کژار: تێکۆشانی دیموکراتیکی ژنان بە پێچەوانەی شەڕی نێوان دەوڵەت-نەتەوەوە دەبێتە هۆی بەدیهاتنی ئازادی

کژار پەیوەست بە شەڕی ئیسرائیل-ئێران جەختی لەوەکردەوە دەرنجامی شەڕەکە دۆخی ژنان قورستر دەکات گوتی: " بەدڵنیاییەوە ئەم شەڕە، شەڕی ئازادیی کۆمەڵگە و به تایبەتی ژنان نییه، هیچکام له دواکارییەکانی کۆمەڵگە و ژنان له بەرنامەی ئیسرائیل و ئێراندا نییه."

کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) لە پەیوەست بە شەڕی نێوان ئیسرائیل-ئێرانەوە لە ڕاگەیاندراوێکی نوسراودا بانگەوازی بۆ یەکگرتووی و هاودەنگی ژنان لەسەر ئاستی ڕێکخرا و پارتەکان کرد و گوتی: " بانگەوازی لە هەموو کەس و چینەکانی کۆمەڵگا دەکات کە لە جوگرافیای سیاسی ئێراندا بە یەکگرتوویی و پشتیوانی زیاتر کۆمیتە و دامەزراوە جەماوەرییەکان دابمەزرێنن."

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کژار بەم شێوەیەیە:

"لە شەشەمین ڕۆژی شەڕی ئیسرائیل-ئێران، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوان و قورسی کردە سەر ناوەندە سەربازییەکان، ناوەندی پەخشی دەنگ و رەنگی ڕاگەیاندنی ئێران و نەخۆشخانەکانی هەندێک لە شارەکانی ئێران و کۆماری ئیسلامیش تا ڕادەیەک هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئەنجامداوە. ئەوەی کە ڕوونە شەڕەکە درێژە دەکێشێت و زیانی ماڵی و گیانی زیاتر دەکەوێتەوە.

ئەو شەڕەی لە ئارادایە دەرئەنجامی سیاسەتە پێشوەختە دیاریکراوەکانی سیستەمی سەرمایەدارییە کە هاوکات لەگەڵ دیزاین کردنەوەی سەرلەنوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکردووە کە ئەمجارەیان حکومەتی ئێرانی بە ئامانج گرتووە. هەروەها بە دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل لە دژی ئێران دەیانەوێت ڕژیمی ئێڕان ناچار بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری هاوکات لەگەڵ سیستەمی جیهانی بکەن، یانێ مەبەست لە دانوستانەکان بۆ ڕەوایەتیدان بوو بەو هێرشانەی ئێستا دەسی پێکردووە.

لە نێوان شەڕی دەوڵەت-نەتەوەکاندا ژنان و منداڵانێکی زۆر دەکوژرێن و دەبنە قوربانی، ئێستاش شەڕی ئیسرائیل و ئێرانیش هیچ جیاوازییەکی نییە لەو چوارچێوەیە، بەڵام نابێ لە بیر بکرێت کە بەساڵانە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە جێبەجێکردنی سیاسەتی لەسێدارەدان، کوشتنی ژنان، پەرەدان بە هەژاری، بێکاری و...، لە دژی کۆمەڵگا شەڕی بەڕێوە بردووە. بە تایبەتی دەتوانین بڵین بە ساڵانە لە نێوان ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵگا بۆشاییەکی گەورە بە تایبەتی لە نێوان ژنان ڕوویداوە و لەم بارودۆخانەدا ئەم بۆشاییە زیاتر قووڵتر بووەتەوە.

بەدڵنیاییەوە ئەم شەڕە، شەڕی ئازادیی کۆمەڵگە و به تایبەتی ژنان نییه و هیچکام له دواکارییەکانی کۆمەڵگا و به تایبەتی ژنان له بەرنامەی ئیسرائیل و ئێراندا نییه. بەکار هێنانی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن نوێنەرانی دەوڵەت نەتەوەکانەوە قەد ناتوانێت مژدەی ئازادی و ڕۆژانێكی جوان بێت بۆ کۆمەڵگا، بەتایبەتی ژنان. ئەویش لە کاتێکدا هیچ تێگەیشتن  و گرنگیەکە بە تێکۆشانی ڕاستەقینەی ژنان نادەن. هەروەها پێویستە بگوترێ کە "ژن، ژیان، ئازادی" نە دروشمێکە بۆ هاندان و ڕاکێشانی رای گشتی ئێران، بەتایبەتی ژنان، بەڵکو ئەمە ئەزموونی ژیانی ژنان و پیاوانێکی تێکۆشەرە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، لە پێناو پاراستنی شوناس و بوونی خۆیان، بە رۆحێکی فیداکارانەوە شەقامەکانیان کردە گۆڕەپانی تێکۆشان.

تێکۆشانە دێموکراتیکەکان بە پێشەنگایەتی ژنان نیشانی داوە کە دواکارییەکانیان هاوکات لەگەڵ بەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگای ئێران ڕوو دەدات و بەدەستهێنانی ئەو داواکارییانە تەنها لە ڕێگەی کۆتایی هێنانە بە سیاسەتی ناوەندگەرایی، ئایینی، رەگەزپەرەستی و نەتەوەپەرەستیەوە بەدی دێت. شەڕی دەوڵەت نەتەوەکان و سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی، هەمان بژاردەی نێوان خراپ و خراپترە کە هەردوولا بەسەر ژناندا دەیسەپێنن، ئەگەرچی ژنان تەنها بە بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لەو عەقڵیەتە دەستیان بەتێکۆشان نەکردووە، بەڵکو ئاڵاهەڵگر و پێشەنگی دامەزراندنی ئازادی و دیموکراسین لە ئێران، ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" نموونەیەکی ڕوونی تێکۆشان و پێشەنگایەتی ژنانە بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا.

کژار لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی بۆ کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان، گرنگی زیاتر بە ڕێکخراوەیی زیاتری کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان دەدات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە نێوان شەڕی دەسەڵاتداری سیستەمی پیاوسالاردا، بە دڵنیاییەوە هیچ هیوایەک بە ئازادی و یەکسانی بوونی نییە، بۆیە بانگەوازی لە هەموو کەس و چینەکانی کۆمەڵگا دەکات کە لە جوگرافیای سیاسی ئێراندا بە یەکگرتوویی و پشتیوانی زیاتر کۆمیتە و دامەزراوە جەماوەرییەکان دابمەزرێنن. هەروەها داوا له هەموو ژنانی ناو پارت و ڕێکخراوه ئازادیخوازەکان دەکات، بە هاوکاری زیاتر ببنە هاودەنگی ژنانی ئێران. لەسەر ئەم بنەمایە جیا لە دەرەوەی پارتەکان، لە کوردستان و ئێران ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە ئێران بە گشتی هەنگاوێکی بنەڕەتین بۆ بەرقەرارکردنی دیموکراسی، چونکە بەبێ ژنان ناتوانین باس لە داهاتوویەکی ئازاد و یەکسان بۆ گەلانی ئێران بکەین."