان نییە. بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستی وەک پەدەکە، یان وەک یەنەکەی وردە بۆرژوا، ناتوانن وا بکەن کەسێک باوەڕ بە بوونی خۆی بکات. گەر پەکەکە نەبوایە، هەموو ئەمانە ٣٠ ساڵ ئێستە لەناودەچوون.

بەرخۆدانی مەزنی پەکەکە، بابەتی بوونی کورد و کوردستانی هێشتەوە. هۆشیارییەکی بەهێز و پتەوی دەربارەی بوونی کورد پێشخست. بۆ ئەوەی بزانن ئەمە چۆن پێشخراوە، دەبێت بڕواننە ئارگۆمێنتە مێژوویی و سۆسیۆلۆژییەکان. من پێش ٥٢ ساڵ ومانگێک و ٤ ڕۆژ، بە گوتنی "کوردستان داگیرکراوە!" کەوتمەڕێ. وەختێک ئەمەم گوت، بێ‌هۆش کەوتم. ئەمە دۆزینەوەیەکی دژوار بوو. بە گوتنی ئەمە، ترس دەکەوتە دڵم. کاتێک ئەم وشانەم بە یەک دوو هەڤاڵ گوت، وەخت بوو بێ‌هۆش بکەوم. لەوێوە گەیشتین بە ئەمڕۆ. هێزی وشە بەکەم مەگرن. کاتێک وشە لەگەڵ هەقیقەتدا یەکدەگرێت، زۆر کاریگەرە، ئافرێنەرە و مرۆڤ ئاڕاستە دەکات. ئەم وشەیە تەنها ڕێخۆشکەر نەبوو بۆ بەرخۆدانێکی مەزن، بەڵکو گۆڕا بۆ وردبوونەوەیەکی مێژوویی مەزن. پاشان شرۆڤەکان دەربارەی نیولیتیک و ئایدۆلۆژیای ئازادیی ژن و سۆسیالیزم و هتد، بەدوای یەکدا هاتن. ئامانجی هەموو ئەمانە: دەرخستنی ڕاستی کورد و بەدیهێنانی ڕۆشنگەریی کورد بوو. ئەم ئامانجەمان بەدیهێنا. گەیاندمان بە سەرکەوتن. ئەم ڕێپێوانە مێژووییە مەزن و شیکارییە سۆسیۆلۆژی و تێکۆشانە سیاسییە، ڕاستی کورد و کوردستانی سەلماند، وایکرد لای دۆست و دوژمن قبووڵ بکرێت.

باشە، ئایا پرسی ئازادکردن چارەسەرکرا؟ نەخێر. ڕاستی کورد سەلمێنرا، خۆی گەیاندە هۆشیاری ئایدۆلۆژی و ڕێکخستنی. بەڵام لە هەنگاوی ئازادبووندا چەقی. لەپشت ئەم چەقین و بنبەستەوە، ئایدۆلۆژیای سۆسیالیزمی بنیاتنراو و کاریگەرییەکانی هەن. سۆسیالیزمی سەدەی بیستەم. لە چەندین دەڤەری جیهان دەسەڵاتی گرتەدەست. یەک لەسەر سێی جیهانی بەدەستەوە بوو. بەڵام نەیتوانی بمێنێتەوە، ڕووخا. ئەم ڕەوشە، بۆ ئێمەش وەک قەیرانێک کەوتەوە. سۆسیالیزمی بنیاتنراو هەڵوەشایەوە، ئێمە ماینەوە. بەڵام ئێمەش سەختییەکمان ئەزموون کرد. سۆسیالیزمی بنیاتنراو، چونکە پرسی ئازادی چارەسەر نەکرد و ئایدۆلۆژیای ئازادی پێش نەخست، هەڵوەشایەوە. دەرچوون لە قەیرانی ئایدۆلۆژی زەحمەت و دژوارە. کاتێک ئەو ئارگۆمێنتە ئایدۆلۆژییانەی پشتی پێ دەبەستن شکستیان هێناوە، ئیتر پەنا دەبەن بۆ کام چوارچێوەی ئایدۆلۆژیی و کامە شیکاریی سۆسیۆلۆژی؟ سۆسیالیزمی بنیاتنراو هەڵوەشایەوە. شتێکی لێ نەماوەتەوە. هەوڵماندا هەرچۆنێک بێت باوەڕمان بە سۆسیالیزم بپارێزین. ئەودەمە هەڵسەنگاندێکم کرد بە ناونیشانی "سووربوون لەسەر سۆسیالیزم، سووربوونە لەسەر مرۆڤبوون". دڵسۆزی و باوەڕی خۆم بە سۆسیالیزم پاراست. تێکۆشام تاوەکو ئەمە بگۆڕم بۆ هۆشیارییەک. ساڵانێکی سەخت و دژوار بوون. یەکێک لە ئەنجامە ستراتیژییەکانی ئەم هەوڵەمان "نەتەوەی دیموکراتیکە"، ئەمەش بووەتە هەناسەیەک بۆ دیدگای سۆسیالیستی. ئەم هەنگاوە هەم بۆ دیدگای سۆسیالیستی وهەم بۆ پەکەکە، گۆڕا بۆ ستراتیژێک. ئەمڕۆ (لەڕێی ئەم پرۆسەیەوە) تەنها ناو لەم گۆڕانکارییە دەنرێت و فەرمییەتی پێ دەبەخشرێت. ئەوە ٢٠ ساڵە هەوڵدەدەین ئەم گۆڕانکارییە بەئەنجام بگەیەنین.

