"فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە سیمبوڵێکە بۆ نیشاندانی کلتور و فۆلکلۆری کوردی"

بەمەبەستی گرنگیدان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی، بە بەشداری سەدان جووتیار و ژنانی دەستڕەنگین نۆهەمین فێستیڤاڵی "هەنار و پایزی هەڵەبجە" بەڕێوەچوو.

رۆژی پێنج شەممە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بە بەشداری دەیان هەزار میوان لە تەواوی شارو شارۆچکەکانی باشوری کوردستان و چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەژێر ناونیشانی "هەنار و پایزى هەڵەبجە" نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار بەڕەنگدانەوەیەکی فۆلکلۆری کوردەواری لە پارکی  یاری شاری هەڵەبجە بەڕیوەچوو،وتاری کردنەوەی فێستیڤاڵ و بەخێرهاتنی میوانان لەلایەن ستار مەحمود بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە پێشکەش کرا.

 

 هەوڵمانداوە ئەم فێستیڤاڵە بکەینە ڤستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی

 ستار مەحمود سەبارەت بە نۆیەمین فستیڤاڵی "هەنار و پایزی هەڵەبجە" ووتی: "ساڵانە ئەم فێستیڤاڵە ئەنجام دەدەین بە ئامانجی بەبڕاندکردنی هەناری هەڵبجە و ڕاکێشانی گەشتیارە بۆ هەڵەبجە کە کاریگەری زۆری هەبووە لە گەشەکردنی هەڵەبجە، لە یەکەم فێستیڤاڵەوە تا ئەم ساڵ کێشەیەکی گەورەمان هەیە ئەویش نەبوونی شوێنێکە کە لەگەل گەورەیی ئەم فێستیڤاڵە بگونجێت، هەروەها هەوڵمانداوە ئەم فێستیڤاڵە بکەینە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی بەڵام بەهۆی نەبوونی پشتیوانی نەمانتوانیوە".

'کارە دەستییەکانمان کلتورێکی جوانی کوردەوارییە'

 زەینەب ئیقبال کچە دەرچوویەکی زانکۆیە نزیکەی ٤ساڵە لەگەڵ خوشکەکەی کاری دەستی دەکات و سەبارەت بەکارە دەستییەکانی زینەب بەم شێوەیە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا: "لە نۆهەمین فێستیڤاڵی "هەنار و پایزی هەڵەبجە" ئێمە بەکاری دەستی بەشدارییمان کردووە، کارە دەستییەکانمان کلتورێکی جوانی کوردەوارییە و زیاتر پەرەی پیدەدەین کە مۆرکی کوردایەتی پیوەدیارە هەمووی خۆمان دروستی دەکەین، خۆم و خۆشکەکەم ئەم کارانە پێکەوە دەکەین ولە منداڵیەوە وەکو حەز و خولایەک تێماندا هەبووە و پاشان بە هاندانی کەسانی دەوروپشتمان بڕیارماندا پەرە بەکارەکانمان بدەین".

 ەموو ژنێکی کورد خاوەن بەهرەیەکی تایبەت بەخۆیەتی'

 هەروەها زینەب ئیقبال باسی گرنگی مۆرکی نەتەوایەتی کوردەواری کرد لە کارەکانیدا و ڕایگەیاند: "کاتێک دەڵێین جل و بەرگی کوردی واتا مۆرکێکی نەتەوایەتی نشتیمانی کورد، بۆیە کارە دەستییەکانم تایبەت بە کوردەوارییەوە، هەموو ژنێکی کورد خاوەن بەهرەیەکی تایبەت بەخۆیەتی بەڵام پێویستە کەسانی چواردەورەی یان کۆمەڵگا ببێتە هاندەر بۆ زیاتردەرخستنی بەهرەکانی".

