ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) و هاوسەرۆکی شاندی دانوستان لەگەڵ دیمەشق فۆزا یوسف بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی حکومەتی کاتی سووریا گرت. یوسف ئاماژەی بەوەدا کە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە "کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی" و پڕۆژەکانی وەک ئامادەکارییەکانی پەرلەمان دوور دەخرێتەوە و لە بەرانبەر دەستگیرکردنە بێهۆکارەکانیش لە حەلەب و دیمەشق ناڕەزایەتی نیشاندا. فۆزا یوسف ئاماژەی بەوەشدا ئەو کۆمیتەی کە بۆ گەڕانەوەی سەلامەتی بۆ هەرێمە داگیرکراوەکانی وەک عەفرین و سەرێکانی دامەزراون، هێشتا دەستیان بە کار نەکردووە و بانگەوازی بەرپرسیارێتی لە حکومەتی دیمەشق کرد.
چاوپێکەوتنە لەگەڵ فۆزا یوسف بەمجۆرەیە:
لە دیمەشق دەستورێکی کاتی ڕاگەیەندرا. پاشان لە دیمەشق کۆبوونەوەیەک بە ناوی "کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی سووریا" ئەنجامدرا. دیسان حکومەتێکی کاتی پێکهێنرا. هەرچەندە ڕێککەوتنێکی ٨ خاڵی لەگەڵ دیمەشق واژۆ کرا، بەڵام لە هەموو ئەم پرۆسانە دوور خرانەوە. ئێستا زانیاری هەیە کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ دروستکردنی پەرلەمان بە ناوی هەموو سووریاوە. ئایا هیچ گفتوگۆیەک یا بۆچوونێک لەسەر ئەم بابەتە هەبووە؟
ڕاستە. ئەوەندی چاودێری دەکەین ئامادەکاری بۆ دروستکردنی پەرلەمان دەکرێت کە هەموو سووریا لە خۆی دەگرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ شاندی دانوستانکارمان نەبووە. لە لایەکی ترەوە ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەنجوومەنەکانی گەل هەن، تا ئێستا هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ ئەوانیشدا دانەنراوە.
لە پڕۆسەی ڕابردوودا لە ڕاگەیاندنی دەستووری کاتی سووریا، لە پرسی پێکهێنانی حکومەتدا، دیسان لە کاتی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیدا کەموکوڕی زۆر ئەنجام درا. چەندین جار هەڵسەنگاندن و ڕەخنەمان گرت، بەڵام ئەم دۆخە دووبارە دەبێتەوە.
بۆ ئەوەی متمانەی زیاتر لە نێوان لایەنەکانی سووریادا دروست ببێت، دەبێت پێکەوە ئەم پرۆسەی ڕاگوزەرە بەرێوەببەین و پێکەوە سووریای نوێ پەرە پێبدەین. ڕێبازی دوورخستنەوە هێشتا بەردەوامە. ئەم ڕێبازە خزمەت بە یەکێتی گەلانی سووریا ناکات، خزمەت بە دروستکردنی متمانە لە نێوان لایەنەکانی سووریا ناکات.
بەپێچەوانەوەی ئەمەوە هەرکاتێک پڕۆسەکە پەرەی پێدەدرێت پێکهاتە هەرێمییەکان بەشداری پڕۆسەکە ناکرێن. هیوادارین دیمەشق دەست لەو نزیکایەتی و ستراتیژییە هەڵگرێت کە هەوڵی پەرەپێدانی دەدات. هەرچەند بەشداربوونی دادپەروەرانە و دیموکراتیکیانەی ئەم هەرێمانە بە ئیرادەوە بەدی بهێنرێت، یەکێتی گەلانی سووریا زیاتر بەرەوپێش دەچێت، زەمینە و دەرفەتی ڕێککەوتنی درێژخایەن دروست دەبێت.
'ئەمە تەڵەیە، بەشداربوونی تاکەکەسی ناتوانێت گوزارشت لە گەل بکات'
دەوترێت هەندێک بانگهێشتی تاکەکەسی هەیە بۆ بۆ جێگرتن لە پەرلەمان. لەم بارەیەوە بیر لە چی دەکەنەوە؟
کۆمەڵێک زانیاریمان هەیە بۆ ئەوەی لە پەرلەماندا جێبگرن لەگەڵ چەندین کەس پەیوەندییان داناوە. دەمانەوێت ئەمە بڵێین؛ ئەگەر بەشدارییەکی بە ئیرادە، لە لایەکی دیکەوە ئەگەر نوێنەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە فەرمی جێبەجێ نەکرێت، ئەو کەسایەتیانەی بەشداری دەکەن نوێنەرایەتی هەرێمەکانمان و گەلەکەمان ناکەن. ئەمە تەڵەیە. دەبێت گەل و ڕۆشنبیرانمان کە بانگهێشتی وەهایان پێگەیشتووە نابێت بکەونە ئەو تەڵەیەوە.
ئێمە دەمانەوێت سووریایەکی دیموکراتیک بونیات بنێین. هەربۆیە دەبێت ئیرادەی سیاسی بە بنەما وەربگیرێت. دەمانەوێت مافی گەلەکەمان مسۆگەر بکەین. دەبێت ئیرادەی گەلی کورد لەبەرچاو بگیرێت. شاندێک هەیە بەناوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆبونەوە ئەنجام دەدات، شاندێک هەیە بەناوی کوردەوە دامەزراوە. ئەگەر لە ئاستێکی فەرمیدا پەیوەندی لەگەڵ ئەو دامەزراوانەدا دروست بکرێت و لەسەر ئەو بنەمایە هەنگاو بنرێت پێشکەوتن بەدەست دێت، بەڵام هیچ سوودێک لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای تاکەکەسی نابێت. بە پێچەوانەوە ئەم چارەسەرییە تاکەکەسییە یان بەشداربوونی تاکەکەسی خزمەتی ئەم دۆزە ناکات، هەڵوێستی هاوبەشمان زیاتر لاواز دەبێت، هیوادارین کەس نەکەوێتە ئەم تەڵەیەوە.