چارەسەری "نەتەوەی دیموکراتیک" دەبێتە بناغەی ئەم پرۆسەیە. دیدگای چارەسەری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک؛ نەتەوەی دیموکراتیکە. لە دەقی بانگەوازەکەدا بە "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ناوزەدمان کردووە. هەردووکیان هەمان شتن و هەمان مانان.

پەکەکە ئەو تەڤگەرەیە کە ڕاستی کوردستانی دەرخست و ئەم بوونەی مسۆگەر کرد. کەس ناتوانێت ئەم ڕاستییە لەناوببات. ئەو هەنگاوەی لەمەودوا دەنرێت، بۆ بەدیهێنانی ئازادییە. کۆمەڵگەی ئازاد ئیتر لەسەر بناغەی کۆمیناڵیتە و ئەخلاق و سیاسەت شکڵدەگرێت. وا دیارە ناکرێت ئەم هەنگاوە لەڕێگەی پەکەکەوە بەدی نایەت. گەر پەکەکە نەبوایە، چ دەمایەوە لە ناوی کورد و کوردستان؟ کەلتووری کورد و کوردستانیش، وەک کەلتوورەکانی ئینکا و ئازتێک لە ئەمریکای لاتین و سوورپێستەکان لە ئەمریکای باکوور لەنێو لاپەڕەکانی مێژوو دەمایەوە، یان هەر نەدەما.

ڕاستییەکەی، ئەم مەترسییە یان ئەم ڕەوشە، هێشتا تێپەڕ نەبووە. کوردەکان لە دێرسیم و چەولیک و زاگرۆس، هێشتا پاشماوەیەکی کەلتووریین. هۆزەکان پەرتەوازە بوون، زمانێکی کاریگەر نەماوە، دابەشبوونی تەریقەتەکان و شەڕی نێوان عەشیرەت و بنەماڵەکان هێشتا ماوە... کاتێک سەرەڕای هەبوونی پەکەکە، هێشتا ئەم ڕەوشە تێپەڕنەکراوە، هۆکارەکەی پەرتەوازەبوونی قووڵی مێژوویی_کۆمەڵایەتیی ڕاستینەی کوردە. لەم خاڵەوە، چیتر زانیم وشەی "ژێردەست" یان "داگیرکراو" بۆ ئەم ڕەوشە بەس نییە. ئەم ڕەوشە لە ژێردەستی ئەولاتر و قووڵترە. جۆرێکە لە "کۆمەڵگەی زبڵدان"... گۆڕستان. لە دۆڵ و ڕووبار و ئەشکەوتەکانی دێرسیمدا، هێشتا ئێسک‌وپرووسک ماون. هێشتا گۆڕی دوایین نوێنەرانی نەریت دیار نییە. کەس نازانێت گۆڕی شێخ سەعید و سەعیدی کوردی و سەید ڕەزا لەکوێیە. ئەمانە بەهێزترین نوێنەری کوردایەتیی دێرینن.

چەند کۆمیتەیەکی جوولەکەکان بە ناوی یودنرات (شورای جوولەکەکان_ Jûdenrat) هەبوون، ئەم کۆمیتانە دەستیان هەبوو لە جینۆسایدی جوولەکەکاندا. ئەو گرووپ و خێزان و توێژە جوولەکانە بوون کە هاوکاری فاشیستەکانیان کرد. تاوەکو بۆ ڕۆژێک تەمەنی خۆیان و خێزانەکانیان درێژبکەنەوە، جوولەکەکانیان بەرەو ژوورەکانی گاز ڕەوانە دەکرد. بە جوولەکەکانیان دەگوت "دەتانبەین بۆ حەمام"، کەچی فریویان دەدەن و دەیانبردن بۆ ژوورەکانی گاز. ئەم کۆمیتە هاوکارانەی جوولەکەکان، بەگوێرەی ئەو ژمارەیەی داوا دەکرا، دەستنیشانیان دەکرد کە کێ دەچێتە ژوورەکانی گاز و لیستی ناوەکانیان ئامادە دەکرد. فاشیستەکان ئەم کۆمیتانەیان دامەزراند. کاتێک بیرم لەم بابەتە کردەوە، بینیم کە ڕاستینەی کوردیش وەک ڕاستینەی یودنرات‌ـە. ئەم ڕاستییەی کوردە کە دەڵێم لە ژێردەستی و داگیرکراوی زیاترە. ئەوەتا بنەماڵە هەرە بەناوبانگەکانی وەک بارزانی و بەدرخان و بەشێک لە نەوەکانی شێخ سەعید و سەید ڕەزا بوونەتە یودنرات. بۆ ڕزگارکردنی بنەماڵەکانیان کوردایەتی دەبەن بۆ لەناوچوون و سڕینەوە. کەسیان کتێبێکیان نەنوسیووە. خاوەندارییان لە بیرەوەریی باپیرانیشیان نەکردووە. دوژمنایەتیی کوردی ئازادیخواز دەکەن. دواجار لە بەدلیس پەرلەمانتارێک، لە شەرناخ قەیومێکی شارەوانییان بەخشی بە بەدرخانەکان. ئەمە ئیشی یودنراتەکانە. بەم دواییانە ئەم تێزەم پێشخست و تەواو بڕوام پێیەتی. لەبری گوتنی "ڕاستی کورد و کوردستان داگیرکراوە"، بڕوام وایە ئەم وشەیە (یودنرات) زیاتر ئەم ڕاستییە ڕاڤە دەکات. ئەمە ڕەهەندێکی نوێی کارکردنمە لەسەر چەمکەکان. ئەم ڕەهەندەی کارکردنم، دەتوانێت باشتر ئەوە پێناسە بکات کە چ شتێک لە ڕاستی کورد و کوردستاندا ڕوودەدات.