 'حەزمکرد لە نزیکەوە بەرهەمە ناوخۆییەکانی کوردستان ببینن'

 ڕێژوان رزگار میوانێکی فێستیڤاڵەکە بوو کە لە شارۆچکەی دووکانەوە لەگەل کچە هاوڕێکانی هاتبوون بۆ سەردانی ڤستیڤاڵەکە، ڕێژوان کە یەکەم جاریەتی سەردانی فێستیڤاڵەکە بکات و ووتی: "ئەمە یەکەمجارمە کە سەردانی ئەم فێستیڤاڵەکە بکەم چونکە حەزمکرد لە نزیکەوە کارە دەستییەکان و بەرهەمە ناوخۆییەکانی کوردستان ببینم کە سیمیایەکی جوانیان بەم فێستیڤاڵە بەخشیوە، هیوادارم چالاکی و ڤستیڤاڵی لەم جۆرە بەردەوامی هەبێت".

 ەم فێستیڤاڵە سیمبوڵێکە بۆ نیشاندانی کولتور و فۆلکلۆری کوردی'

هەروەها ڕێژوان رزگار ووتیشی: "هەموو بەرهەمەکانی ئەم فێستیڤاڵە سەرنجمی ڕاکێشا بەتایبەتی کە کۆمەڵێک کەسانی ناوچە جیاوازەکان کۆبوونەوەتەوە بۆ نمایش کردنی کارەجوانەکانیان لەم ڤستیڤاڵە، جێگای خۆشحاڵیە کە ئەم فێستیڤاڵە وەکو سیمبوڵێک وایە بۆ نیشاندانی کلتور و فۆلکلۆری کوردی، ئێمە لە کوردستان جووتیاری نموونەیی و بەرهەمی خۆماڵیمان زۆرە بۆیە پێویستمان بە بەرهەمی هاوردەی دەرەوە نیە، بە بڕوای من ئەکرێت ئێمە بەرهەمی کوردستان هەناردەی دەرەوەی ووڵات بکەین، بۆیە هیوادارم لایەنی بەرپرس ئاوەر لەو لایەنانە بداتەوە، چونکە کەسانی خاون پسپۆرمان هەیە لە بواری کشتوکاڵ".

'٣٠ ساڵە کاری هەنگەوانی دەکەم'

 ئەمین عەبدوڵا هەنگەوانێکی گوندێ عەبابەیلێ-ی پێنجووینە و بە بەرهەمی هەنگوینی خۆماڵی بەشداری ڤستیڤاڵەکەی کردبوو، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ماوەی ٣٠ ساڵە ئەم کارە دەکەم لە ساڵی (١٩٩٣)ەوە هیچ کات سەد هەنگ کەمترم نەبووە، چەندین ساڵە هاتووچۆ بە هەنگەکان دەکەین و دەیانگوازینەوە شاخەکانی پێنجوێن، ئەم بەرهەمە سەد لەسەد هین خۆمە چونکە بەرهەمی هەنگی خۆمن، کە منداڵبووم باوکم هەنگی هەبوو لەوکاتەوە حەزم بەکاری هەنگوانی هەبوو، ئەرکی حکومەتە گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆی بدات بەڵام حکومەت کەمتەرخەمە کەم ڕووەوە، هیوادارم هاوڵاتیان کاتێک هەنگوین دەکرن ڕاەستەوخۆ لە خاوەن هەنگ بیكرن".

 'جووتیاری کورد زۆر پشتگوێ خراوە دەبوو زیاتر گرنگیان پێ بدرێت'

سەردار حەیدەر مامۆستایەکی خەڵکی شاری هەولێرە هاتووە بۆ سەردانی کردنی نۆیەمین فێستیڤاڵی "هەنار و پایزی هەڵەبجە" و دەلێت: "سێیەم ساڵە من لە هەولێرەوە دێم بۆ ئەم فێستیڤاڵە، رۆژێکی خۆشە و کاتێکی خۆشمان بەسەربرد لەم فێستیڤاڵە، بەهۆی ئەوەی هەموو ئەم بەرهەمە کوردەوارییانە لە هەولێر بوونی نیە بۆیە لە شاری هەولیرەوە هاتووم بۆ هەڵەبجە، جووتیاری کورد زۆر پشتگوێ خراوە دەبوو زیاتر گرنگیان پێ بدرێت تا بەرهەمەکانیان زیاتر بکەن و بەرهەمەکانیانیشیان ساغبکەنەوە، بەداخەوە زۆرجار دەبینین جووتیاران بەرهەمەکانیان لەسەر شەقامەکان دەرژێنن وەکو ناڕەزایەتی چونکە هیچ کڕیاری نیە، ئەمەش وا دەکات جووتیار واز لەکاری جووتیاری بهێنن و لەناو شار نیشتەجێبن".