لەم دواییانەدا لە حەلەب و دیمەشق هەندێک دەستگیرکردنی بێهۆکار ئەنجامدراوە و چارەنووسی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون نادیارە. لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
لەم ڕۆژانەی دواییدا لە حەلەب و دیمەشق چەندین کەس دەستگیر کران. ئەم دەستگیرکردنانە نیگەرانی زۆر دروست دەکات، تەنها پرسیارێکی وەها بە بیری مرۆڤدا دەهێنێت: ئایا کارەکانی ڕژێمی سووریای پێشوو بە ڕێبازێکی جیاوازتر دووبارە دەکرێتەوە؟ پرسیاری وەها زۆر لە ناو گەلدا دەکرێت. ئەوندەی چاودێری دەکەین دەستگیرکردنی بێهۆکار هەیە. لەبەر کوردبوون یان بەهۆی بانگەشەی ئەوەی لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و قەسەدە کاردەکەن، دەستگیر دەکرێن. ئەگەر ئەم هەڵوێستە بەردەوام بێت ڕێگە بۆ کاردانەوەیەکی جدی دەکاتەوە. ئەمەش خزمەت بە پڕۆسەکە و ئەو دیالۆگەی کە پەرەی پێدەدرێت ناکات.
بانگەواز دەکەین ئەوکەسانەی دەستگیرکراون دەستبەجێ ئازاد بکرێن. هەروەها دەبێت کۆتایی بە پراکتیزەکردنی ئەمانە بهێنرێت و ڕێگەیان لێ بگیرێت. بە پێچەوانەوە ئەم پراکتیزە کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی نێوان گەلانی سووریا دەبێت. لە لایەکی دیکەوە ئەم دۆخە دەبێتە هۆکاری دووبارەبوونەوەی ئەو پراکتیزە و نزیکایەتییە شۆڤێنی و نەتەوەپەرەستییەی کە پێشتر لە دژی کورد وپێدرابوو، گوتاری ڕقی ڕژێمی بەعس دووبارە دەکەنەوە. ئەمەش خزمەت بەو چارەسەرییە ناکات کە لە سووریادا هەوڵ دەدرێت پەرەی پێبدرێت.
'گەڕانەوەی سەلامەت بۆ عەفرین و سەرێکانی پێویستییەکی بەپەلەیە'
ئێوە ڕاتانگەیاند کۆمیتەیەک بۆ گەڕانەوەی سەلامەتی گەل بە تایبەتی عەفرین و سەرێکانی بۆ هەرێمە داگیرکراوەکان دامەزراوە. ئایا پێشکەوتنێک لەم بابەتەدا هەیە؟
سەرەڕای ئەوەی لە لایەن دیمەشقەوە بەڵێن درا دوای جەژنی قوربان کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت، بەڵام هێشتا ئەو کۆمیتەی بۆ عەفرین دامەزرا دەستی بە خەباتەکانی نەکردووە. هەرچەندە بۆ دەستپێکردنی ئەم خەباتانە داواکاریمان هەبوو، بەس هێشتا حکومەتی دیمەشق وەڵامی نەداوەتەوە. بێگومان ئەمەش کاریگەری نەرێنی دروست دەکات.
پرسی کۆچبەران لە سووریا پرسێکی زۆر گرنگە. دەبێت هەموو گەلی سووریا و هەموو ئەوانەی کۆچبەربوون بە زووترین کات بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. بە تایبەتی گەلی عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی کە لە زێدی خۆیان کۆچبەربوون و گەلی سووریا لە ناوچەکانی دیکە دەبێت بە سەلامەتی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. تا ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە. پراکتیزەکردنی توندوتیژی، گرتن، داواکردنی بەرتیل لەوکەسانەی کە دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان تاوەکو ئەمڕۆ لە عەفرین بەردەوامە، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە کۆتایی بەو پراکتیزانە نەهاتووە. بۆیە پێویستە ئەو کۆمیتانەی کە دامەزراون، بە زووترین کات کۆببنەوە و بۆ ئەو هەنگاوانەی کە لە عەفرین پێشبینی دەکرێت هەنگاو بنرێت و بۆ سەلامەتی و ئارامی ژیانیی خەباتی هاوبەش ئەنجام بدرێت.
هەربۆیە ئەم بابەتە وەک پرسێکی بنەڕەتییە لە ڕۆژەڤماندایە. چونکە گەلەکەمان لە عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی ئەمڕۆ لە هەلومەرجی سەختدا دەژین. ئەمەش چارەسەرێکی بە پەلەی دەوێت. ئەمەش ئەرکێکە لەسەر ئەو کۆمیتانەی کە بۆ عەفرین دامەزراون و هەروەها ئەو کۆمیتانەش کە گرێدراوی دیمەشق دامەزراون دەست بە خەباتەکانیان بکەن.
'دەبێت هەمووکەسێک بۆ دیموکراتیک بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت'
لە کۆتاییدا دەتانەوێت چی بڵێن؟
بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکانی سووریا و هەمووکەسێک پێکەوە سووریایەکی دیموکراتیک بونیات بنێن، دەبێت بەرپرسیارێتی مەزن لە ئەستۆ بگرین. دەبێت هەمووکەسێک بۆ چارەسەری و دیالۆگ خەبات بکات. دەبێت هەموومان خۆمان لە هەموو ئەو پراکتیزە و هەڵوێستانە کە ئەمە لاواز دەکەن بپارێزین."