لەگەڵ ئەمەدا، لای کوردان هەڵهاتنێکی مەزن دەبینرێت. بیرتان نەچێت؛ ئێوە هێشتا لە ڕاستیی خۆتان هەڵدێن. لەگەڵ ئەمەدا، کوردایەتی لە حاڵەتی هەڵهاتندایە. شێوازێکی سەرۆکایەتییم بۆ کوردان هەیە. چۆن دەتوانم تێیان بگەیەنم کە ئەم هەڵهاتنە مانای چییە، چۆن دەتوانم هەڵهاتنەکەیان (لە ڕاستی کوردایەتی) بوەستێنم، سەرقاڵی ئەمە بووم و ئێستەش پێیەوە سەرقاڵم. من هەم فێرتاندەکەم هەم وادەکەم باجی ئەم هەڵهاتنە بدەن. شێوازێکی سەرۆکایەتیی وەهام هەیە. من بە ئێوەم گوت "ناتوانیت لە کوردایەتی هەڵبێیت. کوردایەتی شتێک نییە بتوانی لێی هەڵبێیت. پەناتان بردە بەر هەزار فێڵ، هەوڵدەدەن فریوم بدەن". هەمان شتم بە دەوڵەت گوت: "ناتوانن فریوم بدەن. چی دەکەن، بیکەن؛ ئەم ئاپۆیەی بەرانبەرتان فریو نادرێت". ٥٠ ساڵە بە ئێوە، بە پەکەکە دەڵێم. هەرچەند هەوڵدەن بمکەن بە مەسیح و جانەوەر، لەدەستم ڕزگارنابن. ٥٠ ساڵە سەرۆکایەتی شتێکی وەهایە. 

دەوڵەت بۆچی ئەم مێزی گفتوگۆیەی دانا؟ چۆن و بۆچی توانیمان ئێوە لەسەر ئەم مێزە کۆبکەینەوە؟ ئەمە کۆبوونەوەیەکی جددییە. کۆبوونەوەی کوردە. لە ڕۆژانێکەوە هاتووین کە دەوڵەت سزای قورسی بەرانبەر وشەی "کورد" دانابوو. ئەم کۆبوونەوەیە زۆر مانای جیاواز هەڵدەگرێت. چۆن ئەمە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، خەریکین هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین. چۆن گەیشتین بە ئێرە، بۆ ئەمە چ تێکۆشانێک کرا، من لە هەمووان باشتر ئەمە دەزانم. کادرەکانی سەرەتاشمان، هێشتا لە تێگەیشتن لەم ڕاستییە دوورن. بۆیە ناتوانن داهێنەر بن. ناتوانن ڕێبەر بن. لە گیانبەخشین و مرد ناترسێت و هەڵنایەت، بەڵام نایەوێت نزیکی ڕاستی ببێتەوە. ئیتر، ڕاستی کورد لە ژێردەستی زیاتر بووەتە شتێکی وەک "زبڵخانە"، گەیشتووین بەم ڕاستییە.

ئەفریقاش داگیرکرابوو. بەڵام ئێستە هەریەکەیان (هەر وڵاتێک) بوونەتە دەوڵەت_نەتەوەیەک. ئەمریکای لاتینیش وەهایە. بەڵام لە ڕاستی کورددا، شتێکی وەها نییە. نازانرێت کورد چییە. دێرین و نەریتییە یان مۆدێرن؟ بووەتە ڕاستییەکی تراژیدیی. هۆکاری ئەمە فشاری دەرەکی نییە، وەک ئەوەی حەزدەکەن وا بێت. هۆکارەکەی ناوخۆییە. ئەو تاکتیک و ستراتیژانەی من دەیخەمەڕوو، بۆ ئاشکراکردنی ئەم ڕەوشە یەکلاکەرەوەن.