 ێگای شانازییە بۆ جووتیارانی کورد'

هەروەها مامۆستا سەردار حەیدەر بەگرنگەوە باسی رۆڵی جووتیارانی کوردی کرد و ووتی: "ئەوەی خەڵکی زۆر پی دڵخۆشە لەم فێستیڤاڵەدا هەنارەکەی هەڵبجەیە کە ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە لە هەموو کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش ناوبانگی دەرکردووە کە ماوەی دوو ساڵە هەناری هەڵەبجە بۆ ووڵاتانی ئەوروپاش هەناردە دەکرێت ئەوەش جێگای شانازییە بۆ جووتیارانی کورد کە بەرهەمەکانیان لە دەرەوەی ووڵات ساغ دەکرێتەوە".

 جێگای ئاماژەیە، لە فێستیڤاڵەکەدا زیاتر لە ٥٠٠ شوێن بۆ خاوەن باخەکان ئامادەکراوە و ٢٠٠ ژنی دەستڕەنگینش بە بەرهەمەکانیان بەشدارن لە ڤستیڤاڵەکەدا.

لە فێستیڤاڵەکەدا جگە لە هەنار و ئەو بەرهەمانەی لە هەنار دروستکراون، جۆرەها مێوەی وشکراوە، ڕۆنی کوردی، زەیتون، دۆشاو، سرکە، مێووژ، بەهاراتی خۆماڵی و خواردنە کوردەوارییەکان و هەموو بەرهەمە خۆماڵییەکانی هەورامان و شارەزوور لە فێستیڤاڵەکەدا هەبوون، هەروەها ژنانی دەستڕەنگین بە بەرهەمە دەستییەکانی وەکو جۆرەها دەست بەند و ملوانکەی ڕەنگاو ڕەنگ، دەرمانی پێکهاتوو لە گیایی سروشتی، چنین و چەندین کاری دیکەی دەستی ژنان ڤستیڤاڵەکەیان دەوڵەمەندتر کردبوو.

 بەگوێڕەی ئەو زانیارییانەی کە لایەنی پەیوەندیداری فێستیڤاڵەکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)یان ڕاگەیاندووە، ساڵی پار نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردبوو و فرۆشی فێستیڤاڵەکەش نزیکەی یەک ملیارێک دینار بووە، پێشبینیش دەکرێت سەردانیکارانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمتر نەبێت.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەوروبەری ٢٠ هەزار دۆنم زەویی باخی بە هەنار چێندراو بوونی هەیە، هەر دۆنمێک بەلایەنی کەمەوە ٢٠٠ نەمامی تێدایە و هەر نەمامێک نزیکەی ٢٠ کیلۆ بەرهەمی هەیە، بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە باشوری کوردستان، بەرهەمی هەنار لەکاتی پێگەیشتن تاوەکو کۆتاییهاتنی لە مانگ ١٢ دەگاتە ٨٠ هەزار تۆن هەنار.

هەناری باشوری کوردستان ساڵانە لە سەرەتای مانگی ئەیلول پێدەگات و تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ١٢ بەرهەمی دەمێنێت، هەروەها ناوچەکانی هەڵەبجە بە "شوناسی هەناری کوردستان" هەژمار دەکرێت، جیگای باسە لە ٢٠ هەزار دۆنم زەویی بە هەنار چێندراو ٩هەزاریان لە شاری هەڵەبجەیە و بەرهەمی ساڵانەی دەگاتە ٣٠ هەزار تۆن.

هـ . ب