جوگرافیای کوردستان یەکەمجار لەلایەن سۆمەرییەکانەوە وەک "کورد، هوریی، ئور" ناوبراوە. بەمەش یەکەم پێناسەی جوگرافی خراوەتەڕوو. ئەوکاتە لە هیچ جێیەکی دنیا، ناوی هیچ وڵاتێک نییە. بەڵام ئێرە (کوردستان) وەها ناونراوە. پاشان وەک "کوردیا" لە نووسینە مێژووییەکانی یۆناندا جێ دەگرێت. مێژووی هیرۆدۆت نزیکەی نیوە زیاتری دەربارەی ڕاستی کوردستانە. کۆمەڵگەی یۆنان چاو لە مادەکان دەکات. لاسایی مادەکان دەکەنەوە. لەژێر کاریگەریی مادەکاندا، دیموکراسیی خۆیان ئافراند. لە سەدەی ناوەڕاست، پاش شۆڕشی ئیسلام ناوی کورد بە تەواوەتی جێی گرت. سەلجووقییەکان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ناوی کوردستانیان کردە دیاردەیەکی سیاسی. سوڵتان سنجەر هەمەدان دەکاتە پایتەختی خۆی و "کوردستان" وەک ناوەندی وڵاتی هەمەدان ناودەبات. یەکەم جار لەلایەن سوڵتان سنجەرەوە، کوردستان وەک یەکەیەکی ئیداریی ناودەبرێت. حاکمێکی تورک، کوردستان بنیات دەنێت. لەم ڕاستییەوە گەیشتم بەوەی: ئایا سوڵتانی سەلجووقییەکان سوڵتانی کورد نییە؟ پایتەختەکەی لە ئەکباتانە (هەمەدان) و وەزیرەکەی نیزامول‌مولکە. بە وەزیرەکەی دەڵێت "بڕۆ، خێزانەکەم بپارێزە". هەتا دەڵێت "ئەگەر شکستمان هێنا،  دەکشێینەوە بۆ هەمەدان". پاڵپشت بە هەمەدان شەڕی مەلازگرت دەکات. واتە ئالپ‌ئەرسەلان وەک میرێکی کورد شەڕ دەکات. ئەمەش سەرەداوێکە بۆ تێگەیشتنی نوێی ئێمە لە مێژوو. ئالپ‌ئەرسەلان زیاتر میرێکی کوردە نەوەک تورک. خێزانەکەی لە هەمەدانە. وەزیرەکەی خەڵکی ئەوێیە. باشە، لەسەر بنەمای ئەم زانیارییانە، چۆن هەڵسەنگاندن بۆ سەلجووقییەکان بکەین؟ میرنشینێکی تورکە یان کورد؟ پێویستە لێکۆڵینەوە و گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەم خاڵە بکرێت. ئێستاش دەوترێت نیوەی دانیشتووانی هەمەدان تورکمانن. ئێستا زۆربەیان بوونەتە کورد. لە میرنشینەکاندا، مەروانییەکان و شەدادیەکان جێگەی سەرنجن. مەروانییەکان لە نێوان فورات و دیجلە گوزارشت لە کوردبوون دەکەن. ئەوانیش لەڕێگەی ئیسلامەوە بەرەوپێش دەچن. لای سەلجووقییەکانیش هەمان ڕەوش هەیە. ئالپ‌ئەرسەلان هێزی چەکداری مەروانییەکان دەداتەپاڵ خۆی و لە شەڕی مەلازگرت دژی بیزەنتییەکان دەجەنگێت. ئالپ‌ئەرسەلان فەرماندەیەکی سەربازییە، دەوروبەری پڕە لە کورد. پاداشتەکەش میرنشینێکە. ئەگەر کوردەکان لایەنگری بیزەنتییەکانیان بکردایە، ئالپ‌ئەرسەلان سەرنەدەکەوت. بێگومان، بە هاوپەیمانی لەگەڵ کوردان، ئالپ‌ئەرسەلان لەو شەڕەدا سەرکەوت. لە ساڵەکانی ١٠٥٠_١٠٦٠ لە باشووری قەوقاس، سەلچووقی و شەدادی دەبنە هاوپەیمان و ڕێککەوتنێک دەبەستن. بەرانبەر بیزەنتییەکان، نە شەدادییەکان دەتوانن بەتەنها بمێننەوە، نە سەلجووقییەکان بەتەنها دەتوانن هەنگاوبنێن. هەردوولا ڕێککەوتنێکی مێژوویی دەبەستن. بەرهەمی سەرەتایی ئەم ڕێککەوتنە مێژووییە، لەشکرکێشییە دژی شانشینی ئەرمەنییەکان. شارەکانی ئانی و قەرس فەتح دەکرێن. پاس ئەم شەڕە، شاری ئانی دەدەن بە مەنوچەهر و قەرس دەدەن بە توغرول. وەک پاشماوەی ئەوکاتە، هێشتا لە قەرس مزگەوتنی مەنوچەهر هەیە.

پەیمان یان ڕێککەوتنی نێوان سوڵتان سەلیم و ئیدریسی بەدلیسی زۆر گرنگە. شەڕەکانی ڕدانیە و مەرج‌دابق و چاڵدێران بەرهەمی ئەم ڕێککەوتنەن. لە ئەنجامی ئەم شەڕانەدا، عوسمانییەکان بوونە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کوردەکان توخمێکی سەرەکیین لە پێکهێنانی ئەم ئیمپراتۆرییەتەدا. کاتێک چەلەبی محەمەد  پاش بەدیلگرتنی باوکی هەڵدێت، بایەزیدی پاشای ئاماسیا ئەو دەخاتە پشتی خۆی تا ئاماسیا دەیبات. ئەویش پاشایەکی کوردە. ڕەنگە ئەمە ڕووداوێکی سیمبولیک بێت. لەوکاتەدا، لە ئاماسیا باڵی قوتلوشاهی شەدادییەکان، خانەوادەی فەرمانڕەوا بوون. چەلەبی محەمەد پاشاش کە عوسمانی لە قۆناغی بنبەست ڕزگارکرد. مەلا گۆرانی و ئاق‌شەمسەدینیش کوردن، ئەوان سوڵتان محەمەد هاندەدەن بۆ فەتحکردنی ئیستەنبوڵ. پێویست ناکات باسی شەڕی ڕزگاریی (تورکیا) بکەم. مستەفا کەمالیش نەوەک لە شارە تورکییەکانی وەک ئەزمیر و تراکیا، بەڵکو لە ئەرزەڕۆم و فارقین، لە جوگرافیای کورد، ئەم شەڕە دەست پێ دەکات. شەڕی ڕزگاریی تورکیا بە هاوپەیمانێتی کورد و تورک گەیشتە سەرکەوتن؛ کەس ناتوانێت نکۆڵی لەم ڕاستییە بکات. ئەنجامەکەش کۆماری تورکیایە کە پێی ئاشناین. کوردەکان، وەک دامەزرێنەرانی سەرەکی کۆمار، پاش ساڵێک پەراوێزخران. ناسنامە (و ناوی کورد) قەدەغە کرا. بەم جۆرە، ئەو کوردانەی لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە بوونیان لە مێژوودا تۆمارکراوە، بە دامەزراندنی کۆماری تورک، نادیدە گیران.

پەکەکە بە بەرخۆدان ئەم نکۆڵییەی پووچەڵ کردەوە. ناسنامە و ڕاستیی کوردی لەڕووی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە پیشاندا، بۆ دۆست و دوژمنی پێناسەکرد. بەڵام هێشتا ئەنجامەکانی ئەم نکۆڵییە (لە کەسێتی ئێوەدا) بە تەواوەتی تێپەڕ نەکراوە. هێشتا لە ڕاستی خۆتان هەڵدێن. من لە ئێوەدا ناسنامە و کەسێتییەکی تەندرووست و جێگیر نابینم، ناتوانم بیبینم.

ئەم کارە تەنها بە بەرخۆدان نابێت. لە قەوارەی نوێدا (ژیان و کۆمەڵگە)، کەلتووری شۆڕشگێڕی و ڕێکخراوی دیموکراتیک و ڕێکخراوی نەتەوەی دیموکراتیک و ڕێکخراوی توێژینەوە و زمان، ڕۆڵی خۆیان دەبێت. نابێت ئەم ڕێکخراوانە بە سەرمایەدارییەوە گرێدراوبن. پێویست کۆمەڵگەی کورد دژی سەرمایەداری بێت. دەبێت کورد بە نەتەوەی دیموکراتیک و ئیکۆ_ئابووری و کۆمۆناڵیتە خۆیان ئازاد بکەن و ژیانێکی بەردەوام مسۆگەر بکەن. ئەمەش بە تێکۆشانی بوون و بنیاتنان بەدەست دەهێنرێت. بەرانبەر دەرەوە، دژی فشاری دەرەکی، بەرخۆدان کرا. یەکێک لە هۆکارەکانی تەواوبوونی وادەی پەکەکە ئەوەیە، لە بەرخۆدان دژی فشارە دەرەکییەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لەمەودوا، دەبێت بەرخۆدان و تێکۆشان ڕووی لە ناوەوە بێت. دەبێت ئەم قۆناغە ببێتە قۆناغی خۆسازدانەوە. بۆ ئەمەش، پێویستمان بە ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. ئێستە ئێمە ئاستەنگێکمان لەپێشە.

 

٦- پەکەکە و کۆتاییهێنان بە کار و خەبات لەژێر ئەو ناوەدا

لە ساڵانی نەوەدەکان کاتێک ڕیاڵ-سۆسیالیزم (سۆسیالیزمی بونیادنراو) ڕووخا، پەکەکە زمانی ئایدۆلۆژی لەدەستدا، چونکە پەکەکە لەسەر ڕوانگەی سۆسیالیزمی بونیادنراو خۆی ڕێکخست. بەرنامە، ستراتیژ، تاکتیک و هتد.. لەسەر بنەمای سۆسیالیزمی بونیادنراو دامەزرابوو. لەسەر ئەم بنەمایەش پەکەکە لە پاش ساڵانی نەوەدەکانەوە لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە دووچاری قەیران هات. سەرباری ئەم قەیرانەش هێشتا لەسەر ڕێگای ڕزگاریخوازی نەتەوەیی سۆسیالیستی، لەسەر پێی خۆی وەستا بوو. لەبەر ئەوەی تەڤگەرەکەمان تازە بەرەوپێشەوە دەچوو پێویستییەکی زۆرمان بە ڕزگاری نەتەوەیی هەبوو، ئەمەش پاڵنەری مانەوەی پەکەکە بوو لەسەر پێی خۆی. درێژەمان بەم ڕێبازە دا، بەردەوامیمان پێی دا، ئێمە دەمانزانی سەردەمی سۆسیالیزمی بویادنراو بەسەرچووە، بەڵام نەمان دەزانی چی بکەین بە جێگرەوەی. بەهۆی ئەمەشەوە ئێمە لە ساڵانی ١٩٩٠ تا ساڵانی ٢٠٠٠ کەوتینە قەیرانەوە، لە ساڵی ١٩٩٨ـدا من گوتبووم: "من دەست لە پارتێکی وەها هەڵدەگرم." هۆکارەکەی ئەوەبوو، ئێمە نەمانتوانی قەیرانی ئایدۆلۆژیا لەناو پارتەکەماندا تێپەڕێنین." لە قۆناغی ئیمراڵیدا لەسەر ئەم کێشە و گرفتانە هەمووی کەوتمە ناو لێوردبوونەوە و توێژینەوەی بەرفراوان. دەرئەنجامی ئەم قاڵبوونەوە و توێژینەوانەم بە پەرتووکێکی پێنج بەرگی، خستەڕوو. ستراتیژی تێکۆشانی سۆسیالیست و هتد.. زۆر شتی تر کە سەرلەنوێ پێناسەم کردەوە. لەپێناو سەرلەنوێ داڕاشتنەوەی ئایدۆلۆژیا و ستراتیژ، کۆبەرهەمێکی گرنگمان نووسی. ئێمە ڕەخنەی توند لە ناوی (پەکەکە) دەگرین و خۆمان ڕەخنەدەکەین، تێکۆشانی ٥٠ ساڵە بە لایەنی باش و خراپی خۆیەوە، هەگبەی خۆڕەخنەکردنە بەبێ خۆپەڕاندنەوە. ڕاوەستانی سۆسیالیزم دۆخێکی گشتییە و لەمبارەیەوە هەندێک بەدواداچوون هەیە. بەڵام قەیران و تەنگەژە بەردەوامە. شڕۆڤەکانی ئێمەتان لەسەر سۆسیالیزم پێشخست و لە دەرەوەی وڵاتیش هاوسۆزانێکی سۆسیالیست و ڕۆشنبیرتان درووست کرد و سەرنجی ئەوانتان خستە سەر خۆتان، ئەمە بە بەباشی دەبینرێت.

پرسی کۆتاییهێنان بە کار و خەبات لەژێر ناوی پەکەکە'ـدا، ئەمە بابەتێکی نوێ نییە، کاتێک داواکاری و خواستێکی وەهام لەناو دەوڵەتیش بینی، وەڵامم دانەوە. پێم گوتن: من بۆ چارەسەری کێشەکە، لەڕوانگەی ئایدۆلۆژیا و سیاسییەوە، پێویستم بە خاوەندارێتی و قورسایی کردار هەیە، لە ڕاستیدا ئەوە شەش مانگە ئێمە بەو پرسانەوە سەرقاڵین و هێناومانە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ، پێویست ناکات ئەم بابەتە زۆر بکەینەوە. پێویستە ڕەخنە و ڕەخنەدانی ناوخۆیی سەرلەنوێ و بەشێوەیەکی بنچینەیی بکرێت. بەتایبەتی ئەگەر کۆنگرەی کۆتاییهێنان بە کار و خەبات لەژێر ناوی "پەکەکە"ـدا ئەنجام درا، ئەم کۆنگرە دەتوانێت زۆر درێژە بکێشێت، کێشە تەنها کۆتاییهێنان بە کار و خەبات لەژێر ناوی "پەکەکە"ـدا نییە، پێویستە لایەنی باش و خراپی ئەم بابەتە بە چەندان مانگ وتووێژ بکرێت. هەتا پێویست ناکا لە شوێنی "پەکەکە" هیچ شتێکی نوێ درووست بکەن. هەتا پێویست ناکات بڵێن سەرلەنوێ دامەزراندنەوە. چونکە ئێمە بە تەنها باسی بینایەک ناکەین، ئێمە باسی گۆڕانکاری بنچینەیی لە هۆشمەندی و  کەسایەتی دەکەین. سەرلەنوێ دامەزراندنەوە بەلایەنی زۆرەوە مومکینە پێکبهێندرێت؛ هەرچۆنێک بێت چەند مانگێک کاتی دەوێت، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە تەندرووست بچێتە پێشەوە و بگاتە ئەنجام پێویستە پەلە نەکەن. حکومەت و دەوڵەت دەیانەوێت ئەم پڕۆسەیە تەنها وەک "چەکدانان" پێناسە بکەن، نیشاندانی قۆناغ و پڕۆسەکە بەمجۆرە هەڵەیە. ڕاستییەکەی ئەوەیە، کە ئێمە دەیخەینەڕوو، سەردەمێکی نوێی بەڵێن (سۆز) و داخوازییەکانی ئێمەیە، بەڵام ئەمە تەنها بەگوێرەی خواستی ئەوان جێبەجێ نابێت، لەم بابەتەدا پێهەڵگرتنی هەم سیاسیی و هەم تیۆری بەرکەماڵمان هەیە و ئاڵوگۆڕێکی گەورەی ئەزموونییمان بۆ درووست بوو.

ناتوانین بیڵێین، کە ئێمە هەڵسەنگاندن لەسەر کۆنگرەی کۆتاییهێنان بە کار و خەبات لەژێر ناوی "پەکەکە"ـدا دەکەین، دەزانم لە کردنەوەی ئەم گرێکوێرەوە هەتا ئەنجامدانی کۆنگرەش زۆر زەحمەت دەکێشین. وەکو وتمان: خەباتێکی گۆڕانکارییە و ماوەیەکی درێژە دەستی پێ کردووە.

٧- دیدگاکان بۆ قۆناغی نوێ

پەکەکە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای سۆسیالیزمی بونیادنراو و پرەنسیپی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی دامەزرابوو. ستراتیژ و تاکتیکی تێکۆشانی بەگوێرەی ئەوە بیچمی گرتبوو، وەها دامەزرا و پێشکەوت. کوردستانی یەکگرتوو و سەربەخۆ ئامانجی بنچینەیی بوو، ئێمە ئەم ئامانجەمان وەک "ئامین"ـکردنێک بۆ سۆسیالیزم پەسەند کرد.

بەڵام کاتێک سۆسیالیزمی بونیادنراو هەڵوەشایەوە، هەروەها لێوردبوونەوەم لەسەر کێشەی دەوڵەت-نەتەوە کرد، کە لەسەر دیدگاکانی سۆسیالیزمی بونیادنراو شکڵی‌گرتووە، بۆمان دەرکەوت کە ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە سۆسیالیزم و ڕزگاریی نەتەوەییشەوە نییە. بەپێچەوانەوە هەرچەندە کە دەوڵەت-نەتەوە لەسەر دیدگای سۆسیالیزمی بونیادنراو دامەزرابێت، بەڵام خزمەتی بە سیستەمی سەرمایەداریی کرد. بوو بە مۆدێلێکی سەرمایەداریی.

هۆکاری لێوردبوونەوەی ئێمە لەسەر سۆسیالیزم و هەوڵی دیموکراتیزەکردنی لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییانە بوو، لە ڕاستیدا کاتێک مرۆڤ وشەی "دیموکراتیک" دەخاتە پاڵ سۆسیالیزم، ئەم وشەیە تەواو جێگەی خۆی ناگرێت. لەبەر ئەمە سۆسیالیزم دەبێت لە ڕەگەوە دیموکراتیک بێت. بەڵام کاتێک سۆسیالیزمی بونیادنراو چاوی لە بەدەستهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەتە و ئامانجی بونیادنانی دیکتاتۆرییەتی کرێکاریی (پڕۆلیتاریی)ـیە، لە جەوهەرەکەیدا دیموکراسی لاواز دەبێت. لەسەر ئەم بنەمایەش ئێمە دەستەواژەی "سۆسیالیزمی دیموکراتیک"ـمان کرد بە پێویستی.

دەوڵەت-نەتەوە بە سرووشتی خۆی دەسەڵاتپەرەستە، دەسەڵات لە دەستی پڕۆلیتار بێت یان لەدەستی بورژوازەکان، لە لایەنی سیاسەتەوە ڕەنگە گۆڕانکارییەک بئافرێنێت، بەڵام لە لایەنی کەلتووری دەسەڵاتخوازییەوە هیچ جیاوازییەک لەنێوانیاندا نییە، وەکوتر تێکۆشانی چینێک لەبەرامبەر چینێکیتریش ڕاست نییە. ئەمە تەنها دابەشکردنی کۆمەڵگا لەنێوان چینەکاندا قوڵتر دەکاتەوە. لەبری شەڕی چینێک لە بەرامبەر چینێکی تر ئێمە دوالیزمی "کۆمۆنە بەرامبەر بە دەوڵەت"مان جێگیر کرد.

دەوڵەت-نەتەوە بە پێچەوانەی جەوهەری سۆسیالیزمە، هەتا سۆسیالیزم دەڕزێنێت، لەبەر ئەوە ئێمە زوو تێگەیشتین، هەروەها ئێمە ئامانج و کەڵکەڵەی دەوڵەت-نەتەوەشمان پێچەوانە کردەوە. لە شوێنی ئەو "نەتەوەی دیموکراتیک"مـان دانا.

دیدگای ئێمە بۆ سەردەمی نوێ؛ نەتەوەی دیموکراتیک، ئیکۆ-ئیکۆنۆمی و سەرلەنوێ دامەزراندنی کۆمەڵگایە لەسەر بنەمای هەرەوەزیی. ئەو بەرپرسیارێتییەی لە پێشمانە ئەمەیە؛ پێشخستنی بونیادێکی فەلسەفیی، ڕەهەندە ئایدۆلۆژیکەکان، بە وردەکارییەوە دانانی چوارچێوەی چەمک و دەستەواژەکان و دانانی لەناو جەستەی کۆمەڵگادا. لە بەردەوامی خەباتماندا هەموو ئەم بابەتانە، بە سەردێڕ و کۆتایی دێڕ دەگرینە دەست. بەو واتایەی کە ئێمە هەم لە بواری بەرنامەڕێژیی و هەم لە بواری تاکتیک و ستراتیژدا هەوڵ بدەین چوارچێوەیەکی نوێ دەستنیشان بکەین.

بانگەوازی کۆتاییم، بانگەوازە بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" ئەم بانگەوازییە بە مۆڵەتی کۆماری تورکیا کرا، ئەمە خاڵێکی گرنگە. چونکە ئاشتی لەگەڵ ئەو دەوڵەتەدا مومکینە، کە بەرانبەری تێدەکۆشیت. کۆمەڵگای دیموکراتیک بە دیالۆگ لەناو ئەم دەوڵەتەدا دەتوانرێت دابمەزرێت. ناوی ئەمەش دەبێتە (هاوپەیمانی دیموکراتیک) پێشتر لە بانگەوازەکەمدا ئەم خاڵە هەبوو.

بێ شک و گومان؛ دەبێت کە ئامانجی لایەنەکان لەیەکتر جیاواز بێت، بەڵام ئەو هەنگاوی هەڵێنراوە و ئەو بانگەوازەی کە کراوە ڕاستە، لە جێی خۆیدایە، دۆخی لایەنەکانیش ئەوە نیشان دەدات کە ئەم هەنگاوە لەجێی خۆیدایە. بۆ من کۆنگرە لە مێژە تەواو بووە، بەڵام با هێزی کادرەکانمان ئەم بابەتە بکەن بە ڕۆژەڤی خۆیان و بە فەرمی ئەنجامی بدەن. باوەڕناکەم هیچ کێشەيەک درووست ببێت، لەمە گرنگتر ئەوەیە؛ کە ئێمە لە داهاتوودا بونیادی فەلسەفی و ئایدۆلۆژیی و بەرنامە و بەرنامەڕێژی پراکتیک و ڕەهەندە تاکتیکی-ستراتیژییەکانی پێش دەخەین.

کۆمەڵگای دیموکراتیک بەرنامەی سیاسیی ئەم قۆناغەیە، دامەزراندنی دەوڵەت ناکاتە ئامانجی خۆی، سیاسەتی کۆمەڵگای دیموکراتیکیش سیاسەتی دیموکراتیکە، کۆمین خۆی لە خۆیدا دیموکراتیکە، جیاکردنەوەیان لە یەکتر نابێت، درووست نییە. کۆمەڵگای کۆمین کۆمەڵگای دیموکراتیکە. پێویستە ئەم کۆمەڵگەیە ناوی لێبنرێت کۆمەڵگای دیموکراتیک، سۆسیالیزمی دیموکراتیکیش پارێزەری کۆمەڵگای دیموکراتیکە، چۆن مێژووی دەوڵەت هەیە ئاواش مێژووی کۆمین هەیە. بابەتی کۆمین زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا، لەبەر گرنگییەکەی ئێمە بە دوور و درێژی لێکۆلێنەوەی لەسەر بکەین، ژیانی ئازادی گەلان بە کۆمین بەرکەماڵ دەبێت، چۆن دەوڵەت-نەتەوە چەکی سیستەمی سەرمایەدارییە، ئاواش کۆمین چەک و زمانحاڵی گەلانە. لە ڕێگەی شارەوانییەکانیشەوە ئەم کۆمەڵگایە دەتوانرێت ڕێکبخرێت، لە بواری تیۆر و پراکتیکیشدا بەرکەماڵە، بەڵام بە هەستیارییەکی زۆر و تێکۆشانێکی ڕاست لە دژی سیستەمی سەرمایەداری بەدی دێت. ئەگەر مێشکی کادری جێبەجێکار تێکەڵوپێکەڵ بێت و ئیرادەی پەرش و بڵاو بێت، ئەم کارە سەر ناگرێت.

ئێمە بە گرنگی دەزانین کە دەستپێک ئەم قۆناغە لە کۆماری تورکیا سەر بگرێت، کۆبوونەوەکانمان هەتا ئێستا، ئەم کارەی گەیاندووەتە ئەم خاڵە. ئەمە قۆناغێکی گرنگە، ئەم کۆبوونەوانە بۆخۆی نیوەی چارەسەرە، لە ئێستا بەدواشەوە کار و خەباتی ڕژدی دەوێت لە دڵەوە. هیوا و باوەڕم بە سەرکەوتن بەرزە، نەک تەنها بۆ کورد و کوردستان بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە ڕێگە لەبەردەم دەستکەوت و سەرکەوتنی گەورە بکرێتەوە. سەرکەوتنێک لێرە بەرکەماڵ ببێت، کاریگەری لەسەر ئێران، عێراق و سووریاش دەکات، بۆ کۆماری تورکیاش شانسی خۆتاجدارکردن بە دیموکراسیی و پێشەنگایەتیکردنی هەرێمەکە هاتووەتە پێشەوە.

دەتوانم بڵێم ئەوانەی دژایەتی ئەم پڕۆسەیە دەکەن بێ‌بەهان (گوزارشت لە هیچ بەهایەک ناکەن) و دووچاری شکست دەبن، هاوکات تێپەڕاندنی ئەو دژایەتییەش بەرپرسیارێتی دەخاتە سەر شانتان.

دەزانم لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێونەتەوەییش ئەم پڕۆسەیە ئەنجامگیر دەبێت، کۆنفیدراڵیزمبوونی ناوچەکە وەکو پێویستییەکی ڕەها-مسۆگەر خۆی نیشان دەدات. دژە ژەهری شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین و شەڕ و دەمارگیرییە مەزهەبییەکان و ناکۆکییەکانی دەوڵەت-نەتەوە، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە.

ئەم چارەسەرە بەهەمان شێوە پێویستی بە ئەنتەرناسیۆنالێکی نوێش هەیە، لەگەڵ دۆستەکانتان بەبێ دواکەوتن، دەستپێکردنی خەباتی ئەنتەرناسیۆنال دەبێتە قەڵەمبازێکی ڕاست و مێژوویی.

 

عەبدوڵا ئۆجالان

٢٥ـی نیسانی ٢٠٢٥